سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » حیزبی‌ سیاسی‌ له‌نێوان زه‌روره‌تی‌ قۆناغه‌كه‌ و هه‌ڵپه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدا !

حیزبی‌ سیاسی‌ له‌نێوان زه‌روره‌تی‌ قۆناغه‌كه‌ و هه‌ڵپه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدا !

• ئاشكرایه‌ دروستبوون و سه‌رهه‌ڵدانی‌ بیری‌ نوێ‌ وڕه‌وتی‌ تازه‌ و جوڵانه‌وه‌ و تاڤگه‌ڕی‌ سیاسی‌ نوێ‌ له‌كات و ساتی‌ مێژوویدا دێنه‌ دروستبوون و دامه‌زراندن و زه‌روره‌تی‌ قۆناغه‌كه‌ ده‌یسه‌پێنێت،وه‌ك ده‌رچه‌یه‌ك بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ ڕێگا چاره‌كان یان گه‌ڕان به‌دوای‌ جێگره‌وه‌ی‌ نوێدا بۆ كۆنه‌ هه‌بوه‌كان له‌ سه‌ركرده‌ و پارتی‌ سیاسی‌ و ڕێكخراوی‌ جه‌ماوه‌ری‌ تر.بۆیه‌ ناكرێت له‌خۆڕا و به‌بێ‌ پێویستبوونی‌ ڕۆژگار و سه‌رده‌مه‌كه‌ و به‌بێ‌ بونی‌ داواكاریه‌كی‌ جه‌ماوه‌ری‌ ڕه‌وا و پاڵپشتیكردنێكی‌ ڕاسته‌قینه‌ش بۆ دروستبوونی‌ جوڵانه‌وه‌ وقه‌واره‌ و تاڤگه‌رێكی‌ سیاسی‌ نوێ‌ هه‌وڵی‌ دامه‌زراندن یان پێكه‌وه‌نانی‌ قه‌واره‌یه‌كی‌ سیاسی‌ بدرێت،چونكه‌ له‌سه‌ر زه‌مینه‌یه‌كی‌ پته‌و و كۆنكرێتی‌ جه‌ماوه‌ری‌ و فكری‌ نه‌هاتۆته‌ بوون و زیانی‌ زیاتر ده‌بێت بۆ ئاینده‌ ،چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆكار بۆ دابڕان و لێكترازانی‌ زیاتری‌ ڕیزه‌كانی‌ جه‌ماوه‌ر، ئاشكراشه‌ چه‌نده‌ جه‌ماوه‌ر و كۆمه‌ڵگا یه‌ك و یه‌كگرتوو بێت هێنده‌ به‌هێز و خاوه‌ن ئیڕاده‌ی‌ پۆڵاین ده‌بێت،هه‌ركاتیش كۆمه‌ڵگا دابه‌شبوه‌ سه‌ر ڕه‌وت و بزاڤ و جوڵانه‌وه‌ و قه‌واره‌ و بزوتنه‌وه‌ی‌ جۆراوجۆری‌ جیاواز و بچوك ئه‌وا هێنده‌ی‌ تر زیانیپێده‌گات و لاواز و بێئیڕاده‌یه‌كی‌ ڕاسته‌قینه‌ش ده‌مێنێته‌وه‌.
