سەرەکی » دۆسێ » کەمتەرخەميی مێژوو لە ئاستی قوربانیيەکانيدا

فاتەڕەش بە نموونە

کەمتەرخەميی مێژوو لە ئاستی قوربانیيەکانيدا

نووسین و ئامادەکردنی:


      مانو بەرزنجی                جوان عومەر ئەحمەد

 

پێداچوونەوەی: رێبوار حەمە تۆفیق

بەدرێژایی مێژوو لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستاندا هەزاران جار گوێبیستی ناو و پێداهەڵدانی جۆراوجۆری ژنانی بوێر و سەرکردەی ئازا بووین. ژنی داهێنەر، جەنگاوەری وه‌ها کە لە هەموو نەهامەتيیەکانی میللەتەکەيدا شانبەشان و (هەندێ جاریش زیاتر لە پیاوان) بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیانيان له‌ کۆڵ ناوه‌‌ و لە پاڵ دایکایەتی و بەڕێوەبردنی خێزاندا، ئەرکی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان و سەرکردایەتیی گەورەیان لە ئەستۆ گرتووە، هەر لەنووسین و ئەدەب و چالاكی رۆشنبيرييه‌وه‌ تا دەگاتە جەنگ و… جێدەستيان دياربووه‌، به‌ڵام مەخابن زۆریان بە ونی ماونەتەوە، یاخود بە جۆرێک له‌ جۆره‌كان کار لەسەر سڕینەوە و ونکردنیان کراوە.

چەندین ناوی دیاری ژنانی کورد هەن کە نەوەیەک بە شانازيیەوە بۆ نەوەی دوای خۆی دەيگێڕیتەوە. کێ لە ئێمە چیرۆکی خانزادی میری سۆران، عادیلە خانم، حەپسەخانی نەقیب و چەندین ژنی پێشەنگی تری نەبیستووە؟ گەر بە وردی چاوێک بە هەموو ئەو سەرچاوانەی گەڕیدە بێگانەکا‌ندا بگێڕین كه‌ لەسەر بارودۆخی سیاسی، دۆز و مێژووی کورديان نووسيوه‌ و سەردانی كوردستانیان کردووە، بە روونی ئه‌وه‌ نابینین كه‌ چۆن ژنی کورد بووه‌ته‌ جێگای سەرەنجيان و سه‌دان سەرچاوەی گرنگ و دیار هەن كه‌ ئاماژە بە ئازایەتی و بوێریی و سەرکردەيی ژنی کورد دەکەن كه‌ سەرباری بوونی ئەو هەموو ململانێ و بەربەستە سیاسی و کەلتووریی و ئاینیيانەی كه‌ لە بەردەم ژناندا هەبووه‌، به‌ڵام هيچ يه‌ك له‌مانه‌ رێگر نه‌بوون له‌وه‌ی كه‌ ناوی ئه‌م ژنانه‌ بۆ هه‌تاهه‌تايه‌ له‌ مێژوودا به‌ نه‌مریی بمێننه‌وه‌.

لێره‌دا چه‌ند نموونه‌يه‌ك له‌و ژنانه‌ وه‌ك نموونه‌ ده‌هێنينه‌وه‌:

1-دەوڵەت خانمی لوڕستانی:
دەوڵەت خانم هاوسەری عیزەدین محەمەدی لوڕستانی بووه‌. پاش كۆچی دوايی هاوسەرەکەی له‌ساڵی 716 كۆچی دەسەڵاتی ناوچەکەی گرتووه‌تە دەست و بۆ ماوەیەک سەرکردایەتیی وڵاتی کردووه‌ و دواتر بەهۆی دژایەتیکردنیيەوە لەلایەن چەند هۆز و تیرەیەکی ناوچەکەوە، ناچارکراوه‌ بەرپرسیاریەتیيەکەی رادەستی براکەی بکات بە ناوی عیزەدین حسێنه‌وه‌.(1)

2-حەیران خانم:
حەیران کچی کەریم خانی دەبنلیيه‌. لە شاری نەخچەوانی وڵاتی قەوقازی ئێستا چاوی بە ژيان هەڵێناوە، یەکێک بووە لەو خانمە رۆشنبیر و هۆزانەوانانه‌ی کورد کە هۆنراوەکانی بە زمای فارسی نووسیووە.

3-سری خانم:
ساڵی 1814 زاينی به‌رامبه‌ر به‌ 1230 كۆچی) له‌ ئامەد چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، یەکێک بووه‌ لەو ژنە شاعیرە بە ناوبانگ و بە سەلیقانه‌ی کورد کە هۆنراوەکانی بە هەردوو زمانی فارسی و تورکی بوون.(2)

4-شا خاتون:
ژنێكی بوێر و سەرکردەی بەتوانا بووه‌ له‌ بەدلیس کە پاش کۆچی هاوسەرەکەی (شەمسەدین حاکمی بەدلیس) حوکمی ناوچەکەی گرتۆته‌دەست. وەک لە (شەرەفنامە)دا ئاماژەی بۆ كراوە، شاخاتون رۆلێکی یەکجار گرنگی لە بەڕێوەبردنی کارەکانی دەوڵەتدا بینیووە هەتا ئەوکاتەی کوڕەکەی (ئەمیر ئیبراهیم) گەورە دەبێت و دەسەڵاتەکانی خۆی رادەستی ئەو دەکات.

5-شەهدە دینەوەری:
بە شانازی ژنان(فخر النساء) ناو براوه‌. لە شاری بەغدا لە دایکبووە و یەکێک بووه‌ له‌و ژنە رۆشنبیر و خاوەن هەڵوێست و پێنووس دیارانه‌ی سەردەمەكه‌ی. نووسەرانی دیاری وەک: ئەبی خەتاب ناسر، نەعابی و تەڵحە بن محەمەد گه‌واهی لەسەر زیرەکیی تواناکانی ئەم خانمە دەدەن. شەهدە خانم لە ساڵی 574ی كۆچيدا کۆچی دوایی کردووە.

6-مەستورە خانمی ئەردەڵان:
مە‌ستورە‌ی ئە‌ر‌دە‌ڵان، کە ناوی تەواوی (ماه شە‌رە‌ف خانم حەسەن محەمەد) شاعیر و مێژونووسی کورد، لەساڵی 1803 لە شاری سنە لە بنەماڵەی قادرییەکان لە دایکبووە، باوکی مەستورە لە‌ پیاوە‌ رە‌سە‌نە‌کانی شاری سنە‌ بووە‌ و هەوڵیداوە کچەکەی بخوێنێت هەر بەهاوکاریی باوکی شارەزاییەکی تەواوی لە زمانی کوردی و فارسیدا په‌یداکردووه‌.

نموونەیەکی تری ژنی زانا شاعير و نووسەر و مێژوونووس و سەرکردە بووە لە سەردەمی دەسەڵاتی میرنشینی ئەردەڵاندا، کە مێژووی دەسەڵاتی ئەردەڵانیيەکانی نووسیوەتەوە و شاعیر و سەرکردەیەکی دیار بووە بۆ میرنشینەکەی.

لە رۆژی 9/12/1847 لە تەمەنی (44) ساڵیدا لەشاری سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان بەخاک سپێردراوە.

7-مەیان خاتوون:
مەیان خاتوون لە ساڵی 1874 لە شنگال لەدایک بووە. کچی عەبدی بەگی ئێزدیيە کە ماوەیەک میری ئێزدیان بووه‌. دایکی کچی میر جاسم بەگی خانەدانی ئێزديیانە. مەیا خاتون لەناو خێزانێکی خانەدانی ئێزدی لەدایک بووە. لە 18ساڵیدا لەگەڵ عەلی بەگ کە دواتر بوو بە میری ئیزدیيەکان، هاوسەرگیریی کردووه‌.

لەساڵی 1892 بۆ 1893 مەیان خاتوون و عەلی بەگ رووبەڕووی هێرشی عوسمانيیەکان بوونەتەوە و لایەن عومەر وەهبی پاشای عوسمانیيەکانەوە دەستگیرکراون و داوایان لێکراوه‌ كه‌ ئایینەکەیان بۆ‌ ئیسلام بگۆڕن.

جۆن گوست(نووسەری کتێبی کوردانی ئێزدی) لە کتێبەکەیدا باس لە کاراکتەری مەیان خاتوون و عەلی بەگ و رووداوەکانی ئەوکاتە دەکات و دەڵێت: لەگەڵ هەموو زۆرداریی و چەوساندنەوە و ئەشکەنجەیەکدا عەلی بەگ و مەیان خاتوون رازی نەبوون ئایینەکەیان بگۆڕن و بەو هۆیەوە بۆ باکووری ئەنادۆڵ دوورخراونه‌ته‌وە.

پاش مەرگی هاوسەرەکەی، دەسەڵاتی گرتە دەست و بووە بە یەکەم میر ژنی کاریگەر و دیاری ئێزیدیيەکان، هەروەک مێژوونووس (سەدیق دەمەلوجی) دەنووسێت: ژنێکی بەهێز، کاریگەر، خاوەن پەیڤ و پەیامی کاریگەر لەناو ئێزیديیەکاندا، دەسەڵاتێکی هێندە دیاری هەبووه،‌ وەک ئەوەی بڵێيت هیچ هیزێک نیيە بەرەنگاری ببێتەوە.(3)

ئه‌مانه‌ و سه‌دان ژنی تر نموونه‌ی دياری کاریگەری ژنی کوردن كه‌ نه‌ك تەنها لە نووسین و هۆنراوە و سەرکردایەتی و جەنگاوەریدا به‌ناوبانگ بوون، بەڵکو لە بڵاوبوونەوەی ئاینەکانيشدا پێشەوابوون و بە هەمان شێوە خاوەنی کەسایەتييه‌كی دیار بوون و لە هەریەک لە ئایینەکانی ئیسلام، کریستیان، یارسانی، ئێزیدی و جولەکەدا، نموونەی دیاريان (ئەسینات بارزانی)يه‌ کە لە سەدەی 17ی زاینیدا ژیاوە(1590-1670) یەکەم بانگخوازی ژن بووە لە مێژووی جولەکەدا و کاریگەریی دیاری لەسەر ئاینی جولەکە و ژنانی کورديش هه‌بووه‌.(4)

ژنە ئازاد و بەجەرگ، سەرکردە و چاونەترس (فاته‌ڕه‌ش) یەکێکی ترە لە ژنە ئازا و ونناوه‌كان لە مێژووی کورددا، ئەوەی لێرە مەبەستمانە هەڵدانەوەی مێژووی (فاته‌ڕه‌ش)ـە. ژنێک پڕ لە وزە چاونەترس سەرکردە و سەرکەش، ژنێک کە بە داخەوە ئێمەی کورد کەمترین زانیاریمان لەسەری هەیە، بگرە زۆرینەمان رەنگە هەر نەیناسین، یاخود ناوێکی ئاوامان بەرگوێ نەکەوتبێت، ئەوەش لەبەر نەبوونی سەرچاوە و کەمیی لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم خاتوونەيه‌ کە هاوشێوه‌ی چه‌ندين ناوی تر بە هۆکاری جیاجیا و لە ژێر بیانووی پارچەپارچە بوونماندا پاراوێز خراون.

