سەرەکی » کەلتوور » ئەو پیاوەی کەس ناوی نازانێ!

ئەو پیاوەی کەس ناوی نازانێ!

رەزاق شەریف

بۆ یەکەم جار و کتێبێک، پێیان ئەوت نامیلکە، دیراسەیەک بوو بە کوردی لەسەر شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی (نمط الانتاج الاسياوي)، بە نهێنی کەوتە ناو رێکخستنەکانی کۆمەڵەوە لە شاخ و شار، سەرەتای هەشتاکان و ئەو کات لە ئەدەبیاتی مارکسیزمدا، بە تایبەت لە بوارەکانی ئابووری سۆشیالیزم و ماتریالیزمی مێژوویدا، ئەم باسە لەناو شیوعییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بابەتێکی نوێ بوو، قسەی زۆری لەبارەوە ئەکرا، هەمیشە بۆ رەتکردنەوەی تیۆرسینە شیوعییە عەرەبەکان و لە مەسەلە فکرییەکاندا، ئەبوایە ئێمەیش وەک کۆمەڵە و وەک رێکخراوێکی کوردستانی مارکسی لینینی لۆژیکی وەڵامدانەوەمان هەبێت. ئەو کاتەی ئەو نامیلکەیە بە ناوی فەرید ئەسەسەرد-ەوە بە دەستمان گەیشت و خوێندمانەوە، لە هەموو کتێبخانەی عەرەبیدا، سەرچاوە لەسەر ئەو مەسەلەیە لە پەنجەی دەست تێنەئەپەڕی، حەتمەن یەکەم نووسینیشە لە کتێبخانەی کوردیدا، شک نابەم بەدوایدا، هیچیتر نووسرابێ .

ساڵ هات و چوو من گەیشتمە بەرگەڵو، لە بارەگای ئیزگەی گەلی کوردستان و لەناو مقەڕ و ژیانی پێشمەرگایەتیدا، ئاواتێکم هاتە دی خاوەنی ئەو کتێبەم ناسی، نازانم بۆچی ئەو سەردەمە ئەوەی بە نووسین و لە دوورەوە ناوت بیستبوون، تەمەنای دیدارت ئەکردن، کە چاوت پێیان ئەکەوت پەشیمان ئەبوویتەوە لەوەی کە پیاوی خەیاڵەکانی تۆ نەبوون؟ من لەگەڵ فەرید و شێرکۆ بێکەس و زۆریتر تووشی ئەو پارادۆکسە بووم، چاوەڕێم ئەکرد ئەو بە رەختی تفەنگ و حەماسی پێش شەهیدبوونی شۆڕشگێڕێکەوە ببینم، بەڵام لە بێدەنگیدا وەک عاشقێکی بێ ئومێد، بە گوفتار وەک ئەکتەرێکی کۆمیدی، بە رەفتار پیاوێکی بێ پەروا، دواتر تێگەیشتم بە ئەقڵ و بیرکردنەوەش هاوشانی مام و کاکە نەوە رێکخەر و مونەزیری خەونە گەورەکانی شۆڕش و کۆمەڵە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو .

دوای راپەرین و داوای لێکردم پێکەوە سەردانی ناو هەولێر بکەین، ئێمە لە گەڵاڵەوە بە خاکی سووتماکی باڵەکایەتی و دەشتی هەریرو خۆشناوەتی دوای جەنگ و دوای ئەنفالدا ئەرۆیشتین، هێشتا بەعس لە هەولێر و دوا خاڵی ئازادکراوی ئێمەش پیرمام .

گەیشتینە سیلەی کۆڵانێکی شار و روخسەتی سەعاتێکی وەرگرت و لە چاو ون بوو، من بیستبووم ئەو لە حەفتا و حەوتەوە لە قەندیل و لە بەرگەڵو چەندینجار روخسەتی وای وەرگرتووە دوای شەش مانگ بە کۆڵێ کتێبەوە سەری دەرهێناوەتەوە، بۆیە وتم شەش مانگت پێ نەچێ من شارەزای هەولێر نیم !؟

دڵنیای کردم کە دێتەوە و دروست لە کاتی خۆیدا هاتە ناو ترومبێلەکە و من شۆفێر و ئەویش پیادە وتی بۆ شەقڵاوە و بۆ ماڵی مام جەلال.

ئەمویست قسە بکات و دەنگی ماتۆڕی ئوتۆمبیلەکە نەبێ هیچم نەژنەوت. پێش ئەوەی بە سەفیندا داگەڕێین وتم خوات بێت قسەیەک بکە، چی بوو؟ بیر لە چی ئەکەیتەوە؟ کەسوکار سەلامەتن؟

ـ لە هەولێرەوە تا ئێرە پەنجاوشەش جار گێڕەکەت گۆڕیوە!!

کە زانی لەو وەڵامە قوشقی بووم وتی باشە چووم ژنم هێنا و ئەچم بە مام جەلال ئەڵێم ! بەو هەواڵە ساردی کردمەوە .
گەیشتینە ماڵی مام و لە هۆڵەکەی خوارەوە هەر بە پێوە و پێش گفتوگۆ مام وتی فەرید بیستوومە بە تەمای ژن بخوازی؟ دەمودەست فەرید وتی بەتەمام لەوانەیە!

ـ ناوی چیە؟
مام ئەو پرسیارەی لە فەرید کرد و روی لە منیش کرد وتی :
پانزە ساڵەو ناوی خۆی پێی نەوتوم ئێستا چۆن ناوی ژنەکەیم پێ ئەڵێ؟
ئەویش وتی مام جەلال کە پێویستی کرد ناوەکەیت پێ ئەڵێم .

 117 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*