سەرەکی » ئابووری » قەبارەی قەرزەكان گەیشتۆتە ٢٣٣ تریلیۆن دۆلار

قەبارەی قەرزەكان گەیشتۆتە ٢٣٣ تریلیۆن دۆلار

كۆی قەرزەكان لەسەر ئاستی جیهان گەیشتۆتە ئاستێكی پێوانەیی‌و بۆ ٢٣٣ تریلیۆن دۆلار بەرزبۆتەوە، هۆشداریش دەدرێت لەوەی بەرزبوونەوەی نرخی سوود، دانەوەی ئەو قەرزانە لەسەر وڵاتان قورس بكات.
بەپێی ئامارەكانی پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ دارایی، قەرزەكانی سەر جیهان گەیشتۆتە ئاستێكی پێوانەیی‌و لەچارەكی سێیەمی ساڵی ٢٠١٧دا، گەیشتۆتە ٢٣٣ تریلیۆن دۆلار. راشیگەیاندووە: بەرزبوونەوەی نرخی سوود، دانەوەی ئەو قەرزانە قورس دەكات.
ئەو پەیمانگایە كە بارەگاكەی لە واشنتۆنی ئەمریكایە رایگەیاندووە: تێكڕای قەرزەكان بە بڕی ١٦ تریلیۆن دۆلار واتە لە (٨%) لەنێوان كۆتاییەكانی ساڵی ٢٠١٦ و كۆتایی مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧ بەرزبۆتەوە، بەپێی داتاكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و بەپشتبەستن بە ژمارەی دانیشتووانی جیهان كە حەوت ملیار و ٦٠٠ ملیۆن كەس ئەژمار كراوە، هەر تاكێك لە جیهاندا زیاتر لە ٣٠ هەزار دۆلار قەرزی بەردەكەوێت.
پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ دارایی ئاشكراشی كردووە: ئەمریكا گەورەترین وڵاتی قەرزدارە لەجیهاندا و بڕی ئەو قەرزەی لەسەرێتی زیاتر لە ٢٠ تریلیۆن دۆلارە، دواتریش وڵاتی ژاپۆن دێت كە قەرزەكانی ئەو وڵاتە بە ١١ تریلیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێن، وڵاتی بەریتانیاش لە پلەی سێیەمدا هاتووە و بەبڕی هەشت تریلیۆن دۆلار قەرزارە.
هەر بەپێی داتاكانی ئەو پەیمانگا نێودەوڵەتییە، وڵاتی فەرەنساش یەكێكە لەو وڵاتانەی جیهان كە زۆرترین قەرزی لەسەرە و گەیشتۆتە زیاتر لە پێنج تریلیۆن‌و ٤٠٠ ملیار دۆلار، ئەڵمانیاش بە بڕی پێنج تریلیۆن قەرزارن.
ئەو پەیمانگایە هیچ هەوڵێكی ئەو وڵاتانەشی بۆ دانەوەی قەرزەكان یاخود ئەگەری كەمبوونەوەی قەرزی سەر وڵاتانی جیهان لە ساڵی داهاتوودا نەخستۆتەڕوو.
قەرزی سەر حكومەتەكانیش گەیشتۆتە ٦٣ تریلیۆن دۆلار، هاوكات قەرزی خێزانەكان بۆ ٤٤ تریلیۆن دۆلارو كۆمپانیا نادارییەكانیش گەیشتۆتە ٦٨ تریلیۆن دۆلار.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*