سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » خەمێک لە گوندەکانی سەر سنوور

وتەی ئەمجارە

خەمێک لە گوندەکانی سەر سنوور

46

ئەم هەڵکەوتە جوگرافییەی پێی دەگوترێت کوردستانی گەورە بە گشتی و باشووری کوردستان بەتایبەت، بەشێوەیەک هێزی سروشت خۆڵقاندوویەتی، لەگەڵ سنوری وڵاتە داگیرکارەکانیدا هاوسنوور کەوتووە و وەک دوو جەمسەری دژ دەبینرێن، یان وەک دوو بارگەی موجەب و سالیب وەهان. گەیشتنی سنوری باشووری کوردستان بە سنوری وڵاتگەلێکی ڤاسیست و شۆڤێنی؛ هەرگیز ئەگەری دۆخێکی ئارام و دۆخێکی ئەمنی باشی لێنابینرێت و دڵنیایی نییە و ئەستەمە، بەتایبەت لەو گوندانەدا دەکەونەسەر سنورەکانەوە. تەنانەت دەتوانین بڵێین هەر نیەت و ویستی داگیرکەران وایکرد ئەو وڵاتانە دەستکاری سنورە سروشت کردەکە بکەن و ئێستا سنوورێکی مرۆڤ کرد بوونی هەبێت.

لە هەر جوڵە و مانۆڕێکی نەیارێتی سەربازیدا کە وڵاتانی دراوسێی کوردستان ئەنجامی دەدەن، ڕاستەوخۆ گوندەکانی سەر سنوری کوردستان دەبنە مەیدانی جەنگ و تەراتێن و گێرمەو کێشەی ئەو وڵاتە داگیرکارانە. کەمجار هەبووە لە بۆردومانی ئەو وڵاتانەدا گوندنشینان شەهیدیان نەدابێت و خوێن نەڕژابێت جگە لەوەی هەموو جارەکان توشی خانوو ڕووخاندن و راکردن و جێهێشتنی ماڵ و گوندەکانیان بوونەتەوە. بۆردومانکردنی سەر سنورەکانی باشووری کوردستان لەلایەن ئەو وڵاتانەوە شتێک نییە لە ئێستادا بەهۆی هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی یاخییەوە لەو دەسەڵاتانە دەستی پێکردبێت، هەرگیز مێژوو لە بۆچوونێکی وەها خۆش نابێت، لەکاتێکدا لاپەڕەکانی مێژوو شاهیدی ئەوە دەدەن لەمێژە گوندە سەر سنورییەکانی کوردستان وەک پانتایی تاقیکردنەوەی چەکە گەورەو تایبەتەکانی ئەو وڵاتانە بینراوە لەسەر جەستەی تاکی کوردی گوندنشین.

دەبێت ئەم خەمە گەورەیە دابەش بکرێت لەنێوان هەموو تاکێکی کورددا بە گوندنشین و شارنشینەوە، بە هاوڵاتییەکی سادە و بەرپرسانیشەوە. باشترین خەمخواردنێک لە ژیان و بەرهەم و ڕەنج و ماندووبوونەکانی ئەو گوندنشینانەش ئەوەیە: حکومەتی هەرێم زۆر چاپوکانە و دڵسۆزانە بچێتە مەیدانی خەمی ئەم گوندنشینانەوە و تەواوی زەرەرو زیانەکانیان بۆ قەرەبوو بکاتەوە.

گوندەکانی سەر سنور نەک تەنها لە بواری ئاژەڵداریدا ساڵانە زیانیان پێدەگات بەهۆی تۆپبارانەکانەوە، بەڵکو هەموو کایەیەکی وەک کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ڕەز و باخ و ماڵ و ماددی و مەعنەوی زیانیان پێدەگات و کەمترینجاریش ئەو زیانانەیان بۆ قەرەبوو دەکرێتەوە. ئەم گوندانە بەشێکن لەسەرمایەی حکومەتی هەرێم چ لە روانگەی بەرهەمی ناوخۆیی و چ لە روانگەی ئەمن و ئاسایشەوە، بۆیە پاراستنیان و هاوکاریکردنیان ئەرکی حکومەتە و نابێت بهێڵێت ئەو گوندە سنوریانە چۆڵ بکرێن، پشتگوێخستن و ئاوڕنەدانەوە لێیان لە دەستدانی سەرمایەیەکی گەورەی وڵاتەو دواجار بە زیانیش دەشکێتەوە بۆ ناوخۆی کوردستان و ئاسایشی سنورەکانیشمان.

چۆڵکردنی ئەو گوندانە لە لایەن دانیشتوانەکانیانەوە و جێهێشتنی رەز و باخ و بەرهەمی کوردەوارییان، لە کاتێکدا زەرەرە بۆ ناوخۆی هەرێم و کەموکورتییە بۆ حکومەتی هەرێم، هاوکات دروستبوونی بۆشایی ئەمنی و ئاوەدانی لە سەر ئەو سنورانەی هەرێمی کوردستان بە سود و قازانجی ئەو وڵاتانە و پیلان و شەڕەنگێزییەکانیان دەشکێتەوە و لەم دۆخەدا ئاسانتر و باشتر دەستیان دەگاتە کوردستان و داگیرکاری خۆیانی تێدا درێژە پێدەدەن.

ئەم وڵاتانەی کە بەردەوام بە بیانووی هێزە ئۆپۆزیسیۆن و نەیارەکانیانەوە بۆردومانی سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، دەخوازن بەردەوام دۆخێکی ئاڵۆز و نەگونجاو لە سەر ئەو سنورانە هەبێت تاکو ئەوانیش بیانووی دەستتێوەردان و بەردەوام تۆپبارانکردنی ئەو ناوچانەیان هەبێت.

گوندەکانی کوردستان لە دێر زەمانەوە کۆڵەکەی پشتی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کورد بوون و لە دوای ڕاپەڕینیش پاشەکشێیان نەکردووە لە هەر هەوڵێک کە بە گوندنشینان بسپێردرێت. ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە ئەم گوندانەی کە بە بەردی بناغەی شۆڕش ناودەبرێن خزمەت بکرێن و وەک هەر ناوچە و لایەنێکی دیکەی ئەم هەرێمە خزمەت بکرێن.

 101 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*