سەرەکی » زانست » پسپۆڕان باشترین كات بۆ ددان شتن دیاریدەكەنپەڕە 2

پسپۆڕان باشترین كات بۆ ددان شتن دیاریدەكەن

پزیشكان جەخت لەوە دەكەنەوە لەگەڵ چوونە تەمەنەوە پێویستە زیاتر گرنگیی بەددان بدرێت و پاكوخاوێن ڕابگیرێت، بەڵام هەندێ كەس بە هەڵە ددانەكانیان دەشۆن و زیانیان پێدەگەیەنن.

پێگەی (Health Line)ی تایبەت بە كاروباری تەندروستیی ئاشكرایكردووە، شتنی ددان دوای نانی بەیانی بە شێوەیەكی ڕاستەخۆ كارێكی زۆر مەترسیدارە، بۆیە لە ڕووی تەندروستییەوە پێویستە كەسەكان ماوەیەك چاوەڕێ بكەن و دواتر ئەو كارە بكەن.

ئەو پێگەیە ئاماژەی بەوەداوە بۆ ئەوەی ددانەكان بە پارێزراوی بمێننەوە باشترە لانیكەم پاش سەعاتێك لە نانی بەیانی ئەو كارە بكریت، چونكە راستەوخۆ شتنی ددانەكان دەبێتە هۆی كەڵەكەبوونی پاشماوەی خواردنە ترشەكان و ئەوەش زیان بە ددان دەگەیەنێت، چونكە ئەو ماددە ترشەڵۆكانە دەبنە هۆی لاوازیی ماددەی (ئینامیل)ی دەوڵەمەند بە كانزاكانی كە رووكاری ددانەكان دادەپۆشن، ئەمەش توخمێكی پێویستن بۆ پاراستنی ددانەكان.

هەروەها ئەم ماددەیە وەك قەڵغانێك وایە و ددانەكان لە پلەی گەرمیی خواردن و خواردنەوە و ماددە كیمیایە زیانبەخشەكانی تر دەپارێزێت.

پسپۆران دەڵێن» ئەم ماددەیە زۆر كاریگەر دەبێت كاتێك كەسێك ماددەی ترشەڵۆكی وەك شەربەتی پرتەقاڵ و میوەی وشككراوە و نان و شیرینی دەخوات».

كۆمەڵەی ئەمریكیی پزیشكانی ددان ڕێنمایی دەكەن و دەڵێن» پێویستە مرۆڤ دوای سەعاتێك لە نانخواردنی بەیانی ددانی بشوات بەتایبەت دوای خواردنی خواردمەنییە ترشەكان».

ئەوان ئاماژە بەوەش دەكەن كە خواردنەوەی ئاو یان جووینی بنێشتی بێ شەكر بەر لە ددانشتن لە ڕووی تەندروستیەوە كارێكی باشە.

دیسانەوە كۆمەڵەی ئەمریكیی پزیشكانی ددان باس لەوە دەكەن كە پێویستە هەموو كەسێك و بە تایبەت ئەوانەی چوونەتە تەمەنەوە لە ڕۆژێكدا دوو جار ددانیان بشۆن و هەر جارێكیش دوو خوولەك بخایەنێت و باشتریشە ئەو هەویری ددانەی كە بەكاردەهێنرێت ماددەی فلۆرایدی تێدا بێت، چونكە ئەو ماددەیە هەموو ئەو بەكتریایانە لەسەر ددان لادەبات كە دەبنە هۆی كلۆر بوونیان.

سەرچاوە: الصحە والحیاە

 804 جار بینراوە