فاتەڕەش یان فاتەنێر و گارە فاتم خاتوون (قەرەفاتم) کێیە؟
ئەوەی جێی پرسیارە و تائێستا وه‌ڵامه‌كه‌ی بە لێڵی ماوەتەوە ئەو پرسياره‌‌يه‌ كه‌ ئايا قەرەفاتم کێ بووە؟ ناوی دروستی ئەم کەڵە ژنە چی بووە و کچی کێ بووە؟ لەڕیگەی گەڕان و سێرچە دیجیتاڵييه‌کانەوە ئەوەی بەردەست دەکەوێت تەواو مێژوویەکی جیاواز و خواستخوازی ئارتیکڵەکانە، کە هەرکەسە و بە خواستی خۆی بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی بابەتێک یان دووانی شێواندووە، لێ ئەوەی گرنگ بووە بۆ ئێمە شتێک بدۆزینەوە سەبارەت بە (فاته‌ڕه‌شی) کوردان نەک (قەرەفاتمی) تورکانه‌، بەڵام کاتێک بەدووی وشەی (قەرەفاتم، Kara Fatma) دەگەڕێيت، بەدڵنیاییەوە وێنە و مێژوو کەسێکت پێشان دەدەن کە تەواو جیاوازە و دوور و نزیک نە پەیوەندیی بە فاته‌ڕه‌شی کوردانەوە هەیە نە بەمێژووی قارەمانێتی فاته‌ڕه‌شه‌وه‌، تەنیا هەوڵێکی فاشیستانەی تورکەکانە بۆ بزرکردنی ناوی (فاته‌ڕه‌ش)ی کوردان و شێواندنی بە ژنێکی تورک.

ئەرکی ئێمە لێرەدا ئەوەیە ئەوەی دەستمان کەوتووە بە زمانە جیاوازەکان لەگەڵ تەواوی ئەو نووسینانەی لەسەر فاتە ره‌شی کوردان تۆمارکراون، لە دەمارگیریی بخەینەڕوو.

فاتەڕەش(5) هەوڵێکی زۆرمان دا بۆ ئەوەی سەرچاوەیەکی دروستمان دەستبکەوێت سەبارەت بە فاتەڕەش، بەداخەوە هەموو هەوڵەکانمان بێ ئاکام مايه‌وه‌ و چەند جارێک زیاتر پەیوەندیمان کرد بە ئینستۆتی شاری (ماراش)(7)ەوە، ئەويش هیچی لێ کەسک نەبوو. دوای ماوەیەک، وەڵامیان داینەوە و وتیان تەنها ئەوەندە زانیاریمان لەسەر فاته‌ڕه‌ش هەیە کە لە ماڵپەری ماراشدا نووسیومانە.(8) لە ڕاستیدا زانیاريیەکانی ئەوانیش نەک جێگەی دڵخۆشی نەبوو، بەڵکو جێگەی دەستخۆشیش نەبوو، ئەوەی کەمێک دڵی خۆش کردین ماڵپەڕه‌ مێژووييه‌كانی بولگاریا بوو، بەتایبەتی ماڵپەڕی گۆڤاری (liternet) كه‌ لەوێدا بەم شێوەیە فاته‌ڕه‌شی کوردان دەناسێنیت و دەڵیت: قەرەفاتیمە کێیە؟ فاته‌ڕه‌ش بە زمانی کوردی (Fata Reş) بە ئنگلیزی پێی دەڵێن (Black Fatima) ئەوەی گرنگ بوو بۆ ئێمە ئه‌وه‌ بوو کە بە کوردی ئاماژە بۆ ناوه‌کەی دەکات و بە پیتی لاتینی دەنووسێت: فاته‌ڕه‌ش، کچی حاجی عوسمان بێ (بەگ)ـه‌ و ناوی دروستی فاته‌ڕه‌ش (Asiye)يه‌. هەرچەندە فاته‌ڕه‌ش لە فاتیمەوە هاتووە کورتکراوەتەوە بۆ فاتە، خۆ ئەگەر وەک ئەوان ئاماژە بەناوی راسته‌قینەی دەکەن دوور نیيە (عایشە) نەبێت و کرابێت بە ئایشێ، چونکە لە نێو کورداندا عایشە هەر بە ئایشێ بانگ کراوە، جگەلەوە لە شوێنی لەدایکبوونی لە گوندی تۆکمەکلی هەر بە (گارا فاتم خاتوون) ناویان هێناوە نەک قەرە فاتم ، هەروەها بۆ رۆژی لە دایکبوونیشی هەمان کێشەمان بۆ دروست دەبێت لە تەواوی سەرچاوەکاندا کەس گرنگیی بە ساڵ و رۆژی لەدایکبوون و ناوی راستینەی فاته‌ڕه‌ش ناده‌ن و ئەوەی بەردەست دەکەوێت کە فاتەڕەش لە ساڵی 1820 لە چیاکانی کوردستان لە شاری ماراش لە دایک بووە. زۆربەی ئەو تۆمارانەی لەسەر فاتەڕەش نووسراون، نەیانتوانیوە بە دروستی تەمەنی دیاری بکەن و هەندێک بە 40 ساڵ و هەندێک نزیک بە 50 ساڵ تەمەنی فاتەڕەشیان خەمڵاندووە. بۆیە دەکرێت ساڵی 1820 بە نزیکترین ساڵی لەدایکبوونی دەستنیشان بکەین.

وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا ناو و ساڵی لەدایکبوونی فاته‌ڕه‌ش لە هیچ شوێنکدا نەبینراوە و نەزانراوە، ره‌نگه‌ لە بەڵگەنامەکانی ئیمپراتۆری عوسمانییدا شتێكمان دەستبکەوێت، ئەوەش کارێکی گران و قورسە.

هەرچەندە چەند بەڵگەنامەیەکمان دەستکەوت کە ئاماژە بە فاته‌ڕه‌ش دەکه‌ن و بە ئەلفابێی ئارامی نووسراون و لەیەک دوو لەو کوردە تورکناسانەمان پرسیار کرد تا بۆمان بکەن بە کوردی، بە بیانووی جۆراوجۆر کۆمەکیان نەکردين، بەڵام دەتوانین بە مەزندە و بە پێوەری ئەو رۆژنامە ئەوروپیانەی لەسەر فاته‌ڕه‌ش نووسیویانە لەگەڵ هەندێک لە گرافیک فۆتۆکانیدا بگەینە ئەو بڕوایەی کە فاته‌ڕه‌ش لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەدا لە نێوان 1800 بۆ 1820 لە چیاکانی کوردستان لە شاری ماراشی باکووری کوردستان لە دایکبووە. ئەوەندەی ئێستا لەبەردەستە دەیخه‌ینە بەر دیدی خوێنەر، ئەو ئەرکەی تر کە ماوە بە هیواین خوێندکارەکانی زانکۆ و کەسانی شارەزا شان بدەنە بەر ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌م مێژووە دابڕاوەی کورد و بیگەڕێنەوە بۆ نەتەوەکەیان.

لە سەنتەری ئەدەبی (bernamegeh) دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش لە کوردانی باشوورە و لەشاری (رواندز) لە دایکبووە. پاشان هاتوونەتە چیاکانی ماراش. رەنگە ئەم بۆچوونەش دروست بێت. ئەگەر لەکاتی میر محەمەدی سۆرانەوە بە یاوەریی ئەوان هاتبێتنە ماراش و لەکاتی سەردانی میر محەمەد (پاشا کۆرە) بۆ ئیستانبوڵ لەساڵی 1837دا، ئەوا فاتەڕەش تەمەنی تەنها حه‌ڤده ساڵان بووە، بەو پێیەش بێت لە تەمەنی 33 ساڵیدا و لە ساڵی 1853دا بەشداریی جەنگی کرایمی کردووە.

فاته‌ڕه‌ش لە زۆرێک لە رۆژنامە و گۆڤارە ئەوروپی و ئەمریکیيەکاندا ناوی هاتووە و ئاماژەی بۆ كراوه، بەڵام لەلایەن کورد خۆيه‌وه‌ بۆ یەکەمجار کامەران بەدرخان لە پەرتوکی (Der Adler von Kurdistan) کە لەگەڵ نووسەری ئەڵمانی Herbert Ortel نووسیویانە(8) ئاماژه‌يان به‌ ناوی فاته‌ڕه‌ش كردووه‌.

لە دوای ئەویش محەمەد ئەمین زەکی بەگ لە پەرتوکی (مشاهیر الاکراد و کردستان) لە بەرگی دوویدا (شهیرات النساء) لەلاپەرە 471دا بە دنیایەک هەڵەوە ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌. ئەوەش بە ڕاستی لە پەرتووکێکی مێژوویی وەها بەپێزدا کارەساتە، جگە لەوانە هەندێک لە نووسەرە کوردەکان هەروا به‌ سەرپێی ناویان هێناوە، به‌ڵام بەبێ هیچ بنەمایەک و سەرچاوەیەکی دروست.

167 ساڵ بەر لەئێستا ژنێکی کورد بەشداریی جەنگێکی خوێناوی کردووە جێگەی داخە لەنێو کورداندا نووسینەوە و تۆمارکردنی رووداوەکان لەئارادا نەبووە و نەنووسراوەتەوە، هەربۆیە ساغکردنەوە و گەیشتن بە زانیاریی دروست کارەکەمان زۆر قورستر دەکات.

ئێمە خۆمان مێژووی خۆمان تۆمارە نەکەین و نەتەوەیەکی تر بۆمان بهۆنێتەوە! کورد وتەنی (دۆم بێت و کڵاش بۆ خۆی بچنێت) دەبێت چۆن بیهۆنێتەوە! بەتایبەتی لەلایەن تورکەکانەوە ئەگەر ئەو رۆژنامە فەرەنسی و ئینگلزيیانە نەبوونایە، ئەوەی ئێستا تۆ دەیخوێنیتەوە ئەوەشمان نەدەبوو، چونکە هەر لەو سەردەمەشدا رق و کینەی تورکەکان بەرامبەر بەو ژنە کوردە دەردەکەوێت و دەیان درۆ و پڕوپاگەندەیان بەناوی فاتەڕەشەوە هۆنیوەتەوە و هەوڵێکی زۆریان داوە لە بەها و ئازایەتی ئەو ژنە کەم بکەنەوە.

