سەرەکی » ئاراستە » وه‌فا به‌ وه‌فا وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌

وه‌فا به‌ وه‌فا وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌

محه‌مه‌د عه‌بدولكه‌ریم سۆڵه‌یی

ئای‌ به‌یانی‌ رۆژی‌ 15/10/2017 چ رۆژێكی‌ خۆش بوو كاتێ‌ به‌ڕێزان (كاك محه‌مه‌د كوردۆ) ی‌ شاعیر و نووسه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ سلێمانی‌ و خوشكی‌ ئازیزم خاتوو مونا عه‌بدولڵا فه‌رمانبه‌ر و كاك ئه‌كره‌م محه‌مه‌د ئه‌مین نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كارگێڕی‌ له‌به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ ناوبراوه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ و ئاگاداربوونیان له‌باری‌ ته‌ندروستیم، له‌ماڵه‌وه‌ سه‌ردانیان كردم. له‌میانه‌ی‌ دیداره‌كه‌یاندا، پێیان ڕاگه‌یاندم كه‌ بڕیاریان داوه‌ له‌ناو به‌ڕێوه‌به‌ریه‌تیه‌كه‌یاندا، كتێبخانه‌یه‌ك بكه‌نه‌وه‌ و پێشیان خۆشه‌ به‌ناوی‌ منه‌وه‌ ناوی‌ بێنن. وتیان حه‌ز ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر بتوانی‌ له‌ رۆژی‌ مه‌راسیمی‌ كردنه‌وه‌كه‌یدا ئاماده‌بیت، ئه‌گه‌ر نا یه‌كێك له‌ كوڕه‌كان بنێریت… كاتێ‌ ئه‌و هه‌واڵه‌یان به‌گوێمدا دا، كه‌وتمه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی‌ قووڵ و سه‌ر سوڕمانه‌وه‌.. له‌گه‌ڵ خۆمدا كه‌وتمه‌ تاوتوێی‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ و له‌ دڵی‌ خۆمدا وتم سوپاس بۆ بیروباوه‌ڕی‌ كورده‌واری‌ كه‌ هێشتا له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا كه‌سانی‌ به‌ ئه‌مه‌ك و خاوه‌ن هه‌ڵوێست وه‌فادار ماون. كه‌ ڕێز له‌ ماندووبوون و كاری‌ باش و دڵسۆزیی‌ و میژووی‌ خه‌باتی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بگرن كه‌ماندوو نه‌ناسانه‌ كاریان كردووه‌.
له‌ ڕاستیدا هیچ كات له‌ خولیا و خه‌یاڵی‌ ئه‌وه‌دا نه‌بووم، كه‌ رۆژێ‌ له‌ رۆژان، ئه‌و خوشك و برا ئازیزانه‌ی‌ كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ فه‌رمانبه‌ر بووین و ساڵانێكی‌ ته‌مه‌نمان به‌خۆشه‌ویستی‌ و ته‌بایی‌ و خه‌مخۆری‌ و دڵسۆزی‌ بۆ گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ راگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ سلێمانی‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ رۆشنبیری‌ به‌سه‌ر برد، بۆ رێزلێنان له‌و كار و ئه‌رك و پڕۆژه‌ جۆراجۆرانه‌ی‌ كه‌ له‌و ساڵانه‌دا به‌هاوئاهه‌نگیان ئه‌نجامماندابوون، هه‌ڵوێستێكی‌ وا جوامێرانه‌ بخه‌نه‌ به‌رنامه‌ی‌ كاره‌كانیانه‌وه‌. نایشارمه‌وه‌ چه‌ند به‌ دیداره‌كه‌یان گه‌شامه‌وه‌، چه‌ند جاری‌ ئه‌وه‌ به‌ هه‌واڵه‌كه‌یان شادمان و خۆشحاڵ بووم، یه‌كسه‌ر ئازاره‌كانی‌ له‌شم خاوبوونه‌وه‌ و ئارامی‌ به‌ دڵ و جه‌سته‌م گه‌یشت.
