سوودەکانی شیر

عینسان ئەگەر شیری حەڵاڵی خواردبێت، قەتا و قەت نکوڵی لەو راستییە شیرینە ناکات کە شیر کارگێڕێکی زۆر ھەڵسوڕاوە لە فەرھەنگ و زمانی وەچەکانی ئەردەشیر و بەشیر موشیردا، بە جۆرێک کە کوردی رەسەنی رزگار کردووە لە درێژدادڕی. تەنیا لە سایەی شیرەوەیە کە ئەتوانین کورت و موختەسەر بگەینە ئامانجی قسەکەمان. مەسەلەن ئەگەر کاربەدەستێک ئیشەکەی بە دوو نامەی پشتگیری بۆ حەلکردین و گەڕیتری پێ نەگێڕاین ئەوا لە شوێنان دوعای خێری بۆ دەکەین و دەڵێین رەحمەت لەو شیرەی کە پێی گۆش کراوە. شیر زۆر زۆر موھیمە لە پێکهاتەکانی تەباشیر و شیرەمەڕ و شیروان و شیراز و خوشک و برا ھاوشیرییەکانی تردا. ئەم نیعمەتە سپییە کە ئەگەر زوو فریای نەکەوی، عەینەن مێردی عەسەبی بەسەرتا ھەڵدەچێ، بەڵگەیەکی حاشاھەڵنەگرە بۆ دۆستایەتی دێرینی کورد و عەرەب، فەلەبەرئەوە زۆرێک لەپەرلەمانتارەکانی بەغامان دەروێشی ئەو تەریقەتە سیاسییەن کە ئەفەرموێ شیری حوشتر و دیداری عەرەب. شیر ھەمیشە لەسەر پێیە بۆ وەسفکردنی پەیوەندیی ھەڤاڵانیش کە رۆحیان بەسەرسەری یەکتریدا دەرئەچێ و دەڵێ بەینیان تەبیعییە، شیر و تیر لە یەک ئەسوون. لە بواری کۆمەڵایەتی شیر شەخسییەتێکی پیاوانەی ھەیە؛ لای ھاوڕێبازەکانی حەمە قڕیل شیری شێر ئاماژەیە بۆ عارەقی چاک، گەر بشتەوێ وەک بازرگانێک نرخ و بەھای کچێک بزانیت، دەپرسیت شیرباییەکەی چەندە. شیرەمەنییەکانی ئێران و تورکیا فاکتەرێکی زۆر باشن لە دابینکردنی بەرچایی و پاراستنی ئەجری دراوسێیەتیدا. کاتێکیش کە گوێ لە دیپلۆماتکار و سیاسەتمەدارەکانی کورد دەگریت تێدەگەیت کیسنجەر و لاڤرۆڤەکان لە چاویاندا مناڵی شیرەخۆرەن. عادەتی ژنی موبالەغەچییش وایە کە ناڵێ باوکی مناڵەکان زۆر رشاوەتەوە، ئەڵێ شیری بەر دایکی ھێنایەوە. لێکۆڵەرە نەتەوەیەکانیش یەقینی تەوایان ھەیە کە موسڵ لە رۆژی ئەزەلەوە بەشێک بووە لە کوردستان بەو دەلیلەی کە موسڵ خشتاو خشتە شیری کاکم لە پشتە. راستیش ئەکەن چونکە ھەرگیز لە فۆلکلۆرەکەماندا نەوتراوە حللە خشتاوخشتە. بۆ پاساودانەوەی غەڵەتە سیاسی و ئابوورییەکانیشمان دیسان پەنا بۆ شیر دەبەین و دەڵێین لێمان مەگرن کاکە، ئینسان شیری خاوی خواردووە. شیر زۆر پێش فروید و تەکەتولەکەی چووەتە دنیای خەونەوەو بە نیشانەی شووکردن و دەوڵەمەنبوون و دەرووی خێر لێک دەدرێتەوە. ھەتا وێنەی گوندە قەسفکراوەکانی قەندیلیش نەبینیت، نازانێت بۆچی جەماعەتی نەوتەکە بە ئەردۆغان دەڵێن قارداشە شیرپاکەکە. بینەرانی بەڕێز بەمجۆرە گەیشتینە ئەخیر عەیارەی شیرە قوتووەکە بەو ھیوایەی عەشیرەت ھەروا باڵا دەستبێ بەسەر عەولەمەی خوێڕیدا لە پێناو تێکدانی زیاتری شیرازەی ئەم کۆمەڵگایەدا کە چاوەڕێیە شیردا بۆ داپیردا، داپیر کلکە کوڵێی بداتەوە.

 511 جار بینراوە