سەرەکی » وتار » پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆجیا

پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆجیا

کەنار قاسم

مۆبایلەکەی بەدەستەوەیەو دەچێتە شوێنی کارەکەی، دەست دەکات بە کۆمێنت نووسین و پەیوەندی وجوابی نامەی هاورێکانی بە دڕێژایی ماوەی کارکردنی، لەپڕ کاتی دەوامی تەوا دەبێت و بەردەوام دەبێت بەهەمان شێوە لەماڵەوە، خێزانەکەی جێ دەهێڵیت ونوقمی دنیای سۆشیال میدیا دەبێت وەک ئەوەی ئەو لە کەوکەبێک و ئەوان لە کەوکەبێکی تر بن. کەسێکی تر شەڕ لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی دەکات بەهۆی تەنها یەک کۆمێنت یان جیاوازی بیروبۆچۆنی لەگەڵ کەسێکی تر. خوێندکارێکیش ئەرکەکانی خوێندنی پشتگوێ دەخات و هەندێکیش خزمەتی منداڵەکان و ماڵەکەی ناکات و بەردەوام پەیوەندی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ئەنجام دەدات. بەداخەوە ئەمە وێنەیەکی خراپی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و سۆشیال میدیایە دەیخەمە پێش چاوتان کە کاریگەرییەکی نێگەتیڤی بەشێوەیەکی ترسناک لەم ساڵانەی دواییدا دروستکردووە. لەگەڵ هەر گەشەکردنێکی تەکنەلۆجیا هەندێک سوورن لەوەی بەشێوەیەکی خراپ بەکاری بهێنن و سوود و گرنگیەکانی ئیهمال بکەن و کاریگەری خراپ لەسەر کۆمەڵگە دروست بکەن.

کۆمەڵگە جیاوازەکانی جیهان لە ئێستادا بڕوایان وایە، تەکنەلۆجیا و نێت و تۆرەکۆمەڵایەتیەکان بۆ نزیک بوونەوە و ئاسانکارییە بۆ بەیەکگەیشتن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان، هەندێکیش بڕوایان وایە ئەم هۆکاری پەیوندییانە لە مۆبایل و سۆشیال میدیا بۆتە هۆی تەنیای و دوورە پەرێزی.

سۆشیال میدیا
ئەم سەردەمەی تیایدا دەژین جیاوازە لە رابردوو، بەهۆی ئەوەی پشت بە تەکنەلۆجیا دەبەستین لە هەر هەنگاوێکی ژیانماندا تکەنەلۆجیا جۆتە ناو هەمووو ماڵێک و خویندنگە و تەنانەت بازاڕیشەوە.

ئاشکرایە ژمارەی ئەکاونتەکان لە تۆڕەکۆمەلایەتیەکان و بەکارهینانی وێبسایتەکان هەتا بێت زیاد دەکات. ئێستا بۆ ساڵی 2020 نزیکەی 3.81 ملیار کەس لە جیهان بەکارهێنەری سۆشیال میدیان. کەواتە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا لە زیادبوندایە و ناتوانین بیوەستێنین و بۆتە پێویستیەکی ژیان، بەلام ئێمە دەتوانین خودی خۆمان یارمەتیدەری خۆمان بین سۆشیال میدیاکان لە قازانجی خۆمان و دەوروبەردا بەکاربهێنین ئەمەش بە وشیاربوون لە چۆنیەتی بەکارهێنان و دیاریکردنی کات دەبێت.

سوود و قازانجەکانی تەکنەلۆجیا
پێگەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چەندین سودی هەیەو هەروەها چەندین زیانیشی هەیە، بەڵام ئەمە دەکەویتە سەر تاک خۆی کە بەشیوەیەکی ئیجابی یان سلبی بەکاریبهێنێت. پێویستە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا بەشێوەیەک بێت زیانی زیاتر نەبێت لە سوودەکانی، دەتوانین بەکاتێکی کەم سودمەند بین و پێویستیەکانی ژیانمانی پێ جێبەجێ بکەین لە بازاڕکردن و سکیڵەکان و دۆزینەوەی هەلی کار و یان خوێندنی کۆرسەکان بە ئۆن لاین کە بتوانین لەرێگەیەوە گەشە بە فکر و ژیانی خۆمان بدەین.

لێکۆڵینەوە و دیراساتە جیاوازەکان کە ئێستا هەیە ، لایەنە نێفەتیڤەکانی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا وسۆشیال میدیایان خستۆتە ڕوو . تەکنەلۆجیا و سۆشیال میدیا هۆکارێکە بۆ قەلەقی و پەستان خستنە سەر خەڵکی، چونکە خەڵکی سۆشیال میدیا وەک هۆکارێک بۆ دەربڕینی هەستەکانیان بەکاردەهێنن، بەڵام کۆمێنت و جوابدانەوەی نێگەتیڤی کۆمەڵگە بۆ ئەم کەسە قەلەقی و گرژی دروست دەکات. هەروەها سوشیال میدیا هۆکارێکە بەتایبەت لە گەنجاندا بۆ گۆشەگیری و کاریگەری لە سەر دەروون دروست دەکات . هەروەها بەکارهێنانی سۆشیال میدیا خەوی مرۆڤ تێکدەدات، خەڵکی راهاتووە لەسەر ئەوەی رٶژ لە تاریکیدا و شەو لە بەر ڕووناکی و شاشەی مۆبایل و کۆمپیوتەر بەسەرببەن، ئەم شێوازی ژیانەش کاریگەری لەسەر دەردانی هۆرمۆمی میلاتۆنین لەلایەن لەشی مرۆڤەوە دروست دەکات کە یارمەتیدەرە بۆ کرداری خەوتن.

چۆن دەزانیت ئالودەی تۆڕەکۆمەلایەتیەکان بوویت؟
بەکارهێنانی نێت و سۆشیال میدیا بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەنەخۆشی دادەنرێت. چەند نیشانەیەک هەیە ئالودەبون ئاشکرا دەکات: هەروەک دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵگەو بۆنە کۆمەڵایەتیەکان و گران پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان دروست بکەیت و لەکاتی دوورکەوتنەوە لە نێت هەست بە بێتاقەتی و توڕەیی بکەیت و هەست بە تەمەڵی و کەمی جوڵەو بێ هێزی و بێتاقەتی بکەیت، وەرزش نەکەیت و هیچ ئارەزوویەکت نەبێت بۆ ژیان.

لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین تەکنەلۆجیا و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان چەکێکی دوو سەرە، دەکرێت بەکاری بهێنێن لەگەشەسەندنی فکری خۆمان و سکیڵەکانمان و کۆمەڵگە، یان دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ لەدەستدانی خۆت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان دوورکەوتنەوە لە ژیانی راستەقینەدا.

 63 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*