سەرەکی » وتار » زانا و شاعیر و زمانناسی کورد: حەجی جوندی

کڵاوڕۆژنە

زانا و شاعیر و زمانناسی کورد: حەجی جوندی

لە ساڵی 1908 لە گوندی ئەمانچاییری ناوچەی دیگۆری سەر بە دەڤەری قەرسێی باکوری کوردستان لە دایک بووە.

ساڵانی یەکەمین جەنگی جیهانی و لەدوای رووداوەکانی توندوتیژی و زەبروزەنگی لەلایەن تورکەکانەوە، لەگەڵ کەسوکارەکەیدا کۆچ دەکەن بۆ ئەرمەنستان، و پاشان ساڵی 1919دیسان دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆیان. کە تاڵان و ێران کرابوو. لەو ساڵەدا ئەمریکییەکان لە قەرس(سێویخانە):(شوێنی ڕاگرتنی منداڵانی هەتیو) دەکەنەوە، و حەجی لەگەڵ برا بچووکەکەی دەکەونە ئەو سێویخانەیە، کاتێ کە تورکەکان هێرش دەکەنە سەر قەرس، ئەمریکییەکان ئەوان بە شەمەندەفەر دەگوازنەوە بۆ گومۆریه.

پاش ئەوەی حەجی لە سێویخانە، قوتابخانە تەواو دەکات، دەچێتە پەیمانگای پەروەردە و ساڵی 1929 لەوێ تەواوی دەکات، پاشان ئەو لە دوو گوندی کوردنشینی قوداخساز و جاموشڤانێ لە ئەرمەنستان دەبێتە مامۆستای قوتابخانە و بەدەم ئەوەوە سەر لە نوێ فێری زمانی کوردی دەبێتەوە.

لەو ساڵانەدا ئەو دەست بە ئامادەکردنی نموونەی فۆلکلۆری کوردی و کاری وەرگێڕان دەکات، و بەرهەمی نووسەرانی ئەرمەنستان سەبارەت بە تەندروستی وەردەگێڕێتەوە سەر زمانی کوردی.

لە ساڵی 1930یەوە دەچێتە پەیمانگای زمانزانی زانکۆی یریڤانی ئەرمەنستان، و لە ساڵی1932وە لە ئەنیستیتۆی چاندی مەتریاڵی دەست بە لێکۆڵینەوەی زانستی دەکات.

لە ڕاستیدا ساڵانی 30ی زایینی دەورانێکی زێرین بوو بۆ کوردانی ئەرمەنستان، و حەجی جوندی بە تایبەت دەکەوێتە ناو کار و خەباتی زانستییەوە. ساڵی1930لە پەیمانگای پەروەردەی ئەریڤان بەشی کوردی دەکرێتەوە، و جوندی لەوێ دەبێتە مامۆستای زمانی کوردی. لەو ساڵەیشدا هەروەها لە ئەریڤان دەست بە وەشاندنی رۆژنامەی (رێیا تازە -RIYA TEZE)دەکرێ و جوندی دەبێتە سەرۆکی بەشی وێژە و چاندی ئەو ڕۆژنامەیه، و یەکەمین بەرهەمی خۆی لەوێ بڵاو دەکاتەوە.

هەروەها لە ساڵی 1930 تا 1937 یش ئەو بەرپرسی رادیۆی کوردی ئەرمەنستان بوو .

حەجی جوندی هەروەها ئامادەکاری یەکەمین کۆنفرانسی کوردناسی بوو، کە لە ساڵی 1934له ئەریڤان پێکهاتبوو، کە پسپۆران لە ئەریڤان و مۆسکۆ و لینینگراد و تورکمانستان تێدا بەشدار بوون.
ساڵی 1940 جوندی تێزی دکتۆراکەی بە ناوی [کەڕ و کوڵکی سلێمانی سلیڤی]پێشکەش دەکات.

