سەرەکی » مانشێت » لاهور شێخ جه‌نگی: پشتگیریی ته‌واوی پرۆسه‌ی چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ین

لاهور شێخ جه‌نگی: پشتگیریی ته‌واوی پرۆسه‌ی چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ین

ئه‌مڕۆ، لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشوازییكرد له‌ ستیڤ پاكه‌رین راوێژكاری سه‌ربازیی كونسوڵخانه‌ی گشتیی به‌ریتانیا له‌هه‌ولێرو سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌و وه‌فدێكی هاوڕێی.

له‌دیدارێكدا، گفتوگۆكرا ده‌رباره‌ی دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و ئه‌منییه‌كان و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیاو هه‌نگاوه‌كانی پرۆسه‌ی چاكسازی و یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌و به‌رده‌وامیی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌.

لاهور شێخ جه‌نگی، هاوكاری و پشتیوانییه‌ سه‌ربازییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌رزنرخاند له‌ جه‌نگی دژی تیرۆر و پرۆسه‌ی چاكسازی و یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌، هاوكات ده‌ستخۆشی له‌ هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كرد كه‌ له‌و پێناوه‌دا خستوویه‌تییه‌گه‌ڕ.

هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، راشیگه‌یاند: پشتگیریی ته‌واوی پرۆسه‌ی چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ین، هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربازیی پێویستی به‌ چاكسازی و یه‌كخستنه‌وه‌ هه‌بێت، نابێت به‌بیانووی جۆراوجۆر رێگریی بۆ دروستبكرێت به‌تایبه‌ت یه‌كه‌كانی 70 و 80، هاوكات بنه‌مای یه‌كسانی ره‌چاوبكرێت به‌تایبه‌ت له‌دابه‌شكردنی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كاندا.

هه‌روه‌ها، لاهور شێخ جه‌نگی، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ له‌ گرنگیی به‌شداریكردن و هاوسه‌نگیی رێژه‌ی ژنان له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه‌دا. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ ده‌بێت چاكسازیی؛ هه‌موو جومگه‌كانی حكومه‌ت بگرێته‌وه‌، حكومه‌ت به‌یه‌كسانی كار بۆ شارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێم بكات و ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌چوارچێوه‌ی لامه‌ركه‌زیی ئیداریی و دارایی، رێكبخرێنه‌وه‌.

لاهور شێخ جه‌نگی، داواشیكرد هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ مه‌شق و راهێنان و هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام بێت، تا هه‌رێمی كوردستانیش له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراق خاوه‌ن هێزێكی سه‌ربازیی پڕ چه‌ك و مه‌شقپێكراوی سه‌رده‌میانه‌ بێت.

له‌لای خۆیه‌وه‌، ستیڤ پاكه‌رین، سوپاسی هه‌ڵوێسته‌كانی لاهور شێخ جه‌نگی كرد بۆ پشتیوانی له‌ هه‌نگاوه‌كانی پرۆسه‌ی چاكسازی و یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌، هاوكات ئاماده‌یی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دووپاتكرده‌وه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوكاری و پاڵپشتیی زیاتری هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌ بواری مه‌شق و راهێنانی هێزی پێشمه‌رگه‌.

 99 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*