فەرەیدوون سامان*
بایەخی زمان لە ژیانی هەر نەتەوەیەکدا
زمان کۆڵەکەی نەتەوە و نەتەوەسازییە، فاکتەرێکی ھەرە سەرەکی مانەوەو لە ناوچوونی نەتەوەکانە، لە ھەمانکاتیشدا رەھەندێکی سەرەکی پێکھاتنی ناسنامەی نەتەوەییە، لە سەدەی حەڤدەھەم بەدواوە کە دەستپێکی سەردەمی مۆدێرنیتەیە، زمان وەک یەکەم توخمی پێکھێنەر و رێکخەری ھەر نەتەوەیەک چاوی لێکراوە، زمانی هەر نەتەوەیەک ناسنامەکەیەتی، توخمێکی ئەوتۆ کە لە ناوچوونی، واتە لە ناوچوون و توانەوەی نەتەوەکەیە، بۆیە ئەو کەس و نەتەوانەی کە ویستبێتیان، نەتەوەیەکی دی بتوێننەوە، هەوڵی سەرەکیترین و زیاترینیان تواندنەوەی زمانی ئەو نەتەوەیە بووە.
کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی کە زمانەکەی بە بەردەوامی کەوتۆتە بەر شاڵاوی دڕندانە و هۆڤیانەی دوژمنان و داگیرکەرانی، مخابن هەندێجار کەسانێک یان کۆمەڵێک لە هاوزمانەکانیشمان ناهۆشیارانە بەشداربوون لەو پلانگێرییە، بەڵام بە خۆشبەختییەوە هەوڵی کورد بۆ خۆی، بۆ پاراستنی زمانەکەی نەگۆڕ و نەپچڕاوبووە، زمان جودا لەوەی کە مافی سروشتی هەر نەتەوەیەکە، لەهەمان کاتیشدا کاریگەریی لەسەر رامان و هزری تاکەکانی هەیە و پچڕانی پێوەندی لە نێوان زمان و هزر، پچڕانی پەیوەندی نێوان تاک و کۆمەڵە و گەورەترین زیان نەبوونی پەروەردەیەکی نیشتمانییە. ھەرچۆنێک بێت زۆرن ئەو زمانانەی کە لەو سەردەمەدا بە ھۆی بایەخ نەدان و ھۆکاری سیاسییەوە لەناوچوون و بەکارھێنەرانی ئێستاکە بە زمانی نەتەوەیەکی تر قسە دەکەن. بۆنمونە لە فەڕەنسا، ئەو زمانەی ئێستاکە ھەموو کەس قسەی پێدەکەن پێش سەردەمی مۆدێرن تەنیا %13 خەڵکی فەڕەنسا بەکاریان ھێناوە. لەراستیدا نەتەوەی فەڕەنسی بەشێکی زۆری لەسەر ئەو %13 پێکھاتووە. جێگەی سەرنجە ئەو شێوازە بووە بە مۆدێلێک کە بە مۆدێلی فەڕەنسی دەناسرێت.
زمان کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی نەتەوەسازییە، هەر نەتەوەیەکیش زمانەکەی لەدەست بدات، ئەوا بێگومان خەسڵەتی سەرەکی نەتەوە بوونی خۆی لەدەستداوە، هەر بۆ نموونەش لە رۆژهەڵاتی دێریندا گەلانی رەسەنی ناوچەکە وەک گەلانی فینیقی، بابلی، ئاشووورو کلدان، لە باکووری ئافریقیاش قیپتی و ئەمازیغیەکانن، با لە رابردووشدا خاوەنی قەوارە و نیشتمانی خۆیشیان بن، ئەو نەتەوانە زمانەکەی خۆیان لەدەستداوە و رەشبوونەوە، وەک چۆن ئەمڕۆش دەبینین سەبارەت بەداگیرکاریی عەرەب و هاوردنی پەیامی ئیسلام بۆ وڵاتانی شام و عیراق و باکووری ئافریقا، گەلانی رەسەنی ناوچەکە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان کە زمانە لەدەستداوە، رەش بوونەوەتەوە، مەگەر لەسەر ئاستی چەند گرووپێکی بچووکی وەک هۆز و خێڵ و بنەماڵە نەبێت، یان لێرە و لەوێ کە تەنێ بۆ قسەکردن و بۆنە ئاینییەکان نەبێت بەکاری بهێنن، ئیستا ئەم گرووپە ئیتنیکیانە لە بۆتەی نەتەوەی سەردەست تواونەتەوە، تاڕادەیەک کوردیش هەمان چارەنووسی تراژیدی ئەو گەلانەی هەیە، بەڵام بە کەمێک جیاوازتر، ئەویش ناوچە جوگرافییە سەختەکەی و ئەدەبی زارەکی و هونەری میللی و فۆلکلۆرییەکەی توانی زمانەکەی بپارێزێت.
رۆژی جیهانیی زمانی دایک
رۆژی 21/2 ھەموو ساڵێک، وەکو رۆژی جیھانیی زمانی دایک لەلایەن رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان ناسراوە. ئەم رێکخراوە لە کۆنگرەیەکیدا لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٩، ئەو رۆژەی وەکو رۆژی جیھانیی زمانی دایک ناساند، لە ساڵی ٢٠٠٠یش، بۆ یەکەم جار ئەم رۆژە مێژوویی و جیھانییە یادی کرایەوە، یۆنسکۆ ھۆکاری ھەڵبژاردنی رۆژێکی جیھانیی بۆ زمانی دایک گەڕاندەوە بۆ ھاوکاریکردنی فرەچەشنی و فرەڕەنگی زمان و کەلتوورەکان، ھەر لەم روانگەیەوە کۆمەڵەی گشتی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، ساڵی 2008ی وەک ساڵی جیھانیی زمانەکان دەستنیشانکرد.
بە بۆنە بوونی ئەم رۆژە 21ی شوباتی رۆژی جیھانیی زمانی دایک، یونێسکۆ لە ساڵی 1999دا، بڕیاریدا کە 21ی شوبات کە بەرانبەرە بە٢ی رەشەمەیە، ببێتە «رۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایک.
رۆژی جیھانیی زمانی دایک ھەموو ساڵێک لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە یونێسکۆ، لە نووسینگەی سەرەکیی یونێسکۆوە لە پاریس یادی دەکرێتەوە بۆ پاڵپشتیی زمانی و کەلتوور و ھەمەچەشنیی زمانی. زۆر لە ساڵەکان ناودێر کراون، بۆ نموونە، ساڵی 2008 ناو نرابوو بە: «ساڵی نێونەتەوەیی زمان» ساڵی 2010 بە «ساڵی نێونەتەوەیی بۆ نزیکبوونەوەی فەرھەنگەکان» ناودێر کرابوو.
