سەرەکی » راپۆرت » چیا سابیر باس لە داهێنانەکانی دەکات

گەنجانی داهێنەر

چیا سابیر باس لە داهێنانەکانی دەکات

ئامادەکردنی: پشتیوان محەمەد

چیا سابیر، نمونەی سەدان گەنجی داهێنەری كوردستانە، لەچاوەڕوانی ئەوەدایە حكومەت پشتگیریی و هاوكاریی بكات، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە بوارە جۆراوجۆرەکانی داهێناندا شوێن دەستی دیار بێت.
چیا گەنجێكی داهێنەری كوردە، دانیشتووی گوندی «شێردەرە»ی ناحیەی تەكیەی جەبارییە، هەر لە منداڵییەوە خولیای دروستكردنی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و كەرەستە سەربازییەكانی هەبووە، بەو ئامێرە ناوازانەی دروستی كردوون لەقۆناغەكانی خوێندنیدا بەشداریی چالاكییە هونەرییەكانی كردووە.

چیا یەکێکە لەو گەنجە داهێنەرانەی کە دەستێکی باشی هەیە لە دروستکردنی ئامێری ئەلیکترۆنیدا، وەک گەنجێک باس لە داهێنانەکانی خۆی بۆ رۆژنامەی کوردستانی نوێ دەکات و دەڵێت: لە رابردوودا خەونی زۆرم هەبووە، ئێستاش هەندێك لە خەونەكانم كردووە بەڕاستی و توانیوومە ئەوەی مەبەستم بووە هەندێكیان دروست بكەم.

چیا چەندین ئامێری دروستکردووە
وتیشی: لەماوەی كەرەنتینەدا توانیم ئەو بۆشاییەی هەمبوو پڕیان بكەمەوە بە دروستكردنی چەند ئامرازێكی پێویست، لەوانە توانیم هەلیكۆپتەرێكی جەنگی دروست بكەم، سەرەتا بۆ فڕین ئامادەم كرد، بەهۆی رێگریكردن لە فڕین و جووڵە پێكردنی لەلایەن حكومەتەوە، نەمتوانی كاری پێبكەم، ناچار هەرچی پێداویستییەكانی فڕین و كارپێكردنیم دەرهێنا، ئێستا بۆ جوانی لەبەردەم چێشتخانەیەك لە ناحیەی تەكییەی كاكەمەند بۆ جوانی دانراوە و خەڵكی دێن وێنەی یادگاری لەگەڵدا دەگرن.

باس لەوەش دەکات: ئێستا سێ مۆلیدەی كارەبایی جیاوازم دروستكردووە، لەوانە مۆلیدەیەك بە هەوا كاردەكات لەتوانایدا هەیە 10 ئەمپێر كارەبا دابین بكات، بەڵام ئەم مۆلیدەیە بۆ هەموو شوێنێك نابێت، تەنها بۆ ئەو شوێنانە گونجاوە بەردەوام بای بەهێزی هەیە.

مۆلیدەیەكی دیكەیان بە وزەی خۆر كاردەكات 21 ئەمپێر كارەبا دابین دەكات و گونجاوە بۆ هەموو شوێنێك، مۆلیدەیەكی دیكەم دروستكردووە، بە ئاو كاردەكات ئەویش دەتوانێت لەئێستادا 15 ئەمپێر كارەبا دابین بكات، تاكو پارەی زیاتریان بۆ دابین بكەم دەتوانم پڕۆژەكان پەرە پێ بدەم و زۆرترین كارەبا بەرهەم بهێنم، بەڵام بەهۆی هاوكارینەكردنی حكومەتەوە نەمتوانیووە پەرە بەداهێنانەكانم بدەم و فراوانیان بكەم.

داوای هاوکاری لە حکومەت دەکات
چیا سابیر وتیشی: بۆ ئەوەی من بەردەوامبم وەك هاوكارییەك لە چێشتخانەیەكدا رێگەم پێدراوە كارە هونەرییەكانم لەشێوەی جوانكاری نمایش بكەم، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆكار تا بتوانم داهێنانەكانم پەرەپێبدەم و بیانخەمە خزمەتەوە، هیوادارم حكومەت بتوانێت داهێنەران كۆبكاتەوە و سوود لەتواناكانمان وەربگرێت، بێگومان ئێمەش دەتوانین كوردستانمان بەرەو پێشەوە بەرین و ببینە خاوەن داهێنانی خۆمان.

خزمەت بە شۆفێرانیش دەکات
ئەو گەنجە داهێنەرە باسی لە كارێكی خۆی كرد كە لە هەولێر كردوویەتی و بەشێك لە شۆفێران لێی سوودمەند بوون: لەماوەی رابردوودا توانیم داهێنانێك بۆ شۆفێران بدۆزمەوە لە رێگەی مۆبایلەوە كار بە ئۆتۆمبیل بكرێت یاخود كاتێك سیوچ لە نێو ئۆتۆمبێلێكدا جێدەهێڵدرێت لە رێگەی مۆبایلەوە جامەكانی دادەدرێتەوە بەبێ ئەوەی زیان بە ئۆتۆمبێلەكە بگەیەندرێت، بەڵام ئاسایشی هەولێر رێگریان لێكردم و نەمتوانی لەسەر ئەو داهێنانە بەردەوامبم.

باس لە داهێنانە سەربازییەکان دەکات
ئاماژەی بەوەشدا: دەتوانم لە رووی سەربازییەوە داهێنانی زۆر بكەم وەك دروستكردنی فڕۆكەی بێ فڕكەوان و ئۆتۆمبێل بۆ دۆزینەوەی مین و هەڵگرتنەوەی مین و پاراستن و گواستنەوەی برینداران و تەرمی شەهیدان، بۆئەوەش چەندین ئامێرم دروستكردووە و لە پیشانگایەكی نێودەوڵەتی لە بەغدا نمایشم كردن، تەواوی كارەكانم ببوونە جێگەی سەرسوڕمانی ئامادەبووان.

دەشڵێت: ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتم بدات و حكومەت هاوكاری جددیم بێت، دەتوانم خزمەتێكی باشی سەربازی بكەم بۆ پاراستنی هێزی پێشمەرگە و سەركەوتن بەسەر دوژمن و دۆزینەوە و ئاشكراكردنی مۆڵگەكانی دووژمن، بەڵام بەداخەوە تاكو ئێستا حكومەت هاوكاری نەكردووم و رێگریشە لەوەی بتوانم داهێنانەكانم پەرەپێبدەم و بگەم بەو خەونانەی كە هەمە.

جێی باسە لە كوردستاندا سەدان گەنجی داهێنەر هەن هەریەك لە بوارێكدا دەتوانن كوردستان لە رووی ئابووریی و پێشكەوتنەوە بەرەو پێشەوەی بەرن.

 100 جار بینراوە