لە ساڵانی دووهەمین جەنگی جیهانی دا، فۆلکلۆری نیشتیمانپەروەردەی کوردی کۆ دەکاتەوە، و لە تۆی دوو کتێبدا بڵاوی دەکاتەوە.

جوندی لە ساڵانی 1936‌تا 1959 لە ئەنیستیتۆی زانستی لەسەر زمان و مێژووی کوردی کاری کردووە، تا لە 1 گوڵانی 1990لە شاری ئەریڤانی ئەرمەنستان کۆچی دوایی کردووە و میراتێکی مەزنی بۆ گەلی کورد و نیشتمانانی کوردستان بەجێهێشتووە..
یادی بەرز و پیرۆز بێت.

لە شیعرێکیدا حەجی بەناوی {یێ مەنە} دەڵێ….

لە رەخ دیوارێ کرێملا کەڤن
لینین ئوستالین خەورا چوونە
لێ شوغلی وان گاڤ و سەهەت
کولیلك ددە ڵ وەتەنی مە
….
ئەو چ کو خەون بوو، خەونا سالا
نها بوویە راست ل عەردێ مە
چقا زمانێ تە دگەرە
جەم مەهەنە باغ و باغچە
…….
زاڤۆد و فابریك گشك ێی مەنە
ێی مەنە کۆلخۆز دەشت و زۆزان
چیا ئو کەرخانە تەڤ یێ مەنە
ژ بۆنا ئو کەرخانە تەڤ یێ مەنە
ژ بۆنا مەنە چاییر و چیمان.

حەجی جندی ئەم لیریکەی بۆ پێداهەڵگوتنی هەندێ لە ڕەمزەکانی دەسەڵاتی سۆسیالیزم وتووە لە ڕووسیا. کۆشك و باڵەخانەی کریملێن بارەگەی دەسەڵاتی دەوڵەت لەوێ (کرێمل)ی پێ دەڵێن. لە قەراغ دیواری قەڵای کریملێن ئارامگای لینین و ستالین بینا کراوە. لە کاتی خۆیدا بە تایبەتی بۆ لینین دروست کرا و جەستەی بە مۆمیاکراوی لەوێ دانرا. لەدوای مردنی ستالین ئەویشیان بە مۆمیاکراوی لە تەنیشت لینین دانا. لە شەستەکانی سەدەی بیستەمدا لە کاتی فەرمانڕەوایی نیکیتا خرووشێڤ جەستەی ستالین لابرا و خرایه گۆڕەوە، لە دوای روخانی دەسەڵاتی سۆڤیەت (1992) ئارامگای لینین پشتگوێ خرا، هەروەها شاعیر لەم لیریکەدا وشەی (زاڤۆد)ی روسی بەمانای فابریقه و کارگە بەکارهێناوە. حەجی جوندی نزیکەی شەست پەرتووکی نووسیوە کە زۆربەیان لەسەر فۆلکلۆر و زمان و مێژووی کورد بوون، هەندێك لە بەرهەمەکانی :

بەیرەقاسوور 1932

تراخۆما1933

شانۆگەری رێیا تازه 705 لاپەڕەیە 1934

مەمێ و عەیشێ1935

فۆلکلۆری کورمانجی 1936

کەلامی کوردی گەلەری1936

کەڕ و کوڵکی سلێمانی سلیڤی (لێکۆڵینەوە)1941

فولکلۆری کوردی1947

کورئۆغلی بە کوردی1953

عەمۆیی کرمانج1955

لێکوڵینەوە لەسەر مەم و زین1956

نڤیساکایدا کوردا یە سۆڤێتی1957

بەیت سەرهاتی کوردی1962

هەواری (ڕۆمان) 1967

کلامی جماعەتا کوردایی ئێراق1975

1977تێکست و لێکۆڵینەوەی ڕۆستەمی زاڵی کوردی.

تێکست و لێکۆڵینەوەی یوسف و زوڵەیخا2003

 57 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*