سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » لە پشتیوانی عەفریندا کوردستانیانی تاراوگە ئەوروپایان هەژاندپەڕە 2

لە پشتیوانی عەفریندا کوردستانیانی تاراوگە ئەوروپایان هەژاند

لەدوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیاوە بۆ داگیركردنی شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستانەوە، بۆ ئیدانەكردنی ئەو پێشهاتە لەلایەن شەقامی سیاسی و جەماوەریی هەموو كوردستانەوە، هاوكات رەوەندی كوردی تاراوگە لە»ئەڵمانیا، بریتانیا، یۆنان، سوید، هۆڵەندا، بەلجیكا، سویسرا، نەمسا»و وڵاتانی تریش بەهەموو رەنگەكانیانەوە كەوتوونەتە جموجۆڵ و بەرگریكردن لە بەرخۆدانی شەڕڤانان و ڕیسواكردنی هەر هەوڵێكی داگیركاریی و چەوساندنەوەی خەڵكی سڤیل و بێتاوان.

ئەڵمانیا
لەزۆربەی شارەگەورەكانی ئەڵمانیا رەوەندی كوردی هاتنە سەر شەقام و لە 27/1خۆپیشاندانی دەیان هەزار كەسی لە شاری كۆیڵن بە دورشمی «بژی بەرخۆدانی عەفرین» بە بەشداری نزیكەی 30 هەزار هاووڵاتی داوایانكرد گەلەكۆمەكی توركیاو گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا بۆسەر عەفرین بوەستێندرێ و پشتیوانی خۆیان بۆ شەڕڤانان و هاووڵاتیانی ئەو كانتۆنە دووپاتكردەوە، لەسەر ئەم چالاكییە» محەمەد جێشانە» بەرپرسی نوێنەرایەتی ئەڵمانیای كۆمەڵەی رێكخستنە دێرینەكانی كوردستان بۆ كوردستانی نوێ وتی: «هەڵبەت لە كۆمەڵگە مەدەنییەكاندا خۆپیشاندان و رێپێوانی هێمنانە یەكێكە لە گوشاری هاووڵاتیان و شەقام بۆ كاریگەریی خستنە سەر نێوەندی سیاسی و بڕیارو هەڵویستەكانی حكومەت لەبارەی پرسەكانەوە، بەهۆی نزیكیی توركیاو هاو بەرژەوەندیی ئەو وڵاتەشەوە لەگەڵ ئەڵمانیا، حكومەتی مێركڵ دەتوانێت كاریگەریی لەسەر حكومەتی ئەنقەرە دابنێ و ئاڕاستەی سیاسەتەكانی بگۆڕێت، بۆیە ئەم چالاكییەی رەوەندی كوردیش لەسەر هەمان ئەو بۆچوونەیە كە بتوانین بەشدارییەك بكەین لە هەڵوێستی ئەڵمانیا دەربارەی وەستاندنی ئەو شەڕەو بڕواهێنان بە توركیا بۆ داننان بە مافەكانی كوردو دەستهەڵگرتن لە شەڕو توندوتیژی.
كاریگەریی زۆریان دەبێت
هەروەها «رەشید زەرواوی» چالاكوانی سیاسی خۆرهەڵاتی كوردستان لە ئەڵمانیاوە سەبارەت بەو جموجۆڵە مەدەنیانەی رەوەندی كوردی دەڵێت: لەكاتێكدا شەڕڤانانی ڕۆژئاوا بەقارەمانێتی بێوێنە بەرەوڕووی داگیركەرانی كوردستان بوونەتەوە كە گەلی كورد لە هەندرانیش بە خۆپیشاندانی جەماوەریی لەسەر شەقامەكانی ئەرووپا خرۆشاوە كە بێگومان ئەو خرۆشانە جەماوەرییە كە رەنگ و هێمای سەرجەم حزبە خەباتكارەكانی هەر چوار پارچەی كوردستانی لەخۆ گرتووە، هەم لە ئاستی نێونەتەوەیی كاریگەریی ئەرێنی دەبێ و هەم لە بەرزكردنەوەی موراڵی خەباتكارانی عەفرین، لەهەمان كاتیشدا بۆ زیاتر لێك نزیكبوونەوەو یەكگرتوویی گەلی كوردیش لە خۆیداو بەتایبەت لێك نزیكبوونەوەی ئەو حزب و رێكخراوە كوردستانییانەی كە بە هەر هۆكارێك بێت لەیەكەوە دوورن، هیوایەك بەرهەم دەهێنێ، بەڵام گرنگترین كارتێكەری خرۆشانی جەماوەریی شەقامەكانی ئەرووپا لە سەر رای گشتی و ئەمریكایە كە لەلایەكەوە دەتوانێ مەزڵوومیەت و مافخوراویی گەلی كورد وێنابكات و رەوایەتی مرۆیی بە خەباتەكەی بداو لەلایەكی تریشەوە دیكتاتۆرییەت و توتالیریستی حكومەتەكانی داگیركەری كوردستان بسەلمێنێ و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پەراوێزیان بخات.
