سەرەکی » کەلتوور » کتێبەکانی مەلاشاخی خەرمانی یادەوەری پارتیزانەکانە

کتێبەکانی مەلاشاخی خەرمانی یادەوەری پارتیزانەکانە

شاهۆ غەفوور

بەداخەوە دەرکەوت گلەیی زۆربەمان لەوەی کە کارەکتەرەکانی ناو رووداوەکانی مێژووی نوێمان دەستنادەنە قەڵەم و ئەوەی کردویانە و دیویانە نایخەنە سەر پەڕەی کتێبەکان، لەجێی خۆیدا نەبوو، ئەمە لەوەوە هات کە بەم دواییان ژمارەیەک کتێبی بە قەبارە گەورە خرایە سەر مێزی کتێبفرۆشەکان کە خوێنەر و لێکۆڵەرانی مێژووی نوێی میللەتەکەمانی نائومێد کرد. دەرکەوت ئێمەی کورد وەکو چۆن لە ئیدارەدان و راگەیاندن و وەرزش و هتد زۆرمان ماوە بگەینەوە بە وڵاتانی تر، بەهەمان شێوە لە نووسینەوەی بیرەوەریشدا کڵۆڵین، نەک ریزبەندی و وردەکاری روداوەکان گرنگ نین بەلامانەوە، بەڵکو گرێی دەروونی و کۆنەقین و تەنانەت شەڕی بەرژەوەندییە شەخسییەکانیش بوون بە هەوێنی نووسینەوەی دەیان بیرەوەری و وێنە گشتییەکەی شێواندووە.

لەناو ئەو دۆخە ئاڵۆز و شێوێنراوە، بەدەگمەن نوسینێک بەرچاو ئەکەوێت ئاه بە دڵدا بێنێت و بەشێک لە وێنە راستەقینەکەی رووداوەکانی مێژووی نوێی ئەم ناوچەیەت بەرچاو بخاتەوە. لەم ساڵدا دوو بەرگی کتێبی ( پارتیزانەکانی دوای ئەنفال) لە نووسینی نووسەر و پێشمەرگەی پارتیزان (مەلا شاخی) چاپکراوە کە زیاتر لە هەزار لاپەڕەی نووسین و وێنە و نامەی دەستنووسە، تەنها باس لە جووڵە و کردەوە پارتیزانییەکانی کاتی دەستپێکردنی پرۆسەکانی ئەنفال هەتا راپەرینی 1991 دەکات.

گێڕانەوەی پارتیزانەکان
ئەم کتێبە تەنها بیرەوەرییەکانی نووسەر نییە، بەڵکو نووسین و بیرەوەرییەکانی ژمارەیەکی زۆر لە پارتیزانەکان لە زۆربەی حزبەکان بوون بە بەشێک لە کتێبەکە، ئەمە وایکردووە نەبێت بە بەشێک لە مێژووی حزبێکی دیاریکراو، بەڵکو مێژووی پارتیزانی نەتەوەیەکە دژی رژێمێک. بوواردان بە نووسین و بیرەوەری زۆرێک لە پارتیزانەکان هیچ بوواری بۆ شەری شەخسی و گرێی دەروونی نەهێشتووەتەوە، نەبینراوە کە هیچ کتێبێک کە کورد نووسیبێتی و بەوجۆرە بێلایەن بوبێت.

ژیانی پارتیزانەکان
ئەم کتێبە دەرخەری ئەوەیە کە پارتیزانەکان لە پێناوی ئامانجەکەیان لەگەڵ ئەوەی کە هیچ شوێنێکی دیاریکراو نەبووە بۆ ژیانکردنیان، هیچ کات و وەرزێک ئەمان پشوویەکیان نەداوە، بەڵکو لە گەرمیانەوە بۆ شارباژێڕ و دەشتی هەولێر و باڵەکایەتی و بادینان و پشدەر لە سەختترین وەرزی ساڵدا بە پیادە و بە ناو گوندە چۆڵکراو و وێرانکراوەکاندا رۆشتوون و چالاکییان دژی سوپا تۆکمەکەی رژێمی بەعس کردووە، خۆشارنەوەی دوای چالاکی بە برسێتی و پێڵاو و پۆشاکی دڕاو بە پیادەرۆشتنی دەیان کیلۆمەتر بە شاخ و دۆڵ و بەندەنەکانی کوردستاندا بووە بە تەواوی ژیانیان نەک بەشێکی. هەڵبژاردەی شەڕی بەرەیی و ناوشار و ناو گوندەکان ئاماژەبوو بۆئەوەی کە لەلایەک گۆڕەپانەکە چۆڵنەکراوە بۆ حکومەتی ئەوکاتی عیراق و بەچۆڵکردنی گوندەکان پێشمەرگە کۆتایی نایەت، لەلایەکیترەوە پەیام بوو بە خەڵکی کوردستان و رێکخستنەکانی ناو شار کە ئاشبەتاڵ لە بەرنامەی شۆڕشی نوێدا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا پلانی ئەنجامدانی راپەرین دائەنرێت و نزیکە.