ئەم رۆژە لەلایەن چین و توێژە جۆر بەجۆرەکانەوە یادی دەکرێتەوە، لە خوێندنگەکان، لە پەرتووکخانەکان و بنکەکانی چالاکیی فەرھەنگی و کۆڕ و کۆمەڵی کەلتووری و وێژەیی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و ھەندێ شوێنی تر بۆنەکەی رێزی لێ دەگیرێت و قسە لەسەر مێژوو و بۆنەی سەرھەڵدانی رۆژی زمانی دایک دەکرێت. باس لە بایەخی زمانی دایک دەکرێت، وەک دەزانرێت زیاتر لە حەوت هەزار زمان لە دنیادا ھەیە، رەنگە تا کۆتایی ئەم سەدەیەش نزیکەی%90ی ئەو حەوت هەزار زمانە لەنێو بچن، زانایان و زمانناسان خەریکن پلان دادەنێن کە چی بکەن تا پێش لەو کارەساتە بگیرێت.
ئەم رۆژە جگە لە یونێسکۆ و وڵاتانی ئەندامی، لەلایەن خوێندنگەکان، کتێبخانەکان، کۆڕ و کۆمەڵە ھونەری و ئەدەبییەکانیش رێزی لێ دەگیرێت.
ئامارەکانی زمان
لە بەراییدا ئاماژەمان پێکرد ئێستا لە دنیادا نزیکەی حەوت هەزار زمان بوونی ھەیە، ھۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی کە ناکرێ ئامارێکی ورد لەو بارەیەوە بڵاو بکرێتەوە ئەوەیە کە سنوورەکانی نێوان زمان و زار-دیالێکت لە زۆر شوێندا بە تەواوی روون نین، لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا، ئەو راستییە لە جێگەی خۆیەتی کە زمان لە پڕۆسەیەکی مێژووییدا بووە بە بەشێک لە سروشتی مرۆڤ و تەنانەت دیارترین ھێڵی جیاکردنەوەی لە زیندەوەرەکانی دیکەش، کەواتە بە دەربڕینێک دەتوانین بڵێین کە زمانی زگماکی لە سروشتیترین داھێنراوەکانی مرۆڤە، لەوانەیە ھیچ دەستکردێکی دیکەی مرۆڤ ھێندەی زمان لە سروشتی مرۆڤەوە نزیک نەبێت.
پیەر بۆردیۆ فەیلەسوفی بونیاتگەرای فەڕەنسی لە لێکۆڵینەوە کۆمەڵناسییەکانیدا قورساییەکی زۆر بە زمان وەک سەرمایەیەکی رەمزی دەدات وەک پێکھێنەرێکی سەرەکیی ھێز لە مەیدانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا دەیناسێنێ، ئەو پێیوایە کە زمان تەنیا ھۆکاری پەیوەندی پێکەوەکردن نییە، بەڵکو بەستێنێکی سیاسیشە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکانی ھێز و دەسەڵات کە لەوێدا تاکەکان بە دوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەگەڕێن. پرسیاری سەرەکی لێرەدا واتای ئاخاوتن و دەربڕین نییە، بەڵکو پرسیار لەسەر ئەوەیە کە ئاخاوتن و دەربڕین چ ھێز و قورساییەکیان ھەیە، سەرنجی خوێنەر لەسەر رەوانبێژی و توانای قسەکردن دەگوازێتەوە بۆ سەرنج لەسەر سەرمایەی رەمزی وتەبێژ، کە پێگەی ئەو لەبونیاتی کۆمەڵایەتیدا دیاردەکات، واتە زمان لە نێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بیچم دەگرێ، نەک وەک ئامرازێک بۆ پێوەندی پێکەوەکردن، ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە زمان رەمزێکە کە لە رێگەی قسەپێکەرەکانییەوە دانی پێدا دەنرێت و لەو رێگەیەوە ھێز و دەسەڵات بە تاک و کۆمەڵ دەبەخشێت، واتە زمان لە نێوەندی دەسەڵاتدایە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە مرۆڤەکان لە رێگەی ئەزموونە دەرەکییەکانی خۆیانەوە دنیای دەرەوە ھەست پێدەکەن و لە رێگەی زمانەوە پەیوەندی لەگەڵ ئەو دنیایە دروست دەکەن، ئەزموونە دەرەکییەکان ئەو سەرمایە سێمبولیکیانەن کە ھەژموونی بە دەسەڵاتی زمان دەدەن، ئەگەر گرووپێک دەرفەتی وەسەریەکنانی سەرمایەی سێمبولیکی بۆ رەخسابێت، ئەوا لەزمانیشدا ھەژموونی ھەیە، ئەو سەرمایەیە دەکرێ پلەی بەرزی خوێندن، پێگەی سیاسی و ئابووری بێ کە زمانی قسەکەر دەباتە نێوەندی دەسەڵاتەوە.
چونکە خوێندن بە زمانی زگماکی یەکگرتوویی و ھاوپەیوەندی لەنێوان ئەندامەکانی نەتەوەیەکدا بەھێزتر دەکات و ئەو جەبرە مێژووییەی کە کوردەکانی بەسەر چەند وڵاتێکدا دابەشکردووە لاوازتر دەکات. منداڵێک کە یەکەم رۆژەکانی خۆی لە خوێندنگە دەستپێدەکات و تا ئەوکات لە رێگەی زمانی دایکەوە دنیای دەرەوەی خۆی ئەزموون کردووەو ناسیویەتی، لە پڕێکدا بە سەر ساختارێکدا دەکەوێت کە زمان دەکاتە بەربەستێک بۆھاتنە نێو سیستمی پەروەردەوە، دەبێ تووشی چ راچڵەکینێک بێت و چەندە توانا و کاتی خۆی ھەر بۆ ئەوە تەرخان بکات کە جارێکی دیکە بتوانێت لە رێگەی زمانێکی دیکەوە دنیای دەرەوەی خۆی ئەزموون بکاتەوە. ئەوە بێجگە لە ھەموو ئەو بەربەستە سیاسیی و ئابوورییانەی لە درێژەی خوێنددا دێنە پێش خوێندکارێکی کورد. بۆردیۆ بە روونی باس لەو رۆڵە پارۆدۆکسیکاڵەی سیستمی پەروەردە دەکات کە چۆن دەرفەت بە کۆمەڵێک دەدات سەرمایەی فەرھەنگی خۆیان ببەنە سەرێ و کۆمەڵێکیش دیکەش بێبەری بکرێن و بخرێنە پەراوێزەوە.