به‌داخیشه‌وه‌ دروستبون و دامه‌زراندنی‌ حیزبی‌ سیاسی‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا به‌گشتی‌ و له‌كوردستانی‌ خۆشماندا به‌تایبه‌تی‌ بۆته‌ مۆدیلێكی‌ نوێی‌ قێزه‌ون،چونكه‌ زۆربه‌یان ته‌نها له‌ پێناو ده‌سكه‌وتی‌ كه‌سی‌ و هه‌ڵپه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات و چنینه‌وه‌ی‌ ده‌سكه‌وت و ئیمتیازات و پله‌ و پۆستی‌ ناڕه‌وادا دروست بوون، یان كه‌سانی‌ تۆراو و بێ‌ جێگه‌ و پێگه‌ ماونه‌ته‌وه‌ ،ئه‌گینا ئه‌وه‌ چ مه‌نتیق و ڕه‌واییه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ كه‌متر له‌ ساڵێكدا چه‌ندین قه‌واره‌ی‌ سیاسی‌ به‌ناو سیاسی‌ وه‌كو قارچك سه‌رهه‌ڵبده‌ن و زۆر به‌خێرایی‌ كۆنگره‌ی‌ خۆیان ببه‌ستن و ئۆرگان و دامه‌زراوه‌ و باره‌گا دابمه‌زرێنن و خۆشیان ئاماده‌بكه‌ن بۆ زنجیره‌یه‌ك هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان و عێراقدا.زۆربه‌ی‌ ئه‌م قه‌واره‌ و حیزبانه‌ له‌ ژێر ناوی‌ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ و كاركردن بۆ ئاینده‌ و نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ و گۆڕان و چاكسازی‌ له‌ سیسته‌می‌ حوكمڕانیدا خۆیان نمایشكردوه‌،به‌ڵام هه‌موانیشیان له‌ناو خۆیاندا له‌سه‌ر بچوكترین جیاوازی‌ لێكجیاده‌بنه‌وه‌ و ناتوانن له‌ناو یه‌ك به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌ یان دیموكراسی‌ یان نه‌ته‌وه‌ییدا خۆیان ڕێكبخه‌ن،چونكه‌ هیچكامیان دروشم و مه‌به‌ستیان خزمه‌تكردنی‌ كۆمه‌ڵگا و نه‌ته‌وه‌و نیشتیمان نیه‌ به‌ڵكو ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان و داروده‌سته‌كانیانه‌.
• پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌:كه‌ ئایا ئه‌م حیزبه‌ سیاسیانه‌ بنه‌ماو بنچینیه‌كی‌ ئایدیا و فكری‌ و ڕێباز و ڕچه‌یه‌كی‌ دیاریكراویان هه‌یه‌؟ ئایا ئه‌م به‌ناو ئه‌ندام و لایه‌نگرانه‌ له‌سه‌ر چ خاڵ و تێڕوانین و ڕوئیایه‌كی‌ هاوبه‌ش كۆبونه‌ته‌وه‌؟ئایاچ زه‌روره‌تێكی‌ هه‌نوكه‌یی‌ پاڵیپێوه‌ناون كه‌ ئه‌م قه‌وارانه‌ دروست بكه‌ن و سه‌ربه‌خۆ هاوبه‌شی‌ كاری‌ سیاسی‌ بكه‌ن و بچنه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیشه‌وه‌؟ ئایا كوردستان حیزب و قه‌واره‌ی‌ سیاسی‌ كه‌مه‌؟ ئایا په‌ند و عیبره‌تیان له‌و حیزبۆكانه‌ی‌ ڕابووردوو وه‌رنه‌گرتوه‌؟و ئه‌نجامی‌ بوونی‌ ئه‌م هه‌موو حیزبه‌ سیاسیانه‌ش چ ده‌بێت؟
بۆ وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیارانه‌ و ده‌یانی‌ تریش،بریتیه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و حیزب و قه‌واره‌ سیاسیانه‌ كه‌ تازه‌ دامه‌زراون پاڵنه‌ری‌ سه‌ره‌كیان بریتیه‌ له‌ دروستكردنی‌ قه‌واره‌یه‌ك بۆ كه‌سه‌ یه‌كه‌مه‌كان و بۆئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ و پێگه‌ی‌ له‌ده‌ستدراویان به‌شێوه‌یك له‌ شێوه‌كان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ و بێبه‌ش نه‌بن له‌و كێكه‌ به‌له‌زه‌ته‌ی‌ كه‌ له‌م وڵاته‌دا هه‌یه‌ و ئه‌وانیش به‌شی‌ خۆیان بپچڕن، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك پله‌ و پۆست و ئیمتیازات بۆ هه‌ندێك له‌و لایه‌نگرانه‌ی‌ كه‌لێیان كۆبونه‌ته‌وه‌ وه‌ده‌ستبخه‌ن،ئه‌گینا كه‌ به‌دیقه‌ت وورد ده‌بیته‌وه‌ له‌ پێكهاته‌ و په‌یكه‌ری‌ دامه‌زراندنی‌ ئه‌م حیزبانه‌ هیچ جۆره‌ هارمۆنیه‌ك له‌ په‌یه‌وه‌ندی‌ و پێكه‌وه‌ گرێدانیاندا نابینیته‌وه‌،چونكه‌ نه‌ یه‌كێتی‌ فكر و نه‌ یه‌كێتی‌ كار و و پلان پێكیانه‌وه‌ گرێنادات،ته‌نها كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێكن كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئابوری‌ و ده‌سكه‌وت و ئیمتیازاتی‌ سیاسی‌ كۆی‌ كردونه‌ته‌وه‌ و خۆیان ڕه‌گه‌ڵ توڕه‌یی‌ جه‌ماوه‌ردا نزیككردۆته‌وه‌،نه‌ك ڕابه‌رایه‌تی‌ بكه‌ن،چونكه‌ جه‌ماوه‌ریش باش له‌ ماهیه‌تی‌ هه‌موانیان تێگه‌یشتوه‌ و هیچ كامیان له‌ ئێستادا ناتوانن به‌ ئه‌ركی‌ ڕابه‌رایه‌تی‌ و پێشه‌نگی‌ جه‌ماوه‌ر هه‌ڵبستن،هه‌ربۆیه‌ش ئاینده‌یان ڕوون نیه‌ و ناشبنه‌ خاوه‌ن جه‌ماوه‌رێكی‌ ڕاستقینه‌ و پته‌و له‌داهاتوشدا،چونكه‌ ئه‌م قۆناغ و ئه‌م وێسگه‌ هه‌ستیار و ناسكه‌ی‌ كورد به‌م لاوازی‌ و بێهێزی‌ و گه‌مارۆدراو به‌ ده‌یه‌ها مه‌ترسی‌ و ئاڵنگاری‌ هیچ زه‌روره‌تێك نابینێته‌وه‌ بۆ دروستبونی‌ حیزبی‌ سیاسی‌ تر،سه‌ره‌ڕای‌ بوونی‌ ڕه‌خنه‌ و كه‌موكوڕی‌ و گه‌نده‌ڵی‌ و ناعه‌داله‌تی‌ و نایه‌كسانی‌ و قۆرخكاری‌ ده‌سه‌ڵات و خۆسه‌پاندن و تاكڕه‌وی‌ و ته‌ریككردنی‌ زۆرینه‌ی‌ جه‌ماوه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ ئێستاوه‌ كه‌ هه‌ق وایه‌ گۆڕانكاری‌ جدی‌ تیادا ڕووبدات له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ زۆرینه‌ی‌ گه‌ل.
