سەرەکی » زانست » دۆزینەوەی ئەندامێكی نوێ لە سەری مرۆڤدا

دۆزینەوەی ئەندامێكی نوێ لە سەری مرۆڤدا

دوای چەند سەدەیەك زانایانی هۆڵەندا ئەندامێكی نوێ لەسەری مرۆڤدا دەدۆزنەوە.

زانایانی هۆڵەندیی لە نوێترین توێژینەوەیاندا شتێكی نوێیان لە سەری مرۆڤدا دۆزیوەتەوە كە پێشبینی دەكەن بریتی بێت لە جوتێك لیكە ڕژێن كە تا ئێستا پەی پێنەبراوە.

چەندین سەدەیە زاناكان توێژینەوەی چڕ لەسەر ئەندامەكانی مرۆڤ دەكەن، لەم سەردەمەدا هەموان پێیان وابوو كە هەموو شتێكی ناو جەستەی مرۆڤ ئاشكرا كراوە، بەڵام دوای ئەو توێژینەوەیە دەردەكەوێت هێشتا زۆرشت ماوە لەناو جەستەی مرۆڤدا كە بە تەواوی نەدۆزرابێتەوە و نهێنییەكانی ئاشكرا نەكرابێت،ئەو توێژەرەوانە دەڵێن» ئەو جووتە لیكە ڕژێنە لە خاڵی بەیەك گەیشتنی كونی لووت و قورگدایە».

گەر زانایان بە تەواوی لەو دۆزینەوەیە دڵنیا بوون ئەوا دەبێتە یەكەمین دۆزینەوەی لەو شێوەیە لە ماوەی سێ سەدەی ڕابردوودا.

تا ئێستا ئەو كتێبانەی دەربارەی بونیادی جەستەی مرۆڤ نووسراون و هەن باس لە سێ جۆری گەورەی لیكەڕژێنەكان دەكەن كە یەكێكیان نزیكی گوێیە و ئەوی تریان لەژێر مەڵاشوو و سێیەمیشیان لە ژێر زماندایە.
ماتیس فالستار ئەكادیمی و نەشتەرگەر و توێژەرەوە لە پەیمانگای هۆڵەندا بۆ نەخۆشی شێرپەنجە دەڵێت» ئێستا پێمانوایە ئەندامێكی چوارەمیش هەیە،».

هەرچی(ڤالیری فیتزوگ)یشە كە یەكێكە لە زانایانی هۆڵەندیی پێیوایە گەر ئەو دۆزینەوەیە ڕاست دەرچێت ئەوا شێوازی ڕوانینیان دەگۆرێت سەبارەت بەو ناوچەیەی جەستەی مرۆڤ.

(یفۆنی مۆری )یش كە توێژەرەوەی زانستی تیشك و گرێكانە دەلێت « هەندێك تووشی شۆك بووم، چونكە لە ساڵی(2020) داین و تازە خەریكین ئەندامێكی نوێی جەستەی مرۆڤ ئاشكرا دەكەین».

ئەو ڕژێنانە ڕۆلێكی گرنگیان هەیە لە جەستەی مرۆڤدا كە چواریەكی ئەو لیكە دەردەدەن كە مرۆڤ لە ڕۆژێكدا پێویستی پێی دەبێت، بۆ ئەوەی ئەركی نانخواردن و قسەكردنی ئاسان بێت.

ئەو لیكە ڕژێنانە ماددە كیمیاییەكانی ناو خۆراك هەڵدەگرن بۆ ناو خانەكان بۆ ئەوەی پرۆسەی تامكردن ڕووبدات، هەروەها دژایەتی میكرۆبەكان دەكەن و یارمەتیدەرن بۆ سارێژبوونەوەی برینەكان.

سەرچاوە: RT

 91 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*