سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » دانوستانەكانی هەرێم و بەغدا

دانوستانەكانی هەرێم و بەغدا

دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چەندین مانگە بەردەوامە بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێك، بۆ كێشەكانی نێوان هەردوولا، بەتایبەتی لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی وڵات و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەمە چ جای داواكانی بەغدا لە هەرێم، سەبارەت بە نەوت و خاڵە سنوورییەكان.

بۆچوونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، سەبارەت بە دانوستان و گەیشتن بە چارەسەر بۆ كێشەكان لەگەڵ بەغدا روون و ئاشكرایە، چونكە یەكێتی هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ رێكەوتنێكدایە، كە باری ئابووریی هەرێم جارێكی تر باش بكاتەوە و فەرمانبەران و كارمەندانی حكومەت و هەروەها هاووڵاتیان جارێكی تر بژێوییان باش ببێـتەوە.

هەر لەو پێناوەشدا یەكێتی چەندین هەوڵی داوە، لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان و هەروەها لایەنە عەرەبیەكان لە بەغدا، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك كە جێی رەزامەندیی هەرێم و بەغداش بێت.

گومان لەوەشدا نییە ئەگەر نیازی هەندێك لایەنی عەرەبی و هەروەها كوردیش باش بێـت، ئەوا دەگەن بەرێكەوتن، بەڵام وادیارە هەندێك لە حزبە عیراقییەكان بەتایبەتی حزبە باڵادەستەكان، ئەم مەسەلەیە بۆ مەبەستی سیاسی بەكاردەهێنن، بەتایبەت كە بڕیارە كۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت، چونكە ئەو حزبانە و هەندێك لە كەسایەتییە سیاسییە عەرەبەكان، ئەم مەسەلەیە دەقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی دەنگ لەو هەڵبژاردنە پێشوەختەدا كە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت بۆ خۆ نمایشكردن وەكو پاڵەوان لەلای شەقامی عەرەبی، كە ئێستا هەندێك لایەن دەیانەوێت پڕیان بكەن لە رق و كینە دژ بەكورد.

ئەوەی كێشەی گەورەیە لەم رووەوە ئەوەیە، بەشێك لە حزبە باڵادەستەكان، بە لۆژیكی براوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكەن لە دانوستانەكان و خۆیان بە بەهێزتر دەبینن، بۆیە هەوڵدەدەن بەردەوام ئاستی داواكارییەكانیان بەرزبكەنەوە بەرامبەر بە كورد، بۆ گەیشتن بە رێكەوتنێك كورد زیاتر لاواز بكات و خۆیان بەهێزبكەن، داواكانی ئەوان سەرەتا خۆی لەرادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە بەغدا، ئەمە چ جای رادەستكردنی بەشێك لە داهاتی خاڵە سنوورییەكان دەبینیەوە، كە ئێستا بەوە رازی نین، بۆیە گومان لەوەدا نییە ئەگەر لایەنە كوردییەكان بەتایبەتی پارتە گەورەكانی هەرێم یەكڕیز و یەك دەنگ نەبن و ژیرانە مامەڵە لەگەڵ دۆخە سیاسیەكەدا نەكەن، رەنگە زیانی زیاتر بە هەرێمی كوردستان بگات.

 592 جار بینراوە