سەرەکی » وتار » ماڵئاوا په‌یمانگه‌ی كادیرانپەڕە 2

ماڵئاوا په‌یمانگه‌ی كادیران

نیاز سه‌عید عه‌لی

رۆژی (20 / 5 / 1996)، رۆژێكی مێژوویی و شانازییه‌ له‌ ژیانی سیاسی و رێكخراوه‌ییمدا، تیایدا وه‌رچه‌رخام بۆ قۆناغێكی تر له‌ كار و به‌رپرسیارێتیی، ئه‌و كاته‌ی كه‌ به‌ بڕیاری ره‌وانشاد، سه‌ركرده‌ی نه‌مر و بێهاوتا، جه‌نابی مام جه‌لال، له‌ناو چه‌ندین پاڵێوراوی تردا بوومه‌ دامه‌زرێنه‌ر و لێپرسراوی په‌یمانگه‌ی كادیرانی قه‌ڵاچوالان.

په‌یمانگه‌ بۆ من بووه‌ وێستگه‌ و خوێندنگه‌یه‌كی گرنگ، تیایدا به‌ده‌ر له‌ به‌رپرسیارێتیی یه‌كه‌م و ئه‌ركی وانه‌وتنه‌وه‌، هاوكات خۆشم بوومه‌ به‌ته‌مه‌نترین و به‌رده‌وامترین خوێنكار تیایدا، وانه‌ و ئه‌زموونی زۆری تێدا فێربووم و وه‌رگرت.

په‌یمانگه‌ی كادیران له‌ڕۆژی (20/5/1996)، تا (27/12/2012)، كه‌ دوایین رۆژی ته‌مه‌نی بووه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی خولدا، توانیوێتی (70) خولی جۆراوجۆر، بۆ رابه‌ری سیاسیی هێزی پێشمه‌رگه‌ و هه‌ڤاڵانی مه‌كته‌ب و كادیرانی رێكخستن و رێكخراوه‌ پیشه‌یی و دیموكراسییه‌كان و ئه‌فسه‌ران و كۆمیسه‌رانی ئاسایش و رۆڵه‌ی شه‌هیدان بكاته‌وه‌، تیایدا (2293) هه‌ڤاڵ، پاش به‌شدارییكردن له‌ خوله‌كاندا، بڕوانامه‌ی ده‌رچوونیان پێ به‌خشراوه‌.
لێره‌دا به‌پێویستیی ده‌زانم، ئاماژه‌ به‌ راستییه‌كی تاڵ بكه‌م، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ نه‌خۆشكه‌وتنی سه‌ركرده‌ی نه‌مر مام جه‌لال، له‌ كۆتایی مانگی (12)ی (2012)، هه‌ندێك هه‌ڤاڵی باڵاده‌ست و بڕیارده‌ر، ده‌ستیان ئاوه‌ڵا بوو، بۆ ئابڵۆقه‌دانی په‌یمانگه‌ی كادیران و له‌و كاته‌وه‌ په‌كیانخست و به‌بیانووی جۆراوجۆر (8) ساڵ په‌یمانگه‌یان راگرت له‌ كردنه‌وه‌ی خول، به‌م په‌كخستنه‌ توانیان ی.ن.ك بێ به‌ش بكه‌ن له‌ ده‌رچوواندنی زیاتر له‌ (1000) هه‌ڤاڵ، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ی ن ك، پاش جیابوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، پێویستی به‌ پێگه‌یاندن و ئاماده‌كردنی هه‌زاران كادیر بوو.

ئێستا دوای ئه‌و مێژووه‌ و پاش ئه‌وه‌ی كه‌ (به‌نده‌)، یه‌كێك بووم له‌ پشتیوانییكه‌رانی ئاراسته‌ی نوێبوونه‌وه‌ له‌ناو ی ن ك و چه‌ندین وتارم بۆ خزمه‌تكردنی ئه‌و ئاراسته‌یه‌ نووسی و له‌ میدیا و له‌ سۆشیال میدیادا بانگه‌شه‌م بۆ ده‌كرد، ده‌بێت منیش باوه‌ڕم به‌ نوێبوونه‌وه‌ی په‌یمانگه‌ی كادیران هه‌بێت، هه‌ربۆیه‌ به‌ویست و به‌ ده‌ستپێشخه‌ریی خۆم و به‌ بڕیاری سه‌ربه‌خۆی خۆم، بڕیارمدا كه‌ ماڵئاوایی له‌ پۆستی لێپرسراوی په‌یمانگه‌ بكه‌م، ئه‌و پۆسته‌ به‌جێبهێڵم بۆ هه‌ڤاڵێكی نوێ، بۆ ئه‌م بڕیاره‌ رووبه‌ڕووی گوشار و فشار بوومه‌وه‌، ئه‌ویش نه‌ك بۆ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌، به‌ڵكو بۆ مانه‌وه‌ و به‌رده‌وام بوون، لێره‌وه‌ سوپاسی هه‌ڤاڵانی هاوسه‌رۆك و هه‌ڤاڵ (رزگار حه‌مه‌)ی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی و لێپرسراوی مه‌كته‌بی گه‌شه‌پێدانی بیر و هوشیاری ده‌كه‌م، كه‌ دواجار ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یان په‌سه‌ندكرد.