کەواتە زمان رۆڵێکی گرنگ و نێوەندگەرا لە یەکلاییکردنەوەی پرسەکاندا دەگێڕێت و ھێز لەزماندا بە مانای ھێز لە مەیدانەکانی سیاسەت و دەسەڵاتدایە، ھەر لەو سۆنگەیەوە زمانی زگماکی لە گوتاری ناسنامەخوازی کوردیدا قورسایی خۆی ھەیە. سەرەڕای ئەو ھەموو بەربەستانەی لەئاست خوێندنی زمانی زگماکیدا ھەیە، چالاکوانان، رۆشنبیران و ئەدیبانی کورد لە رێگەی کردنەوەی کۆمەڵێک نێوەند ھەم لە شارەکان و ھەم بەشێوەی ئۆنلاین ھەوڵی فێرکردنی زمانی زگماکییان بە نەوەی نوێ داوە، بەڵام بێبەریکردنی خوێندکاران لە خوێندن بە زمانی دایک بەشێوەیەکی دامەزراوەیی و لە رێگەی سیستمی پەروەردەوە، بێبەش کردنیانە لەوەسەریەکنانی سەرمایەی فەرھەنگی و ھاوکات بەرینتر بوونی ئەو کەلێنەی کە لە نێوان ژیانی رۆژانەی خوێندکارێک و خوێندنگاکەیدا ھەیە. زۆرن ئەوانەی کە لەگەڵ یەکەم رۆژی دەستپێکردنی خوێندندا لەگەڵ دنیایەکی نەناسراو بە ئەزموون و زمانی خۆیان رووبەڕوو دەبنەوە، بۆ زۆرێک لەوانە یەکەم جارە کە لەگەڵ دامەزراوەیەکی حکومیدا بەشێوەی راستەوخۆ دەکەونە پەیوەندییەوە و دەست و پەنجە لەگەڵ دنیایەکی نەناسراو و بێگانەدا نەرم دەکەن، پەیوەندییەک کە ھەر لە یەکەم بەریەککەوتندا ئاماژە بە ناتەبایی، ھەڵاواردن و چەوساندنەوە دەکات.
ھێشتا لەبەشەکانی دیکەی کوردستان زمانی کوردی وەک زمانی دایک بەفەرمی نەناسێنراوە، لە زۆر شوێن و ناوچەدا هەڕەشەی لە نێوچوونی لەسەرە، تەنانەت منداڵانی کورد ناچار دەکڕێن بە زمانی نەتەوەی باڵادەست بخوێنن.
زمانی کوردی و هەژموونی زمانی نەتەوەی باڵادەست
قەدەری کورد وا بووە کە نیشتمانەکەی لەلایەن گەلانی دراوسێ-وە داگیر و دابەشکراوە، هاوکات بە هۆکاری جیاواز زمانەکەشی لە بواری پەروەردە و فێرکردندا پەراوێزخراوە و پشتگوێ خراوە، دەرفەت بە رۆڵەکانی نەدراوە بەو زمانە بخوێنن، پتر زمانی نەتەوەی باڵادەست هەژموونی بەسەر زمان و هزرینی تاکی کورددا هەبووە، دوای هاتنی ئیسلام لەسەر دەستی عەرەبە جەنگاوەرەکان بۆ کوردستان زمانی عەرەبی بۆتە زمانی ئایینی خەڵک و دەرباری زۆربەی دەوڵەت و میرنشینە کوردییەکان. هەڵبەت دواتریش زمانەکانی فارسی و تورکی شوێنی زمانی عەرەبییان گرتۆتەوە لەو بەشانەی کە ئەوانی تێدا باڵادەست بوون. هەڵبەتە لە ناو کوردەکانی سۆڤیەتی جارانیش واتە لە ئەرمەنستان و گۆرجستان و ئازەربایجان و قەرغیزستان زمانی نەتەوەی باڵادەست هەژموونی بەسەر زمانی کوردەکانی ئەوێدا هەیە و تەنانەت بۆتە زمانی یەکەمی ئاخاوتنیان.
بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی گەلێک لە زمانەکان لەبەر دەسەڵاتی سەرەڕۆ و زەبرو زەنگ و روانینی نامرۆڤانەی نەتەوەیەکی سەردەست بۆ نەتەوەیەکی بندەستی دیکە، یان لەناو چوون و یان رێگە و دەرەتانێکی وایان بۆ گەشە و پێشکەوتنی خۆیان نەبووە، زمانی کوردی دووچاری هەمان کێشە بۆتەوە لەلایەن ئەو نەتەوانەی کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، هەر بۆ نموونەش رەوشی زمانی کوردانی باکوور جیاوازترە لە کوردانی باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاڤای کوردستان لەسەر پرسی زمان تراژیدیتر بووە، تا دەگات بە رۆژی ئەمڕۆ زمانی کوردی بە دەستووری تورکیا قەدەغەکراوە، لە کاتێکدا لەسەردەمە جیاوازەکانی دەسەڵاتی عیراقیشدا زمانی کوردی سەرباری پەراوێزیکی ئازادی لە ناوچە کوردنشینەکان، لە قوتابخانەکانی سلێمانی و هەولێر وانەی کوردی خوێنراوە، بەیناو بەینێکیش رۆژنامە و گۆڤار دەردەچوون، بەڵام بەگشتی زمانی کوردی دووچاری هەمان تراژیدیا بووە، لە مەسەلەی بە عەرەبکردنی زمانی کوردی لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردندا، بەتایبەتیش لەناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان وەک کەرکوک، خانەقین، مەندەلی، مەخموور و شنگال و شارۆچکەکانی پارێزگای نەینەواو هەروەها کوت و عیمارەی فەیلینشین کە بەسەدان هەزار کوردی لێ بەعەرەب کراوە.
هەر لەگەڵ دروستکردنی دەوڵەتی تازەی عیراق لەلایەن بریتانیاوە و دواتر بە ئەندامبوونی لە عوسبەی ئومەم لە ساڵی 1931، تا دەگات بە رێکەوتننامەی ئاداری ساڵی 1970، تاڕادەیەک لە ناوچە کوردییەکان زمانی کوردی رێگەپێدراو بووە، بەتایبەت لە دادگا و فەرمانگە حکومییەکان گفتوگۆی پێکراوە، گەشەکردنی زمانی کوردی (کوردی ناوەڕاست) کە بە هەڵە پێیدەڵێن کوردی سۆرانی، بە زۆر هەورازو نشێودا تێپەڕیوە. تا دەگات بە قۆناغی دوای راپەڕینی 1991 و کەوتنی رژێمی عیراق لە ساڵی 2003، هەڵبەتە لە باشووری کوردستاندا دەسکەوتی گەورە بۆ زمانی کوردی وەدی هاتووە، بەتایبەت کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی عیراقدا لە مانگی کانوونی دووەمی 2014دا، لەلایەن پەرلەمانی عیراق زمانی کوردی لەپاڵ زمانی عەرەبی بە فەرمی ناسێنرا، وێڕای هەبوونی دامودەزگاکانی پەروەردە و فێرکردن لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت لە هەندێ دەڤەری دەرەوەی هەرێمیش بە کوردی دەخوێنرێت.
