سەرەکی » راپۆرت » جووڵەی سیاسیی هەرێم لە بەغدا

شرۆڤەی رۆژە

جووڵەی سیاسیی هەرێم لە بەغدا

هەواڵ و بەدواداچوون

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 دەكات، چەندین ئاماژە هەن، كە پڕۆژەكە بێ كێشمەكێشی نێوان لایەنەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران تێناپەڕێت، ئەوەش وایكردووە هەندێك پێیان وابێت «پەسەندكردنی پڕۆژەكە رەنگە مانگێك، یان زیاتری بوێت».

پرسی كورتهێنانی بودجە، خەرجییە زۆرەكانی حكومەت، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و پشكی هەرێمی كوردستان و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەست بە پڕۆژەكە، لەو پرسانەن پێدەچێت زۆرترین گفتوگۆ و رای جیاوازی لێ بكەوێتەوە. بەشێك لە نوێنەران پێیان وایە «ئەم پڕۆژەیە گەورەترین بودجەی عیراقە كە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كراوە».

چەند رۆژێكە قسە لەسەر رێگەچارە و چۆنێتیی تێپەڕاندنی پشكی هەرێم لە پڕۆژەكە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت، لایەنە شیعەكان، كە زۆرینەی كورسی ئەنجومەنەكەیان لە دەستە، دەنگی یەكلاكەرەوەن لەو بابەتەدا.

عیراق بەهۆی قەیرانەكانی ساڵی رابردووەوە، بەتایبەت لە پرسی دابەزینی بەهای نەوتدا، روبەڕوی قەرزێكی زۆر بۆتەوە، هەروەها ئێستا لێدوانی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەن بۆ ئەوەی كە «دەیانەوێت رێكاری یاسایی بەرامبەر هەرێم بگرنەبەر»، بۆ ئەومەبەستەش بیانوویان ئەوەیە «هەرێم پابەندی رێكەوتنەكانی پێشووتر نەبووە».

پرسیارەكە ئەوەیە هەرێم چۆن دەتوانێت رێگری لەو هەنگاوە بكات؟ بێگومان وەك ژمارەیەك لە نوێنەرانی كورد لە بەغدا ئاماژەی پێدەدەن «چارەسەرەكە تەنها لەوەدا نەماوەتەوە كە ئەوان لە ناو باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەران شەڕی دەستووریی و یاسایی بكەن، بەڵكو دەبێت گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكانیش لە دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، چڕبكرێنەوە».

ئێستا پێویستە هەرێمی كوردستان هەوڵی رێكەوتنی سیاسیش بدات، چونكە بەبێ رێكەوتنی سیاسی، ئەستەمە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا دەنگی لەسەر بدرێت. بۆ ئەو مەبەستە پێویستە بە یەكدەنگی و یەكڕیزیی، دید و تێڕوانینی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە بەغدا رەنگبداتەوە. بۆیە ئێستا هەرێم زیاد لە هەر كاتێكی تر پێویستی بە جووڵەیەكی سیاسی هەیە لە بەغدا، كە دەبێت بەر لە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 ئەو هەنگاوە دەستپێبكات.

 85 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*