بەریتانیا
ئیبراهیم مەلازادە چالاكوانی بواری كۆمەڵی مەدەنی لە بریتانیاش بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند كە زیاتر لە 10 هەزار كەس لە كوردستانیان لە بەردەم كەناڵی (بی بی سی) لە مەیدانی پۆرتلاندی ناوەڕاستی لەندەن، بۆ پشتیوانیكردن لە بەرخودانی عەفرین و پرۆتێستۆكردنی دوژمنكارییەكەی دەوڵەتی توركیا كۆبوونەوە،. پاشان بەرەو نووسینگەی سەرۆك وەزیران بەڕێكەوتن و لەوێ هەڵوێستی وڵاتەكەیان لەمەڕ پشتیوانیكردن لە دوژمنكارییەكانی ئەردۆغان شەرمەزار كرد، وێڕای ئاڵاكانی یەپەگە و یەپەژە و پەكەكە بەدەیان ئاڵای كوردستانیش لەناو خۆپیشاندەراندا دەبیندران، گرنگییەكەی لەوەدابوو كە لە قەڵەباڵغترین شوێنی لەندەن ئەنجامدرا، بە دەزگاكانی راگەیاندن و خەڵك و حكومەتی بەریتانیا وترا: ئێمەی كورد لێرەین، بابەس بێت پشتیوانیكردن لە زوڵم و دەستدرێژییەكانی دەوڵەتی توركیا، شایانی باسە دوای ئەو خۆپیشاندانە، كەناڵی بی بی سی مێزگردێكی گفتوگۆی لەسەر بەرخودانی عەفرین و دەستدرێژیی توركیاو هاوكێشەكانی ناوچەكە ئەنجامدا، كە دوای شەش رۆژ ئەمە یەكەمجارە بی بی سی ئەو پرسە بكاتە باسی رۆژ.
نەرویج
«هەندرێن باوە نوریی» بەرپرسی كۆمیتەی رێكخستنی نەرویجی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێی راگەیاندین: لەبارەگای كۆمیتەكەمان كۆبوونەوەیەكمان بۆ كۆمیتەی دیبلۆماسیی هاوبەش لە نەرویج سازداو زیاتر لە 18 لایەن بەشداربوون بۆ رێكخستنی رێپێوانێكی جەماوەریی و لەوێ بڕیارماندا نامەیەكی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بە حكومەت بگەیەنین و داوایان لێبكەین كە لە رێگەی سەرۆكی ناتۆ كە سكرتێری پێشووی پارتی كاری نەرویجی بووەو ماوەیەك سەرۆك وەزیرانیش بوو، گوشار بخریتە سەر توركیا بۆ كشانەوەی هیزەكانیان، دوای ئەوەش لەبەردەم بارەگای پارتی كاری نەرویج خۆپیشاندانێكمان رێكخست و هەموو نیگەرانییەكانی رەوەندی كوردمان پێ گەیاندن و پرۆتێستۆی ئۆپەراسیۆنەكەی سوپای توركیامان كرد، هەڵبەت ئەمانە رەنگدانەوەی باشیان دەبێت بۆ دەستهەڵگرتنی توركیا لەهەوڵە داگیركارییەكانی.
هۆڵەندا
«ئازاد خالید» بەرپرسی ناوەندی دەرەوەی رێكخراوە دیموكراتییەكانی ی.ن.ك-یش سەبارەت بە ڕێپیوانی هۆڵەندا بە كوردستانی نوێی وت: لە ئەمستردامی پایتەخت رێپێوانی دەیان هەزاری كوردستانیانی هەر چوار پارچەو دۆستانی گەلەكەمان لە ئازادیخوازانی هۆڵەندی و گەلانی تریش بەڕێوەچوو، كە لەلایەن حكومەت و پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی هۆڵەنداوە ئامادەكارییەكی زۆر باشی بۆ كرابوو كە بەڕای من و چاودێرانیش ئەم ئامادەكارییە جۆرێك لە هاودەنگی و پشتیوانیانە بۆ مەسەلەی رەوای گەلەكەمان، چونكە هەم توركیا لەسەر ئاستی هەموو جیهان بەهاوكارو پشتیوانی تیرۆرستانی داعش ناسراوەو دادەندرێت و هەم كوردیش بە هێزی تێكشكێنەری ئەفسانەی تیرۆرستانی ئەو داعشە دادەندرێت، كە هەمیشە و هەمووكات كۆمەڵگەی ئەوروپی و جیهانی ترسی زەبرو كارە قێزەون