سەرەکی » ئەدەب و هونەر » بە یادی پاشای ئاواز و گۆرانی

بە یادی پاشای ئاواز و گۆرانی

د. رزگار عەبدولکەریم عەبدولعەزیز

یەکەم جار کە گوێم لەشەجەریان بوو ناوەڕاستی نەوەدەکان بوو، شاخەوانی برام دوو کاسێتی لەگەڵ خۆی لەئێران هێنابۆوە، ئەلبوومی نەوا و ئاسمانی عشق بوون، کە گوێم لێدەگرتن هەستم دەکرد ئەم مۆسیقایە زۆر جیاوازە، هەستم دەکرد مۆسیقا لێرەدا قسە دەکات، دەتوانی بە ئاسانی گوێ بۆ هەناسەی ئامێرەکان بگریت، لەو کاتەوە تا ئێستا من بەردەوام گوێ لە ئاواز و گۆرانی سونەتی بەگشتی و شەجەریان بە تایبەتی دەگرم و تێر نابم، ئاخر سروشتی مرۆڤ وایە کە شتێک زۆر دووبارە بکاتەوە تێر دەبێت و دەستی لێهەڵدەگرێت، جارێک خوێندمەوە کە مامۆستایانی مۆسیقای ئێرانی ئەوانەی کاریان لە گەڵ ئوستاز کردووە، دادو بێدادیان بووە لە دەستی، چونکە گلەیی ئەوەیان کردبوو زۆر بە زەحمەت دەتوانن رازی بکەن، وتبوویان سەدان جار کارێکمان پێ دووبارە دەکاتەوە، هەتا دڵی ئاو نەخواتەوە دەست هەڵناگرێت، ئەمەش نهێنی ئەو هەموو کارە جوان و ناوازانەیە، هەڵە نەبم وابزانم تراکێکی ئەلبوومی دوستان نزیکەی 6 مانگی خایاندووە، کاتێک سەرنجی ئەو لەحزانە دەدەیت کە شەجەریان راهێنان بە گۆرانیبێژە گەورەکانی ئێران دەکات، هەست دەکەیت جیاوازی نێوانیان چەند زۆرە، بۆ نموونە کاتێک راهێنان بە (پەریسا) دەکات، ئەو ژنە گۆرانیبێژە کە لەسەر ئاستی ژنانی ئێران لە کاتی خۆیدا یەکەم بووە، بە دەستییەوە داماو دەبێ، هەست دەکەیت خەریکە دەگری، هەندێک جار هەست دەکەیت وەک ئەوە وایە پەریسا تازە فێری مەقام و گۆرانی ببێت.

ئەوە ساڵی 2005 بوو، لەگەڵ کاک عەلی کارەبا و ئیسماعیل و مامۆستا دلێردا دانیشتبووین، ئێمە گفتوگۆمان بوولەسەرئەوەی کە دوای شەجەریان کێ دووەمە، من دەمگوت شەهرامی نازری، دلێر یان ئیسماعیل دەیانگوت هومایون، گەرمەی گفتوگۆمان بوو، کاک عەلی وتی (یەکەم شەجەریانە، لە 1 تا 50 کەس نییە، هومایون لە 51 بە دووەمی دێت) ئیتر گفتوگۆکە کۆتایی هات .

ئوستاز جگە لە دەنگخۆشی شیعرناسێکی بێوێنە بووە، بە سەلیقەیەکی بێهاوتاوە شیعری گۆرانییەکانی هەڵدەبژارد، دەیزانی لە کوێدا دەبێت بچێتە ئەوج و لە کوێدا دەبێت دەنگ نزم بکاتەوە، بۆ نموونە گوێ لە ئەلبوومی (زمستان) بگرە و سەیری مانای شیعرەکەش بکە، یان ئەلبوومی دستان ، تراکی (از در درێ‌مدی و من از خود بدر شدم) کە شیعری سەعدی شیرازییە، بەرواردی بکە لەگەڵ هەمان گۆرانی کە ئوستاز بەنان (مامۆستاکەی شەجەریان) وتوێتی ، ئەو کات دەزانیت کە سەلیقەی هەڵبژاردنی شیعری لای شەجەریان چەندە ناوازەبووە.

لە هەمانکاتدا ئوستاز

خۆشنووس و قورئان خوێنێکی ناوازە بووە.

وەستای دروستکردنی ئامێرە مۆسیقاییەکان بووە .

ئاواز دانەرێکی باش بووە.

بۆیە یەکێک لە رەخنەگرانی ئێرانی دەڵێت خودا رەحمیکرد ئەم ئوستاز شەجەریانە راوچی نەبوو، ئەگینا گیانداران و ئاژەلانی قڕ دەکرد.

دروود و سەلام بۆ گیانی ئوستاز شەجەریان، مردنی ئەو شیوەنی ناوێت، مرۆڤ دەبێت وێڵی مردنێکی هاوشێوە بین.

 266 جار بینراوە