سەرەکی » ئاراستە » شه‌هید محه‌مه‌د شه‌مام

شه‌هید محه‌مه‌د شه‌مام

لاپه‌ڕه‌ی سه‌روه‌ران

شه‌هیدی نه‌مر محه‌مه‌د عه‌لی‌ عه‌لی شه‌مام سێوكانی، ساڵی‌ 1963 له‌گوندی‌ (سێوكان)ی‌ سه‌ر به‌ناحیه‌ی‌ بنگرد له‌دایكبووه‌، ساڵی‌ 1976 له‌ته‌مه‌نی‌ 13 ساڵیدا په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ڕێكخستنه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ڕه‌نجده‌رانی‌ كوردستانه‌وه‌، ساڵی 1977 له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ ده‌ستگیرده‌كرێت و ڕه‌وانه‌ی‌ زیندانه‌كانی‌ ئه‌بوغرێب ده‌كرێت، به‌ڵام له‌به‌ر كه‌می‌ ته‌مه‌نی‌ له‌مه‌رگ رزگاری ده‌بێت و دوای‌ نۆ مانگ ئازاد ده‌كرێت.

دوای‌ ئازادبوونیشی ڕاسته‌وخۆ ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی‌ چواری‌ ئه‌و سا له‌لای شه‌هیدی فه‌رمانده‌ جه‌مال عه‌لی‌ باپیر.

دوای‌ دوو ساڵ له‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌، به‌بڕیاری‌ شۆڕش و له‌ڕێگه‌ی شه‌هید (محه‌مه‌د سوڵتان)ه‌وه‌ گه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌كه‌ی بۆ درێژه‌دان به‌كارو چالاكی ڕێكخستن، له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندینجار پیاوانی رژێم هه‌وڵی ده‌ستگیركردنیان داوه‌، بۆیه‌ ساڵی 1981 خۆی گه‌یاندۆته‌وه‌ چیاو بۆته‌وه‌ به‌پێشمه‌رگه‌.

شه‌هید محه‌مه‌د پێشمه‌رگه‌یه‌كی قاره‌مان و لێهاتوو بوو، به‌شداریی چه‌ندین شه‌ڕو داستانی كردووه‌ و رۆڵی‌ كاریگه‌ر و به‌رچاوی‌ تیادا هه‌بووه‌، له‌وانه‌ (داستانه‌كانی دابان- هه‌لاج و قه‌یوان-ماوه‌ت، شه‌ڕه‌كانی زه‌ڵێ‌ و سێڕوان و سه‌رگه‌ڵو و به‌رگه‌ڵو و گه‌وره‌ قه‌ڵا و مه‌رگه‌ و كۆبكی‌ كانیلان و چیای‌ ئاسۆس و زۆریشی دیكه‌ش)، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ كراوه‌ به‌فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رت.

شه‌هید محه‌مه‌د به‌هۆی هه‌لومه‌رجی ئه‌نفاله‌وه‌ له‌ساڵی 1988 گه‌ڕایه‌وه‌ شار و له‌ئۆردوگای زۆره‌ملێی پیره‌مه‌گروون نیشته‌جێبوو، به‌ڵام دوژمن به‌وه‌ وازی لێنه‌هێنا و له‌شه‌وی‌ 28/8/1989 چه‌ته‌كانی‌ ڕژ ێم كه‌پێكهاتبوون له‌ سێ مه‌فره‌زه‌ی‌ ته‌واری‌ به‌نیازی ده‌ستگیركردنی چوونه‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی‌ له‌پیره‌مه‌گروون، ئه‌ویش مه‌ردانه‌ لێیان هاته‌ده‌ست و سێ‌ كه‌سی‌ له‌مه‌فره‌زه‌ خاسه‌كانی ته‌واوری به‌دۆزه‌خ گه‌یاند و توانیشی خۆی‌ ڕزگاربكات و گه‌یشته‌ ناو هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان له‌زه‌ڵێ‌.

دواتریش بۆته‌ پارتیزان له‌مه‌فره‌زه‌ پارتیزانه‌كانی ڕه‌تڵی‌ نۆی سورداش، له‌و بواره‌شدا به‌شداری چه‌ندین شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كردووه‌ و رۆڵی ئازایانه‌ی بینیوه‌.

به‌ڵام مخابن، له‌كاتی خۆئاماده‌كردن بۆ ئه‌ركێكی تری پارتیزانی، له‌شه‌وی‌ 23\24/10/1990 له‌ناوخاكی‌ كوردستانی ئێران له‌گوندی (بێتوش) به‌ رووداوێك، شه‌هیدبوو.

 53 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*