سەرەکی » هەواڵ » یەكەی ژمێریاریی یەكەكانی 70 و 80 خرایەسەر وەزارەتی پێشمەرگە

״دۆسێی كەسیی بۆ تەواوی هێزەكان دروستدەكرێت״

یەكەی ژمێریاریی یەكەكانی 70 و 80 خرایەسەر وەزارەتی پێشمەرگە

وەزارەتی پێشمەرگە لە نووسراوێكدا ئاماژە بە رێكخستنەوەی یەكە ژمێریارییەكانی یەكەكانی 70 و 80ی هێزی پێشمەرگە، دەكات و رایدەگەیەنێت: یەكەی ژمێریاریی یەكەكانی 70 و 80 خراوەتەسەر وەزارەتی پێشمەرگە».

لەنووسراوەكەدا هاتووە «لەبڕیارێكدا بەنووسراوی ‌ژمارە 7959 لەڕۆژی 21ی ئەیلولی 2020 پاڵپشت بە جێبەجێكردنی ماددەی دەیەم لەیاسای چاكسازیی حكومەتی هەرێم، بۆ رێكخستنەوەی یەك یەكەی ژمێریاریی هاوبەشی سەربازی، بە ئیمزای شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێم، بڕیاری رێكخستنەوەی یەكە ژمێریارییەكانی یەكەی 70 و 80ی درا».

هاوكات بەپێی بڕیارەكە «یەكەی هاوبەشی ژمێریاریی بۆ سەرجەم هێزەكان خرایەسەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەوپێیەش، هاوتای هێزە هاوبەشەكانی سەر بە‌وەزارەت، تەواوی مووچەو بودجەی هەردوو یەكەكانی 70و 80 لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێركاری بودجەو بەرنامەكان (ژمێریاریی سەربازی) لەژێر وردبینی فەرمانگەی چاودێریی دارایی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە دەبێت ‌و ئەمەش ئاماژە بۆكراوە لە ماددەی 3ی ناو یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2007ی وەزارەتی پێشمەرگە.

لەكۆتایی نووسراوەكەشدا ئەوە خراوەتەڕوو كە بەجێبەجێكردنیشی بەپێی ماددەی 10ی یاسای چاكسازیی، فەرمانگەی چاودێریی دارایی، بەهاوبەشی لەگەڵ میلاكاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجەو ژمێركاری سەر بەوەزارەتی دارایی و ئابووری، لەژێر رۆشنایی فەرمانی‌ وەزیری پێشمەرگە، وردبینی و پێداچوونەوە بەخزمەتی سەربازیی سەرجەم هێزەكانی سەر بەو یەكانە دەكرێت، هەروەك دۆسێی كەسیی بۆ تەواوی هێزەكان بەهەموو پێداویستییە یاساییەكانەوە دروستدەكرێت.

 145 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*