لە شوێنێکدا لە ئاینی ئیسلام دەریان کردووە و بە ئێزدی ناویان هێناوە! لە جێگەیەکی تر دەڵین: بەشداریی جەنگەکەی نەکردووە لەکاتێکدا یەک لە براکانی فاتەڕەش لەو جەنگەدا کوژراوه! ئەگەر تەنها ناوێک بووبێت و بەشداریی ئەو جەنگەی نەکردبێت، ئه‌ی بۆ براکەی دەکوژرێت! يان بۆچی ئەو قوربانیيانە دراوە! ئەگەر ئەم ژنە هەر بەڕاستی ئەوەندە قارەمان نەبووە، ئه‌ی بۆچی ئەو هەموو رۆژنامە بیانی و ئەوروپييانە گرنگیيان پێ داوە؟

کاپتن (Somerset Calthorpe) دەڵێت: ئەم ژنە جادووگەرە ئەستەمە بتوانیت لە چاوەکانی بڕوانیت بەڕاستی سەرکردەیە، کەس لە فەرمانی دەرناچێت و کەسیش ناتوانێت فەرمانی پێ بکات، زۆر سەرکەش و زۆر جادوگەرە. دەیان گرافیک فۆتۆی فاتەڕەش هەیە کە مەیدانی لەناو جەنگەکەدا کێشراوە نەک خەیاڵ بێت. هەوڵ دەدەین زۆرینەی ئەو وێنانەی بەردەستمان کەوتووە لێرەوە نیشانی خوێنەری بدەین.

زێدی له‌دايكبوونی فاته‌ڕه‌ش:

ماراش (Maraş) یان گورگوم، یەکێکە لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان. لە 10 شارۆچکە و 64 شارەدێ و 476 گوند پێک هاتووە. ئێستا یەک ملیۆن و نزیکەی 37 هەزار کەسی لێ دەژی، رووبەرەکەی نزیکەی 14 هەزار و 400 کیلۆمەتر دووجایە، مێژووی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1200 بۆ 1400 سەردەمی هیتيیەکان. ئەم شارە بە مارکاش(Marqas) ناسراوە دواتر لەسەردەمی ئاشوريیەکاندا بە گورگوم لە 612 هەتا 660 دواتر مادەکان لە 550 بۆ 612 هەتا سەردەمی رۆمانیيەکان دەکرێت بە گیمەنیک (Kahramanmaraş) لە سەردەمی هاتنی ئیسلام و دەسەڵاتی عوسمانیيەکان ناوەکەی گۆڕرا بە ماراش (marash)، دواجار تورکەکان گۆڕيیان بە کاهرەمان ماراش.

ماراش تاکە هەرێم بوو کە لە ژێر دەسەڵاتی زولقادریيەکاندا مابۆوه‌ و ئیمپراتۆری عوسمانی نەیتوانی بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە (Dulkadirids) زولقادریيەکان یەکێک بوون لە میرنشینە دیارەکانی ناوچەکە و خاوەنی هێز و دەسەڵات بوون. میرنشینەکەیان لە (1522-1864) بەردەوام بوو، عەبدولقادری باوک ئەمیر بووە و پاشان کوڕاوکوڕ حوکمی میرنشینیان بەدەست بووە، ئەمیر عەلی بەگ دوا ئەمیری میرنشینی زولقادریان بووە. ساڵی 1821 عوسمانیيەکان هەوڵی داگیرکردنی شاری ماراشیان دا، لە دوای دوو ساڵ ململانێ بە دیاریکراوی لە ساڵی 1822 کۆتایی بە دەسەڵاتی عەلی بەگ هێنرا.

ساڵی 1830 عوسمانيیەکان هەوڵی لکاندنی شاری ماراشیان دا بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە تا ساڵی 1864 ململانێ و شه‌ڕ و پێكدادان لە نێوان زولقادریيەکان و عوسمانیيەکان بەردەوام بوو لە دوای ئەو رۆژه‌وه‌ ماراش بە ئامەد و حەلەبەوە لێکدران و بوونە یەک هەرێمی یەکگرتوو.(9)

لە 22/2/1919 بۆ 30/10/1919 ماراش لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانيیەکاندا بووە، پاش ئەوانیش فەرەنسيیەکان داگیریان کردووە، ئەویش پاش جینۆسایدی ئەرمەنیيەکان لەساڵی 1918.(10)
لەماڵپەڕی تایبەتی (cezmyurtsever) دەڵیت لە 9ی نۆڤەمبەری ساڵی 2007 رێم کەوتە گوندی تۆکمەکڵی (Tokmaklı) بۆ زەماوەندی ژنخوازی، بەڕێکەوت چاوم بە کەسێک کەوت ناوی حەمزە بوو باسی گۆڕی فاتەڕەشی کرد کە ئیستا بۆتە گەڕەکێک ناوی ( Beylik) بووە، رێکەوتین لەسەر ئەوەی سبەی زوو بمباتە سەر گۆڕی فاتەڕەش، هەرچەندە خەڵکی ئەو ناوچه‌یە دەیانوت (گارا فاتم خاتوون)، بۆ رۆژی دوایی چوومە خزمەت حەمزە، بە پرسیار ماڵەکەیانم دۆزییەوە، لەوکاتەشدا چەند کەسێک لەو ناوە بوون، یەکێک لەوانە ئامینە بارین (Emine Barın) ژنێکی بەتەمەنی گوندەکە بوو. ئەو وتی: گۆڕەکەی فاتەڕەش لەوبەر چەمەکەوەیە لەلای دار سنەوبەرەکان لە بایلیک، وەختی خۆی گۆڕەکەیمان هەڵداوەتەوە، ئەم خەنجەرەمان دۆزیوه‌تەوە، ئێستا لە ماڵەکەی مندایە.

هەندێك سەرچاوەی تر باس لەوە دەکەن کە کەسێکی روسی بەدوای زێر و خشڵدا گەڕاوە و گۆڕەکەی فاتەڕەشی هەڵداوەتەوە و تەنها کڵاوێکی ئاسانینی جەنگیی دۆزیوەتەوە.

دڵخوازەکەی فاته‌ڕه‌ش و زیندانی قاندیا (Kandiye Zindanlarında) و بەشداریکردنی لە جەنگی کرایمدا:
هەندێک لە خەڵکی ناوچەکە هۆکاری چوونی فاته‌ڕه‌ش بۆ جەنگی کرایم دەگەڕێننەوە بۆ زیندانيکردنی دڵخوازەکەی، ئەو هەموو جەفایەش بۆ ئەوی کێشاوە هەر هۆکاری وەفا و خۆشەویستی بووە كه‌ ئەو بڕیارە سەخت و ترسناکەی پێ داوە و بەشداریی لە خوێناویترین جەنگی سەدەی نۆزده‌دا کردووە. فاتەڕەش کاتێک دڵخوازەکەی (هاوژین)کەی کە خۆی باشبوزاق (11) (Başıbozuk) بووە لەبەر سەرکێشی و جێبەجێنەکردنی فەرمانەکانی سوڵتان لەلایەن سوڵتانەوە لە زیندانی (Kandiye) زیندانی دەکرێت. کاتێک فاته‌ڕه‌ش لە ماراشەوە بەڕێ دەکەوێت بۆ (Üsküdar) هەواڵ دەگات بە سوڵتان. پاش ئەوەی سوڵتان لە کۆشکەکەی خۆیدا دەیبینێت، مەرجی سوڵتان بۆ ئازادکردنی هاوژینەکەی فاتەڕەش بەشداريکردنە لە جەنگی کرایم و گرتنی ناوچەیەک کە بۆ ئەوان بووە بە مەتەڵ و بە هیچ کلیلێک بۆیان نەکراوه‌ته‌وە. فاتەڕەش بە مەرجەکەی سوڵتان رازی دەبێت و سوڵتان رەوانەی شاری ئەدرنە (Edirne)ی دەکات، لەوێش دەبوو چاوەڕوان بێت تا بێنێرن بۆ کەنارەکانی رووباری (Donau) کە لەو کاتەدا عوسمانييه‌کان سەرقاڵی ئەو جەنگە بوون.
فاته‌ڕه‌ش و ئەسپسوارەکانی بەهەر شارێکدا تێپەڕدەبوون، دەیانبینی ژنێک رابەرایەتی ئەو هێزە دەکات، سەرسام دەبوون! هەر بۆ نموونە لە یەکێک لە تۆمارەکاندا بەم شێوەیە باس لە دیمەنی فاته‌ڕه‌ش دەکرێت کاتێک دەگاتە شاری (Üsküdar) دەستێک جلی کوردی لەبەردابووە، فاقیانەدار لەگەڵ شەرواڵێکی سپی و جووتێک قەڵتاغی زەرد لە پێکانيدا بووە، دوو دەمانجەی لە ناوه‌ڕاستی پشتێنەکەیدا و رمێکی بەدەستەوە بووە.

دامێنی رمەکەی بە دەستماڵێک پێچرابوو، سەرپۆشی سپی بەنێوچەوانییەوە بەستووە نە لە تەربوش دەچوو نە لە عەمامەی عەرەبەکان، تایبەت بە کورد خۆی بووە. هیچ جۆرە خشڵێک بە دەست و گەردنیەوە نەدەبینرا. لەتەنیشتیەوە و شانبەشانی فاتەڕەش، براکەی و دوو ئەسپسواری تریش لە پشتی فاته‌ڕه‌شەوە دەڕۆیشتن.

لێرەدا دەبێت ئاماژە بە شتێکی تر بكه‌ين ئەویش (بیلالەڕەش)ی برای فاته‌ڕه‌شە هەرچەندە لە زۆرێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بە دڵخوازەکەی دەکەن لەلایەن سوڵتانەوە دەستبەسەر کرابێت، هاوکات ئاماژەش بە بیلالی برای دەکەن و گوایە دڵخوازی نەبووە، بەڵکو بیلالی برای بووە. لە پێناو ئازادکردنی براکەیدا بەشداریی شەڕی کرایمی کردووە. ئەم بۆچوونە زۆر دوورە لە راستیيەوە، چونکە بیلالەڕەش لە ساڵی 1840 کۆچی دوایی کردووە، لەدوای خۆی باکۆ ئاغا سەرۆکایەتی هۆزەکەی کردووە. لەبەرئەوەی باکۆئاغا شارەزایی تەواوی لە بەڕێوەبردندا نەبووە، دەریان کردووە و عەلی ئاغای کوڕی بیلالەڕەشیان کردۆتە سەرۆک هۆز.

