سەرەکی » ئابووری » داوا دەكـرێت لـە بری بەشە خۆراك پــارە بـە هـاووڵاتـیان بـدرێـت

داوا دەكـرێت لـە بری بەشە خۆراك پــارە بـە هـاووڵاتـیان بـدرێـت

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرای دەكات، بەمەبەستی رێگریكردن لە گەندەڵی، لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجومەنی نوێنەران داوایان كردووە لە بری بەشە خۆراك، پارە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بكرێت.

لە بڕگەیەكدا جێگیر بكرێت

نەدا شاكر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژە بەوە دەكات، لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجومەنی نوێنەران پێشنیازی كردووە لە بری بەشە خۆراك پارە بەسەر هاووڵاتیانی عیراقدا دابەش بكرێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ئاشكراكردووە، مەبەست لەو پێشنیازەیان بریتییە لە قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیان و رێگریكردنە لە گەندەڵی.

بەوتەی پەرلەمانتارەكەی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان، لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراقدا، ئەو پرسە تاووتوێكراوە و بۆ ئەوەی لە بڕگەیەكدا جێگیر بكرێت.

سەبارەت بە گرنگی ئەو پێشنیازەیان، نەدا شاكر دەڵێت: «گرنگی ئەم پێشنیازە ئەوەیە كە رێگری دەكات لەو گەندەڵییە گەورەیەی لە كۆبۆنی خۆراكی هاووڵاتیاندا دەكرێت، چونكە ساڵانە لە رێگەی بەشە خۆراكی هاووڵاتیانەوە، گەندەڵییەكی زۆر دەكرێت و تائێستا نەتوانراوە بنەبڕ بكرێت».

ماوەیەک لەمەوبەر، عەلا جبوری وەزیری بازرگانیی عیراق روونیكردەوە، لە بری بەشە خۆراكی مانگەكانی سەرەتای ئەمساڵدا، پارە بە هاووڵاتیان دەدرێت، بۆ ئەوەی كات لە بەردەستی وەزارەتمان بێت بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی خۆراكدا، بەمەبەستی دابینكردنی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان بەشێوەیەكی خێرا.

دابەشکردنی مادە خۆراکییە پێویستەکان
کۆتایی مانگی رابردووش، بەرنامەی جیهانیی خۆراک (فاو)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو، نزیکەی سێ ملیۆن هاووڵاتیی عیراق لە دابینکردنی خۆراکی پێویستدا رووبەڕووی قەیران بوونەتەوە و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دۆخی ئابووریش، کاریگەرییەکی خراپی کردۆتە سەر بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە.

عەبدولڕەحمان میجاج، بەڕێوەبەری بەرنامەی جیهانیی خۆراک (فاو) ئاماژەی بەوە کردبوو، دابەزاندنی بەهای دینار بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی مادە خۆراکییەکان لە بازاڕدا، ئەوەش کاریگەری لەسەر ئاسایشی خۆراک لەسەر ئاستی خێزان دروستکردووە و بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیان لە ئەنجامی قەیرانی داراییدا بێکار بوون، بۆیە پێویستە حکومەت هاوکار بێت لە چارەسەری ئەو کێشەیە، ئەویش لە رێگەی دابەشکردنی مادە خۆراکییە پێویستەکان و کۆنترۆڵکردنیان لە بازاڕدا.

 73 جار بینراوە