سەرەکی » دۆسێ » كوێت بەشوێن دیل و بێسەروشوێنەكانی جەنگی كەنداودا دەگەڕێت

ژمارەیەك روفاتی رادەستكرا

كوێت بەشوێن دیل و بێسەروشوێنەكانی جەنگی كەنداودا دەگەڕێت

میدیاكانی كوێت بڵاویانكردەوە، كوێت نزیكەی 20 روفاتی لەگەڵ كەلوپەلەكانیان لە عیراق وەرگرتووە كە پێدەچێت روفاتی قوربانیانی دیلە كوێتییەكان بن.

میدیاكانی كوێت و رۆژنامەی (القبس)ی كوێتی، لە 16ی ئەیلولی 2020، لە زاریی سەرچاوە دیپلۆماسییەكانەوە بڵاویانكردەوە»تائێستا ژمارەیەكی تەواوەتی یان دیاریی كرا نییە بۆ روفاتە كوێتییەكان، تا بە تەواوەتی بابەتەكە تاوتوێ‌ بكەن، بۆیە وەزارەتی ناوخۆ پشكنینی DNA بۆ روفاتەكان ئەنجام دەدات لەپێناو دیاریكردنی ناسنامەكانیان».

بە وتەی سەرچاوەكان»پرۆسەی پشكنینەكە، مانگێك یان دوو مانگی پێدەچێت، بۆ راگەیاندنی ناسنامەكانیان، بەهۆی تێكەڵبوونی ئێسكوپروسكی روفاتەكان، و ناسینەوەی مۆركی بۆماوەیی».

سەرچاوەكان دەڵێن»هەوڵەكانی وەزارەتی دەرەوە بەردەوام دەبێت و راناوەستێت و لەكاردادەبێت بۆ دۆزینەوەی دوایین دیل و بێسەروشوێن لە عیراق».

هەر لەو چوارچێوەیەدا، باڵیۆزخانەی كوێت لە عیراق لە 16ی ئەیولولی 2020، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە لەبارەی ئەو روفاتەی لەلایەن عیراقەوە رادەستی كرا و ئاماژەی بە دۆزینەوزەی روفاتەكانیش كردبوو لە بادیەی سەماوە كە پێدەچێت كوێتی بن.

باڵیۆزخانەی كوێت لە بەیاننامەكەیدا رایگەیاند» هەوڵەكان بەردەوامن لە دۆسێی دیل و بێسەروشوێنە كوێتییەكان و كارمەندە بێسەروشوێنەكانی وڵاتانی تر كە لە سەردەمی داگیركاریدا لە كوێت بوون و بێسەروشوێن بوون، ئەمەش لەڕێی میكانیزمێكی كاركردنی لیژنەی سێ‌ قۆڵی و تەكنیكی و فەرعی نێودەوڵەتی كە لەلایەن لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سورەوە سەركردایەتی دەكرێت و دەوڵەتی كوێت و كۆماری عیراق و شانشینی عەرەبی سعودیە و یلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و شانشینی یەكگرتوو و كۆماری فەرەنسا ئەندامن تێیدا ، وێرای نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پاڵپشتی عیراق (یۆنامی) كە رۆڵی چاودێر دەبینێت».
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە»ئەمڕۆ روفاتەكان دەگوازرێنەوە و رادەستدەكرێن كە بە پشتبەستن بە دەستەواژە سەرەتاییەكان پێدەچێت دیل و بێسەروشوێنە كوێتییەكان بن و لە بادیەی سەماوە دۆزراونەونەتەوە، بۆیە لە دەوڵەتی كوێت لەڕێی ئیدارەی گشتی بەڵگەكانی تاوان پرۆسەكانی پشكینی كرۆمۆسۆمیان بۆ ئەنجام دەدرێت لەپێناو ناسینەوەیان و هاوتاكردنی زانیاریی دیل و بێسەروشوێنە كوێتییەكان و كارمەندانی ولاتانی تر، لەگەڵ ئەنجامی پشكنینی روفاتەكان».

باڵیۆزخانەی كوێت لە عیراق دەڵێت»سوپاسی حكومەتی كۆماری عیراق و تیمی تەكنیكی عیراقی و نوێنەرانی وەزارەتی بەرگری عیراقی دەكەین لەبەرانبەر ئەو هەوڵانەی خستیانەگەڕ لەو پرسە مرۆییەدا، بە بەهەمان شێوە سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پاڵپشتی عیراق (یۆنامی) كە یارمەتی لۆجستی پێشكەش كرد لەپێناو گواستنەوەی روفاتەكان».

لە دوای ساڵی 2003، پرۆسەكانی گەڕان بەشوێن روفاتی دیل و بێسەروشوێنكراوە كوێتییەكان دەستیپێكرد، لە ساڵی 2005 ژمارەیەك لە روفات دۆزرانەوە و رادەستی دەوڵەتی كوێت كران، بە هەمان شێوە لە ساڵی 2011 ژمارەیەكی تر لەو روفاتانە دۆزرانەوە، لە ساڵی 2019، وەزارەتی دەرەوەی عیراق، ئاماژەی بە دۆزینەوەی 46 روفات كردبوو لە پارێزگەی موسەننا كە 32 روفاتیان كوێتی بوون، تائێستاش لیژنی سێقۆڵی كاردەكات بۆ دۆزینەوەی شوێنی بەخاكسپاردنی ئەو كەسانە كە تائێستا بێسەروشوێنن لە هەردوو وڵات لەكاتی داگیركردنی عیراق بۆ كوێت لە جەنگی كەنداو (1990-1991).

كوێت دەڵێت، ژمارەی بێسەروشوێنەكانی لە ساڵی 1990 دەگاتە 320 كەس، ئەمەش لەكاتێكدایە كە عیراق ئاماژە بە بێسەروشوێنبوونی زیاتر لە پێنج هەزار عیراقی دەكات لەو جەنگەدا كە تائێستاش عیراقییەكان باجەكەی دەدەن.

دوای ئەوەی لەلایەن رژێمەكەی سەدام حسێنەوە بە دزینی نەوتی عیراقی تۆمەتبار كرا «پیلانگێڕی نەوتی» لەدژی، سەدام حسێن سەرۆكی لەسێدارەدراوی عیراق لە سەرەتای مانگی ئابی ساڵی 1990 كوێتی داگیركرد و وەك «پارێزگەی ژمارە 19ی عیراق» رایگەیاند.

دوابەدوای ئەوەش ویلایەتە یەكگرتووەكان هاوپەیمانییەكی عەرەبی و نێودەوڵەتی بۆ بەرپەرچدانەوەی عیراق پێكهێنا و لە كۆتایی مانگی شوباتی ساڵی 1991 سەركەوتوو بوو لە «رزگاركردنی كوێت».

 258 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*