عەلی ئاغاش دوای 5 ساڵ لە حوکمڕانی، کۆچی دوایی دەکات. لەدوای ئەویش فاتەڕەش جێگەی دەگرێتەوە و سەرۆکایەتیی هۆزکەی دەکات.

زیاتر لە چوار هەزار چەکدار لە ژێر فەرمانی فاتەڕەشدا بووه‌. لەبەر ئازایەتی و ژێهاتی فاته‌ڕه‌ش و بەشداريکردنی لەو جەنگە خوێناوییەدا، سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم خەڵاتی ئازایەتی بەخشيووه‌ته‌ فاته‌ڕه‌ش و هەروەها لە رێکەوتی 18/9/1863 بڕیاری بەرزکردنەوەی مووچەی خانەنشینی فاته‌ڕه‌شی لە سوپای عوسمانیدا بۆ سه‌د قروش داوه‌.

هەڵگیرسانی جەنگی کرایم:
لەدوای شۆڕشەکانی ناوه‌ڕاستی سەدەی 19 لە ئەوروپا، بەتایبەت فەرەنسا و بریتانیادا چەند سپیچیکی توندیان دژی عوسمانييەکان دا و لەهەمانکاتیشدا مەترسی بەهێزبوون و پەلکێشانی هەر دوو دەسەڵاتی عوسمانی روسیيەکانیان لەسەر بوو کە ئەویش دژی بەرژەوەندیيەکانی ئەوروپا بوو. پاش ئەوەی سوپای عوسمانی لە شاری مۆڵدیڤیا لەلایەن روسەکانەوە تێکدەشکێنرێت، بە ناچاری سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم هاوپەیمانی لەگەڵ فەرەنسا و بریتانیادا دەبەستێت. کاتێک روسیاش بەو هاوپەیمانییەی زانی، زۆر بەڕاشکاوی بە وڵاتە ئەورپيیەکانی راگەیاند کە ئەوە خاکی پیرۆزە و کەس بۆی نيیە بێتە ناوی و داگیری بکات، هەرچەندە هەوڵیدا لە رێگەی دانوساندنی دیپلۆماسیيەوە کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. هەربۆیە لە 21/7/1853 سوپای روسیا دەستی گرت بەسەر هەر دوو شاری (Walachije و Moldavië)دا دژی تورکەکان، ئەوەش لەلایەن عوسمانيیەکانەوە جێگەی قبوڵ نەبوو کاتێکیش سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم ئاگاداری ئەو هەواڵە کرایەوە، لە 16/10/1853 بڕیاری جەنگی بە فەرمی دژی روسەکان دەرکرد، هەر لەو سەروبەندەدا روسەکانیش لە 1/11/1853 بڕیاری جەنگیان دا، ئەوەش بووە سەرەتای جەنگی کرایم (Crimean War) کە بە خوێناویترین جەنگی سەدەی 19 هەژمار دەکرێت.
********

سەرەتا سوپاکەی عەبدولمەجیدی یەکەم بەسەرکردایەتی (عومەر لوتفی پاشا) سەرکەوتنی باشی لە هەردوو هەرێمی (Oltenitsa en Chetate) بەدەستهێنا، ئەم سەرکەوتنەش وای لە سوڵتان کرد کەمێک لە خۆی بایی ببێت و ئەو جەنگە بە (جەنگی پیرۆز) ناوبەرێت و بانگەوازی جیهادی داو داوای کۆمەکی سەربازیی و دارایی كرد لەم جەنگەدا عەرەبی سوریا و میسر و تونس و مەراکش و کورد بەشداریيان تێدا کرد کە دزی و تاڵانی سەرچاوەی بژێوييان بوو.

لەکاتی جەنگەکەدا، شاری (Varna) ی بولگاریا بۆ کۆکردنەوەی هێزە تورک و هاوپەیمانەکانی هەڵبژێررا، بەدیاریکراوی فەرەنسا و بریتانیا و خۆئامادەکردنی بۆ جەنگی کرایم کۆتایی مانگی 5ی ساڵی 1854 کەشتیيە جەنگييه‌كان گەیشتنە کەنارەکانی شاری ڤارنا و یەکەم کەشتی 30 هەزار سەربازی فەرەنسی و 25 هەزار سەربازی بریتانی و 10 هەزار سەربازی عوسمانی. هێزەکەی فەرەنسا لەلایەن (Saint-Arno) سەرۆکایەتی دەکرا و هێزەکەی بریتانیا لەلایەن (Lord Raglan) عومەر پاشاش سەرۆکایەتی هێزە تورکەکانی دەکرد. یەک لە باڵەخانە گەورەکانی شاری ڤارنا کرایە سەرکردایەتی سوپا هاوبەشەکە و لەوێوە بڕیار دەدرا.

لەو کاتەی هێزی هاوپەیمانی و تورکەکان لە شاری ڤارنا بوون، ڤارنا بەدەستی نەخۆشی کۆلێراوە دەیناڵاند. هەرچەندە لە باشووری فەرنساوە ڤاکسینیان وەرگرتبوو، بەڵام گەرمای مانگی حه‌وت ئەوەندەی تر کارەساتی خوڵقاند، رۆژانە سەدان کەس نەخۆش دەکەوتن، بەشێوەیەک جێگە نەمابوو بۆ نەخۆش، بۆيه‌ بڕیاریان دا لەناو سەربازگەکان نەخۆشخانەی تایبەت بکەنەوە و لە تەنیشت هەر نەخۆشخانەیەکیشه‌وه‌ گۆڕستانێک دروست بکەن، چونکە رێژەی مردن زۆر زیادی کردبوو.

لەساتەوەختی کۆلێرا و نەخۆشیدا، ئاگرێکی گەورە لە یەکێك لە چێشتخانەکانی کەنارەکانی شاری ڤارنا بەناوی (Atanas Papazoogl) کەوتەوە و بەهۆی ئەو ئاگرەوە کۆگای هێزەکانی فەرەنسا کە رێژەیەکی زۆر واین (شەراب) و جگەرەی تێدا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کۆگایەکی تر کە سیخناخ کرابوو بە کەتان و کحول سووتان و ئەوەندەی تر ئاگرەکە تەشەنەی سەند و تەواوی کۆگای خۆراک و چێشتخانەکان سووتان. روسە ئەرسەدۆکسەکانیان بەو ئاگرکەوتنەوەیە تاوانبار کرد، بەڵام یەک لە فەرنسیيە شایەتحاڵەکان پیاوێکی یۆنانی سەرخۆشی بینيبوو كه‌ مۆمەکەی ده‌ستی نزیکی کحولەکە کردووه‌تەوە و بەو هۆیەوە ئاگرەکە کەوتووه‌تەوە.
سەرەڕای نەخۆشی کۆلێرا و ئاگرکەوتنەوە، دووبارە خۆیان ئامادەکردەوە بۆ جەنگ لە 8/9/1854 زیاتر لە 34 کەشتی جەنگی و 55 کەشتی مامناوەند و 300 کەشتی بارهەڵگری جەنگی رەوانەی کرایم کرا و لە 15/3/1856 کۆتایی بەو جەنگە خوێناویە هات.

ئەدمیراڵ ئەدۆلف ساڵدا (Adolf Slade)، (Mushaver Pasha) لە پەرتووکی (تورکیا و جەنگی قروم یان کرایم) (A Tale of Historical Events) ساڵی 1867 دەڵێت: جیهادیستەکان تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 60 ساڵان بگرە گەورەتریش بوون، زۆر بەگڕوتینی جیهادانەوە بەشدارییان لەو جەنگەدا دەکرد و‌ زیدی خۆیان جێهشتبوو بۆ ئەو جەنگەی سوڵتان عەبدولمەجید ناوی نابوو (جەنگی پیرۆز)، ئەمانە جیاوازبوون بە جلوبەرگی خۆماڵييانه‌وه‌ بەشداریی جەنگەکەیان دەکرد و زۆر سەرنجڕاکیش و تایبەت بوون، دەمانچە و خەنجەر و شمشێریان پێ بوو، هەندێکیان ئاڵایەکی رەنگاوڕەنگی تایبەتیان کردبوو بە نێزەی رمەکانیانەوە كه‌ بەهیچ شێوەیەک لەو سوپایە نەدەچوون کە بەجلوبەرگی فه‌رميی سەربازيیەوە بەشداریان لە جەنگی ڤییەنا (Vienna) ده‌کرد.

سەرچاوەکان و هەندێک لە باس خواست سەبارەت بە فاته‌ڕه‌شی کوردان:
ئەدمیراڵ سڵادا (Admiraal Slade) دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش بە جلوبەرگێکی ژنانەی ئاڵوواڵای کوردانەوە و سەرنجراکێشه‌وه‌ بوو و پڕ چەک دەمانچە و شیر و رمێکی درێژ بەدەستەکانیەوە بوو، پێشڕەوی هەموویان بوو، ئەسپێکی رەسەنی عەرەبی دەهاژوو، لە دەستی راست و چەپیدا پێڕە پیاوەکانی لەتەکی بوون و چەکدارەکانی تريش بەدوایدا دەڕۆشتن. هەندێک ئەسپسوار و هەندێک پیاده‌، سەرجەمیان جلوبەرگی سەرنجڕاکیش و هەندێکیان ژنەکانیان لە پشتیانەوە بوون و بەشانازیيەوە بە شەقامەکانی ئیستانبوڵدا تێپەڕدەبوون کە ئەوان وەک ژنە تورکەکان رووخساریان دانەپۆشرابوو، نە پەچە و نە عەبایان پێوە نەبوو. سەرنجی رێبوارەکانی سەر شەقامەکانی ئیستانبوڵیان بۆ لای خۆيان راکیشابوو، چونکە هەرگیز ژنێکی موسڵمانیان نەبینیبوو رووخساری دیار بێت، بەڵام ئەوان بە شانازیی و حورمەتەوە شەقامەکانی ئیستانبوڵیان دەبڕی ڕووخساریشیان دانەپۆشراو بوو.