هه‌ربۆیه‌ سه‌ركه‌وتنی‌ كاری‌ سیاسی‌ و به‌رده‌وامبونی‌ كایه‌ی‌ سیاسی‌ به‌مانای‌ زۆری‌ ژماره‌ی‌ حیزب و قه‌واره‌ی‌ سیاسی‌ نایه‌ته‌ دی‌،ئه‌وه‌تا وڵاتانێكی‌ گه‌وره‌ و پێشكه‌وتوو ته‌نانه‌ت ڕابه‌ری‌ دونیاش ده‌كه‌ن كه‌چی‌ له‌ 2 حیزب یان 3 یان 4 حیزب تێپه‌ڕ ناكه‌ن به‌ڵام ئه‌زمونی‌ كاری‌ سیاسیشیان سه‌ركه‌وتوه‌ وه‌ك ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و ته‌نانه‌ت ڕوسیاش،هه‌ربۆیه‌ بوونی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ حیزبی‌ سیاسی‌ له‌ كوردستاندا نه‌ك به‌مانای‌ ته‌ندروستبوون و سه‌قامگیری‌ دۆخی‌ سیاسی‌ نایه‌ت به‌ڵكو ده‌لاله‌تیشه‌ له‌سه‌ر بونی‌ فره‌ییه‌كی‌ بێ‌ مانا و بێ‌ بنچینه‌ له‌ ڕوئیا و بۆچوون بۆ كاری‌ سیاسی‌ و ئاینده‌ی‌ كوردستانیش،نه‌كه‌ هه‌رئه‌وه‌ به‌ڵكو ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ی‌ حیزبی‌ سیاسی‌ بونه‌ته‌ هۆی‌ زیاتر و زیاتر دابه‌شبوون و په‌رت و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ڕیزه‌كانی‌ گه‌ل،چونكه‌ هه‌ر حیزبێك به‌بێ‌ گوێدانه‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ باڵای‌ كورد و كوردستان هه‌میشه‌ و دوور له‌ مه‌نتیق و یاسا و ڕێساكان ته‌نها به‌رگری‌ سه‌رسه‌خت ده‌كات له‌ بۆچون و ڕێباز و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ خۆی‌ و ئاماده‌ش نیه‌ بچوكترین سازش له‌سه‌ر هیچ به‌ند و خاڵێك بكات،بۆیه‌ له‌م قۆناغه‌دا كورد هێنده‌ی‌ پێویستی‌ به‌یه‌ك و یه‌كگرتووی‌ كار و كرده‌وه‌ و گوتار هه‌یه‌ نیوهێنده‌ پێویستی‌ به‌ حیزبی‌ سیاسی‌ زۆرتر و تازه‌تر نیه‌،هێنده‌ی‌ پێویسمان به‌ كردار و كوردایه‌تی‌ هه‌یه‌ پێویستمان به‌ هیوای‌ بێ‌ بنه‌ماو حیزبایه‌تی‌ نیه‌.
هه‌ربۆیه‌ گه‌ره‌كه‌ كه‌ ئه‌و قه‌واره‌ سیاسیانه‌ی‌ كه‌ تازه‌ دروستبون و ئه‌وانه‌شی‌ كه‌هه‌ن هه‌ق وایه‌ عیبره‌ت له‌و حیزبه‌ دێرینانه‌ وه‌ربگرن كه‌چۆن بچوكبونه‌ته‌وه‌ و لاواز و كه‌نه‌فت كه‌وتون و مێژوو هه‌نگاویان به‌سه‌ردا ده‌نێت، هه‌رچه‌نده‌ خاوه‌ن ڕابووردویه‌كی‌ گه‌ش و شۆڕشگێڕ و شه‌رعیه‌تی‌ شۆڕشیش بون و ته‌نانه‌ت زه‌روره‌تی‌ قۆناغه‌كه‌ش دروستیكردون له‌به‌رامبه‌ر مقاوه‌مه‌تی‌ شۆڕشگێڕی‌ دژ به‌ داگیركه‌رانی‌ كوردستاندا،به‌ڵام دووركه‌وتنه‌وه‌یان له‌ خواست و ویسته‌ ڕه‌واكانی‌ جه‌ماوه‌ر و دووڕوویی‌ و بێبه‌ڵێنیان بونه‌ته‌ هۆی‌ بچوكبونه‌وه‌یان و پشتتێكردنیان له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌،جا چ جای‌ حیزب و قه‌واره‌یه‌ك كه‌ هیچ زه‌مینه‌ و پاشخانێك و زه‌روره‌ت و ڕه‌وایه‌تیه‌كی‌ مێژوویشیان نه‌بێت.