سەرەکی » راپۆرت » رێكارەكانی كۆنگرێس بۆ دادگاییكردنی ترەمپ

رێكارەكانی كۆنگرێس بۆ دادگاییكردنی ترەمپ

ئامادەکردنی : یادگار عەلی

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا (نانسی بیلۆسی) ئاشكرای كرد، بەهۆی كارە ئاژاوەگێڕییەكانی لایەنگرەكانی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە بینای كۆنگرێس، ڕێنمایی بۆ لیژنەی ڕێكاری ئەنجومەنی نوێنەران ناردوە، ئامادەكارییەكان بۆ لێپرسینەوە لە (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ئەمریکا دەستپێبكەن، ئەگەر بێت و لەزووترین كات دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش نەكات.

هەوڵەکانی نانسی بیلۆسی بۆ لابردنی ترەمپ
(بیلۆسی) لەبەیاننامەیەكدا، ئەوەی خستوەتەڕوو، لەگەڵ كوتلەی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران كۆبوەتەوە و هەموو بژاردەكانیان تاوتوێكردوە، لە نێویشیاندا؛ هەمواری ماددەی (25)هەمینی دەستور یاخود دادگایكردنی سەرۆك لە لایەن پەرلەمانەوە.

پێشتریش (بیلۆسی) ئاماژەی بەوەكردبوو، هێشتا جێگری سەرۆك (مایك پێنس) لە بارەی كاراكردنی هەمواری ماددەی (25)هەمینی دەستورەوە وەڵامی نەداوەتەوە.

هەرەوەها ئەندامانی دیموكراتیەكان لەلیژنەی كاروباری دەرەوە لەئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا باسیان لەوە كردبوو، بەشێوەیەكی خێرا دەستدەكەن بەگرتنەبەری ڕێكارەكانی لێپرسینەوە لەسەرۆك لەڕێگەی پەرلەمانەوە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەهلیەتی سەرۆك بۆ وەرگرتنی هەر پۆستێك لەداهاتودا.

ترەمپ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكای خستوەتە مەترسییەوە
ئەندامانی دیموكراتیەكان لە نامەیەكدا بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ترەمپ بەوە تۆمەتبار دەكەن، ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكای خستوەتە بەردەم مەترسی، هەروەها بوەتە هەڕەشە لەسەر سەقامگیری سیستەمی جیهانی دەکات كە لەسەر بنەمای دیموكراسیەت و سەروەری یاسا بنیاتنراوە. هێمایان بەوەشداوە؛ پێویستە ئەو پەیامە بە جیهان بگەیەنرێت، لە ئەمریكا هیچ كەسێك لەسەروو یاساوە نییە و ڕووبەڕووی ئەوانە دەبنەوە، پێیانوابێت سیستەمی دیموكراسی شكستی هێناوە.

لەلایەكی ترەوە سەرۆكی لیژنەی هەواڵگری لە ئەنجومەنی نوێنەران (ئادەم شیف – لە دیموكراتەكان) وتویەتی: لەسەر ئەنجومەن پێویستە بەرەو دادگایكردنی سەرۆك لە ڕێگەی پەرلەمان و بەمەبەستی پاراستنی وڵاتەكەیان لە زیانی زیاتر بجوڵێت و هەنگاو بنێت.

دەبێت دەستلەكار بكێشێنێتەوە
(ئادەم شیف) ئەوەشی وتووە، باشترین ڕێگا لە بەردەم (دۆناڵد ترەمپ) دەستلەكاركێشانەوەیەتی، بەڵام ئەگەر ئەوە نەكات، لەسەر جێگرەكەی پێویستە كار بە كاراكردنی هەمواری ماددەی (25)هەمینی دەستور بكات و لەپۆستەكەی دووریبخاتەوە. هەروەها باسی لەوەشكردووە، لە ڕێگەی هاندانی لایەنگرانی بۆ هێرشكردنە سەر كۆنگرێس، ترەمپ خراپترین هێرشی بۆسەر وڵاتەكەیان و دەستووری ئەمریكا ئەنجامداوە. ئاماژەی بەوەشداوە؛ ئەو مەترسیانەی تائێستا ترەمپ لە ڕێگەی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكەیەوە لەسەر ئەمریكا دروستیكردووە، ئەگەری زیادبوونی دەكرێت، لەو ماوە كەمەی كەماوە لەپۆستی سەرۆكایەتی.