پاشەکشەی گەشەکردنی زمانی کوردی
سەرباری کردنەوەی بەشی کوردی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا و کردنەوەی خوێندنی باڵا بۆ فێرخوازانی ماستەرو دکتۆرا لەسەر زمانی کوردی و هەروەها هەبوونی دەیان کەناڵی تەلەفزیۆنی لۆکالی و ئاسمانی، هەبوونی رۆژنامە و گۆڤارو چاپەمەنی زۆر، وەلێ هێشتا لەسەر ئاستی میدیا و پەروەردە و فێرکردندا چەندان گرفتی زمانەوانیمان هەیە وەک گرفتەکانی نەبوونی زمانێکی ستاندارد، فرە رێنووس و ئەلفابیتا، هەبوونی وشە و زاراوەی بیانی نەگونجاو لەناو زمانی نووسین و میدیاییدا، کە تا ئاستێکی بەرچاو بونیاتی رەسەنایەتی زمانەکەمانی شێواندووە، یان بوونی دەیان تێکست و کتێبی وەرگێڕدراو لە زمانە بیانییەکان بۆ زمانی کوردی کە بەداخەوە زۆربەی زۆریان بەسەقەتی وەرگێڕدراون و رەچاوی مەرجەکانی هونەری وەرگێڕانیان تێدا نەکراوە، ئەمانە هەر هەموویان کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەکردنی سروشتی زمانی کوردی هەبووە. گەرەکە ئاماژە بەوەش بکەین لەو ساڵانەی دوایی کە بایەخ بە خوێندنگە ئەهلی و تایبەتییەکان درا کە بە زمانە بیانییەکانی وەک ئینگلیزی و تورکی دەخوێنن، دیسان زمانی کوردی بە تەواوی پەراوێزخراوە ئێستا نەوەیەک لە منداڵانی کورد سەریهەڵداوە بە باشی کوردی نازانێت. بۆیە دەبینین هەژموونی زمانی نەتەوەی باڵادەست لە هەر بەشێکی کوردستاندا رۆڵێکی یەکجار نەرێنی گێڕاوە لە ئاسمیلەکردنی ناسنامەی رەسەنی زمان و کەلتووری کوردی و هەژموونی تەواوی بەسەر هزرینی تاک و کۆمەڵی کوردیدا سەپاندووە، تەنانەت تاڕادەی نکۆڵیکردن لە ناسنامە نەتەوەیەکەشی، کە ناسنامەی کوردبوونە.
هەروەها هەبوونی کەسانی نەشارەزا لە کەناڵە میدیاییەکان وەک رادیۆ و تەلەفزیۆنە لۆکاڵی و ئاسمانییەکان و هەبوونی دوو زاری سەرەکی و دوو رێنووسی جیاواز و نەبوونی فلتەرێکی زمانەوانی، وایکردووە جۆرێک لە ئاڵۆزی و ناحاڵی بوون بۆ زمانی کوردی و پڕۆسەی بە ستاندارکردنی دروست ببێت. لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش و لە عیراقدا زمانی کوردی رۆژ لە دوای رۆژ لە پاشەکشەدایە، لە ناوچە دابڕێندراوەکان، زۆر بە ئاشکرا زمانی کوردی لە خوێندنگاکان رووبەڕووی دژایەتی و پاشەکشە هاتووە. لە کاتی نووسینی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا هەواڵی ئەوە بڵاوبوویەوە کە کێشە بۆ زمانی کوردی لە خوێندنگاکاندا دروستکراوە. کە ئەمەشیان دەچێتە خانەی پێشیلکارییەکی تری دەستووری عیراق لە هەمبەر زمانی کوردیدا.
بایەخی بەڕەسمی ناساندنی زمانی کوردی
لەبارەی بایەخی ئەو یاسایەی کە لە رۆژی 7 كانونی دووهمی 2014 لە ئهنجومهنی نوێنهرانی عیراق دەرچووە زمانی کوردی و عەرەبی یەکسان تەماشا دەکات، کورد تا چەند دەتوانێت سوود لەو یاسایە وەرگرێت بۆ یەکخستن و پێشخستنی زمانەکەی لەو هەرێمەدا. بێگومان دەتوانین سوود لەو یاسایە وەربگرین، ئەویش لەسەر بنەمای کۆمەڵێک هەنگاوی گەورەی پڕاکتیکی لەوانەش هەوڵی جددی بدرێت جگە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، تەنانەت لەسەر ئاستی هەموو کوردستانی باشووردا، زمانی کوردی بکرێتە زمانی ستاندارد و بە زمانی رەسمی و پەروەردە و فێرکردن، نەک بە دوو زاری بادینی و سۆرانی بخوێندرێت، ئەرێ گەرەکە بایەخ بە شێوەزارەکانی بدرێت و رێگە لە خوێندن و نووسینی نەگیرێت، بەتایبەت لە بواری ئەدەبیات و راگەیاندن و چاپەمەنییەوە، نەک دوو زار کە لە واقیعدا دەبینین لە هەردوو ناوچەی سۆران و بادینان کاری پێدەکرێت، چونکە لەم قۆناغەدا دەکرێت ئەو زمانە ستانداردە کە ساڵەهایە لەسەر ئاستی پەروەردە و خوێندن و چاپەمەنی و راگەیاندندا خزمەتی زۆری پێکراوە. بکرێتە بناخەیەکی پتەو بۆ زمانی یەکگرتووی کوردی و کێشەی جووت ستانداردی و فرەیی چارەسەر بکات، دیارە بایەخی ئەم بە رەسمی ناساندنەش کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت بە سەر کورد و زمانەکانی دیکەی بەشەکانی کوردستان کە هێشتا بە رەسمی لە لایەن دەوڵەتەکان دانیان پێدانەنراوە.