ئه‌نجامی‌ زۆری‌ ئه‌م هه‌موو حیزب و قه‌واره‌ سیاسیانه‌ له‌كوردستاندا كه‌ زیاد له‌ 30 حیزب و قه‌واره‌ و له‌وڵاتێكی‌ وه‌كو عێراقیشدا زیاد له‌ 200 قه‌واره‌ی‌ سیاسی‌ ناونوسكراون، به‌ڕاستی‌ بۆخۆی‌ مایه‌ی‌ كاره‌سات و لێكترازانی‌ زیاتره‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا،بۆكورد چه‌ندین زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ ،له‌لایه‌ك یه‌ك و یه‌كڕیزی‌ كۆمه‌ڵگا و خێزانی‌ كورد كه‌رتوپه‌رت ده‌كات و قوڵی‌ ده‌كاته‌وه‌ و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ كورد و كوردستان لاواز ده‌كات چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌و حیزبانه‌ به‌داخه‌وه‌ دابه‌شبونه‌ته‌ سه‌ر هێڵ و ئاڕاسته‌ و به‌ره‌ ناوچه‌ییه‌كان و وڵاتانی‌ سه‌رده‌ستی‌ كوردستان كه‌هه‌موان به‌ ئاشكرا و نهێنی‌ دژی‌ ئاوات و مافه‌ ڕه‌واكانی‌ كوردن و هه‌ربۆیه‌ش ئیڕاده‌ی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ خۆیان له‌ده‌ستداوه‌ له‌ بڕیارداندا،هه‌روه‌ها ئه‌م ناجۆری‌ و دوورله‌یه‌كیه‌ی‌ نێوماڵی‌ كورده‌ كه‌ بۆته‌ لاوازی‌ پێگه‌ و هه‌ڵوێستی‌ كورد له‌ ناوخۆ و عێراق و ناوچه‌كه‌ و دونیاشدا له‌كاتێكدا كه‌ مه‌ترسیه‌كان ڕۆژبه‌ڕۆژ گه‌وره‌تر ده‌بن.
به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌نجامی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ حیزب و قه‌واره‌ سیاسیه‌كان له‌كوردستاندا ته‌نها ماڵوێرانی‌ زیاتر و لێكترازانی‌ زیاتر و لاوازی‌ زیاتری‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌،ئه‌وه‌تا ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر دروستكردنی‌ هاوپه‌یمانیه‌كی‌ كوردی‌ و یه‌ك لیستی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق له‌ ناوچه‌ جێگه‌ ناكۆك و دابڕاواكانیشدا ناتوانن بگه‌نه‌ یه‌ك بڕیار و هه‌موو كورد له‌ژێر سایه‌ی‌ یه‌ك چه‌تری‌ كوردایه‌تیدا كۆببنه‌وه‌ به‌جیاواز له‌ پێكهاته‌ عه‌ره‌ب و توركومان و مه‌سیحی‌ و ئه‌وانی‌ تردا،ئیدی‌ ده‌بێت چ ئومێدێك به‌سه‌ركرده‌ و حیزبی‌ سیاسی‌ كۆن و نوێ‌ هه‌ڵبچنرێت و چ ئومێدێكیش به‌ ئاینده‌ گه‌شه‌ بكات،هه‌موو ئه‌م هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕیانه‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ ده‌سه‌ڵاتداران،به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌وانی‌ تریش بێگوناه نین،بۆیه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ تاڵه‌ هه‌میشه‌ ئاماده‌گی‌ هه‌یه‌ وخۆی‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌كاندی‌ خه‌باتی‌ كوردایه‌تیدا كه‌ دوژمنی‌ سه‌رسه‌خت و ڕاسته‌قینه‌ی‌ كورد ته‌نها كورد خۆیه‌تی‌ نه‌ك دوژمنان و داگیركارانی‌ كوردستان.

print

 5 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*