كاتێكیش خاتوو مونا له‌ هه‌فته‌ی‌ یه‌كه‌می‌ مانگی‌ 11 به‌ ته‌له‌فۆن پێی‌ ڕاگه‌یاندم كه‌ به‌یانی‌ 17/11/ 2017مان بۆ مه‌راسیمی‌ كردنه‌وه‌ی‌ كتێبخانه‌كه‌ هه‌ڵبژاردووه‌ و به‌یانی‌ ڕۆژی‌ دیاریكراو له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و مناڵه‌كانمدا خۆمان ئاماده‌كرد و منێكی‌ دوای‌ ساڵێك كه‌نه‌فتی‌ سه‌رجێگا و سێ‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ و تلانه‌وه‌م به‌ ئازار و ژانه‌وه‌ له‌و رۆژه‌دا له‌ خۆشییا له‌سه‌ر پێیه‌كانم راوه‌ستام له‌ هاوشانی‌ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانم به‌ خواستیان هه‌نگاوم ده‌نا و به‌بێ‌ هه‌ستكردن به‌ ئازار چه‌ند به‌ لامه‌وه‌ خۆش بوو كه‌ به‌ره‌و ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ ده‌ڕۆین كه‌ ماوه‌ی‌ حه‌وت ساڵ له‌ گه‌ڵ فه‌رمانبه‌ره‌كانیدا وه‌كو هه‌نگ به‌ته‌بایی‌ و بێ‌ كێشه‌ و به‌خۆشه‌ویستی‌ و رێزگرتن له‌ یه‌كتر رۆژانه‌ و مانگانه‌ و ساڵانه‌ شیله‌ی‌ روناكبیری‌ و ئه‌ده‌بی‌ و زانستی‌ و فه‌رهه‌نگیمان شانه‌به‌ندی‌ ده‌كرد و ئه‌وه‌ی‌ له‌ توانا و تاقه‌ت و ده‌سه‌ڵاتماندا بوو كردمان. به‌ڵێ‌ به‌گه‌یشتنمان بۆ ناو ده‌روازه‌ی‌ فه‌رمانگه‌كه‌، فه‌رمانبه‌ره‌ ئازیز و خۆشه‌ویست و به‌ئه‌مه‌كه‌كان به‌ بزه‌ی‌ سه‌ر لێو و به‌خه‌نده‌ی‌ وه‌فادارییانه‌وه‌ به‌ ریز پێشوازییان لێكردین و به‌ره‌و ژووری‌ هاورێی‌ شاعیرم كاك محه‌مه‌د كوردۆیان بردین، پێشوازییه‌كه‌ی‌ ئه‌ویش نیشانه‌ی‌ وه‌فای‌ شاعیرانه‌ی‌ بوو. كاتێ‌ كاك خه‌لیل عه‌بدولڵا نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و هاوڕێم و به‌رێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ دیوانی‌ وه‌زاره‌تی‌ رۆشنبیری‌ گه‌یشته‌لامان… به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و هۆڵی‌ كتێبخانه‌ به‌ڕێكه‌وتین له‌ كاتژمێر10:30 ی‌ پێشنیوه‌رۆ له‌به‌رده‌می‌ هۆڵه‌كه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌ فه‌رمانبه‌ران به‌ ریز راوه‌ستابوون و داوایان لێكردم قردێله‌ی‌ كردنه‌وه‌ی‌ هۆڵه‌كه‌ بقرتێنم چه‌ند شكۆمه‌ندیی‌ بوو له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی‌ قردێله‌كه‌دا
سه‌یرم كرد تابلۆیه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ده‌ركاكه‌ به‌ ناوی هۆڵی كتێبخانه‌ی شێخ محه‌مه‌د سۆڵه‌یی نووسرابوو. له‌و كاته‌دا ئه‌وه‌نده‌ دڵخۆشبووم ده‌مویست دارعه‌ساكه‌ی ده‌ستم تا ده‌ستم ده‌گرێ تووڕی ده‌م و وه‌كو جاران هه‌نگاوه‌كانم بۆ ناو هۆڵه‌كه‌ هه‌ڵبنێم. چه‌ند به‌لامه‌وه‌ سه‌ربه‌رزیی بوو له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان و فه‌رمانبه‌ره‌ ئازیزه‌كان و منداڵه‌كانمدا ورده‌ ورده‌ سه‌یری خانه‌كانی كتێبخانه‌كه‌مان ده‌كرد. له‌سه‌ر سووچێكیدا له‌ ئاستی كتێبێكی ده‌ستخه‌تدا ئێستێكمان كرد. كه‌ به‌ جوانی نمایشكرابوو. دوای پرسیار بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ «كاك ئه‌كره‌م» نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس، له‌ شێوازی ده‌ستخه‌تی شاعیری ناوداری كورد «سالم» خه‌تخۆشیی كردووه‌. كه‌ به‌ راستی كارێكی هونه‌ری ئه‌رشیفی سه‌رنجڕاكێش بوو. دوای سه‌یركردنی یه‌ك به‌ یه‌كی خانه‌كانی كتێبخانه‌كه‌، له‌سه‌ر ئه‌و مێزه‌ی بۆ قسه‌ كردن ئاماده‌ كرابوو دانیشتین. له‌گه‌ڵ دانیشتماندا، كاك محه‌مه‌د كوردۆ له‌ وته‌یه‌كیدا ئاماژه‌ی ویژدانانه‌ی بۆ مێژووی ژیانم و ئه‌و كار و پڕۆژانه‌ كرد كه‌ تا ئێستایش كاره‌كانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ له‌سه‌ریان كار ده‌كه‌ن و وتی «به‌ڕێوه‌به‌رێتیی راگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی- به‌ پێویستی زانی به‌ خۆشحاڵییه‌كی زۆره‌وه‌ كتێبخانه‌كه‌ی خۆی به‌ناوی شێخ محه‌مه‌د سۆڵه‌ییه‌وه‌ ناو بنێت…» له‌ كۆتایی وته‌كه‌شیدا وتی «ئه‌م مرۆڤه‌ شایه‌نی خه‌ڵاتی زۆر له‌مه‌ گه‌وره‌تره‌… به‌ڵام وه‌ك ده‌ڵێن چاوبینایه‌ و ده‌ست ناتوانایه‌».. كاتێكیش هاوڕێم كاك خه‌لیل عه‌بدوڵڵا له‌ وته‌یه‌كیدا سه‌رباری ده‌ستخۆشی له‌ فه‌رمانبه‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌كه‌ خۆی ئاسا رێزی زۆری‌ ده‌ربڕی و پیرۆزبایی گه‌رمی لێكردم… ئه‌مه‌ شه‌ره‌فێكی زۆر گه‌وره‌یه‌ بۆ من كه‌ ئێوه‌ له‌ ئه‌ستۆتان گرتووه‌ و به‌لامه‌وه‌ گه‌وره‌ترین ‌و به‌نرخترین ڕێزلێنانه‌ ‌و له‌ هه‌موو ئه‌و خه‌ڵات ‌و دیاری‌ ‌و ڕێزلێنانه‌ی‌ له‌ بۆنه‌ ‌و شوێنی‌ جیاجیادا پێیان به‌خشیوم لام گه‌وره‌تر ‌و شكۆدارتر ‌و پیرۆزتره‌، چونكه‌ ئه‌م ڕێزلێنانه‌ بارته‌قای‌ وه‌فای‌ ساڵانێكی‌ ته‌مه‌نمانه‌ كه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌ یه‌ك ده‌زگادا به‌ دڵسۆزی‌ ‌و په‌رۆشی‌ له‌ بواری‌ ڕۆشنبیریدا كارمان كردووه‌. بۆیه‌ ده‌ڵێم ئه‌و ڕێزلێنانه‌ی‌ ئه‌و برا ‌و خوشكانه‌م له‌ منیان نا، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ یه‌كه‌ یه‌كه‌ی‌ خوشك ‌و برا ئازیزه‌كانم هه‌ریه‌كه‌یان مه‌دالیایه‌كی‌ ئاڵتونییان به‌ یه‌خه‌مدا كردبێت… ئای‌ چه‌ند خه‌ڵاتێكی‌ بێ‌ وێنه‌یه‌ كه‌ خۆم ‌و منداڵه‌كانم پێی‌ گه‌شاینه‌وه‌ ‌و له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌می‌ خانه‌واده‌كه‌م ‌و هاوڕێ‌ ‌و هه‌ڤاڵانم پیرۆزبایی‌ له‌ من ‌و ده‌ستخۆشی‌ له‌و برا ‌و خوشكانه‌م كرا بۆ ئه‌و كاره‌ پیرۆز ‌و ناوازه‌یه‌یان.
ئای‌ چه‌ند مایه‌ی‌ دڵخۆشیمان بوو كه‌ خوشك ‌و برا فه‌رمانبه‌ره‌ خۆشه‌ویسته‌كان هه‌ڵپه‌یان ده‌كرد كه‌ یه‌ك یه‌ك و دوو دوو و كۆمه‌ڵ وێنه‌مان له‌گه‌ڵدا بگرن. كاتێ‌ كاك محه‌مه‌د ‌و هاوكاره‌كانی‌ به‌وه‌فای‌ خۆیان ئه‌و ڕێزلێنانه‌یان بۆ فه‌راهه‌م كردم. منیش كاك محه‌مه‌د وته‌نی‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له‌ده‌ست دێ‌ كه‌ به‌م نووسینه‌ سوپاسی‌ سه‌رجه‌میان ‌و به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و خوشك‌و برایانه‌ بكه‌م كه‌ به‌ ڕێكخستنی‌ كتێبخانه‌كه‌ ‌و مه‌راسیمه‌كه‌وه‌ خه‌ریك ‌و ماندوو بوون، هه‌روه‌ها ئه‌و كامێرامانه‌ی‌ كه‌ چركه‌یه‌ك له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا ڕانه‌وه‌ستا.
رێز ‌و خۆشه‌ویستیم بۆ خاوه‌نی‌ بیرۆكه‌كه‌ ‌و جێبه‌جێكارانی‌ هه‌یه‌ و ئه‌م ئه‌مه‌ك ‌و وه‌فایه‌یان هه‌رگیز له‌ یاد ناكه‌م. هیوادارم كه‌ كتێبخانه‌كه‌ هه‌میشه‌ پڕ كتێب ‌و ده‌وڵه‌مه‌ند بێ‌ به‌ به‌رهه‌می‌ نووسه‌ران ‌و ڕوناكبیران، داوا له‌ نووسه‌ران ‌و خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌ به‌ بڕشته‌كان ده‌كه‌م كه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانیان كتێبخانه‌كه‌ فه‌رامۆش نه‌كه‌ن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*