ماریا یۆنگ (Marian Young) بەشێوازێکی فرە رەنگی ترێفی وەسفی فاته‌ڕه‌ش دەکات و لە پەرتوکی (Our Camp in Turkey and the Way to Reach It 1854) به‌م شێوه‌يه‌ دەیناسێنیت: ئەم ژنە ئامازۆنە(13)(Amazon) کوردە هیچ شتێکی ژنانەی سەرنجڕاکێش نەبوو وەک ژنە کوردەکان. تەمەنی 50 ساڵێک دیار بوو بە روونی بۆت ئاشکرا نەدەبوو كه‌ تەمەنی چەندە، بەهۆی سەرکێشييەکانی ژیانییەوە لە پیاوێکی شەڕەنگێزی ناشرینی دڵڕەق و ئەسمەر ده‌چوو كه‌ لە بنی پێکانی تا دانەکانی چەک و تفەنگ و شیر و خەنجەر بوو، کتومت لە پیاو دەچوو، چاونەترس بێ سڵکردنەوە بڕیاری دەدا و داوای دەکرد لە هیچ نەدەترسا.

ئەم ژنە ئەمازۆنە سەرکردایەتیی کۆمەڵێک پیاوی دەکرد كه‌ بەگشتی زۆر زۆر سەرنجراکیش بوون. پیاوەکان میهرەبان و دەم بەخەندە بوون، بەڕاستی ئەسپەکانیان زۆر رەسەن و جوان بوون. بە بڕوای من ئەم ئاژەڵانەی خۆرهەڵات و کوردەکان تایبەت و رەسەن بوون، ئەویش بەشانازیيەوە لە سوارەکانی خۆی دەڕوانی.

ئیلوسترید لۆندەن نیوس (Illustrated London News) لە ساڵی 1854 لە ژمارە 363 رۆژنامەکەدا گرافیکی وێنەکەی کردووە و سێ راپۆرتی دەربارەی (فاته‌ڕه‌شی) کوردان نووسیووە و دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش ژنێکی رووخسار دانەپۆشرا بوو کە لەوکاتەدا هەموو ژنەکان رووخساریان بە پەچە داپۆشرابوو. هیچ جۆرە خشڵ و زێڕ و ملوانکەیەکی پێوە نەبوو. ئەسپێکی ماندوو هیلاک و لاواز دەرکەوتەی پێ بوو، بەڵام یەکجار جوان پرچ و کلک درێژ، سنگ بەرز و ملی بۆ زەوی شۆڕکردبۆوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەسپی رەسەنی کوردی لە کوردستان ئاوا پەروەردەی دەکەن.

رۆژنامەی لا ئیلوسترەیشن (La Illustration) بابەتێکی لەسەر (فاته‌ڕه‌شی) کوردان بڵاوكردۆ‌ته‌وه‌ و دەڵیت: فاته‌ڕه‌ش ئامازۆنێکی نوێیە (The new Amazon) کۆتا رۆژەکانمان لە ئیستانبوڵ (کوستەنتینیە) (Constantinopel) بینیمان شتێکی نوێمان بینی و ئێمە گەواهی ئەوە دەدەین کە مەیدانی لە شەقامەکانی ئیستانبوڵ ئەوەی بینیمان لە خۆرهەڵاتی ناوین نەبینراوە! بینیمان شەقامەکانی ئیستانبوڵ خرۆشابوو لە خەڵک و بە تامه‌زرۆە سەیری ژنێکی بەهێز ئۆرنلیۆ(14)(Orléans) يان ده‌كرد كه‌ ئەویش فاته‌ڕه‌ش بوو، فاته‌ڕه‌شی شاری (ماراش) کە بە جلوبەرگێکی زۆر تایبەت و جوانەوە بوو لەگەڵ 500 ژنی کوردا(15) لە شەقامەکانی ئیستانبوڵ پێشبڕکێیان دەکرد، سەرجەمیان چەکداربوون، بەشێوەیەک بوون کە هەرگیز شتی وا نەبیراوە، جۆشی هەموو موسڵمانەکانیان گه‌ياندبووه‌ لوتکە، بەتایبەتی ژنە موسڵمانەکان (16).

کاپتن سۆرمریست کاڵتۆرپ (Somerset Calthorpe) كه‌ لە یاریدەدەری لۆرد راگلانس بووە (one of Lord Raglan›s assistants) و لەلایەن حکومەتی فەرەنسیيەوە لە جەنگی قروم یان کرایمن (CrimeanWar) وەک شێوەکارێکی جەنگ دامەزرابوو، لەنامەکەیدا (Letters from Headquarters, or the Realities of the Crimean War 1857) دەڵێت: دوێنی لە هۆراس فیرنا (Horace Verne) چاوم بە فاته‌ڕه‌ش کەوت لەگەڵ 50 لە پیاوەکانی، چەند سەرسام بووم بەم ژنە جادووگەرە، بڕواناکەن چەند بەهێز و خاوەن دەسەڵات بوو، هیچ کام لە پیاوەکانی لە فەرمانی دەرنەدەچوون، دیارە ئەوەش پەیوەندەیی بە ئایین و ئەو هێزە ئاسمانی و لێهاتوويیەوه‌ی پەیامبەرانەوە هەیە کە لە فاته‌ڕه‌شدا هەبوو.

لە تۆمارێکی تردا، لە 27/3 فاته‌ڕه‌ش لەلایەن وەزیری جەنگ سەرئاسکەر(سەرعەسکەر/ Serasker) حەسەن رەزا پاشا (Hassan Riza Pasha) پێشوازیی لێ کرا لە کۆشکی (DolmabahcePalace) چاوی کەوت بە سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم (Sultan AbdulMajid) دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ سوڵتان لەلایەن موفتی کۆشکەوە بڕیاریاندا قەرەفاتم تەوانەی (Donaufront) مەیدانی جەنگەکە بکەن.
لەدوای ئەو دیدارە فاته‌ڕه‌ش سەرنجی تەواوی ئەورپييه‌کان و تورک و رۆژنامەنووس و گرافیکستەکان و سەربازە بیانی و عوسمانييه‌کانی بۆ خۆی راکێشا و لە هەریەک لە رۆژنامەکانی L›Illustration, Journal Universel فەرەنسی و رۆژنامەی The Illustrated London News ئینگلیزی بەریتانی و La Ilustracion, periodico universal ئیسپانی فاته‌ڕه‌ش بووە سەرباس و پەڕەی یەکەمی ئەو رۆژنامانەی ئەورپای داگیرکرد.
لە 5/4/1854 فاته‌ڕه‌ش و هێزەکەی لە (Edirne) بەڕێ دەکەون و سەرەتای مانگی 5ی هەمان ساڵ دەگەنە (Donaufront) بۆ ئەوەی بەشداریی ئەو جەنگە بکەن. له‌سەرەتای مانگی 7/1854 لەژێر فەرمانی ئەفسەرە فەرەنسيیەکاندا هێزەکانیان لە شومن (Shumen ) بۆ ڤارنا (Varna) دەگوێزنەوە، هەڵبەت لەم جەنگەدا فەرەنسی و ئینگلیزەکان بەشداریان کردووە و کۆمەکی سوپای عوسمانيیان دژی روسەکان کردووە. دوای ئەوەی هێزەکان دابەش دەکەن بەسەر سێ لیوادا، فاته‌ڕه‌ش و هێزەکەی دەکەوێتە ژێر فەرمانی جەنەڕاڵ یوسف (LeGénéral Yusuf) لەلایەن فەرەنسیيەکانەوە پشتگیریی دەکرێت بۆ هەر رۆژەی 5 قروش لەگەڵ ئالیک بۆ ئاژەڵەکانی پێ دەدرێت.

مارا یۆنگ (Marian Young) لە شوێنێکدا کە بە ڕوونی دیارە چارەی فاته‌ڕه‌شی نەویستووە، دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش پشتگۆێ خرابوو، چونکە فەرمانەکانی وەک پێویست جێبەجێ نەدەکرد. ئەوەی سەیرە لەلام بۆ جەنەڕاڵ جۆرج براون (George Brown) ئەم ژنە ناشرین و پیاوە پیسانه‌ی بانگێشتی نانخواردن کردبوو لە کەمپەکە بۆ ئەوەندە سەرسامی ئەم ژنە ئێسک قورسە بوون؟

ئەوەی راستی بێت دەبێت ئاماژەی پێ بدەین هەر لە رێبوارەکانی سەرشەقامەکانی ئیستانبوڵەوە تا جەنەڕاڵە ئینگلیز و فەرەنسيیەکان و چەکدارەکانیش شێوەکار و رۆژنامەنووسەکان هەمووی سەرسامی ئازایەتی و چاونەترسی فاته‌ڕه‌ش بوون، كه‌ چەند هێزێکی ئاگرین و ژنێکی سەرکەش و بەتواناو چاونەترس بووە، بەشێوەیەک سەرسامی ئەم ژنە بوون جەنەڕاڵە ئەورپييه‌کان کە تا دەگاتە ئەو ئاستەی قۆماندانە تورکەکان دژایەتی فاته‌ڕه‌ش بکەن و ئیرەیی پێ بەرن، چونکە زیاد لە پێویست بێگانەکان بایەخیان داوه‌ بە فاته‌ڕه‌ش.

ئەوەتا ماریا یۆنگ لە پەرتووکەکەی خۆیدا دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش خۆی لە رێزەکانی سوپادا نەدەبینی نە دەچووە ژێر فەرمانی سەرپەل و جەنەڕاڵەکانەوە، هیچ بەرگێکی یونیفۆرمی سەربازی نەدەپۆشی نە خۆی نە پیاوەکانی، ژنێکی یاخی سەرکەش بوو رووخساری ترسناک و ناشرین و دڵڕەق بوو. رۆژنامەنووسە ئەورپييه‌کان بە پێچەوانەوە باسی دەکەن و دەڵێن: فاته‌ڕه‌ش ژنێکی میهرەبان و سەرکردەیەکی بەهێز بوو سەرکردایەتی هێزێكی پڕ چەکی دەکرد، هێزیک کە هەموومانی سەرسام کردبوو بە سوارچاکی و چەک و جلوبەرگەکانیان لە هەندێک شوێندا، دەڵین: سەربازە کوردەکانمان دەبينی بە ئەسپەکانیان به‌جۆرێك غارغارێنيان دەکرد کە زۆر شێتانە بوو، چۆن بەو خێراییە خۆیان هەڵدەدایە خوارەوە بۆ سەرزەوی و دووبارە بەرز دەبوونەوە دەچوونەوە سەر ئەسپەکانیان! ئەمەمان بەس لە کوردەکاندا بینيووە لە نەتەوەکانی تردا بەدیمان نەکردووە.

