سەرەکی » راپۆرت » ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی عیراق

شرۆڤەی رۆژ

ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی عیراق

تەحسین تەها چۆمانی

سبه‌ینێ ساڵێك تێدەپەڕێت بەسەر خۆپیشاندانەكانی هاووڵاتیانی عیراقدا، كە بە خۆپیشاندانەكانی 25ی ئۆكتۆبەر ناوزەد دەكرێت. چاوەڕێ دەكرێت بۆ یادكردنەوەی خۆپیشاندانەكە و پێداگریی لەسەر خواست و داواكارییەكانیان، ژمارەیەك لە هاووڵاتیان بچنەوە سەر شەقام.

خۆپیشاندانەكانی عیراق كە دەستیپێكرد، بەهۆی چەند شتێكەوە بوو، لەوانە: گەندەڵی، بێكاری، نەبوونی خزمەتگوزاریی، هەژاری، پشك پشكێنەی حزبەكان. لە بەرامبەردا ئەوان داوایان دەكرد، سەرۆك وەزیرانی ئەو كات كە عادل عەبدولمەهدی بوو دەستلەكار بكێشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت.

ئێستا ساڵێك بەسەر ئەو خۆپیشاندانەدا تێپەڕیووە، بە تێپەڕبوونی ئەو ساڵە كۆمەڵێك گۆڕانكاریی نوێ هاتوونەتە ئاراوە، لەسەرووی هەموویانەوە هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ مستەفا كازمی-یە لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ.

كازمی خۆی بە نوێنەری گەل و خۆپیشاندەران لە حكومەت دەزانێت، بۆیە لەوكاتەی بۆتە سەرۆك وەزیران هەمیشە جەخت لەسەر چەند شتێك دەكاتەوە، ئەوانیش سەقامگیریی دۆخی ئەمنی و نەهێشتنی گەندەڵی و سزادان و لەسەر كارلابردنی گەندەڵكاران، لەسەرووی هەموو كارەكانەوە كازمی یەكێك لە داواكاریی خۆپیشاندەرانی جێبەجێكرد، ئەویش پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو، بەڵام هێشتا روون نییە كە هەڵبژاردنەكە لە كاتی خۆیدا دەكرێت، یان بەهۆی كێشە و ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكان و چەند گرفتێكی دیكەوە، دوادەخرێت؟

ئەمڕۆ بەو رێوشوێنە ئەمنییە توندوتۆڵەی كە لە شارەكانی عیراق و بەتایبەت لە بەغدای پایتەخت گیراونەتە بەر، دەردەكەوێت كە عیراقییەكان دووبارە مەیدان و شەقامەكان دەكەنەوە بە شوێنی خواست و داواكارییەكان، یان ئەوەی بە جۆرێك لە جۆرەكان، متمانە بە سەرۆك وەزیران دەكەن و چاوەڕێی هەڵبژاردنی پێشوەختە و حكومەتی نوێ دەكەن؟. هەردوو ئەگەرەكە بۆ مستەفا كازمی قورسن، بەڵام قورستر لەوە تێكچوونی دۆخی عیراقە، بەتایبەت لەم هەلومەرجە ئابووریی و سیاسی و ئەمنییەی كە لەئارادایە، چونكە هەموو ئەوانەی كە لە سەرەتاوە رابەرایەتی خۆپیشاندانەكانیان دەكرد، ئێستا وەك دەوترێت هەمان هەڵوێستی ساڵی رابردوویان نییە.

 61 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*