هەر بۆ وەبیرهێنانەوەش له دانیشتنی رۆژی سێشهممهی رێکەوتی 7 كانونی دووهمی 2014 ئهنجومهنی نوێنهرانی عیراق لهسهر پڕۆژه یاسای زمانی رهسمی وڵات دهنگیدا، كه زمانی كوردی و عهرهبی به دوو زمانی رهسمی وڵات دهناسێنێت. بهپێی یاسایهكه ههر دوو زمانی كوردی و عهرهبی به دوو زمانی رهسمی وڵات دادهنرێن، له وتار و كاروباری رهسمی دهوڵهت و فهرمانگهكان، ههروهك زمانی توركمانی و سریانیش به دوو زمانی رهسمی لهو ناوچانه كاریان پێدهكرێت كه زۆرینهی دانیشتوانهكهی توركمان یان سریانن. عهلی شهلا سهرۆكی لیژنهی رۆشنبیری و راگهیاندنی ئهنجومهنی نوێنهرانی عیراق راگهیاند، ئهندامانی لیژنه و لیژنهكانی دیكهی پهرلهمانی ئهمڕۆ به رهسمی زمانی وڵاتیان له عیراق دهستنیشان كرد، وهك دهزانن عیراق وڵاتێكی خاوهن شارستانییه و پێمانوایه ئهو یاسایه هۆكاری هێز و فراوان بوونی شارستانیهتهكانی عیراقه به درێژایی مێژوو. به وتهی شهلا جێبهجێ كردنی یاسای زمانی رهسمی وڵات، ئاماژهیه بۆ ئهوهی كه عیراق وڵاتی دیموكراسییه و به كردار رێز لهسهرجهم پێكهاته جیاوازهكانی دهگرێت. پڕۆژه یاسای زمانی رهسمی وڵات كه ماوهی چهند مانگێكه خوێندنهوهی یهكهم و دووهمی بۆ كراوه و به یاسای سهرجهم پێكهاته جیاوازهكانی گهلانی عیراق ههژمار دهكرێت، پێشتر لهلایهن چهند لایهنێكی سیاسی له ئهنجومهنی نوێنهرانی عیراق رێگریی لێدهكرا دهنگدانی له سهربدرێت، ئهویش بههۆی ئهوهی كه دهنگی كورد لهپاڵ دهنگی عهرهبی به زمانی رهسمی وڵات داناوه. دیاره پڕۆژه یاسایهكه ههردوو زمانی كوردی و عهرهبی له خۆدهگرێت و ئهو ناكۆكی و كێشانهش دهخاته روو كه له كاتی دهنگدانهكهدا هاتوهته ئاراوه و ئاماژهش بۆ ئهو سوودانه دهكات كه له رێگهی ئهو قانوونهوه به گهلی كورد دهگات، “له دوایین دانیشتنی ئهنجومهنی نوێنهرانی عیراقدا و دوای هێنان و بردنێكی زۆر، توانییان قانوونی زمانه فهرمییهكان دهربچێنین و دهنگی له سهر بدرێت، له كاتێكدا ماوهی ههشت ساڵه ئهو قانوونه له نێو ئهنجومهنی نوێنهراندایه و ناهێڵن تێپهڕێت، خولی پێشوویش ههوڵیاندا ئهو قانوونه دهربچوێنن، بهڵام نهیانتوانی، لهم خولهشدا به قوڕسی و نهشتهرگهری قهیسهری توانییان ئهو قانوونه تێپهڕێنین، پێشتر دووجار خرابووه دهنگدانهوه و نهیانهێشت تێپهڕێت و ئهمهشیان جاری سێیهم بوو رۆژی شهممهی رابردووش لهگهڵ سهرۆكایهتی پهرلهمان داوایانكرد، كه ئهو قانوونه بخاته نێو كۆبوونهوهكانهوەو لهدوایین دانیشتندا خرایه نێو كۆبوونهوهكانهوه و دوای گفتوگۆیهكی زۆر به قوڕسی توانییان قانوونهكه تێپهڕێنین، مهبهستیش ئهوهیه ژمارهی ئهوانهی دهنگیان به ماددهكان دهدا زۆر نزیك بوو لهوانهی كه به نهخێر دهنگیاندا، بهڵام له بهرژهوهندی نوێنهرانی كورد تێپهڕی، ئهگهرچی له 18 مادددهدا دوو مادددهیان لهو ههمواركردنهوانهدا نهبوون كه دایانڕشتبوون، بهڵام گهڕانهوه بۆ دهقی قانوونه رهسهنهكهی ئهو دوومادددهیه، كه حكومهت كاتی خۆی بۆی دانابوو، بهشێوازێكی گشتی قانوونێكی باش بوو، راسته له سهداسهد له ئاستی خواستی كوردا نییه، بهڵام تاڕادهیهكی باش له ئاستی رهزامهندیدایه، بۆیه سهرۆكی ههر چوار كوتله كوردستانییهكه، كۆنگرهیهكی رۆژنامهنووسیان سازكرد و پیرۆزبایی و خۆشحاڵی خۆیان دهربڕی” ئهم قانوونه بۆ یهكهمجاره له مێژووی عیراقدا هاتووه له دوای قانونی مهحهلی زمانه رهسمییهكانی ناوی قانونەکە ئەمەیە:(قانونی اللغات المحلية) ساڵی 1931 كه لهسهردهمی مهلهكیدا دهرچووه و دوای ئهوهش ئهمه یهكهمجاره قانوونێك به ناوی قانوونی زمانه رهسمیهكان دهربچێت، راسته لهمادددهی 14 ئاماژهی بۆ كردوه، بهڵام بنهمای دهستووری ئهگهر بهقانوون رێكنهخرێت، كه خودی مادددی چواری دهستوور دهڵێت، پێویسته مهسهلهی قانوونی زمانه رهسمییهكان به قانوون رێكبخرێت، ئهگهر ئهو قانوونه دهرنهكرێت ناچێته بواری جێبهجێكردنهوه، ئهو قانوونه وادهكات بچێته بواری جێبهجێكردنهوه و حكومهت ناچار بكات كه جێبهجێیبكهن و له دوای 90 رۆژ دهبێت دهست بهجێبهجێكردنی بكات له دامودهزگاكانی حكومهت و ئهو شوێنانهی كه له قانوونهكهداهاتووه” سودێكی قانوونهكه ئهوهیه دهبێته هۆی دامهزراندنی دهیان و سهدان كهس له دامودهزگاكانی دهوڵهت له هاووڵاتیان، چونكه پێویستی به وهرگێڕ دهبێت بۆ كۆمهڵێك دۆكیۆمێنت، بهپێی ئهو قانوونه له نێو پهرلهماندا و ئهنجومهنی فیدراڵ و دادگای باڵای فیدڕاڵی و ئهنجومهنی وهزیراندا ههمووی زمانی كوردی و عهرهبی تێدا به كاربهێندرێت و بهڕهسمی له ههموو بڕیار و قانوونێكدا به كوردیش بنووسرێت، تهنانهت راگهیاندنی ئهو دهسهڵاتانهش وهكو ههموومان دهزانین دهسهڵاتهكان وهكو پهرلهمان و دادوهری و ئهوانیتریش راگهیاندنیان ههیه چ له سایت و رۆژنامه و میدیاكان دهبێت به ههردوو زمان بێت، له مادددهیهكی ئهم قانوونهشدا هاتووه و دهڵێت ئامانجی ئهم قانوونه ئهوهیه كه گرهنتی یهكسانی له نێوان زمانی كوردی و عهرهبی له رووی ماف و ئهركهوه رابگرێت، كه بۆ یهكهمجاره قانوونێك ئهم قسهیه بكات”روونیشی كردهوه “ئهو دوو مادددەیهی كه دهنگی پێنهدرا، ئهوه بوو كه داواكرا بوو زمانی كوردی لهسهرتاسهری عیراق بخوێندرێت، ئهو مادددهیه رێگهیان پێنهدرا تێپهڕێندرێت، دواتر لهلایهن لیژنهی پهروهردهوه ئهو ماددهیه تاوتوێ دهكرێت، چونكه ئهوان پێیان قوڕس بوو ئهو كاره بكرێت و پێویستی به توێژینهوهی زیاترههبوو، ماددهكهی تریش ئهو ماددهیهیه كه له سهرههمواركردنهكه بوو كه ئێمه كردبوومان، ئهوهش به شێوهیهك بوو به وردی باسی لهوه كردوه كه له چ شوێنێكدا زمانی كوردی بهكاربهێندرێت، وهكو تابلۆكانی هاتوچۆ و فڕۆكهخانهكان و بلیتی فڕۆكهكان ناونیشانی وهزارهتهكان و رهگهزنامه، ئهمانه به وردی باسیان لێوهكراوه.
زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا
لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لە پارێزگاکانی کوردستان و ئازەربایجانی رۆژاواو کرماشان و ئیلام و لورستان تا دەگات بە ناوچە کوردنشینەکانی خۆراسان لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێراندا، مۆزایکێکی جوانی زار و بنزارە کوردییەکان هەیە، هەر لە زاری کورمانجی کوردەکانی دەڤەری ورمێ و خۆراسان تا دەگات بە زاری موکریان و زاری لەکی و لوری و کەلهوڕی و گۆران لە دەڤەرە جیاوازەکانی ئوستانی کرماشان و ئیلام و لورستان وهەندی ناوچەی فارس-نشینیش وەک هەمەدان و شێراز و ئەسفەهان و رەشت، زارە کوردییەکان بوونیان هەیە، بەڵام لەوەتەی دەوڵەتی نوێی ئێران دامەزراوە، گەلی کوردیش وەک گەلانی غەیرە فارس کێشەی بەڕەسمی ناساندنی زمانەکەیان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەنددا هەبووە. هەر لە کۆنەوە هەناسەیەکی شۆینستانەی پانئێرانیزم هەیە کە گوایە کوردی زمان نییە و لە بنەڕەتدا زارێکی فارسییە، لەکاتێکدا دامەزراوە فەرهەنگییەکانی دەوڵەت بە هەموو جۆرێک نکۆڵی لە زمانی کوردی دەکەن و دەرفەت نادەن لە بوارەی پەروەردە و فێرکردن و میدیادا زمانی کوردی رۆڵی کارای خۆی بگێڕێت. هاوکات دامەزراوە دەوڵەتییەکان وەک ئەنجومەنی میراسی فەرهەنگی لە هەوڵی ئەوەدا بوونە کە زارە کوردییەکانی وەک لەکی و لوری وکەڵهوری و گۆران بە زمانی سەربەخۆ بناسێنن. دواجار بە پشت بەستن بە ماددەی 15دەستووری بنەڕەتی ئێران پڕۆژەیەک لەبارەی پەروەردە و خوێندنی زمانی زگماک پڕۆژەی (زمانی کەمینە نەتەوەکانی ئێران) لەلایەن نوخبەیەک لە زمانناسان و رووناکبیرانی کورد گەڵاڵە کرا.
بەر لە سێ ساڵ بە پشت بەستن بە ماددەی 15دەستووری بنەڕەتی ئێران پڕۆژەیەک لەبارەی پەروەردە و خوێندنی زمانی زگماک (زمانی کەمینە نەتەوەکانی ئێران) لەلایەن نوخبەیەک لە زمانناسان و رووناکبیرانی کورد گەڵاڵە کرا. مخابن فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی، بە زۆرینەی دەنگ فێرکردنی زمانی زگماکی لە ئێرانی رەتکردەوە و ئەو مەسەلەی وەک پیلانێک دژ بە زمانی فارسیی لەقەڵەم دا.
«محەمەدعەلی موەحید» ئەندامی «فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی»، لە کۆبوونەوەی دامەزراوەکەدا، دژەکردەوەی توندی بەرانبەر بە بەڵێنی دەوڵەتی رووحانی بۆ رێگەدان بە فێرکردنی زمانی زگماکی نیشاندا و گوتی کە «ئێمە زمانێکی ستانداردمان هەیە کە زمانی فەرمییە[مەبەست فارسی]، با دەوڵەت دەست لە دۆزی فێرکردنی زمانە خۆجێییەکان وەرنەدات.»
بە گوێرەی هەواڵدەری مێهر، «محەمەد دەبیر موقەدەم»، ئەندامێکی دیکەی فەرهەنگستانی ئاماژە پێکراو، وێڕای رەتکردنەوەی پڕۆژەی فێرکردنی زمانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران، تەنیا توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر زمانە «خۆجێییەکان»ی بە گرنگ وەسف کرد و گوتی کە «ئەوەندە بەسە.»
«فەتحولڵا موجتەبایی» ئەندامێکی تری فەرهەنگستان، بابەتی «فێرکردنی زمانی زگماکی» بە پیلانێک دژ بە زمانی فارسی لەقەڵەم دا و «غوڵامعەلی حەداد عادڵ» سەرۆکی فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسیش، زمانی فارسی وەک سەرمایەی نەتەوەیی پێناسەکرد و هۆشداری بە دەوڵەت دا کە نەکا ئەو سەرمایە نەتەوەییە بۆ سەرکەوتنی کاتی و بێ سوود سەرف بکات. دژایەتیکردنی فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی سەبارەت بە ئەگەری رێگەدان بە خوێندنی زمانی کوردی، تورکی و باقی زمانە نافەرمییەکانی ئێران لە کاتێکدایە کە هەر لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بەرنامە بۆ پەرەپێدانی هەرچی زیاتری زمانی فارسی خرایە بەر باس.
