سەرەکی » کەلتوور » نووسەری خوێنەرکوژ

نووسەری خوێنەرکوژ

محەمەد فەریق حەسەن

هەن لە کنە و کۆششی بەردەوامدان، گوێی ئەو بڕە خوێنەرە کەمەی کورد بە جۆرێک ئاو بدەن، گوایە گەلی کورد لەم سەردەمە مێژوویییە جەنجاڵەدا، تەنیا یەک نووسەری وای هەیە، کە بەرهەمەکانی شایانی خوێندنەوە بن. بۆیە چاکتر وایە خوێنەر کاتی زێڕینی خۆی بە فیڕۆ نەدات و تەنیا بەرهەمی ئەو بەهەند بگرێت و بخوێنێتەوە.

پێدەچێ ئەم جۆرە نووسەرە خوێنەرکوژە، بچنەوە سەر ڕێبازی ئەو جۆرە شێخانەی، کە دەروێشەکانیان وا مۆچیاری کردووە، ئەگەر لە کۆڕی زیکری شێخێکی دیکەدا ئامادە بن، یان ئەگەر بچنە دیدەنیی شێخی دیکەی تەریقەت. ئیتر سێ تەڵاقەیان دەکەوێت و خوداش لێیان دەڕەنجێت؛ چونکە شێخە نوورانییەکەی خۆیان نەک هەر شفاعەتیان بۆ ناکات، بەڵکو ئەفرۆزیشیان دەکات و دەبنە نێچیری شەیتان. بەڵام نە نووسەر خاوەن دەروێشە و نە خوێنەریش دەروێش.

ڕاستت دەوێت، نووسەرێک بەتەنیا ناتوانێت، لە خەمی تەواوی چینەکانی کۆمەڵگەیەکی فرەچین، فرەمگێز و فرەئاستدا بێت. فریاش ناکەوێت خەم و کێشەکانی کۆمەڵگەیەک لە بەرهەمی خۆیدا جێ بکاتەوە. تاکە نووسەرێک، ناتوانێت تەواوی فێڵ و هونەرەکانی گێرانەوە لە بەرهەمەکانی خۆیدا بخاتە گەڕ.

ئەو گەلەش بە زیندوو حسێب ناکرێت، ئەگەر خاوەنی تاقانە شاعیرێک یان تاقانە نووسەرێکی بواری ئەدەبی گێڕانەوە بێت. یان خاوەنی یەک ئەکتەر، یەک دەرهێنەر و یەک گۆرانیبێژ بێت. چونکە بە یەک ئەکتەر و یەک دەرهێنەر شانۆ ناکەوێتە سەر پێ. بە یەک مووزیسیان گۆرانی و موزیکی گەلێک پێڕەوکە نابێت. گەلێکیش بە یەک نووسەر نابێتە خاوەنی ئەدەبی زیندووی خۆی. ئەو تاکەشی، کە بەرهەمی تەنیا یەک نووسەر بخوێنێتەوە زڕە خوێنەرە.

ئەم تەقەلای بە دروێشکردنی خوێنەرە، ڕێک وەک ئەوە وایە، ئیستەرەم لە تەواوی ئاستە مەعریفییەکان، تەواوی چین، توێژ و مگێزە جیاوازەکان بکەیت، گوێ لە یەک مووزیسیان و یەک گۆرانیبێژ بگرن. وەک ئەوەش وایە، تۆ داوا لە تەواوی هونەردۆستان بکەیت سەری پیشانگەی یەک هونەرمەندی شێوەکار بدەن؛ یان داوا لە وەرزشدۆستان بکەیت سەیری گەمەی یەک تێپی تۆپی پێ بکەن.

ئەم بەزمی یەک نووسەر بەهەندگرتنە، لە خۆیدا بە خوداوەند کردنی ئەو نووسەرەیە. دیارە من مەبەستم لە خوداوەندی دەستکردە کە دەکاتە بت یان بوت. جا پێگەی ئەم جۆرە نووسەرە بە بت بووە، دەکەوێتە سەروو پێگەی میری شاعیرانی «أمیر الشعراء» سەردەمی جاهیلی عەرەبیشەوە. دیارە لە دۆخی وەهاشدا، خوێنەران دەبن بە بتەوان و بتپەرست.

