سەرەکی » وەرزش » فێدره‌ر وه‌رزشكارێك كه‌ یاساكانی وه‌رزشی پێشێل کردووە‌

فێدره‌ر وه‌رزشكارێك كه‌ یاساكانی وه‌رزشی پێشێل کردووە‌

ساڵی 2013 پرسیارێك ئاڕاسته‌ی رۆجییه‌ فێدره‌ری سویسری و ئه‌ستێره‌ی ئاسمانی تێنسی سه‌رزه‌وی كرا ئه‌ویش ئه‌وبوو بۆچی واز له‌یارییكردن ناهێنیت؟
فێدره‌ریش وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌مجۆره‌بوو: من هه‌رگیز بیر له‌وازهێنان ناكه‌مه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ بیر له‌وازهێنان ده‌كه‌مه‌وه‌ كاتێك منداڵه‌كانم بمبینن جامه‌كان به‌رز ده‌كه‌مه‌وه‌.
له‌چه‌ند وه‌رزی رابردوودا ئه‌م یاریزانه‌ به‌ده‌ست ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانه‌وه‌ گیری خواردبوو، به‌ته‌واویش له‌ رێگاكانی سه‌ركه‌وتن دوور كه‌وتبووه‌وه‌ به‌تایبه‌تیش كه‌ دیۆكۆڤیچ و نادال له ‌لووتكه‌ی ئاستی هونه‌ریدا بوون.
به‌ڵام ئه‌مساڵ و ته‌نانه‌ت ساڵی پاریش فێدره‌ر گه‌ڕابووه‌وه‌ كایه‌كه‌و ئاستێكی وا پیشان ده‌دا كه‌ لاوێكی تازه‌پێگه‌یشتووش ناتوانێت پیشانی بدات، ته‌نانه‌ت چه‌ند رۆژی رابردوو توانی جامی یه‌كه‌م گراند سلامی ئه‌مساڵی ملبۆرن بباته‌وه‌و ئه‌م یاریزانه‌ ته‌مه‌ن 36 ساڵه‌ كۆی خه‌ڵاته‌كانی گراند سلامه‌كانی گه‌یانده‌ 20 جام و خه‌ڵاتی یه‌كه‌می و ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی بێ وێنه‌یه‌.
ئه‌و پێناسه‌یه‌ی كه‌ ئێستا فێدره‌ری پێ ده‌ناسرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ئاسته‌ی ئێستا له‌م ته‌مه‌ندا پێشكه‌شی ده‌كات مایه‌ی ستایشێكی زۆره‌، چونكه‌ پێش ئێستا ده‌وترا هیچ یاریزانێك ناتوانێت كۆی جامی گراندسلامه‌كانی بگه‌یه‌نێته‌ 12 جام، به‌ڵام پیت سامپراس-ی ئه‌مریكی ئه‌سته‌می شكاندو گه‌یاندییه‌ 14 جام، به‌ڵام فێدره‌ر ئه‌و ئه‌سته‌مه‌شی نه‌هێشت و ریكۆرده‌كه‌ی سامپراسیشی شكاند، دواتر ریكۆرده‌كه‌شی شكاند و ته‌نانه‌ت به‌ 15 و 16 ه‌وه‌و نه‌وه‌ستاو ئه‌م مانگه‌ گه‌یاندییه‌ 20 جام و ئه‌گه‌ری زۆریش هه‌یه‌ ئه‌م 20-ه‌ش له‌سه‌ر ده‌ستیدا خۆی نه‌گرێت.
له‌ئێستادا ته‌نیا یاریزانێك له‌م ریكۆرده‌ی فێدره‌ره‌وه‌ نزیك بێت رافائێل نادالی ئیسپانییه‌ كه‌ خاوه‌نی 16 جامه‌، ئه‌وه‌ش هه‌وڵ و ماندوو بوونێكی زۆری ده‌وێت تا بگاته‌ ریكۆرده‌كه‌ی فێدره‌ر، جگه‌له‌وه‌ش فێدره‌ر خۆی له‌یارییكردن به‌رده‌وامه‌ و به‌گیانی لاوێكی ته‌مه‌ن 20 ساڵه‌وه‌ یاریی ده‌كات.
ئێستا فێدره‌ره‌ هه‌موو دنیای سه‌رسام كردووه‌، چونكه‌ رێژه‌ی ته‌مه‌نی سروشتی یاریزان له‌ ئاستی لووتكه‌و بردنه‌وه‌ی نازناوو تۆماركردنی ئه‌نجامی باش تا ته‌مه‌نی 30 ساڵییه‌، به‌ڵام كاتێك ئه‌م له‌ ته‌مه‌نی 36 ساڵیدا و مانگی ئه‌یلولی داهاتووش ده‌بێته‌ 37 ساڵ هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی پێچه‌وانه‌ كردۆته‌وه‌ ئه‌مه‌ هه‌موو لایه‌كی توشی شۆك كردووه‌ و ئه‌مه‌ واده‌كات فێدره‌ر ببێته‌ دیاره‌ده‌یه‌كی ناسروشتی نه‌ك له‌یاریی تێنسی سه‌رزه‌ویدا بگره‌ له‌ناوندی هه‌موو وه‌رزشدا به‌گشتی.
له‌كۆتاییدا ده‌بێت بووترێت فێدره‌ر هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و ریكۆرده‌كان له‌به‌رده‌میدا خۆیان ناگرن، بۆچی نا ره‌نگه‌ ریكۆرده‌كانی كچانیش تێپه‌ڕێنێت یان یه‌كسانیان بكاته‌وه‌ كه‌ به‌ناوی سیرینا ولیامز- ئه‌مریكا(23 جام) شتیفی گراف- ئه‌ڵمانیا‌(24 جام)ه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*