بۆ نمونە فەرهەنگستان بە نیازە، چەند کاتژمێری تر لە بەرنامەی هەفتانەی خوێندکاران بە فێربوونی باشتری فارسی لە رێگەی خوێندنەوەی کتێب و نووسینی ئینشا تەرخان بکات، سەدان وشەی بە گوتەی ئەوان «بێگانە»لە ناوەڕۆکی کتێبە دەرسییەکان بسڕێتەوە و وشەی «فارسی»یان لەجێگە دابنێ و لە رێگەی دامەزراوەیەکی تر بەناوی «بنیادی سەعدی»یەوە پەرەی زیاتر بە فێرکردن و گەشەسەندنی زمانی فارسی لە دەرەوەی ئێران بدات. ئەو هەڵوێستەی فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی دژ بە زمانی زگماکی باقی نەتەوەکانی ناو ئێران لەکاتێکدایە کە کاربەدەستانی دەوڵەتی حەسەن روحانی، لەم دواییانەدا، باسیان لە ئەگەری مۆڵەت پێدرانی سنوورداری پەروەردە و فێرکردنی زمانە زگماکییەکان دابوو. بەڵێنییەک کە سەرەڕای گونجانی لە دەستووری بنەڕەتیی ئێراندا، لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی پشتگوێ خراوە و بگرە هەر کەس ئەو خواستەی هێنابێتە سەر زمان وەک «جوداخواز»،»نەتەوەپەرست» و هتد…ناساند. دیارە ئامانجیش لەوە کە فەرهەنگستانی ئێران کە بەکارهێنانی زمانی زگماک قەدەغە دەکات، تواندنەوەی زمانەکانی گەلانی رەسەنی ئێرانە بەتایبەتیش زمانەکانی کوردی و بلوچی و گیلەکی دەکەوێتە بەر شاڵاوی نکۆڵی لێکردن و توانەوە. چونکە تاڕادەیەک ئەم دژایەتی کردنە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر زمانی نەتەوەکانی وەک عەرەب و تورکە ئازەرییەکان نابێت. ئەویش سەبارەت بەوەی کە ئەو دوو نەتەوەیە خاوەنی قەوارەی سیاسی خۆیانن و لە وڵاتەکانی خۆیاندا دەمێکە زمانەکەیان بۆتە فەرمی و کاری پێدەکرێت، هەر ئەم هۆکارەشە کە دەوڵەتی ئێران زمانی فارسی دەکات بە زمانی باڵا دەست و ڕەسمی وڵات.
زمانی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیادا
لە باکووری کوردستاندا دوو زاری سەرەکی کوردی هەیە ئەوانیش کورمانجی و دملکی (زازاکی)، نزیکەی سەدەیەکە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە بەرنامە و ئەجێندای تایبەت دژایەتی زمانی کوردی لەو بەشەی کوردستان کراوە، تاڕادەیەکی زۆریش لە ناوەندی باژێڕەکاندا ئاسمیلە کراوە، زمانی کوردی لەو وڵاتە لە رەوشێکی تراژیدیدایە تا ئاستی لەبیرچوونەوە، لەسەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیای نوێ لەساڵی 1925 بە بڕیاری کەمال ئەتاتورک، بە قانون زمانی کوردی قەدەغەکرا، تەنانەت چەندان بەڵگە و دۆکۆمێنت هەن دەیسەلمێنن کە چۆن هاووڵاتی کورد لەسەر قسەکردن بە زمانی کوردی سزای ماڵی یان بەند کردن، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا بەڵگە هەن خەڵك لەسەر بەکارهینانی چەند وشەیەکی کوردی سزای قوڕس دراون. لەو ساڵانەی دوایی بەتایبەت لە ساڵی 2002 کە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان و حکومەتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆگانەوە پڕۆسەی ئاشتی بەڕێوەچوو، تاڕادەیەک زمان و فەرهەنگی کوردی پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوەبینی و چەندان ناوەند و ئینستیوتی زمان و فەرهەنگی کوردی دامەزران و چەندان رۆژنامە و گۆڤار بە زمانی کوردی هاتنە وەشاندن، تەنانەت دەوڵەت کەناڵێکی ئاسمانی بە زمانی کوردی بە ناوی (تەرەتە کوردی) رێگەی پەخشی پێدرا، دیسان مخابن دوای هەڵایسانی شەڕی دەوڵەت لەگەڵ کورد هەرچی ناوەندی کەلتووری و رۆژنامە و گۆڤارو رادیۆ و تەلەفزیۆنی لۆکاڵی هەبوون داخران و تەنانەت زۆر لە کادیرو فەرمانبەرەکانیانەوە گیران، یان لە وەزیفە دەرکران.
ژمارەیەکی بەرچاوی هاووڵاتیانی کورد لە شارە تورکنشینەکانی وەک ئەستانبول و ئەزمیر و ئەنقەرە دەژین کە نزیکەی دەگات چوار بۆ پێنج ملیۆن کورد، دیارە ئەم رێژەیە کوردیش لەبەر چاو نەگیراوە کە چۆن لە ئێستاو داهاتوودا دەبێت مافی خوێندنیان بە زمانی دایک هەبێت.
هەبوونی ئەلفابیتایەکی جیاواز زیانێکی زۆری بە داهاتووی زمانی کوردی گەیاندووە، وای کردووە کە هاووڵاتیانی ناوچە جیاوازەکان بە زەحمەت لە یەکتر حاڵی بن، تەنانەت لەسەر ئاستی ئیلیەتی خوێنەوارو رۆشنبیرانیش لەیەکتر نەگەن و بەرهەمە ئەدەبی و هزرییەکانی یەکتر نەخوێننەوە. ئەم جیاوازییە بە ئاشکرا لای ئیلیتەو خوێنەرانی کوردی باکوور و بەشەکانی دی بەرچاو دەکەوێت.
زمانی کوردی لە رۆژئاڤای کوردستان و سوریادا
لەسەردەمە جیاوازەکانی دەسەڵاتی عەرەبی سوریا، زمانی کوردی لەو بەشەی کوردستانیش دووچاری نکۆڵی لێ کردن و ئاسمیلە بوون بووە، لەمەسەلەی بەعەرەب کردنی بوارەکانی پەروەردە و فێرکردندا، بەتایبەتیش لەناوچەکانی جزیرە و عەفریندا، بەهیچ شێوەیەک رێگە بە ئاخێوەرانی کوردی نەدراوە بیر لەوە بکەنەوە بە زمانی کوردی بخوێنن و بنووسن. مەگەر لێرەو لەوێ بە نهێنی رۆژنامەیەک یان گۆڤارێک کە بە زۆریش بە زمانی عەرەبی لەلایەن رووناکبیرانی کوردەوە دەرچووبێت، ئێستا لەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی سەربەخۆن لە رۆژئاڤای کوردستاندا ماون، زمانی کوردی لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکرددا گەشەکردنی بەرچاوی بە خۆیوە بینیوە.
