سەرەکی » دۆسێ » عیراق لە پەلامارە تیرۆریستییەكانی داعش رزگاری دەبێت

پسپۆڕێكی ئەمریكایی پێشبینی وایە

عیراق لە پەلامارە تیرۆریستییەكانی داعش رزگاری دەبێت

دانیاڵ دایڤیش، پسپۆڕی سەربازیی ئەمریكایی پێیوایە ئۆپەراسیۆنی كوژرانی «ئەبو یاسر عیساوی والی عیراق»ی رێكخراوی داعش، پەرەسەندێكی گرنگە بۆ عیراق،ئاماژە بە پێویستی كاركردنی هەموو پێكهاتەكانی عیراقیش دەكات لەپێناوی رێگریكردن لە دەستگیرۆیی ‌و هاوكاریی دارایی گروپە تیرۆریستییەكان.

دانیاڵ دایڤیس، لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنی لە 31ی كانوونی دووەمی 2021، رایگەیاند: «ئۆپەراسیۆنەكەی ئەم دواییە كە بووە مایەی كوژرانی سەركردەكەی داعش، پەرەسەندێكی زۆر گرنگە بۆ عیراق و پێویستە برەوی پێبدرێت و بەردەوام بێت، كاتێك تەقینەوەی قێزەون لە بەغدا روودەدات، پێویستە حكومەت شتێك لەبەرامبەریدا بكات و پەیامێكی وەڵامدانەوەی بەهێزی هەبێت».

بە وتەی دایڤیس»ئەوەی پێویستە بكرێت، چاوەڕوان نەكردنە تا ئەوكاتەی هێرشێكی تر دەكرێت، دەبێت زانیاریی پێویست كۆبكرێتەوە، بەڵام لە بەدبەختی و بەهۆی ئەزموونی دوورودرێژی چەندین ساڵەوە، دەزانین كە كوژرانی والی عیراقی داعش، وا لە رێكخراوەكە دەكات جێگرەوەی بۆ دابنێت، بەمشێوەیە شەڕەكە بەردەوام دەبێت».

بە بۆچوونی ئەو پسپۆڕە سەربازییە ئەمریكاییە»شەڕەكە كاتێك تەواو دەبێت كە گەلی عیراق بە سوننە و شیعە و پێكهاتەكانی ترەوە، لە داعش بێزار ببێت و كار بۆ رێگرتن لەو كۆمەك و یارمەتییانە بكات كە دەگەیەنرێنە گروپە تیرۆریستییەكان و پێویستیشە گەل لەو بارەیەوە رۆڵی خۆی بگێڕێت».

دانیاڵ دایڤیس هەروەها دەڵێت: «دەستەواژەیەكی زۆر هەن بۆ كەمكردنەوە و بگرە كۆتایی هاتنی رۆڵی ئەمریكا لە عیراق كە لەلایەن سەرۆك جۆ بایدن-ەوە كارییان لەسەر دەكرێت، لێرەدا پێویستە هێزە عیراقییەكان رۆڵی گەورەتر ببینن لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆر».

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە 21ی كانوونی دووەمی 2021، كوژرانی «والی عیراق»ی رێكخراوی تیرۆریستی داعشی راگەیاند كە بە «ئەبو یاسر عیساوی» ناودەبرێت.

كازمی لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) رایگەیاندبوو: «هەڕەشەمان لە گروپە تیرۆریستەكەی داعش كرد بە وەڵامدانەوەیەكی هەژێنەر، وەڵامدانەوەكەش لەناوبردنی سەركردەی گروپە شەڕەنگێزەكە بوو، یان ئەوەی خۆی ناوناوە ئەبو یاسر عیساوی جێگری خەلیفە و والی عیراق لە رێكخراوی داعش، كارەكەش لەڕێی ئۆپەراسیۆنێكی هەواڵگریی چۆنایەتییەوە بەڕێوەچوو».

لەدوای تەقینەوەكەی ئەم دواییەی بەغدا كە هاووڵاتیانی مەدەنی لە بازاڕێكی قەرەباڵغدا لە ناوجەرگەی بەغدادا كردە ئامانج و داعش بەرپرسیارێتییەكەی گرتەئەستۆ، عیراق ئۆپەراسیۆنەكانی بۆ راوەدوونانی پاشماوەكانی رێكخراوەكە چڕكردەوە.

لەماوەی ئەم چەند مانگەی دواییدا، تەوژمی هێرش و پەلامارە تیرۆریستییەكان لەلایەن ئەوانەی گومانیان لێدەكرێت داعش بن زیادی كرد، بەتایبەتی لە ناوچەكانی نێوان كەركوك و سەڵاحەدین (باكوور) و دیالە (خۆرهەڵات) كە بە «سێگۆشەی مەرگ» ناودەبرێت.

عیراق لە ساڵی 2017دا، سەركەوتنی بەسەر «داعش»دا راگەیاند و تەواوی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رێكخراوەكەی كۆنترۆڵكردەوە كە بە نزیكەی سێیەكی رووبەری وڵات دادەنران و رێكخراوەكە لە هاوینی ساڵی 2014دا دەستی بەسەردا گرتبوون.

رێكخراوی داعش لەسەرەتاوە لە مانگی حوزەرانی ساڵی 2014، شاری موسڵ-ی سەنتەری پارێزگای نەینەوای كۆنترۆڵ كرد، دواتر دەستی بەسەر زۆربەی ناوچەكانی باشووری كەركوك و پارێزگاكانی سەڵاحەدین و دیالە و ئەنباردا گرت.

 104 جار بینراوە