تەواوی رۆژنامە ئەوروپی و ئەمریکايیەکان بە شانازی و سەرسامیيەوە باسی فاته‌ڕه‌ش دەکەن و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە فاته‌ڕه‌ش کوردە و لە کوردستانەوە هاتووە. لەسەرجەم ئه‌و چاوپێکەوتن و دیدارو بانگهێشتانه‌ی کە بۆ فاته‌ڕه‌ش رێکخراوە، باسی جلوبەرگە ناوازە رەنگاوڕەنگەکەی کوردان دەکەن. تەواوی تۆمارەکان سەبارەت بە فاته‌ڕه‌ش (بە نووسراو و تۆمارەکانی سوڵتانیشەوە) دان بەو راستیيەدا دەنێن کە فاته‌ڕه‌ش لە کوردستانەوە هاتووە. هەندێک دەڵێن خۆی و 300 چەکدار لە هۆزەکەی خۆی، هەندێکيش دەڵین 500 چەکداری پیاوی لەگەڵ بووە. تەنها لەیەک شوێندا باس لە 500 ژنی کورد دەکه‌ن كە نمایشی سەربازيیان لە ئیستانبوڵدا کردووە، جگە لەوە هەموو نووسراوەکان باس لە سەرکردایەتی ژنێکی کورد دەکات کە پێشڕەویی 300 چەکداری پیاوی کردووە كه‌ لەژێر فەرمانیدا بوون و ئامادەی فیداکاری بوون بۆ خانمەکەیان، کە نەپێشتر نە لە ئیستادا ژنێک نەبووە سەرکردایەتی هێزیکی چەکداری پیاوان بکات و لەژێر فەرمانیدا بن كه‌ رووخساریشی دانەپۆشی بێت. هەربۆ نموونە لە رۆژنامەی (The Illustrated 1854) ژمارە 363 دا دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش سەرکردایەتی هێزێکی پڕ چەکی دەکرد زۆر جیاواز و سەرنجڕاکێش خەنجەری ئەلبانی و رمی ئەفغانی هەندێکیان تفەنگی بریتانیيان پێ بووە، کە پێدەچێت لە کۆمپانیاکانی بیرمینگهامی (Birmingham) بریتانیيەوە دەستیان کەوتبێت. رم و شمشێر و جلوبەرگی کوردانە پیادە و ئەسپسواری لێهاتوو کە بەشێوەیەک دەڕۆشتن تەواوی ژن و منداڵ و رێبوارەکانی ئیستانبوڵیان سەرسام کردبوو، بەتایبەت ژنە تورکەکان لەماڵەکانیان دەهاتنە دەرەوە سەیری فاته‌ڕه‌ش و جەنگاوەرەکانیان دەکرد.

ئه‌م ديمه‌نه‌ بۆ ئه‌وان زۆر نامۆ بوو! چۆن ژنێک سەرکردایەتی هیزێک ده‌کات كه‌ سەرجەمیان پیاوبن و ئه‌ويش رووخساری دانەپۆشی بێت و هیچ پابەندبوونێکی ئاینی تێدا نەبێت وەک (حیجاب و نیقاب) جلوبەرگی کوردانە و سەربەرزانە به‌بێ ترس بە شەقامەکاندا بڕوات!

لە ساڵی 1887 سەرلەنوێ فاته‌ڕه‌ش سەردانی شاری ئیستانبوڵ دەکات و رۆژنامەی (The Pall Mall Gazette) بەریتانی لە راپۆرتێکی خۆێدا بەم شێوەیە باسی دەکات و دەڵێت: (Kara Fatma «The Amazon) واتا فاته‌ڕه‌ش سوپەر پاڵەوان دووبارە هاتەوە بۆ ئیستانبوڵ بە رووخسار و پێستێکی وشکهەڵهاتوو بە گۆنایەوە نیشانەی برین بەجێمابوو، دەستێک جلوبەرگی پیاوانەی نیشتمانیی کوردانەی لەبەردا بوو، بە رەفتار و جووڵە و بە هێزیی هەر لە ژنێکی 40 ساڵان دەچوو نەک ژنێک تەمەنی 75 ساڵ.

شمشێرێکی درێژی بە بەردی تایبەت نەخشێنراو وەک شێوازی کازاکێکانی لەشانی کردبوو، هەروەها مەدالیایی ئازایەتی لەسەر سنگی دابوو کە لەلایەن سوڵتانەوە پێ بەخشرابوو.

لە جەنگی کرایم شاڵێکی سەرلەشکری سوپای عوسمانی لە شانیيەوە بۆ کەمەری بەستبوو، کە ئەو شاڵە تایبەت بووە بە سەرلەشکر و سەرهەنگەکانی سوپا.

بە بڕوای ئێمە بەم شێوەیە رۆشتن بە کۆڵانەکانی ئیستانبوڵدا زۆر سەرنجڕاکیش بوو، هەموو بیریان لەو کاتە دەکردەوە کە فاته‌ڕه‌ش خۆی و چەکدارەکانی یەکەمجار هاتنە ناو ئیستانبوڵەوە چوونە ئەو کەمپەی کە جەنەڕاڵ (Lespinas) لێ بوو لە ناوچەی (Dobrogea) جێگیر کرابوون کاتێک جەنەڕاڵ (Lespinas) لە پڕ گوێی لە مۆزیک و گۆرانی و تەپڵ و دەهۆڵ و زوڕنا دەبێت لە چادرگەکەی خۆی رادەپەڕیت و پرسیاری ئەوە دەکات، ئەو هێزە کێن؟ ئەوانە سەربە چ نەتەوەیەکن هاتوونەتە ئەم کەمپەوە؟ هەموویان سەرسام بوون بە رەفتار و جلوبەرگ و موزیک و سوارچاکیی ئەو هێزە و کەسیان نەیاندەتوانی ئەو مەتەڵە هەڵبهێنن و کۆدی نەتەوەی ئەو سوارچاکانە بدۆزنەوە لە پڕ ئەسپسوارێکی رەنگين کە ژنێک بوو بەدوایدا 300 چەکدار وەک شێت بەخیراییه‌کی زۆر ترسناک لە ئەسپەکانیان دەهاتنە خوارەوە و پێکانیان بەر زەوی نەدەکەوتوو بە قەڵەمبازێک دەچوونەوە سەر پشتی ئەسپەکانیان. پێشڕەوەکەیان ژنێک بوو ژنێکی گەنم رەنگ چاوەکانی زیت و بە وریاییەکی زۆرەوە سەیری ئەملاوئەولای خۆی دەکرد. لەچاوەکانیدا هەموو شتێکت دەخوێندەوە، رێک پاڵەوان بوو لە پاڵەوانێکی بێوێنە دەچوو کاتێک گه‌یشتە بەردەم جەنەڕاڵ (Lespinas) و لە زینی ئەسپەکەی خۆی فڕێ دایە خوارێ و سڵاوێکی سەربازيیانەی لە جەنەڕاڵ کرد و لەرێگەی وەرگێڕەکەیەوە پێی وت: من هاتووم لەگەڵ روسەکان بجەنگم. جەنەڕاڵ لیسپیانس بەخۆشحاڵیيەوە وتی: هەموو کەمپەکە لە خزمەتی ئەم کوردە ئازایانەدا دەبێت و فەرمانی دا هەرچی پێویست بوو بيخه‌نه‌ خزمەت فاته‌ڕه‌شه‌وه‌.

هەر ئەو شەوە جێگەی حەوانەوەیان لە کەمپی سەربازە فەرەنسييه‌کان لە ئیستانبوڵ بۆ تەرخان کردن، بەڵام فاته‌ڕه‌ش بەو هاوکارییە کامەران نەبوو، هەربۆیە بە جەنەڕاڵی وت: ئێمە لە ژێر فەرمانی هیچ کەسدا نابین و نەبووین، کەس ناتوانێت فەرمانمان بەسەردا بکات، هەربۆیە سبەینانێکی زوو جەنەراڵ هەموو جەنگاوەرە کوردەکانی بینی بەسەر زینی ئەسپەکانەوە بوون كه‌ چوونە گردێک نزیکی کەمپەکە و لەوێدا رەشماڵیان هەڵدا و لە دوورەوە ئاشقی ئەو موزیکە خۆش نایابە بوو کە کوردەکان دەیان چڕی.

هاتنی فاته‌ڕه‌ش دووبارە بۆ ئیستانبوڵ سەرەتای جەنگی کرایمی بیری خەڵکی سەر شەقامەکان دەخستەوە بۆیە بە تامەزرۆوە لە فاته‌ڕه‌شیان دەڕوانی، هەوڵیان دەدا بیدوێنن و قسەی لەگەڵ بکەن.(17)
دواجاریش لە گۆڤاری لێتەرنێتی (liternet)ی بولگارييه‌كاندا و لە په‌راوێزی بابەتێکی درێژدا لەسەر فاته‌ڕه‌ش به‌م شێوه‌يه‌ نووسراوه: فاته‌ڕه‌ش لە ئەدەب و مێژووی بولگارييه‌کاندا ناوێکی نەناسراوە، تەنها لە شوێنکدا ناوی هاتووە ئەویش لە پەرتووکی بیرەوەرییەکانی هرێستۆ ستامبۆلسکی (Hristo Stambolski) ساڵی 1972: 38 ستامبۆڵسکی.. لە زاری ستامبۆڵسکيیەوە فاته‌ڕه‌ش و چەکدارەکانی ژنێکی توڕەی سەرکەش قین لەدڵ و دڵڕەق و شەڕانگێز بوو، جارێک لە کەمپی (Kulbokluk) راهێنانی دەکرد لەسەر تیرهاوێژ و نیشانەپێکان لەو کاتەدا باپیرە (Nenko) کە خەڵکی شاری (Sheynovo) بووە، فاته‌ڕه‌ش نیشانەکەی بە باپیرە نینکۆ پێکا و لەخوێنی خۆيدا گەوزاندی هەتا مرد.