ئەنجام
زمانی کوردی وەک زمانی هەر نەتەوەیەکی سەر رووی ئەو زەمینە جوگرافیایەکی بەرفراوانی هەیە و نزیکەی چل ملیۆن کەس ئاخێوەریەتی و بۆ چەندان زار و بنزاریش دابەشبووە، ئەمەش بیانگە و هاندەرێک بووە کە نەتەوەی باڵادەست و دەسەڵاتدار نکۆڵی لە زمانی کوردی بکەن، هاوکاتیش بە پلان و بەرنامەی تۆکمە زارەکانی زمانی کوردی وەک زمانێکی سەربەخۆ بناسێنێن، هەروەک لە تورکیا هەوڵی ئەوە دراوە کە زاری دملکی-زازاکی بە زمانێکی سەربەخۆ و نەتەوەیەکی جیاواز لە کورد بناسرێت، هەمان شت لە ئێرانیشدا کار بۆ زارەکانی لەکی و لوڕی و هەورامی کراوە کە لە زمانی دایک کە کوردییە دایبڕێنن. ئێستا هەوڵێک هەیە لە عیراقیشدا کوردانی ئیزەدی و شەبەک لە کورد دابڕێنن، وەکو زمان و نەتەوەیەکی جیاواز لە کورد بناسێنن، راستە ئێمەی کورد قوربانی جوگرافیای سروشتی کوردستانین، نەتەوەی سەردەست زۆر بە توندی زمانەکەیان لەبوارەکانی پەروەردە و فێرکردن لێ قەدەغە کردووین. بەڵام خۆشبەختانە هەر چیاکانیش پشتوپەنامان بوون زمانەکەیان پاراستووین. دەبینین هەتا ئەوڕۆش دایکی کورد لەهەر بستێکی جوگرافیای پان و بەرینی زمانەکەمان، منداڵەکانی بە زمانی شیرینی کوردی گەورە دەکات.
زمانی کوردی بەم هەموو زارانەوە، بەتایبەتیش هەردوو زاری کوردی باکورو کوردی ناوەڕاست یان (کرمانجی باکوور و باشوور)، ئەگەر لە داهاتوویەکی نزیکدا کاری جددی و دڵسۆزانەی بۆ بە یەکگرتووکردنی بۆ نەکرێت و لەسەر ئاستی کەسانی شارەزاو پسپۆڕ و دوور لە دەمارگیری ناوچەگەریی چی دەبێت و بە کوێ دەگات. پرسیارێکە رووبەڕووی دەزگا کەلتووری و ئەکادیمیەکان و بەشە کوردییەکانی زانستگاکانی کوردستان و کەسانی پسپۆڕ و شارەزا دەکرێن. ئێستا زمانی کوردی لەسەر ئاستەکانی پەروەردەو فێرکردندا بە رەوشێکی خراپ تێدەپەڕێت، کە ئەمەش بۆ خۆی پێشلکاری دەستووری عیراق و بڕیاری بە رەسمی ناساندنی زمانی کوردییە لە عیراقدا.
زمانی کوردی زمانی چوارەمین نەتەوەیە لە دوای زمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی، زمانی نەتەوەیەکی پتر لە چل ملیۆنییە و جوگرافیای زمانی کوردی بەرفراوانە و نەتەوەکەش بە زیندوویی دهمێنێتهوه، لەئێستادا پاشەکشەیەک لە گەشەکردنی زمانەکەماندا هەیە، بەڵام گەرەکە لە داهاتوویهكی نزیكدا دهزگا ئهكادیمیهكان و ناوەندە رۆشنبیرییهكانی كوردستان زیاتر بایهخ به شارهزاو پسپۆرهكانی ناوهو دهرهوهی وڵات بدهن، به سازدانی كۆنگره و سیمیناری زانستی بۆ لێك نزیكکردنهوهی زارە سهرهكییهكانی زمانی كوردی و دانانی فەرهەنگی هاوبهشی شێوهزاره جیاوازهكان و پاككردنهوهی زمانهكهمان له ژێر هەژموون و باندۆری زمانه بیانییهكان بهتایبهتی هەژموونی زمانی نەتەوەی باڵادەست، ههروهها رێككهوتن لهسهر زمانێكی ستاندارد بۆ ههموو گهلی كوردستان، بۆئهوهی لێرهدا خزمهتی زێتر به گهل و نیشتمان بكهن. ههروهها خولی رۆشنبیریی رێكخراوهكانی زمانناسی بۆ پهرهپێدانی زمانی كوردی بهردهوام بێت وپسپۆڕانی لایهنه كێشهدارهكانی زمانی كوردی دهوڵهمهند بكهن و حكومهت پاڵپشتی زیاتری ئهم جۆره پڕۆژه زانستیانه بكات.
*سەرۆکی رێکخراوی خانی بۆ لێکۆڵینەوەی هزری.
سەرچاوەکان:
1- مانفیستۆی رۆژی جیهانی زمانی دایک نووسین و ئامادەکردنی- دیاکۆ هاشمی- یاگەی زمانی کوردی یونسکۆ (ڕێکخراوی پهروهردهیی، زانستی و فهرههنگیی نهتهوه یهکگرتووهکان)- 2019 – سوید.
2- زمانی کوردی و دیالێکتەکانی- توێژینەوەیەکی جوگرافییە، نووسینی د. فوئاد حەمە خورشید- وەرگێڕانی بۆ کوردی-سوداد رەسوڵ-هەولێر ٢٠١٧
3- رەوشا زمانێ کوردی ل رۆژاواڤایێ کوردستانێ-م. مستەفا رەشید- توێژینەوەکانی کۆنفرانسی زمانی کوردی-ئەکادیمیای کوردی-هەولێر 2011
4- کتێبی کوردۆلۆجی – سەلام ناوخۆش، نەریمان عەبدوڵڵا و ئیدریس عەبدوڵڵا- ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، چاپی یەكەم (2016)
5- به ستاندارکردنی زمان و ئه لفوبیی کوردی ره فیق سابیر.
6- کورتە باسێک سەبارەت بە زبانناسی کوردی و رێزمان سمکۆ ئەبرام.Zimani Kurdi interview with Amir Hassanpour/ دیمانەیەک سەبارەت بە زمانی کوردی.یوتوپ
7- جنکینز، ریچارد (Richard Jenkins) «پییر بوردیو»، ترجمه لیلا جوافشانی و حسن چاوشیان، چاپ اول، 1385، نشر نی
8- «-آثار و اندیشه پیر بوردیو بررسی میشود.». خبرگزاری مهر. بازبینیشده در 25 فوریه 2008.
9- وتووێژ لە گەڵ م. رامان خۆرەسانی و مەجید سپەهرەی لەبارەی زمانی کوردەکانی خۆرەسانی – مەشهەد-2018
10-وتووێژ لەگەل سەرنووسەر رۆژنامەیرییا تازە م. مرازێ جەمال لەبارەی زمانی کوردەکانی ئەرمەنستان و گۆرجستان-2017
130 جار بینراوە