سەرەکی » مانشێت » خەبەردار!

خەبەردار!

له‌و كوردستانه‌ی مه‌ی هه‌رچی (ئه‌هلی بێ لایه‌ن) بوو كچێنییه‌كه‌ی زۆر بڕناكاو هه‌ر زوو ئاوس ده‌بێ و ده‌زێ. زاده‌ی زاینه‌كه‌شیان حیزب یان بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی ده‌بێ. له‌مه‌وپاش نابێ له‌ حیزبی و ناسنامه‌ ئاشكراكان به‌ گومان بین، به‌ڵكو ده‌بێ وابیر بكه‌ینه‌وه‌ هه‌رچی دامه‌زراوه‌یه‌كی میدیای كرده‌وه‌ بزانین كه‌ به‌ته‌مای حیزب و سه‌رۆكایه‌تییه‌.
لێره‌ میدیا بۆته‌ به‌ردی بناغه‌ی دروستكردنی حیزب و تاقمی نوێ.

*******
پرۆژه‌كانی چاكسازی هێنده‌ زۆر بوون، فریای خوێندنه‌وه‌یان ناكه‌وین چجای جێبه‌جێكردنیان، ئه‌گه‌ر زوو ده‌ست بۆ هه‌ندێكیان نه‌برێ و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ لایه‌كدا نه‌خرێ، یان «چاكسازان» به‌ ژێر كاغه‌زه‌كانی پرۆژه‌كانه‌وه‌ ده‌بن و ئه‌وانیشمانی لێ ون ده‌بێ، یان كاغه‌ز ده‌بڕێ و ده‌بێ ئه‌وكات هه‌موو تا زارمان ده‌سوێ له‌ مه‌سه‌له‌ی چاكردن و چاكسازیه‌ بدوێین. كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ش بووه‌ قسه‌ و زاره‌كی، هه‌موو ده‌بینه‌ قسه‌كه‌ر و كه‌س نابێ بیدا ته‌داره‌كی.

*****
هه‌تا هه‌ڵبژادن و كۆنگه‌ر زیاتر بكرێن، به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كانی ته‌له‌فزیۆنه‌كان كاریان ئاسانتر ده‌بێ. پاش هه‌ڵبژاردن ده‌بێ سێ رۆژ هه‌وڵ و ته‌قه‌لا بده‌ن تا میوانێك بۆ به‌رنامه‌یه‌ك په‌یدا ده‌كه‌ن، كه‌چی كه‌ هه‌ڵبژاردن نزیك ده‌بێته‌وه‌، كادیر خۆی پێشنیازی چاوپێكه‌وتن ده‌كا و ته‌وه‌ری به‌رنامه‌ و دیداره‌كه‌یشی حازره. هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ پێش چاوان. ئه‌وه‌ی له‌به‌ر چاوانه‌ له‌به‌ر دڵانه‌ و له‌ لیسته‌كه‌شدایه‌.‌

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*