و تیرۆرییەكانیانی هەیە، ئێستا لەگەڵ ئەوەشدا كە زۆربەی حكومەتەكانی ئەوروپا بە حوكمی پاشكۆ بوونیان بۆ سیاسەتی ئەمریكاو بوونی توركیا وەك هێزێكی ناو ناتۆ، لەبەرامبەر لەشكركێشییەكانی توركیا بۆ رۆژئاواو هەوڵدان بۆ داگیركردنی بەشێكی خاكی سوریا، تا رادەیەكی یەكجار زۆر بێدەنگ و كەم هەڵوێستن، بەڵام دڵنیایین بە حوكمی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناوخۆیان و ترسی سەرهەڵدانەوەی كاری تیرۆرستی و كاریگەریی ئەم خۆپێشاندانانەو چەندان هۆی تر، زۆری تر ناخایەنێت و توركیا سەرباری لووتشكاندنی لەلایەن هێزی بەرگریی بێ وێنەی شەڕڤانان و ئیرادەی گەلەكەمانەوە لە عەفرین، ئەوا لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە لغاو دەكرێت و سنوورێك بۆ لەخۆباییبوونەكەی دادەنرێت.
سویدو بەلجیكاو یۆنان
هاوكات لەهەر یەك لە ستۆكهۆڵم و شارەكانی تری وەك مالمۆو یوتۆبۆری و لە برۆكسلی بەلجیكاو ئەسینای یۆنانیش كوردستانیان كۆبوونەوەو رێپیوانی هێمانانەیان رێكخست و داوایان لە حكومەتی وڵاتەكانیان كرد كە گوشار بخەنە سەر توركیا بۆ راگرتنی ئەو هێرش و پەلامارنەی سەر كورد.
سیناریۆیەكی نێودەوڵەتییە
لەسەر هۆكارەكانی پرسی عەفرین «د. تۆفیق حەمدوش» سەرۆكی پارتی یەكێتیی نیشتیمانی رۆژئاوا لە ئەڵمانیاوە بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئەمە بەڕێكەوت نییە، بەڵكو لەئەنجامی پاراستنی هاوسەنگییەكانی وڵاتانی ناوچەكەو لایەنە نیودەوڵەتیەكان»ە، روسیاو سوریاو ئێران» هاتۆتە گۆڕێ و ئەوان تیشكی سەوزو ئەمریكاش تیشكی نارنجی بۆ توركیا هەڵكردووە، هەریەك لەوانە بەرژەوەندیی خۆیان هەیە، وەك دیارە بەناوبژیی روسیاو بەدەستخۆشیكردنی ئێران، توركیا دەستبەرداری ئیدلب بوو، تا عەفرین بۆ توركیا بەجێ بهێڵن و داگیری بكات. ئەوان دەزانن توركیا لەو شارە نامینێتەوە، بەڵكو تەنها مەبەستی راماڵینی هێزە كوردییەكانە، چونكە توركیاو ئێران لەوە تێدەگەن كە ئەگەر كار وابڕوات، سیستم و ئیدارەی ئەو ه‌ێزە كوردییانە لە رۆژئاوا هەموو ناوچەكە دەگرێتەوەو دەبێتە هۆی راماڵینی دەسەڵاتە دیكتاتۆرییەكانیان، روسیاش بۆیە رازی بوو تا لەگەڵ ئەمریكا بكەونە بەرامبەری یەكتری و ئەوانیش دەزانن كە ئەمریكاش لەئاست ئەو رووداوە دەستەوەستان دەبێ‌و وەك بینەرێك رەفتار دەكات.
عەفرین ناكەوێ
د.حەمدوش پێیوایە سیناریۆیەكی هەرێمی و جیهانی بەئاشكرا لەدژی كورد لەئارادایە، ئەگەر بێت و شەڕڤانان و خەڵكی شارەكە تا كۆتایی بەرگریی بكەن و نەهێڵن شارەكە بكەوێت، ئەوا خەونی دوژمنان زیندەبەچاڵ دەبێ و هەموو ئەو وڵاتانە لەئاست كوردو مرۆڤایەتی شەرمەزاریان بۆ دەمینێتەوە، كە پێشدەچێت عەفرینییەكان كۆتاییەكی تراژیدی بۆ سوپای ئەردۆغان تۆمار بكەن، ئەو جموجۆڵ و رێپیوانانەی كوردانی تاراوگەش هەوڵێكی ئەرێنین بۆ مانەوەی عەفرین بەسەربەرزی كە دەبێتە دەستپێكی هێنانەدیی مافی كوردان نەك هەر لەڕۆژئاوا، بەڵكو لەسەرتاسەری كوردستان .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

چەتری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان

بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە کلیکی ئەم لینکە بکە