سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە

دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە

دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراق، پرسێكی نوێ‌ نییە لە گۆڕەپانی سیاسیدا و فاكتەری زۆری لە پشتەوەیە، وێڕای نائامادەیی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بۆ پرۆسەكە.

هەڵبژاردنی پێشوەختە كە بەرەنجامی خۆپیشاندانەكانی تشرین و گوشاری ناڕەزاییە میللییەكانی بەغدا و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراقە، بە بۆچوونی زۆرێك لە شرۆڤەكاران، نابێت هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پێش خۆی بێت و سیناریۆكانی تەوافوق وپشكداریی لێبدەكەوێتەوە.

نزیكبوونەوەی وادەی پرۆسەكە و هاتنەكایەی ئیدارەی نوێ‌ لە ئەمریكا، رەنگە هەڵگری سوپرایزی سیاسی زۆربن لە عیراق و ناوچەكە، رەنگە قۆناغەكانی داهاتوو رووداوی ناچاوەڕوانكراو و گۆڕینی زۆرێك لەو هاوسەنگیانە بن كە نەدەكرا پێشبینی بكرێت گۆڕانكارییان بەسەردابێت.

دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە و ئەنجامنەدانی پرۆسەكە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو كە پێشتر لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانەوە دیاریی كرابوو، جێگەی خۆشحاڵی زۆرێك و مایەی ناڕەزایی هەندێكی ترە، زۆرێك پێیانوایە ئامادەكاریی زیاترییان پێویستە بۆ چوونەوە نێو حەلەبەكە و هەندێكیش كەشی سیاسی ئێستا بە لەبار و گونجاو دەبینن بۆ ئەنجامدانی كێبڕكێكە.

ئامانج لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، گۆڕینی سیستمی سیاسی و هێنانەكایەی بژاردەیەكی نوێ‌ و دەستكردنە بە پرۆسەكانی چاكسازیی و نەهێشتنی گەندەڵی و وەلاوەنانی ئەو روخسارانەی لە ساڵی 2003وە عیراقیان گەیاندە ئەم دۆخە نەخوازراوە.

مەبەست لە پرۆسەكە، هێنانەدی داواكارییەكانی شەقام و گۆڕینی سیاسییە كلاسكییەكانی دوێنێ‌ و چاوبڕینە لە ئایندە، ئایندەیەك كە تشرینییەكان لەپێناو هێنانەدیدا، زیاتر لە 500 كەسیان لێكوژرا و دەیان هەزاریشیان برینداربوون.

خۆپیشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراق، تاكە بەرەنجامیان گۆرینی حكومەت و هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو، حكومەتی راگوزەر مانگی حوزەیرانی داهاتووی بۆ هەڵبژاردنەكە دیاریی كرد، لەئێستاشدا مقۆمقۆی دواخستنی هاتۆتەئارا و كۆمسیۆنیش پێیوایە لە دوای ئەیلولی داهاتووەوە دەكرێت بتوانێت پرۆسەكە ئەنجام بدات.

گەر بەشێوەیەكی گەشبینانە تەماشای دیمەنی سیاسی ئێستای عیراق بكەین، بە چەسپاندنی وادەی دیاریكراوی هەڵبژاردنەكە یان گۆڕینی وادەكەی بۆ چەند مانگێكی تر، ئەو رێچكەیەی عیراق لەسەری رێدەكات روو لە ئاراستە خوازراوەكانە، بە پێچەوانەشەوە دەبێت چاوەڕوانی هیچ گۆڕانكارییەك نەكەین و پێمانوابێت لە چاوەڕوانی ئەو گۆدەیەداین كە هەرگیز نایەت.

 372 جار بینراوە