لێره‌وه‌ به‌پێویستیی ده‌زانم، دروود بۆ گیانی نه‌مری ره‌وانشاد مام جه‌لال بنێرم، كه‌ ته‌نها سه‌ركرده‌ی ی.ن.ك بوو، له‌ئاستی پێویستدا گرنگیی به‌ په‌یمانگه‌ی كادیران ده‌دا و پشتیوانیی پێویستی ده‌كرد. په‌یمانگه‌ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشكه‌وتنی ئه‌ودا، نه‌خۆشیان كرد و له‌جێگه‌دا ئه‌میشیان راكشاند، هیوادارم له‌ قۆناغی نوێی كاری ی.ن.ك-دا، هه‌ڤاڵانی هاوسه‌رۆك و لێپرسراوی نوێی مه‌كته‌بی گه‌شه‌پێدانی بیرو هۆشیاری، وه‌كو درێژه‌پێدان به‌ رێبازی مام جه‌لال، په‌یمانگه‌ی كادیران ببووژێننه‌وه‌ و زیاتر گه‌شه‌ی پێ بده‌ن.

هاوكات به‌پێویستی ده‌زانم سوپاس و پێزانی زۆری خۆم ده‌رببڕم بۆ ئه‌و مامۆستا و وانه‌بێژانه‌ی كه‌ به‌درێژایی مێژووی په‌یمانگه‌ به‌دڵسۆزیی و به‌خه‌مخۆریی و به‌ماندوونه‌ناسیی خۆیان رۆڵ و به‌شدارییه‌كی كارایان گێڕا له‌پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردن و پێگه‌یاندنی كادیران و به‌شداربوواندا، هاوكات سوپاس و پێزانین بۆ هه‌موو ئه‌و كادیر و كارمه‌ندانه‌ی په‌یمانگه‌ كه‌ له‌بواره‌ جیاجیاكاندا رۆڵ و خزمه‌تی به‌رچاویان هه‌بووه‌ له‌ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانیان، به‌هه‌مان شێوه‌ سوپاس و پێزانین بۆ هه‌موو به‌شداربووانی خوله‌كانی په‌یمانگه‌، كه‌ قورسایی پرۆگرامی خوله‌كانی په‌یمانگه‌ی كادیرانیان كه‌وتبووه‌ ئه‌ستۆ و هاوكار و پابه‌ند و په‌رۆش بوون بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆگرامه‌كان، ئه‌گه‌ر له‌ڕووی تیۆریی، یان پراكتیكیی بوو بێت.

شایه‌نی باسه‌ ئێستا سه‌دانیان بوونه‌ته‌ خاوه‌ن پله‌ و پۆستی باڵا له‌ناو ی.ن.ك و په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم و هێزی پێشمه‌رگه‌ و ناوه‌نده‌ میدیاییه‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی و …هتد.

دروود و نه‌مریی بۆ گیانی پاكی ژماره‌ك له‌ڕابه‌ری سیاسیی ده‌رچووانی په‌یمانگه‌، كه‌ گیان و ژیانیان له‌پێناوی سه‌رخستنی دیموكراسیی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا به‌خشی.

پێموایه‌ ئێمه‌ش له‌و ماوه‌ درێژه‌دا شایه‌نی ره‌خنه‌لێگرتنین و به‌ده‌ر نه‌بووین له‌كه‌موكوڕیی.

له‌به‌رامبه‌ردا داوای لێبووردن له‌هه‌ر هه‌ڤاڵێك ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر زوویر بووبێت لێمان، یان ره‌خنه‌ی لێمان هه‌بووبێت بمانبه‌خشن.

ئه‌گه‌ر ئه‌زموونی په‌یمانگه‌ی كادیرانیش سه‌ركه‌وتوو بووبێت، ئه‌وا ی.ن.ك خاوه‌نی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌یه‌، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش كردوومانه‌، ئه‌ركی سه‌رشانمان بووه‌ و بۆ ئه‌وه‌ ئێمه‌ له‌وێ بووین.

له‌كۆتاییشدا هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌ڤاڵی نوێی لێپرسراوی په‌یمانگه‌ی كادیران ده‌خوازم.

 239 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*