شێواندنی ناوی فاته‌ڕه‌ش لەلایەن تورکەکانەوە بە فاته‌ڕه‌شی تورکی

زۆرن ئه‌وانه‌ی كه‌ هەوڵی شێواندنی فاته‌ڕه‌شی کوردانیان داوە، بەتایبەت لە سەردەمی مستەفا کەمال ئەتاتورکدا ژنێکیان دروست کرد بە هەمان ناوه‌وه‌ وەک سەرکردە و قارەمانی جەنگ نیشانیان دەدا. رۆژنامە و گۆڤارەکان زۆریان لەسەر دەنووسی و وێنەکانیان لە کوچە و کۆڵانەکاندا بڵاودەکردەوە، ئەم کارەش هەر بۆ ئەوە بوو تا فاته‌ڕه‌شی کوردان لێڵ و بزر بکەن و ناوی لە بيری خەڵکیدا نه‌هێڵن، چونکە لە دوای مەرگی فاته‌ڕه‌ش بە دەیان ساڵیش لەناو تورکەکاندا باس هەر باسی قارەمانێتی فاته‌ڕه‌شی کوردان بووە، هەر بۆ ئەوەش قەرەفاتمیان هێنایە مەیدانەوە و تا ئاستی پێویست نەک لەلای تورکەکان بگرە لەلای کوردەکانیش فاته‌ڕه‌شیان شێواند. محەمەد بایراک لە کتێبەکەیدا بە ناوی (ژنی کورد) بە روونی ئاماژە بە بوێری و ئازایەتی و جیاوازیی کاره‌کتەری ژنی کورد و فاته‌ڕه‌ش بە نموونەی جەربەزەیی و ئازایی و سەربەخۆی دەهێنێتەوە و دەڵێت: تورکەکان هەوڵی شاردنەوەی تواناکانی ئەم ژنە کوردەیان داوە و ویستویانە لەنێو کەلتوری خۆیاندا بزری بکەن، هەروەها دەڵێت: بەدرێژایی مێژووی ئیمپراتۆی عوسمانی ژنێک نەبووە بەشداریی لە جەنگدا کردبێت جگە لە فاته‌ڕه‌ش.

لەدوای ئەو ناو و ناوبانگەی بەخشرایە فاته‌ڕه‌شی کوردان هەر لە شازادەی کوردستان و ئامازۆنی نوێی کورد و ورنلیۆ ژنێک لە زێر و…هتد، جگە لە خەڵاتی ئازایەتی لەلایەن سوڵتانەوە و سەدان وتار و دیدار لە سەردەمی خۆیدا لەگەڵ فاتەڕەش و جیاوازیی جێندەری و مافی ژنان و لە نێوان تورک و کورددا سەدان بەڵگەنامە بەتەواوەتی لە مێژووی ئیمپراتۆری عوسمانی و مێژووی جیهاندا چەسپا کە ژنە کوردێک پاڵەوانی جەنگی کرایم بووە نەک ژنە تورکێک. ئەمە بۆ تورکەکان جێگەی قبوڵ نەبووە، بۆیە زوو کەوتنە خۆیان و لەسەردەمی (مستەفا کەمال ئەتاتورک)دا فاته‌ڕه‌شێکی درۆینەیان دروستکرد و ناو و وێنەیان بەتەواوی تورکیادا بڵاوکردووە و داستانی درۆینەی زۆریان بۆ هۆنییەوە تا لە هزر و بیرەوەریی تاک بە تاکی تورکیادا فاته‌ڕه‌شی کوردان لەبیر بەرنەوە و بەشێوەیەک ناوی فاته‌ڕه‌شیان شێواند کە جێگەی داخە بە دەگمەن کوردەکان خۆشیان بۆیان جیادەکرێتەوە کە کێ پاڵەوانی راسته‌قینەیە! هەر بۆ نموونە مۆزەخانەی کوردی لە وڵاتی سوید (Kurdish Exile Museum) هەروەها ماڵپەری مێژووی کورد (saradistribution) کە ماڵپەرێکی مێژوویی کوردییە لە تۆمارێكيدا وێنەی قەرە فاتمی تورکییان داناوە بە کورد ناساندویانە بەشێوەیەک تێکەڵيان کردووە و وێنەی فۆتۆگرافی قەرەفاتمی تورکان و نیگارەکانی فاته‌ڕه‌شی کوردانیان پێکەوە داناوە! لەکاتێکدا سەردەمی فاته‌ڕه‌شی کوردان و قەرەفاتمی تورکان 65 ساڵ زیاترە، ئەوکات بۆت دەردەکەوێت پیلانەکانی تورک بۆ سڕینەوە مێژووی نەتەوەیەکی وەک کورد چۆن سەرکەوتوو بووە.(18)

فاته‌ڕه‌شی تورکەکان ناوی تەواوی فاتیمە سەحەر ئیردەن (Fatma Seher Erden) لەساڵی 1888 لە شاری داگیرکراوی باکووری کوردستان لە ئەرزڕۆم لەدایک بووە. لە دوای رووخانی عوسمانلی و لە سەرەتای جەنگی یەکەمی جیهان لە ساڵی 1919دەچێتە سیواس ئەو شوێنەی کە مستەفا کەمال گۆنگرەی تێدا دەبەستێت و لەگەڵ مستەفا کەمال پەیوەندیی دەگرێت و دەبێتە دۆستی، لەپاش ئەوە مستەفا کەمال گرووپێکی 45 ژنی بۆ رێکدەخات و فاتمە سەحەر دەکاتە سەرۆکی گروپەکە، ئیتر لەدوای گەورەکردن و رێکلامی جۆراوجۆر بەخواستی ئەوەی لە مێژووی تورکدا ژنێک هەبێت هاوشیێوەی فاته‌ڕه‌شی کوردان، چونکە ئەوان باش ئەوە دەزانن تەواوی رۆژنامە ئەوروپایی و ئەمریکاييه‌کان فاته‌ڕه‌شیان بە کورد ناساندووە، زێدی یەکەمی فاته‌ڕه‌شیان بە کوردستان و چیاکانی کوردستان ناوبردووە، لە رۆژنامەیەک نیيە لەو رۆژنامانە نەڵێن:

فاتەڕەش شازادەکەی کوردستان، هەربۆیە بەبەرنامە فاتمە سەحەری تورکیيان گەورەکرد و لە هەندێک شوێندا دەڵێن: بەشداریی جەنگی گریکەکانی (یۆنان)ی کردووە سەرکردایەتی 700 چەکداری پیاوی کردووە، هەتا توانیان فاتمە سەحەر بکەنە ژنە پاڵەوانێکی درۆینەی تورک، هەرچەندە لە ماڵپەڕی بەتلیسی ئەویش بە کوردی ئەرزەڕۆم دەناسێنن، بەڵام وەک خۆم هیچ شتێکی ئەوتۆم بەرچاو نەکەوتەوە جگە لەوەی لە شارێکی کوردی وەک شاری ئەرزڕۆمی باکووری کوردستان لە دایکبووە.

خۆشبەختانە هیچ رۆژنامەیەکی ئەوروپایی و ئەمریکایی ناویان نەهێناوە، بەشێوەیەکی تر ئەوەندە گرنگیان پێ نەداوە، هەروەها لە ساڵی 1920 خەڵاتی ژنی ئازایان پێ بەخشی، هاوکات چی بۆ فاته‌ڕه‌ش کراوە هەمان شتیان بۆ فاتمە سەحەر دووبارە کردۆته‌وه‌ بەوەشەوە نەوەستاون لە 27/4/2017 دا زنجیرە درامایەکیان بە ناوی (قەرەفاتم) لە 25 زنجیرە تۆمارکرد، بەوەش ئەوەندەی تر گرەوی درۆینەی خۆیان بردەوە و فاته‌ڕه‌شی کوردان و شازادەکەی کوردستانیان لە هزری تاک بەتاکی کوردا کاڵکردەوە بەشێوەیەک کاریان لەسەر کرد ئەستەمە کە باسی قەرەفاتم بکرێت و ئەو درامایە نەیەتە خەیاڵی تورکەکانەوە.

لێرەدا ئەوەی ماوە بیڵێين خواستی ئێمە گەڕاندنەوەی فاته‌ڕه‌ش بوو بۆ زێدی یەکەمی خۆی کە کوردستانە، کوردە لەبەرئەوەی تورکەکان هەوڵێکی زۆریان داوه‌ تا لە کەلتوری خۆیاندا بە تورکی بكه‌ن و بیتوێننەوە، كه‌ ئه‌م کارەیان بۆ نەکراوە و سەری نەگرتووه‌، پاشان هاتوون و دەڵێن: فاته‌ڕه‌ش سەربە یەکێك لە هۆزە تورکمانەکانە بە ناوی هۆزی (سینمیلی)يه‌وه‌ (کە بە دیدی ئەوان هۆزێکی تورکمانیيە) هەربۆیە بەپپێ تەواوی ئەو بەڵگانەی خستمانە ڕوو، فاته‌ڕه‌ش دوور یان نزیک دڵۆپێک خوێنی تورکی یان تورکمانی لە جەستەییدا نەبووە، نە لە هۆزی تورکی و نە تورکمانی لە دایک نەبووە، بەڵکو لە چیاکانی کوردستان و لە دایک و بابێکی کورد لە کوردستان لەدایکبووە، بەڵگەش بۆ کوردبوونی فاتەڕەش ئەوەندە بەسە کە سوڵتان عەبدولمەجید پێی دەڵیت: تۆ بەو هەموو ئازایەتیيەوە بۆ تورکی نازانیت؟ وەڵامی فاتەڕەشیش بێسڵکردنەوە دەڵێت: ئەگەر تۆ کوردی بزانیت، پێویست نیيە بە تورکی قسە بکەیت، نەک هەر تورک و تورکمان نەبووە، بەڵکو زمانی تورکیشی نەزانیوە! بەپێچەوانەوە لە پەرتووکەکەی کامەران بەدرخاندا ئاماژە بەوە كراوه‌ کە فاته‌ڕه‌ش جگە لەوەی بە سوڵتانی وتووە: ئەگەر تۆ کوردی بزانیت پێویست نیيە بە تورکی قسە بکەیت، بەڵکو دەڵێت: ئەگەر تۆ تورکت بناسیبایە، بە تورکی قسەت نەدەکرد.

کەواتە فاتەڕەشی کوردان بەپێی ئەو بەڵگەنامانە ناوی راسته‌قینەی فاته‌ڕه‌ش (Asiye)يه‌ وەک لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد. لە رۆژنامەی (L› ILLUSTRATION 1854 N 581 KARA FATIMA, L› HEROÏNE DU KURDISTAN ) بە قەرەفاتم پاڵەوانی کوردستان ئاماژەی بەناوی کردووە. هەروەها لە رۆژنامەی (Pall Mall Gazette, November 1887) بە ئامازۆن واتا پاڵەوان ناوی هێنراوە. لەسەر هەندێک لە گرافیک فۆتۆکان هەندێك لە رۆژنامە فەرەنسييه‌كان بە (le princesse kurde) ناوی هێنراوە واتا شازادەکەی کوردستان.

بەپێی تەواوی بەڵگەنامە و رۆژنامە بیانی و تورکی جیهانییەکان (فاتەڕەش) کورد بووە لە چیاکانی ماراش-ەوە هاتووە وەک یەکەم ژن لە میژووی سوپای عوسمانی بەشداریی خوێناویترین جەنگی کردووە لە سەدەی 19 کە ئەويش جەنگی کرایم بووە.