ئەم دۆخە لە خۆیدا، بەر لە هەر شتێک، ستەمە لە خوێنەر. بگرە سەر بۆ لای پەڕگرە تاوگیرە توندڕۆکانیش دەکێشێت، کە ئاو لە تەنیا یەک سەرچاوە دەخۆنەوە. هەر ئەو سەرچاوەیەشە دەیانکات بە بۆمبی وێرانکەر.
خۆ ئەگەر خوێنەری شێلگیر و کارا، دوای ساڵانێک لە خوێندنەوە و بەشوێنداچوون، گەیشتە ئەو بڕوایەی، کە فڵانە نووسەر لە ڕشتەکەی خۆیدا شارەزا و کارامەیە؛ مافی خۆیەتی گرنگیی زیاتر بە بەرهەمەکانی ئەو بدات. ئەم مەیلەش لە پێگەی نووسەرانی دیکە کەم ناکاتەوە.

دیارە ئاستی هونەریی و مەعریفیی نووسەرانیش وەک یەک نیە. هەر یەکێک لەوان خاوەنی دونیابینی و شێوازی خۆیەتی. هەر یەکێک لەوان خاوەنی هونەر و فێڵی داڕشتن و گێڕانەوەی تایبەت بە خۆیەتی و لە یەک ناچن. وەک چۆن لە کەسیەتیاندا جیاوازن، هەڵبەت ئەزموونیشیان هەر جیاوازە. بۆیە، بۆ خوێنەری شێلگیریش «جدي» وەها باشە، فرە سەرچاوە بێت. تاکو ئاسۆی بیری فراوانتر ببێت؛ خەیاڵی دەوڵەمەندتر و مێشکی کاراتر بێت.

ئەو خوێنەرەی تەنیا نووسەرێک دەناسێت، پێ بزانێت یان نەزانێت بووە بە خوێنەری سەلەفی، کە جگە لە فلان یان فیسار، بەرهەمی نووسەرانی دیکەی لێی قەدەغە کراوە. خوێنەری سەلەفیش لە جێی خۆیدا دەچەقێت و هزری نوێ نابێتەوە. دەشێ بڵێین، ئەو بە خوێنەریش حسێب نییە. ئەو ڕەنجەشی، کە ئەو دەیدات بە خەسار دەچێت و کاتی زێڕینی خۆی بە فیڕۆ دەدات. دەتوانم بڵێم: خوێنەری لەم جۆرە ترسناکیشە؛ چونکە بۆی هەیە بەرەو تاوگیری و توندڕۆیی مل بنێت.

ئەوەیش لەولاوە بوەستێت، کە خوێنەری شێلگیر بە بەرهەمی تاکە نووسەرێکەوە خۆی خەریک ناکات، چەند ئەو بەرهەمانە باڵاش بن. خوێنەری کارا، بە سەلیقە پێی خۆشە ئەو کارە ئەدەبی و هزرییانەی وا دەیانخوێنێتەوە، بەهۆش و زەینی خۆی بەراوردیان بکات. لەم ڕێیەشەوە شتی نوێ فێر دەبێت. لە حاڵێکدا ئەگەر ئەو بە بەرهەمی یەک نوسەرەوە خەریک بێت، ئەوا لە بازنەیەکی داخراودا قەتیس دەمێنێت.

خوێندنەوەی بەرهەمی تەنها یەک ئەدیب، وەک تەقدیسی ئەو ئەدیبە وایە لەم زەمانی جیهانگیرییەدا، کە مێژوو، پیرۆزاندنی مرۆڤی تێپەڕاندووە. خولانەوەیشە لە بازنەیەکی تەنەگبەردا، کە درێژی تێرەکەی هێندەی بەرزیی باڵای مرۆڤێکە، کە هێشتا فێری خوێندنەوە نەبووە. ئەو نووسەرەشی داوای وەها لە خوێنەر بکات، هەم نەرگسییە هەمیش مگێز فاشی. جا هەر ڕەنگێکی زەینخەڵتێن و چاوخەڵەتێنی لە خۆی دابێ یان هەر جۆرە بەیداخێكی هەڵکردبێت، وەک ئە حیزبە فاشییە وەهایە، کە بانگ بە گوێی جەماوەردا دەدات و پێیان دەڵێن: تەنیا یەک حیزب هەیە و ڕاستە، تۆیش پەلە بکە و وەرە سایەی بەیداخی ئەو حیزبە ڕەسەنەوە، کە هێشتا مێژوو لەو هزرباڵاتر و پاکتری بە خۆیەوە نەدیوە. لە کۆتاییدا دەڵێم: ئەو مرۆڤەی، کە ناخوێنێتەوە، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەو مرۆڤەدا نییە، کە بەرهەمی تەنیا یەک نووسەر دەخوێنێتەوە.

 64 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*