پرەنسیپی پێشمەرگایەتی
لەگەڵ ئەوەی پێشمەرگە پارتیزانەکانی دوای ئەنفال کەمینەیەکی پێشمەرگەکانی شۆڕشی نوێ بوون تارادەیەک لە سەرکردایەتییەوە دوور بوون، بەڵام هەمیشە کارە پارتیزانی و جێگۆڕکێکانیان لەسەر داواو رێنمایی سەرکردایەتی و کەسانی سەروو خۆیان بووە، پەیوەندییەکان لەرێگەی ئالوگۆڕی نامە و ئامێری بێتەلەوە بووە، تەنانەت دیاریکردنی لێپرسراوە ناوچەییەکان و چۆنێتی پەیوەندی بە رێکخستنەکانی ناوشار و جێگۆرکێی مەفرەزە بە راوێژ و فەرمانی سەرکردایەتی بووە.

نامەنووسین
لەم کتێبەدا ژمارەیەک نامەی دەستنوس و بروسکە جێی کراوەتەوە کە ئەدەبێکی باڵای نامەنووسین پیشان ئەدات، پێمان ئەلێت ئەوەی لەو سەر بەرد و ناو دۆڵ و گوندە روخاوانەداهەبووە، دەزگایەکی رێکخراوی خاوەن پلان و پرەنسیپ بووە، نامەی نووسراو بە ماوەیەکی کەم لە ناوچەیەکەوە گەیشتووەتە ناوچەیەکیتر، لە سەرکردایەتییەوە بۆ دورترین ناوچە و بە پێچەوانەوە، ئەمانە هەمووی لەرێگەی کەسانی شارەزا و نەترس و چاپوکەوە بووە.

راپەڕین نزیکە
قۆناغی دەستپێکی ئەنفال هەتا راپەڕین بەهۆی ئەوەی شەڕی (عیراق ـ ئیران) کۆتایی هاتبوو، حکومەتی عیراق تەواوی توانا سەربازییەکانی خۆی خستبووە ناوچە کوردییەکانەوە بۆئەوەی لەلایەک بنکە و بارەگا و چالاکییەکانی پێشمەرگە کۆتایی پێبێنێت، لەلایەکیترەوە گوندەکان وێران بکات و بیانکات بە ناوچەی قەدەغەکراو، بەڵام پێشتر پارتیزانەکان و سەرکردەکانی پێشمەرگە خۆیان بۆ ڕۆژی لەوە سەختتر ئامادە کردبوو، دەیانزانی خەباتی نەتەوەیی تەنها سەر جادەی رێک و تەخت نابێت، لە دۆخێکی لەو جۆرەشدا پلانی راپەرین دانراو ئامانج روون بوو، وادەی راپەرین نزیکبووەوە و بەرنامەکان وردکرانەوە، ئەوەی سەرکردایەتی و پێشمەرگە بۆ قۆناغی دوای راپەرین لەسەری رێکەوتن، بەم جۆرەبوو، رێزگرتن لەو چەکدارانەی هاوکاری پێشمەرگە ئەکەن لەگەڵ رێکخستنیان بۆ بەرژەوەندی گشتی. رێزگرتن لە دیل و ناردنیان بۆ شوێنی پارێزراو. لەگەڵ ئەوەشدا دەستگرتن بەسەر هەموو بەڵگەنامەکانی ناو دامودەزگا حزبی و جاسوسییەکان و پاراستن و ئەرشیفکردنیان، رێگەنەدان بە رەفتاری نەشیاو لە هیچ شوێنێکدا و پاراستنی پرۆژەکانی ژێرخانی ئابووری ناوچەکەمان.

بەشی زۆری ئەو پارتیزانانە بە ئامانج نەگەیشتن و چوونە کاروانی نەمرانەوە، بەشێکیشیان شوێندەستیان لە راپەریندا دیار کەوتوو دواتریش بوون بە بەشێک لە خەباتی شارستانی، جا هەندێکیان لەم جۆرە خەباتەدا سەرکەوتوو بوون و بەشێکیشیان بەپێچەوانەوە.

ئەم کتێبەی مەلا شاخی سەرەرای ئەوەی زۆری هەڵە زمانەوانی و هەڵەکانی چاپکردنی بێزارت دەکات، رەنگە لەرووی ناوەرۆک و رواوەکانەوە هەلەی تیدا بێت، بۆیە پێویستە ناوەندێک بۆ ئەرشیفکردنی مێژووی نوێ و لێکۆڵینەوە لە نووسینەکان دروستبکرێت و لەو پەرش و بڵاوییەش رزگاربکرێت.

 73 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*