سەرەکی » راپۆرت » دەستبەكاربوونی جۆ بایدن سەرۆكی نوێی ئەمریكاپەڕە 3

دەستبەكاربوونی جۆ بایدن سەرۆكی نوێی ئەمریكا

لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا و سەركەوتنی جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان، هەندێک شتی دوور لە چاوەڕوانی روویاندا، كە هەرە دواییان هێرشی لایەنگرانی ترەمپ بوو بۆ سەر كۆنگرێس، هەروەها تاكو جێهێشتنی كۆشكی سپی-یش، ترەمپ دانی بە سەركەوتنی بایدندا نەنا و بێ ئەوەی چاوەڕێی بكات، كۆشكەكەی جێهێشت.

هیلاری كلینتۆن لە هەڵبژاردنی ساڵی 2015دا، لە یاداشتی شكستەكەیدا لەبەرامبەر ترەمپ-دا دەڵێت: «ناخۆشترین ساتی ژیانم ئەوە بوو كە زانیم شكستم هێنا، بەڵام لەوە ناخۆشتر ئەوە بوو كە تەلەفۆنەكەم هەڵگرت و پیرۆزباییم لە ترەمپ كرد». ئەو نەریتەی كە بە درێژایی 200 ساڵی مێژووی ئەمریكا لە ئارادایە، بەڵام ترەمپ رایگەیاند: بەشداری رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ ناکات.

هەرچەند ئەوە یەكەمجار نییە كە سەرۆكەكانی ئەمریكا لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆكی نوێدا بەشداری نەكەن و تاكو بە ترەمپ دەگات، پێنججار ئەو نەریتە شكێنراوە، كە دووجار لە سەدەی نۆزدە و دووجاریش لە سەدەی بیستدا بوو، ترەمپ-یش لە سەدەی 21دا.

دوا وتاری ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ، لە دواوتاری خۆیدا «وتاری ماڵئاوایی»، رایگەیاند: «لە سەردەمی سەرۆكایەتیدا توانیویەتی گەورەیی و سەربەزیی ئەمریكا جارێكیتر بگەڕێنێتەوە»، ترەمپ ئەگەرچی ئارەزووی سەركەوتنی بۆ كابینەی داهاتوو كرد، بەڵام بێ ئاماژەدان بە ناوی بایدن و جێگرەكەی، باس لەوەكرد: «جیهان رێز لە ئێمە دەگرێت، تكا دەكەم ئەو رێزە لە بەین مەبەن».

روونیشیكردەوە: ئەو بزووتنەوەیەی رێكیانخستووە، تازە سەرەتای كارەكانی دەستپێكردووە، هەروەك هۆشداریدا لەگەورەترین مەترسیی كە ئێستا رووبەڕووی وڵاتەكەی بۆتەوە، نەمانی متمانەیە بە شكۆی نیشتمانی.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشكرد، كە لە سەردەمی ئەودا هیچ جەنگێكی نوێ سەری هەڵنەداوە.

بایدن لەبەردەم كۆشكی سپیدا
ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ ترەمپ تاقیكردنەوەیەكی باش نەبوو، زۆربەی شرۆڤەكارانی تایبەت بە كاروباری ئەمریكا دەڵێن، تەندروستیی گشتی، بەهێزترین فاكتەری شكسی ترەمپ بوو، كە نەیتوانی دابینی بكات. تاكو رۆژێك بەر لە ماڵئاوایی ترەمپ، 400 هەزار هاووڵاتی ئەمریكا بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستدا.

بایدن رۆژی سێشەممەی رابردوو لە دوای هاتنی بۆ واشنتۆن دی سی، لە مەراسیمی رێزلێنان لە قوربانیانی ڤایرۆسەكەدا رایگەیاند: ساڵی رابردوو بۆ ئێمە تاقیكردنەوەیەكی باوەڕنەكراو بوو، بەڵام ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كە بەسەر كێشە و گرفتەكاندا سەربكەوین.

ترەمپ وەك ئەوەی لە دوای شكستەكەی هەمیشە توڕە و دڵشكا و دەردەكەوێت، بەهەمان شێوەش ماڵئاوایی كرد، بەڵام لە بەرامبەردا بایدن بە چاوی پڕ گریان و بیركردنی كوڕەكەی كە بەهۆی شێرپەنجەوە گیانی لە دەستداوە، رێگەی واشنتۆنی گرتەبەر. ئەو رایگەیاند كە خۆزگەی دەخواست كوڕە گەورەكەی بەشداریی لە مەراسیمەكەدا بكردایە.

بایدن دەبێتە 46 ەمین سەرۆكی ئەمریكا، بەڵام رێوڕەسمی دەستبەكاربوونەكەی لە دۆخێكی ناهەمواری ئەمنی و تەندروستیدا بەڕێوەدەچێت.

دەستبەكاربوونی بایدن و دۆخی ئەمنی
دوای هێرشەكەی لایەنگرانی ترەمپ، 25 هەزار پاسەوانی نیشتمانی لەبەر خراپی دۆخی ئەمنی لە واشنتۆن بڵاوەیان پێكرا، بۆ ئەوەش لە چەند رۆژی رابردوودا تاكو دەستبەكاربوونی بایدن، تەنانەت هاتوچۆی نێوان چەند شارێكیش سنووردار كرابوو، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە رێوڕەسمی دەستبەكاربوون و سوێندخواردنەكەی بایدن تا ئاستێكی زۆر سنووردار بوو. بە جۆرێك كە بەشێكی زۆری ئەستێرە بەناوبانگەكان بەشدارییان تێدا نەكرد.

״گیانێكی نوێ بكەینەوە بەبەر هاوپەیمانییەكەماندا״
خاتوو ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین سەرۆكی كۆمسیاری ئەوروپا لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپادا رایگەیاند: دوای چوار ساڵی دوور و درێژ لە سەردەمی دۆناڵد ترومپ، ئێستا ئەوروپا هاوڕێیەكی نوێی لە كۆشكی سپی هەیە.

ئەو سیاسەتمەدار ئەڵمانییە وتیشی: ئەمڕۆ هەواڵێكی خۆش هەیە، چونكە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەگەڕێتەوە و ئەوروپاش ئامادەیە لەگەڵ هاوپەیمانێكی دێرین و متمانەپێكراوی بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی گیانێكی نوێ بكەینەوە بەبەر هاوپەیمانییەكەماندا.

لای خۆشیەوە، شارل میشال سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەلجیكا، داوای لە جۆ بایدن سەرۆكی نوێی ئەمریكا كرد، لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتیی ئەوروپا كۆببێتەوە و لەپێناوی ئەوروپایەكی بەهێز و ئەمریكایەكی بەهێز و جیهانێكی باشتر، پێكەوە رەشنووسی بنچینەیی نوێ بونیات بنێن. وتیشی: حەز دەكەم لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونیدا، بایدن بانگهێشت بكەم بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجومەنی ئەوروپا لە برۆكسل، كە هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەی باڵای پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

 293 جار بینراوە