سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » شەمسە و لەتیفە و مەریخ!

شەمسە و لەتیفە و مەریخ!

دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتوو، وڵاتێکە لەزۆر بواردا پێشکەوتووە، ژیان لەو وڵاتە لە ئاستێکی بەرزی بژێویدایە، بەدڵنییاییەوە نەداریشی تیایە. لەسەدا ھەشتا و حەوتی دانیشتووانەکەی خەڵکی بیانین. سەرنجی جیھانی بەلای خۆیدا راکێشاوە بەتایبەتی لەرووی بوونی تەلاری سەرنجڕاکێش و ئوتێلی پێنج ئەستێرە و ریستۆرانی تایبەت وشوێنی زۆر و زەوەندی گەشتوگوزار. لەھەمان کاتدا حکومەتی ئەو وڵاتە گرنگییەکی زۆریشی داوە بە بواری زانست و وەرزش و بوارە گرنگەکانی تری ژیان.

لەو چوارچێوەیەدا لەماوەی ھەشت مانگی رابردوودا لە ئیمارات باس ھەر باسی ھەسارە سوورەرەکە بوو، مەریخ. ئیمارات لە سەنتەری محەمەدی کوڕی راشد ئال مەکتوم، بە ھاوکاری دامەزراوەی ئیمارات بۆ زانست و تەکنیکی پێشکەوتوو بە ھاوکاری سێ زانکۆی ئەمریکا و ئاژانسی ناسا، مسبارێکی گەڕان و پشکنینی دروست کرد و لە بنکەی ئاسمانی تانیگاشیما لە ژاپۆن، ھەڵدرا بۆ ئاسمان و لە نۆی مانگی شوبات گەیشتە خولگەی مەریخ و کەوتە وێنە ناردن. ئەمەش کارێکی زانستیی گرنگە و جێی پێزانینە.

بەڵام وێڕای ھەموو ئەو کارە باشانە، ئیمارات و سەرکردەکانی لە ھەندێ کاری نەشیاو بێبەریی نین! ئیمارات خۆی لە چەند وڵاتێکی عەرەبی دەستوەردانی کردووە، لە یەمەن دەستی گرتووە بەسەر دورگەی سوکەترەدا و ھاوکاریی سعودیە دەکات لەشەر دژی حوسییەکان ، لەسوریا ھاوکاریی ھەندێ گروپی چەکدار دەکات، لەعیراق پێگەی ھەیە. لەھەمان کاتدا شێخ محەمەد بن زایدی ئال مەکتوم ھەندێ گرفتی کۆمەڵایەتی ھەیە کە بۆتە چێی قسەو باس لەسەر ئاستی چیھان .

ماوەیەک لەمەوبەر شازادە ھەیای کچی حسێن کچی پاشای کۆچ کردووی ئوردن، لە دادگایەکی لەندن شکاتی لێکرد بۆ ئەوەی منداڵەکانی لێ وەربگرێتەوە پاش جیابوونەوەیان و بەپێی سەرچاوەکان، ھەیا لەلایەن شێخ محەمەدەوە ھەڕەشەی لێکرابوو.

چەند رۆژێکیش لەمەوبەر تەلەفزیۆنی بی بی سی راپۆرتێکی درێژی لەبارە لەتیفەی کچی شێخ محەمەد بڵاوکردەوە و باسی لە بارودۆخی خراپی ژیانی لەتیفە دەکرد و گومانیشی لەوە ھەبوو کە لە ژیاندا مابێت بەھۆی ئەوەی لەتیفە لە ٢٠١٨ ەوە دەنگ وباسی نییە، پاش ئەوەی ھێزێکی کۆماندۆی ئیماراتی لە کەناراوەکانی ھیندستان لە یەختە تایبەتەکەیدا گرتیان و گێڕایانەوە بۆ ئیمارات و لەو کاتەوە لەلایەن باوکییەوە دەست بەسەرە، بەھۆی ئەوەی ھەوڵی راکردنی دابوو بۆ خۆ رزگارکردن لەو ژیانەی کە خۆی بە جەھەنەمی وەسف کردووە. کێشەی شێخە لەتیفە رێکخراوی ھیومان رایتس ۆچیشی ھێنایە دەنگ و داوای لە ئیمارات کرد کە ژیانی لەتیفە و شەمسەی خوشکی پارێزراوبێت.

شەمسەی شێخ محەمەدی خوشکی لەتیفەش چەند ساڵێک لەمەوبەر، لەناوچەی ساری لە لەندەن لە کۆشکەکەی خۆیان رایکرد بە ئومێدی ئەوەی خۆی لەو ژیانەی ئەو بەناخۆش وەسفی کردبوو، رزگاربکات، بەڵام پاش دوو مانگ تیمێکی تایبەتی ئیماراتی لە بەریتانیا گرتیان و بەدەست بەسەری بردیانەوە بۆ ئیمارات و ئەویش ئێستا وەک شەمسەی خوشکی دەستبەسەرە و گرتن و رفاندنەکەشی لە بەریتانیا ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا.

ئێستا ھەردوو خوشک ، شەمسە و لەتیفە، بە پێچەوانەی ھەسارەی مەریخەوە، چارەنووسیان نادیارە، لەکاتێکدا ئەو ھەسارەیە رۆژانە سەدان وێنەی دەگاتە سەر زەوی!

 142 جار بینراوە