رەشنووسی تاوانەکانی ترەمپ
هەر لەو چوارچێوەیەدا؛ ئەندامانی حیزبی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، ڕەشنوسێكی تۆمەتیان دژ بە ترەمپ بڵاوكردوەتەوە، ئەوەش وەك سەرەتایەك بۆ دادگایكردنی ناوبراو بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوان و كەتنی گەورە تەماشا دەكرێت.

پرۆژەی ڕەشنوسەكە ئاماژەی بە كاروكردەوەكانی سەرۆك لەدوای هەڵبژاردنەكان كردووە، دەڵێت: دادگایكردنی سەرۆك، بەهۆی هاندانی لایەنگر و هاوپەیمانەكانیەتی بۆ نواندنی توندوتیژی و دەستبەسەرداگرتنی بینای كۆنگرێس. هەروەها بەپێی ناوەڕۆكی ڕەشنووسەكە، ترەمپ لە وەرگرتنی هەر پۆستێك لە ئیدارەی ئەمریكا بۆ دوای چوار ساڵی تریش بێبەش دەكرێت.

لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ئەندامێكی پارتی دیموكراتەكان بەناوی (تید لیو) وێنەیەكی ڕەشنوسەكەی بڵاوكردوەتەوە و یەكێك لەبەندەكانی ناونیشانی:(هاندان بۆ سەرپێچی) لە خۆگرتووە.

هەروەها لە ڕەشنووسەكەدا باس لەوە كراوە كە ترەمپ چەندینجار ئەوەی ڕاگەیاندووە كە ئەو براوەی هەڵبژاردنەكانە و لایەنگرەكانی هانداوە بۆ نواندنی توندوتیژی بەرامبەر بە كۆنگرێس، بەوەش ئاسایشی ویلایەتە یەكگرتوەكان و دامەزراوە حكومییەكانی خستوەتە مەترسییەوە، هەروەها هەڕەشەی لەسەر پاكی سیستەمی دیموكراسی دروستكردوە و ئاستەنگیشی لەبەردەم گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات داناوە.

ئەوە بێجگەلەوەی لە ڕەشنووسەكەدا، باس لەوەشكراوە تا ئێستاش ترەمپ مەترسییە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی، دیموكراتیەت و دەستووری ئەمریكا، ئەگەر بێت و ڕێگە بەمانەوەی لەپۆستەكەیدا بدرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەداوە، پاش ماوەیەكی كەم لە بڵاوكردنەوەی ڕەشنوسەكە (150) ئەندامی ئەنجومەنەكەیان ئیمزایان لەسەر كردووە و بەشێوەیەكیش كەیسەكەیان ئامادەكردوە كەیاساناسانی كۆمارییەكانیش پشتیوانی لێبكەن.

هەڵوێستی جۆ بایدن
هاوكات سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا (جۆ بایدن) بەرپرسیاریەتی دوورخستنەوە یاخود دوورنەخستنەوەی ترەمپی بۆ كۆنگرێس جێهێشتوە. ڕۆژی هەینی ڕابردوو، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا لەشاری (ویلمنگتۆن) لە(ویلایەتی دیلاوێر) سەرۆكی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا باسی لەوە كرد كە ئەو ئامادەیە لە (20)ی یەنایەرەوە ڕاستەوخۆ پۆستەكەی وەربگرێت و هەر هەمان ڕۆژیش مەراسیمی سوێندی یاسایی ئەنجام دەدات.

دەنگی ناڕەزایی ناو کۆمارییەکان
هەروەها سیناتۆری دیموكراتەكان (ڕۆن وایدن) و هەردوو سیناتۆری كۆمارییەكان (تید كروز) و (جۆش هاولی) داوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك ترەمپ و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی گەمارۆدانی كۆنگرێسیان كردووە.
لەتویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، (ڕۆن وایدن) باسی لە پێویستی سزادانی ئەو كەسانە لە ئەنجومەنی پیران دەكات، كە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئاپۆڕەی جەماوەرییەوە كار بۆ هێنانەدی دەستكەوتی تایبەتی بكەن.

