سەرەکی » راپۆرت » کتێبێک ئاگر به‌رده‌داتـه‌ کۆشكی سپی

کتێبێک ئاگر به‌رده‌داتـه‌ کۆشكی سپی

له‌ماوه‌ی پێشوودا کتێبێک له‌باره‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مریکا له‌ژێرناونیشانی « ئاگرو تووڕه‌یی» چاپکرا. ئه‌مه‌ش له‌ناو مه‌یدانی سیاسیی و رۆشنبیری ئه‌مریکیدا، ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی نایه‌وه‌. له‌م کتێبه‌دا نووسه‌ر ‌، تره‌مپ وه‌کو سه‌رۆکێکی که‌م ئه‌زموون و هه‌ڵه‌شه‌و ده‌به‌نگ وه‌سف ده‌کات. تره‌مپیش وه‌ڵامی ئه‌م نووسه‌ره‌ ده‌داته‌وه‌ ده‌ڵێت: من بلیمه‌تم.

ئاگرو تووڕه‌یی
ئاگرو تووڕه‌یی ده‌سته‌واژه‌یه‌کی ئاینییه‌ له‌ ئینجیلی پیرۆزدا هاتووه‌. پێشتر دۆناڵد تره‌مپ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی‌ له‌دژی کیم جونگ ئۆن سه‌رۆکی کۆریای باکوور به‌کارهێنا، لێ نه‌یزانی رۆژێک له‌رۆژان ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ له‌دژی خۆی به‌کاردێته‌وه‌و کۆشكی ده‌سه‌ڵاتی ده‌له‌رزێنێت.

رۆژنامه‌نوسێکی به‌توانایه‌
ئه‌م کتێبه‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسی ئه‌مریکی « مایکل ۆلڤ» نووسراوه‌،که‌ماوه‌یه‌کی زۆره‌ له‌ رۆژنامه‌ی نیویۆرک تایمزی ئه‌مریکا کارده‌کات. بۆ ئه‌م کتێبه‌شی نزیکه‌ی 200 دیداری له‌گه‌ڵ که‌سه‌ نزیکه‌کانی تره‌مپ کردووه‌، که‌تێیدا به‌رپرسانی حکومی و خزم و که‌سی نزیک و هاورێ و بازرگان و کارمه‌ندانی کۆمپانیاکانی تره‌مپی تێدایه‌. له‌رێگه‌ی ئه‌و که‌سانه‌وه‌، نووسه‌ر هه‌وڵیداوه‌ له‌ که‌سایه‌تی ئاڵۆزی تره‌مپ بکۆڵێته‌وه‌.

سه‌رۆکێکی هه‌ڵه‌شه‌یه‌
ئه‌و نووسه‌ره‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی درێژی له‌باره‌ی ژیانی منداڵیی و گه‌نجێتی و دواتر چوونه‌ ناو جیهانی بازرگانی و میدیاو دواتریش کۆشكی سپی کردووه‌. پاشانیش له‌به‌شێکی زۆری ئه‌و فه‌رمان و کارانه‌ی تره‌مپ کۆڵیوه‌ته‌وه‌، له‌زاری چه‌ند که‌سێکی نزیکی تره‌مپیشه‌وه‌ پێیان ووته‌وه‌: زۆربه‌ی بڕیاره‌کانی تره‌مپ دووربینیان پێوه ‌دیار نییه‌و زیاتر سیمایه‌کی هه‌ڵه‌شه‌یان پێوه‌ دیاره‌. هه‌روه‌ها به‌شێک له‌و که‌سانه‌ی که‌ نووسه‌ر دواندوویه‌تی، تره‌مپ به‌ که‌سێکی گێل و ده‌به‌نگ وه‌سف ده‌که‌ن و گوومانیان له‌ زیره‌کی سه‌رۆک هه‌یه‌.

پوتین و محه‌مه‌د بن سه‌لمان
به‌شێکی ئه‌و کتێبه‌ باس له‌په‌یوه‌ندی نهێنی تره‌مپ و تیمه‌که‌‌‌ی ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ ‌ ڤلادیمیر پوتین و روسیا، چۆن ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ دروستبووه‌و دواتریش چۆن کێشه‌ی بۆ تره‌مپ ناوه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی نێوان تره‌مپ و محه‌مه‌د بن سه‌لمانی کوڕی مه‌لیکی سعودیه‌ ده‌خاته‌ ڕوو. چۆن سه‌ره‌تا تره‌مپ باوه‌ڕی به‌م میره‌ گه‌نجه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام دواتر په‌یوه‌ندیان به‌هێز ده‌بێت به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ کۆشنه‌ری زاوای تره‌مپ.

تره‌مپ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌
له‌پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه‌و دروستکردنی هه‌رایه‌کی گه‌وره‌ی ئیعلامی له‌سه‌ری، دۆناڵد تره‌مپ وه‌ڵامی ئه‌م نووسه‌ره‌ی دایه‌وه‌ له‌سه‌ر واڵه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی تویته‌ر رایگه‌یاند: ئه‌و کتێبه‌ دووره‌ له‌راستییه‌وه‌و زیاتر له‌ خه‌یاڵی نووسه‌ره‌که‌یه‌وه‌ هاتووه‌. هه‌روه‌ها نووسه‌ره‌که‌شی به‌ درۆزن وه‌سفکرد.

که‌سێکی سه‌رکه‌وتووبوم
له‌درێژه‌ی نووسینه‌که‌یدا تره‌مپ ده‌ڵێت: له‌باشترین زانکۆ خوێندنم ته‌واو کردووه‌، خوێندکارێکی زیره‌ک بووم، خوێندم ته‌واوکردووه‌، ملیاره‌ها دۆلارم ده‌ستکه‌وتووه‌و بوومه‌ته‌ گه‌وره‌ترین بازرگان و خاوه‌ن کاری ئه‌مریکا، هه‌روه‌ها له‌ بواری ته‌له‌ڤزیۆنیشدا کارمکردووه‌، له‌ماوه‌ی ده‌ ساڵی پێشوودا، سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌م تۆمارکردووه‌.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ هه‌تاوه‌کو ئێستاش ئه‌م کتێبه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی له‌ئه‌مریکا و جیهان ناوه‌ته‌وه‌، بۆ زۆرێکیش له‌زمانه‌ جیهانییه‌کان وه‌رگێڕاوه‌.

 616 جار بینراوە