سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » پەیوەندییەكانی توركیا و یەكێتیی ئەوروپا ‌و ئەمریكا

پەیوەندییەكانی توركیا و یەكێتیی ئەوروپا ‌و ئەمریكا

زۆرێك لە وڵاتان چاویان لە سەردەمی جۆ بایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكایە، كە سیاسەتێكی جیاواز لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتە پەیڕەو بكات، توركیاش یەكێكە لەو وڵاتانە ‌و دەیەوێت پەیوەندییەكان لەگەڵ واشنتۆن باش بكاتەوە ‌و ببێتە هەوێنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپاش.

توركیا ‌و یەكێتیی ئەوروپا
مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند: ئایندەی وڵاتەكەی لە ئەوروپا دەبینێتەوە ‌و ئارەزوو دەكات كە ئەو ئایندەیە لەگەڵ ئەوروپییەكان بنیات بنێت.

لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ باڵیۆزانی یەكێتیی ئەوروپا لە ئەنقەرە، ئۆغڵو رایگەیاند: توركیا رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە چارەسەركردنی هەموو كێشەكانی تایبەت بە ئەوروپا. وتیشی: رۆڵی گرنگمان بینیوە لە ساڵانی جەنگی سارد ‌و تەنگژەی پەنابەراندا ‌و ئەگەر یەكێتیی ئەوروپا بریتی بێت لە پڕۆژەیەكی خۆشگوزەرانی، ئەوا توركیا رۆڵی گرنگی دەبێت لەوەدا.

روونیشیكردەوە: تائێستاش توركیا پابەندە بە وتوێژەكانی بە ئەندامبوونی لە یەكێتیی ئەوروپا ‌و ئەنقەرە ئەندامی چەند دامەزراوە ‌و دەستە ‌و رێكخراوێكی نێودەوڵەتییە.

ئاماژەی بەوەشكرد: لە ماوەی رابردوودا، پەیوەندییە بازرگانی ‌و ئابووری ‌و هونەری ‌و كلتووری ‌و فێركردن ‌و زانستیی نێوان هەردوولا دوو هێندە بووە ‌و ئێستا لە دۆخێكداین كە هیچ لایەكمان ناتوانین دەستبەرداری یەكتر ببین. وتیشی: رێكەوتننامەی كۆچ كە لە ساڵی 2015 دا ئیمزامان كرد، یەكێكە لە دیارترین سیماكانی هەماهەنگیی نێوان ئەنقەرە ‌و یەكێتیی ئەوروپا، بەڵام لە ساڵی رابردوودا، هەندێك وڵاتی ئەندام لە یەكێتییەكە، بوون بەهۆكاری دروستبوونی تەنگژەی سیاسیی نێوان توركیا ‌و یەكێتیی ئەوروپا.

توركیا ‌و یۆنان
ماوەیەك لەمەوبەریش، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند: وڵاتـەكەی بە شێوەیەكی رەسمی، دەستپێشخەریی كردووە و پێشنیاری دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی داوەتە یۆنان.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی دەرەوەی یۆنان لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد: 61 ەمین خولی كۆبوونەوەكانی تایبەت بە گەڕان و پشكنین لە نێوان یۆنان و توركیا، لە 25ی كانونی دووەم لە ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بەوەشدا: ئەسینا ئامادەیە پەیوەندییەكی بەرهەمدار لەگەڵ توركیا ببەستێت ‌و كێشەكانی دەریای ناوەڕاست لەگەڵ ئەو وڵاتە چارەسەر بكات.

هاوكات وەزیری دەرەوەی توركیا جەختیكردەوە لەوەی گەڕێكی نوێی گفتوگۆكان لە نێوان ئەنقەرە ‌و ئەسینا دەستپێدەكاتەوە لەبارەی گەڕان و پشكنین بەدوای نەوت ‌و غازی سروشتی لە دەریای ناوەڕاستدا. وتیشی: لەو كۆبوونەوەیەدا، هەردوولا چەند پرسێكی دیكە تاوتوێ دەكەن.

هەروەها كیریاكۆس میتسوتاكیس سەرۆك وەزیرانی یۆنان رایگەیاند: وڵاتەكەی هەوڵدەدات پەیوەندییەكی باش لەگەڵ توركیا ببەستێت ‌و لە هەر كۆبوونەوەیەك سەبارەت بە ناوچە دەریاییە جێناكۆكەكانی نێوانیان، ئامادە دەبێت.

توركیا ‌و ئەمریكا
لە سەرەتای مانگی رابردووشدا، ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتیی توركیا، رایگەیاند: لە سەردەمی جۆ بایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، پەیوەندیی نێوان وڵاتەكەی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان باش ‌و ئەرێنی دەبێت.

ئەو كاتە كە بە سەردانێك لە ئازەربایجان بوو، وتەبێژی سەرۆكایەتیی توركیا روونیكردەوە: بایدن، ئەو كاتەی كە جێگری باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بوو، چەند جارێك سەردانی ئەنقەرەی كردووە، بۆیە كاڵن متمانەی خۆی دووپاتكردەوە بەوەی كە پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریكا باش ‌و ئیجابی دەبێت، چونكە بایدن بەهای ستراتیژی ‌و جیۆسیاسی توركیا بەرزدەنرخێنێت.

هەمووان داواكارییان هەیە
ئاژانسەكانی دەنگوباس لە زاری چاودێرانی سیاسییەوە، ئاماژە بەوە دەكەن، كە وێڕای ئەوەی توركیا دەیەوێت پەوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا ‌و یەكێتیی ئەوروپا ئاسایی بكاتەوە، بەڵام پێویستە ئەنقەرە چەند كێشەیەك لەگەڵیاندا چارەسەر بكات، لەوانە، كڕینی سیستمی بەرگریی روسی، كە ئەمریکا ‌و ئەوروپاشی نیگەران كردووە. هەروەها دەستوەردانەكانی توركیا لە وڵاتانی وەكو سوریا ‌و لیبیا ‌و هەرێمی كاراباخ ‌و بەردەوامبوونی لە گەڕان ‌و پشكنین بەدوای غاز و نەوتی سروشتی لە دەریای ناوەڕاستدا، كە ئەوەش دژی خواستی ئەوروپا ‌و ئەمریكایە. دەشڵێن: مەسەلەی مافی مرۆڤ ‌و دیموكراسیی لە توركیا، مایەی رەخنەی ئەوروپا ‌و ئەمریكایە ‌و لەو رووەشەوە داوای چاكسازیی لێدەكەن، بۆیە لە بەرامبەر ئاساییكردنەوەی پەوەندییەكانیان لەگەڵ ئەنقەرە، داوای پێداچوونەوە بە سیاسەتی دەرەوە ‌و ناوخۆی توركیا دەكەن، بە دڵنیاییشەوە توركیا داواكاریی خۆی هەیە ‌و دەیەوێت هەڵوێستیان لە بەرامبەری بگۆڕن، بۆیە ئەركی هەردوولا ئاسان نابێت لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، بەڵام هەنگاوێكی لەو جۆرە ئەستەمیش نییە، چونكە دواجار بەرژەوەندییەكان بڕیار لەسەر پەیوەندییەكان دەدەن.

سەرچاوە، ئاژانسەكان

 124 جار بینراوە