لە بەرامبەردا وتەبێژی كۆشكی سپی (جاد دێری) ڕایگەیاندوە، بابەتی لێپرسینەوە لە سەرۆك ترەمپ كە تەنها (12) ڕۆژی لە پۆستی سەرۆكایەتی ماوە، نابێتەهۆی دانانی سنوورێك بۆ ئەو دابەشبونەی لەوڵاتەكەمان ڕوویداوە.

هەڵوێستی لیندسی گراهام
لای خۆشیەوە سەرۆكی لیژنەی دادی ئەنجومەنی پیران (لیندسی گراهام) لە تویتەر بڵاویكردوەتەوە، دادگایكردنی پەرلەمانی سەرۆك ترەمپ لەم كاتەدا، دەبێتەهۆی زیادبونی دابەشبوون و لاوازكردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی. ئەو سیناتۆرەی كۆمارییەكان ئاماژەی بەوەشكردووە، هیواخوازە سەرۆكی هەڵبژێدراویش لەگەڵ ئەو ڕایە بێت، ئەوەش بۆ ساڕێژی برینەكان و ئەنجامدانی ئالوگۆڕی ڕێكخراوی دەسەڵات.

ئەو هەڵوێستەی گراهام ناڕەزایەتی لایەنگرانی ترەمپی لێكەوتەوە، پەیامنێری ماڵپەڕی پۆلیتیكۆ (Politico) لەسەر ئەژماری خۆی لە تویتەر ڤیدیۆی ئەوەی بڵاوكردوەتەوە كە لایەنگرانی ترەمپ لە فڕۆكەخانەی واشینگتۆنی پایتەخت گێچەڵ بە گرهام دەگێڕن و بەخیانەتكار باسیدەكەن و دەڵێن گوایە كودەتای بۆسەر سەرۆك ترەمپ ئەنجامداوە.

دادگاییکردن زەرەری زیاترە
هەروەها سەركردەی كەمینەی كۆمارییەكان لەئەنجومەنی نوێنەران (كیڤن مەكارسی)، پێیوایە؛ دادگایكردنی سەرۆك ترەمپ لەلایەن پەرلەمان كە تەنها چەند ڕۆژێكی كەمی لە پۆستەكەی ماوە، دەبێتەهۆی زیادكردنی دابەشبون لە ئەمریكا.

بەپێی وتەی گەورە بەرپرسانی پارتی دیموكراتەكان، جێگری سەرۆك (مایك پێنس) ڕایگەیاندووە، ئەو لەگەڵ دەنگی زۆرینەی حكومەتدایە كە سەرۆك ترەمپ شیاوی بەڕێوەبردنی پۆستەكەی نییە و لەگەڵ ڕێوشوێنی پشتبەستن بەهەمواری ماددەی (25)هەمینی دەستوری ئەمریكایە.

بەپێی وتەی یەكێك لەنزیكترین كەسەكان لێیەوە كەقسەی بۆ ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) كردوە، جێگری سەرۆك ئەوەشی نەشاردوەتەوە، دەستبردن بۆ ئەو ڕێكارە دەبێتەمایەی دابەشبون و گرژی زیاتر لەئەمریكا.

لەهەمواری ماددەی (25)هەمینی دەستوری ئەمریكادا، ئەوە هاتووە، لە حاڵەتێكدا سەرۆك كۆچی دوایی بكات یان؛ دەستلەكاربكێشێتەوە یان لە پۆستەكەی دووربخرێتەوە، ئەوا جێگری سەرۆك جێگەی دەگرێتەوە و وڵات بەڕێوە دەبات.

نیگەرانی ئەندامانی کۆمارییەکان
هەر لەو چوارچێوەیەدا، داوكاری دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك ترەمپ لەپۆستەكەی بەرەو هەڵكشان دەچێت، پەلاماردانی بینای كۆنگرێس بوو بە مایەی ناڕەزایەتی بەشێكی زۆر لە كۆمارییەكان و هەندێكیان دەستیان لە پۆستەكانیان كێشایەوە.

