سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، عەلی كاشان‌ » WFP: ئەمساڵ جیهان بەرەو برسێتیی دەڕوات

WFP: ئەمساڵ جیهان بەرەو برسێتیی دەڕوات

جیهانی دوای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و كێشە و ململانێ سیاسییەكان و زۆربوونی ژمارەی ئاوارە و پەنابەران، بە بەراورد بە رابردوو، برسێتییەكی زیاتر روو لە مرۆڤایەتیی دەكات.

270 ملیۆن كەس
پرۆگرامی خۆراكی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان (WFP)، هۆشداریی دەدات لە زیادبوونی ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی برسێتییەوە دەناڵێنن و پێشبینی دەكات، كە ژمارەیان بۆ 270 ملیۆن كەس بەرزبێتەوە.

دەیڤید بیزلی سەرۆكی پرۆگرامی خۆراكی جیهانیی رایگەیاند: پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، 135 ملیۆن كەس لە جیهاندا بەرەو لێواری برسێتی دەچوون، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە چەند مانگی داهاتوودا ژمارەكە دوو هێندە زیاد بكات، نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، كە لە ساڵی 2021 ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی برسێتییەوە پێویستیان بە هاوكارییە، زۆر زیاد دەكات و لە كۆی 33 كەس، یەكێكیان پێویستی بە هاوكاریی مرۆیی دەبێت. هەروەك پێشبینیشكراوە، تاكو ساڵی 2030 ، یەك ملیار كەس لە جیهاندا هەژار ببن.

رەوشی منداڵان
هەر لە كۆتاییەكانی ساڵی 2020، رێكخراوی یونسێف لە راپۆرتێكیدا باسی لە ئەگەری برسیبوونی منداڵان كردو تێیدا ئاماژەی بەوە كرد، كە سەرباری هەوڵەكانی رێكخراوە جیهانییەكان بۆ بەهاناوەچوونی منداڵانی ئەو وڵاتانەی رەوشی ئەمنییان ناسەقامگیرە، بەڵام رێكخراوی یونسێف پێشبینی دەكات كە ژمارەی ئەو منداڵانەی لە یەمەن و وڵاتانی ئەفریقا و چەندین وڵاتی تر دووچاری بەدخۆراكی دەبن، لە ساڵی 2021، زیاتر ببێت.

رێكخراوی یونسێف، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ساڵی 2021 دووچاری بەدخۆراكی دەبن، بە نزیكەی 10 ملیۆن و 400 هەزار منداڵ لە كۆماری كۆنگۆی دیموكرات و باكووری نەیجیریا و ناوەڕاست و باشووری سودان و یەمەن خەمڵاندووە. هەروەك هۆشداریشیدا لە نەگرتنەبەری رێوشوێنی جددی بۆ بەهاناوەچوونی ئەو منداڵانە. نیگەرانیشی دەربڕیوە لە تەندروستیی ملیۆنان منداڵ لە ساڵی نوێدا لەو ناوچانە، چونكە دەرهاویشتەكانی جەنگ و كارەساتە سروشتییەكان و گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا و ڤایرۆسی كۆرۆنا، گەورە و درێژخایەنن و كاریگەریی كارەساتبار لەسەر خۆراك و بەدخۆراكی دروست دەكەن.

10 %ی منداڵ بەدخۆراك دەبن
بەپێی راپۆرتەکەی یونسێف، لە تەواوی یەمەن، زیاتر لە دوو ملیۆن منداڵی خوار تەمەن 5 ساڵ دووچاری ئاستی مەترسیداری بەدخۆراكی بوون و لە 133 ناوچەی باشووری ئەو وڵاتە رێژەی ئەو منداڵانەی دووچاری بەدخۆراكی بوون، 10 % بەرزبۆتەوە.

لە وڵاتانی ئەفریقیاش رەوشەكە هیچ باشتر نییە، بۆ نموونە لە كۆماری كۆنگۆی دیموكرات، ساڵی 2021، سێ ملیۆن و 300 هەزار منداڵی خوار تەمەن 5 ساڵ بەدخۆراك دەبن. لە باكووری نەیجیریا-ش، زیاتر لە 800 هەزار منداڵ هەمان گرفت بەرۆكیان دەگرێت.

رێكخراوی یونسێف بانگەوازی كردووە، كە بۆ ساڵی 2021، پێویستی بە یەك ملیار دۆلار هەیە، بۆ پشتگیریكردنی پرۆگرامەكانی تایبەت بە خۆراك بۆ رزگاركردنی ژیانی منداڵان، بە تایبەت لەو وڵاتانەی بە قەیرانی مرۆییدا تێدەپەڕن.

سەرچاوە، ئاژانسەكان

 555 جار بینراوە