سەرەکی » هەواڵ » خستنه‌ڕووی پێشنیازه‌كان تایبه‌ت به‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021

خستنه‌ڕووی پێشنیازه‌كان تایبه‌ت به‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021

هه‌ولێر: ته‌ها عه‌بدوڵڵا
به‌پێی لێدوانی ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ كوردستانی نوێ “له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا تایبه‌ت به‌خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021ی عیراق، چه‌ندین پێشنیاز له‌باره‌ی بڕگه‌و مادده‌كانی، خرایه‌ڕوو”.

دكتۆر به‌ختیار شاوه‌یس ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی سه‌وز، ئه‌وه‌شی پێڕاگه‌یاندین: یه‌كێك له‌پێشنیازه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ خرایه‌ڕوو تایبه‌تبوو به‌دیاریكردنی به‌شی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌یاسای بودجه‌ی 2021دا، هه‌روه‌ك داوای خه‌رجكردنی شایسته‌ داراییه‌كانی جووتیاران و به‌تایبه‌تیش جووتیارانی هه‌رێمی كوردستانمان كرد، له‌گه‌ڵ چه‌ند پێشنیازێكی دیكه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌ به‌مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و دابه‌زینی نرخی دینار به‌رامبه‌ر دۆلار.

له‌باره‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ پڕۆژه‌یاساكه‌دا، وتی: راسته‌ له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌دا پشكی هه‌رێم دیاریكراوه‌، به‌ڵام په‌یوه‌ستكراوه‌ به‌پابه‌ندبوونی هه‌رێم به‌ته‌سلیمكردنی داهاته‌ نه‌وتی و نانه‌وتییه‌كان و وتیشی: بۆ ئه‌وه‌ی پشكی هه‌رێم وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌پڕۆژه‌كه‌دا هاتووه‌ جێگیربكرێت، پێویسته‌ رێكه‌وتنی سیاسی له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا بكرێت، به‌وه‌ش ده‌خرێته‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵه‌وه‌و كۆتایی به‌ كێشه‌ی مووچه‌ و بودجه‌، ده‌هێنرێت.

 41 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*