لەنێو ڕیزەكانی پارتی كۆمارییەكان و تەنانەت تیمەكەی ترەمپ و حكومەتەكەشی نیگەرانی و ڕەخنەی زۆر لەسەر هەڵسوكەوتەكانی ترەمپ دروستبووە، هەر ئەوەش وایكرد بەشێكیان لێی دووربكەونەوە و دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش بكەن، لەوانە: وەزیری پەروەردە (بیتسی دیفۆس) و وەزیری گواستنەوە (ئیلین تشاو).

بەڵام بە پێی هەواڵی تۆڕی (CNN)، لە ڕاوێژكارەكانی كۆشكی سپییەوە گواستوویەتیەوە، سەرۆك ترەمپ هەرگیز بیری لە دەستلەكاركێشانەوە نەكردوەتەوە، هەروەها پێی وانیە هیچ هەڵەیەكی ئەنجام دابێت.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ (Wall Street Journal) كە خاوەنكار (ڕوبێرت مەردۆخ) خاوەنداریەتی دەكات و هاوپەیمانی ترەمپە، سەرووتارێكی لە ڕۆژنامەكە بڵاوكردوەتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، پێویستە سەرۆك بەرپرسیاریەتی كردەوەكانی هەڵبگرێت و دەستلەكاربكێشێتەوە، نوسیویەتی: (ئەوە بۆ هەموومان باشترین چارەسەرە، كە بەهێمنی بڕوات).

هەڵوێستی كۆڵن پاوڵ
لە نێوەندی فشاری دیموكراتەكان و بەشێك لە كۆمارییەكان بۆ لەكارخستنی ترەمپ لە ڕێگەی کۆنگرێسەوە، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریكا (كۆڵن پاوڵ) ڕایگەیاندووە: داوكاری لە كارخستن و دادگایكردنی سەرۆك لە ڕێگەی کۆنگرێسەوە، كاتی دەوێت. ئومێدیشی خواستوە كە ترەمپ هەمان كاری سەرۆكی پێشووتری ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا (ڕیتچارد نیكسۆن) بكات و دەستلەكاربكێشێتەوە.

لای خۆشیەوە سیناتۆری كۆمارییەكان لە ویلایەتی ئالاسكا (لیزا مۆركۆفسكی) داوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك لە بەرامبەر گەمارۆدانی بینای كۆنگرێس لەلایەن لایەنگرانی كردووە. مۆركۆفسكی بە ڕۆژنامەی ئەنچۆڕەیج دەیلی نیوز (Anchorage Daily News) كە لە ئالاسكا دەردەچێت، ڕاگەیاندووە: دەمەوێت دەستلەكاربكێشێتەوە، دەمەوێت لەكۆشكی سپی بڕوات، بەئەندازەی پێویست تووشی زیانمان دەكات.

(ئاژانسی ڕۆیتەرز)یش ئاشكرایكردووە، تەنها یەك ئەندامی كۆمارییەكان لەئەنجومەنی پیران لەگەڵ ئەو ڕێوشوێنانەیە كە دیموكراتەكان بۆ جاری دووەم لێپرسینەوە لە ترەمپ و بەمەبەستی دوورخستنەوەی لەپۆستەكەی بەنیازن بیگرنەبەر.

دووەمجارە
جاری یەكەم لە(دیسەمبەری 2019) ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كە دیموكراتەكان باڵادەستن تێیدا، هەوڵییان دا لەبەرامبەر ئەو تۆمەتەی گوایە فشاری خستوەتە سەر سەرۆكی ئۆكرانیا لە دژی (جۆ بایدن) لێپرسینەوە لەگەڵ (دۆناڵد ترەمپ) بكات، بەڵام لە مانگی (فەبرایەری 2020)، ئەنجومەنی پیران بێتاوانی ترەمپی سەلماند. لە مێژووی ئەمریكادا جگە لە دوو سەرۆك، هیچ یەكێكیان ملكەچی لێپرسینەوە نەبوون، بۆ جاری دووەمیش ڕووبەرووی لێپرسینەوە نەكراونەتەوە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

 97 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*