سەرەکی » دۆسێ » یەمەن: جوداخوازەكان بارەگای حكومەت لە عەدەن كۆنترۆڵ دەكەنپەڕە 2

بە كودەتا وەسف دەكرێت

یەمەن: جوداخوازەكان بارەگای حكومەت لە عەدەن كۆنترۆڵ دەكەن

جوداخوازەكان لە یەمەن، بارەگای حكومەت (لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە) كۆنترۆڵ دەكەن و ژمارەیەك لە لایەنگرانی حكومەتیش بەدیل دەگرن، بە گوتەی سەرچاوەكانیش، لەو هەوڵەدا ژمارەیەك لە هەردوولا كوژراون.
لە 28ی كانوونی دووەمی رابردوو، جوداخوازەكان دەستییان بەسەر بارەگای حكومەتدا گرت، و لە ئەنجامی پێكداهەڵپژانیشیاندا لەگەڵ لایەنگرانی حكومەت، چوار كەس لە پاسەوانانی بارەگاكە كوژران و دوو جوداخوازیش كوژرا، ئەم هەوڵە لەلایەن ئەحمەد بن دەغر سەرۆك وەزیرانەوە، بە كودەتا لەلایەن جوداخوازەكانەوە وەسفكرا و داوایشی لە سعودیە و ئیمارات كردبوو بكەونە خۆیان و شارەكە لەو رەوشەی تێیكەوتووە رزگار بكەن.
بەپێی سەرچاوەكان لە باشووری یەمەن، لەئەنجامی پێكداهەڵپژانی نێوان جوداخوازان و لایەنگرانی حكومەتی دانپێدانراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، شەش كەس لە هەردوولا كوژران.
ئەحمەد بن دەغر سەرۆك وەزیرانی یەمەن، جوداخوازەكانی بە ئەنجامدانی كودەتا لە عەدەن تۆمەتبار كردبوو، داوایشی لە هاوپەیمانی عەرەبی و بە تایبەتیش سعودیە و ئیمارات كردبوو، بكەونە خۆیان شارەكە لەو رەوشەی تێیكەوتووە، رزگاربكەن.
بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكانی وڵاتەكە، ئەو هێزانەی بە «حیزامی ئەمنی» دەناسرێن و پشتیوانی لە جوداخوازەكان دەكەن، توانیان دەستبگرن بەسەر بارەگای حكومەت و دەیان پاسەوانی سەر بە هێزەكانی حكومەتی دانپێدانراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەدیل بگرن.
بە گوتەی سەرچاوە ئەمنییەكان وەك ئاژانسی (فرانس 24) ئاماژەی پێكردبوو، پێكدادانەكان لە سەرلەبەیانی یەك شەممەی رابردوو دەستییان پێكرد، كاتێك هێزەكانی سەر بە عەبد رەبە مەنسور هادی سەرۆكی یەمەن رێگەیان نەدا خۆپیشاندەرە جوداخوازەكان بچنە نێو شاری عەدەن.
هەر بەپێی ئەو سەرچاوانە، پێكداهەڵپژانەكان لەنێوان هێزەكانی سەر بە حكومەتی دانپێدانراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەگەڵ بزوتنەوەی جوداخوازیدا رویاندا و بەخێرایی ئەو پێكداهەڵپژانانە تەشەنەیان كرد و چەند ناوچەیەكیان لە ناوەڕاستی عەدەن و ناوچەكانی تر گرتەوە.
بە گوێرەی هەواڵ، لە ئەنجامی شەڕوپێكدادانەكاندا چوار سەربازی سەر بە هێزە حكومییەكان كوژراون و دوو چەكداریی سەر بە هێزە جوداخوازەكانیش كوژران.
هێزە حكومییەكان لەلایەن هاوپەیمانی عەرەبی بە سەركردایەتی شانشینی عەرەبی سعودیە پشتوانی سەربازیی دەكرێن، هێزەكانی «حیزامی ئەمنی»یش لە هەمان كاتدا هەر لەلایەن ئەو هاوپەیمانییەوە كۆمەك و یارمەتییان پێدەگات، بە تایبەتیش ئیمارات كە بە مەشق و چەك و تەقەمەنی هاوكارییان دەكات.
هێزە حكومییەكان و هێزەكانی «حیزامی ئەمنی» پێكەوە دژ بە حوسییەكان شەڕ دەكەن كە بەرینترین ناوچەی لە هەژارترین وڵاتی نیمچە دوورگەی عەرەبیدا بە سەنعای پایتەخەتەوە، كۆنترۆڵ كردووە.
وڵاتی یەمەن لەم چەند ساڵەی دواییدا شەڕوپێكدادان لەبەریەكی هەڵوەشاند، لەلایەك گیرۆدەی ئیسلامییە توندڕەوەكانی وەك رێكخراوەكانی «قاعیدە» و «داعش» بوو، لەلایەكی تر بەدەست حوسییەكانەوە كە لەئێستادا بەرینترین ناوچەی یەمەنیان كۆنترۆڵ كردووە بە سەنعای پایتەختیشەوە.
حزبی (انصار الله) یان حوسیەكان، شیعە زەیدییەكانی ئەو وڵاتەن و لەلایەن سعودیە و ئیمارات و حكومەتەكەی عەبد رەبە مەنسور هادییەوە بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی سەربازییان پێدەگات، لەم ماوەیەی دواییشدا لەڕێی موشەكە بالیستییەكانیانەوە توانیان هەڕەشە لەسەر شارەكانی سعودیە و تەنانەت ریازی پایتەختیش دروست بكەن.
لەلایەكی تریش، واپێدەچێت جوداخوازەكانی باشوور كە پێشتر بە «الحراك الجنوبی» دەناسران، دەستبەرداریی خەونی پێشینەی خۆیان نەبوبن و سوربن لەسەر ئەوەی كە دەبێت یەمنی باشوور دروست بكەنەوە و ئەو یەمەنە یەكگرتووەی لەسەر دەستی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح و عەلی سالم ئەلبیز پێكهات، لەبەریەك هەڵبوەشێنن و دیوارێكی جیاكەرەوە لەگەڵ باكوورییەكاندا دابنێن و سەرلەنوێ‌ سنورەكان جیابكەنەوە.
رووداوی هەڵگەڕانەوەی جوداخواوەكان لە حكومەتەكەی عەبد رەبە مەنسور هادی، جیاوازییەكی وەهای لە رووداوی هەڵگەڕانەوەی حزبی كۆنگرەی میللی گشتی لە حوسییەكان نییە، چونكە هەریەك روویان لە ئامانجێكە و هەرلایەكیان بۆ هێنانەدی خەونێك تێدەكۆشن.
عەبد رەبە مەنسور هادی بە پاڵپشتی سعودیە و ئیمارات، دەیەوێت یەمەن بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە و بزاوتنی حوسییەكانی باكوور تێكبشكێنێت كە بە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی وڵاتەكە و ئاسایشی ناوچەكە تەماشایان دەكات، جوداخوازەكانیش لەگەڵ ئەوەدان جارێكی تر نەخشەی یەمەن بگۆڕن و سەرلەنوێ‌ دەوڵەتی یەمەنی باشوور كە پایتەختەكەی عەدەنە، دروست بكەنەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*