به‌ هيوای ئه‌وه‌ی ئه‌م توێژینەوەیە ده‌روازه‌يه‌ك بێت بۆ ئاوڕدانه‌وه‌ی زۆرتر له‌ ژيانی ئه‌م نێوداره‌ی كورد و ده‌يان كه‌سايه‌تی و زانا و هه‌ڵكه‌وتووی تر كه‌ هێشتا له‌ لاپه‌ڕه‌كانی ميژوودا وه‌كو پێويست تۆمار نه‌كراون و ژيانيان به‌ نادياریی ماوه‌ته‌وه‌.

په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان:

(1) مشاهير الکرد وکردستان في العهد الاسلامي، محمد امين زکي بک، ترجمة: سانحة زکي بک، جزء الثاني، الطبع: 1945 بغداد الناشر: مطبعة النقيض الاهلية، بغداد

(2) داستانی زری خانم لە پەرتوکی دکتۆر محەمەد حسێن پاپلی ئێزیدی بە ناوی شازادە حمام بە زمانی فارسی. و الدر المنثور في طبقات ربات الخدور و المشاهير النساء، تالیف زينب فواز

(3) Survival among the kurds, history of the Yezidies 1993

(4) ژنی کورد لە مێژوی جولەکەدا، ئەسینات بارزانی، جوان عومەر (ئاوێنه‌)

(5) The.illustrated-news London.12.6.1854

(6) ئەم وێنەیە لەلایەن (Neuville) کێشراوە، ساڵی 1867 لەلایەن ( Le Tour du Monde) لە پاریس بڵاوکراوەتەوە.

(7) Der Adler von Kurdistan Kamuran Aali Bedir-Khan, Herbert Oertel Voggenreiter, 1937 – 144 pagina›s

(8) وەڵامی نامەکەی ئەنیستوتی شاری ماراش:

Maraş Avucumda marasavucumda@gmail.com
Ma 26-10-2020 21:21 Merhaba, Kara Fatma›yla ilgili bildiğim her şeyi, ilgili yazılar altına ekledim. Gerçek kimliğine dair daha fazla bilgim yoktur malesef…

(9)Caroline (2005). Osman›s Dream: The History of the Ottoman Empire

بەدرێژایی مێژوو دوژمنانی کورد ئەوەی لە بەرژوەندی خۆیان بووە کردویانە بەناوی خۆیانەوە بەپێچەوانەشەوە ئەوانی تریان خستووه‌تە ئەستۆی ئێمە بڕوانە (سوارەی حەمیديیان) و کۆمەڵکوژی ئەرمەنييه‌کان هەموو هەوڵێکیان دا تا کۆمەڵکوژی ئەرمەنیيه‌کان بخەنە ئەستۆی کورد، هەرچەندە پریشکی ئەو ئاگرە ئێمەشی سووتاند، بەڵام نەیاتوانی ئەو کارە دزێوە دژە مرۆڤایەتيیە بەسەر کورددا بچەسپێنن. یەکەم دەوڵەت و دەوڵەتدار نەبووین، دووەمیش ئەوەی سوارەی حەمیديیان کردوویانە دژی ئەرمەنييه‌کان پەچەکرداری (دەشناک)کەکان بووە کە دەستیان لە کوردەکان نەدەپاراست و سەدان ژن و پیاو و منداڵی کوردیان ئەتک کرد، دواجار کە سوپای عوسمانييه‌کان هاتن بۆ بەرگریکردن لە تورەکەکان، دووبارە کوردەکان وەک هەمیشە بێکەس و تەنيا مانەوە، بۆیە بەناچاری چەند سەرۆک هۆزێکی کورد داوایان لە سوڵتان حەمید کرد تا کۆمەکی سەربازيیان بکات و سەر و ماڵیان لە چەتەکانی (دەشناک) بپارێزن سوڵتانیش ئەو داوایەی قبوڵ کرد و ئەوانەش بوون بە سوارەی حەمیدیيان لە تۆڵەی ئەو کارەساتەی بەسەر ژن و کچ و پیر و پیاوی کوردیان هێنابوو لە ئەرمەنييه‌کان تۆڵەی خۆیان سەندەوە. هەرچەندە نامەوێت بە وشەیەکیش پشتگیری و شەرعييه‌ت بەو کارەی بده‌م كه‌ کردووەیانە.

(10) باشی بوزوق (Başıbozuk) بەزمانی تورکی و لە سەردەمی سوڵتانەکانی عوسمانیدا بەو کەسانە وتراوه‌ كه‌ بە جۆرێک سەربازی نیزامی نەبوون و لە سوپای عوسمانیدا بوون، زۆرینەی ئەو باشی بوزوقانە کورد و ئەڵبان و شرکس بوون بەگشتیش بە هەموو ئەوانە وتراوە کە تورک نەبوون. ئەم باشی بوزوقانە بە ئازایەتی و چاونەترسی ناسراوبوون و هەندێک جار بۆ سوپای عوسمانیش بەڵا و کێشە بوون بەتایبەتیش کوردەکان، هەروەها باشی بوزوق لەڕاستیدا نازناوێکی خراپیان هەبووە و پیشە و کاریان چەتەیی و ڕاووڕووت و دزی و سەرکێشی بووە.

(11) 19/12/2019The Kurdish national movement: its origins and development, pg. 45

(12) لەهەندێک شوێندا وشەی ئامازۆن یان ئامازۆنی نوێ (The new Amazon) و ئۆرنلیۆ (Orléans) بەکار هاتووە بۆ فاته‌ڕه‌ش بەگرنگی دەزانین کە سەبارەت بەهەردوو وشە ڕوونکردنەوەیەک بدەین. ئامازۆن (Amazon) واتای سوپەر پاڵەوان، پاڵەوانێکی نموونەی (SuperHeroes) لەهەمان کاتیشدا ناوچيیەکە لە بەرازیل.

(13) هەرچەندە ناوی شارێکە لە فەرەنسا بەڵام چاوگی وشەکە گریکیە و بۆ ناوی کچان بەکار هاتووە واتا کچێک یان ژنێک لە زێر (gold)

(14) ئەبێت لێرەدا ئەوە ڕاستبکەینەوە کە ئەو ڕۆژنامەیە زانیاریەکانی یان لە کاتی تایپکردندا لە بری 500 چەکدار ئاماژەیان بە 500 ژنی کورد کردووە، ئەوەی شایەنی باس بێت فاته‌ڕه‌ش تەنها دوو کچە کارگوزاری لەگەڵدابووە، هەندێك لە پیاوەکانیش خێزانەکەی خۆیان پێ بووە و لە پشتی خۆیانەوە لەسەر ئەسپەکان بوون نەک 500 ژن.

(15) ئەم ژنە کوردانە بەرۆحێکی فەناتیزمەوە (Fanatisme) چیاکانی کوردستانیان جێ هێشتبوو پاڵنەر و ئامادەین تەنها بۆ ئەوە بوو لەژێر ئاڵای پەیامبەرەکەیاندا لە چیاکانی کوردستانەوە لە ئاشتی و ئاراميیەوە بەشداری ئەو جەنگە بکەن (LaIlustracion1854a) ژمارە

(16) ڕۆژنامەی پاڵ ماڵی ڕۆژی سێشەمە ١٣/١٠/١٨٨٧ ژمارە ٧٠٤٣ he Pall Mall Gazette, Thursday 13 oktober 1887, nummer 7043)

(17) لێرەدا دەمەوێت ئەوه‌تان بیر بخەمەوە کە ئەمە تەنها یەکەم پیلانی تورکان نەبووە لە سەردەمی مستەفا ئەتاتورکدا، بگرە پێشتریش هەمان کاریان کردووە لەگەڵ (سمکۆی شکاکدا) هەر بۆ نموونە لێرەدا باسی ئەو نامەیە دەکەین کە لە یادداشتەکانی (ڕەفیق حیلمی) بەرگی دووەم، لاپەرە 387 هاتووه‌: قۆماندانی جەنگ (به‌سری بەگ) سەرۆک ئەرکانی جەنگ بە ئیمزای خۆیەوە ناردویەتی بۆ (بوز دەمیر) لە ڕواندز (بوز دەمیر) لە ژێر ناوی (وثیقەی ژمارە 9 لە دەفتەری یادداشتەکان نووسیویەتی) سیمتقۆ هەڵبەت مەبەستی (سمکۆی شکاکە) تورک و ئێرانييه‌کان بەو جۆرە ناویان بردووە! دەنووسێت: سمکۆی شکاک کابرایەکی فێڵبازە، بەهۆی زیرەکی خۆیەوە ئەو خەنجەرەی هەڵی گرتووە بۆ کاتی خۆی دەیوەشێنێت، ئەم کابرایە بیری سەربەخۆیی لە کەللەيدایە. هەروەها دەڵێت: سمکۆ لە ناو هۆزە کوردەکاندا پلەو پایەی گەورە بووە. دەسەڵاتی پەیدا کردووە کە ئەوەش بۆ حکومەتی میللی ئێمە واتا (حکومەتی مستەفا کەمال) دەست نادات. تێکچوونمان لەگەڵیدا بۆ ئێمە باش نيیە. لە ئێستادا ئەگەر ئێوە بتوانن مەبەستی (بوز دەمیرە) هەوڵی ئەوە بدەن و پڕوپاگەندی بڵاو بکەنەوە لەناو عەشایرەکاندا و هانیان بدەن ببن بە دوژمنی سمکۆ(ئینگلزەکانیش هەر هەمان ڕێگەیان گرتبووە بەر لەگەڵ شێخ مەحمودی حەفیدا) بەڕاستی بەوە خزمەتێکی گەورە بۆ حکومەت جێبەجێ دەکەن، بڵاوی بکەنەوە کە سمکۆ بە پارەی ئینگلز ئەم شۆڕشە دەکات بۆ قازانجی خۆی و ئینگلز خوێنی کوردەکان دەڕێژێت. ئەمە کاری ١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستای تورک بووە.

وێنەی فاتەڕه‌ش لەیەکەم لاپەرەی ڕۆژنامەی (Illustrated) لە ساڵی 1854 دا

وێنەی قەرەفاتم (فاتمە سەحەر) لە دوو سەردەمی جیاوازدا

دوامەنزڵگای فاتەڕەش، وێنەی (ئامینە بارینە) کە خەنجەرەکەی فاتەڕەشی بەدەستەوەیە

وێنەی باشی بوزوق لە دوای ساڵی 1883

ئەدمیراڵ ساڵادە 1804 -1877 کە لەلای تورەکان بە مشەڕەف پاشا ناسراوە

ستامبۆلسکی

 344 جار بینراوە