سەرەکی » وتار » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ » نەوتی رەش و بەختی رەش

شوخت

نەوتی رەش و بەختی رەش

كۆماری (ناورۆ) كە دەكەوێتە زەریای هێمن، یەكێك بوو لە دەوڵەمەندترین وڵاتەكانی جیهان، ئەو وڵاتە بە دوورگەی بەختەوەریی ناسرابوو. خاوەنی سامانێكی گەورەی سروشتیی بوو، هەر هاووڵاتییەكی ناورۆ ساڵانە 50 هەزار دۆلار بەبێ‌ هیچ كار و كاسبییەك دەچووە سەر هەژمارە بانكییەكەی! یەكەم وڵات بوو لە هەناردەكردنی فۆسفات. كاربەدەستانی دەستیان بەهەرزان فرۆشكردنی سامانی سروشتیی وڵاتەكەیان كرد. ساڵی 1990 یەدەگی سامانی سروشتیان لەبن هێنا! ساڵی 2000 حكومەتەكەیان بەتەواوی ئیفلاسی كرد و نەیتوانی مووچەی فەرمانبەرەكانیشی دابین بكات! لەوە خراپتر نەیتوانی شەقامەكان پاكبكاتەوە و ئاوی خواردن دابین بكات و نەخۆشخانەكان بەڕێوەببات!

كۆنگۆی دیموكرات خاوەنی سێیەم یەدەگی ئەلماسە لە جیهاندا كە بە یەكێك لە گرانبەهاترین كانزاكان دادەنرێت، كەچی بە یەكێك لەوڵاتە هەژارەكانی جیهان هەژمار دەكرێت. زیمبابۆی و رواندا یەدەگی زێڕیان ئەوەندە هەیە، تا ببنە دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهان، كەچی لە ریزبەندی وڵاتە هەرە هەژارەكانی جیهاندان. هاووڵاتیانیان ناتوانن رۆژانە تەنها 4 دۆلار پەیدابكەن بۆ ئەوەی ژەمێك خواردن بكەن بە دوو ژەم نان خواردن.

ئەو ژمارانەی لە داهاتی نەوتی كوردستان بڵاودەكرێنەوە، چیرۆكی ئەو وڵاتانەمان بیردەخاتەوە كە خاوەنی گەورەترین سامانی سروشتین كەچی لەوڵاتە هەرە هەژارەكانی جیهانن!

كوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهان پێگەیەكی دیاری هەیە، جگە لە نەوت خاوەنی یەدەگێكی گەورەی غازی سروشتییە! بەڵام بەپێی ئەو ژمارانەی لێپرسراوانی حكومەت خۆیان رایانگەیاندووە، نزیكەی لە %60داهاتی نەوتی كوردستان بۆ كۆمپانیاكان و لابەلا دەڕوات، تەنها %40 ی داهاتەكەی بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە! واتە ئەوەی كۆمپانیاكان بەناوی دەرهێنان و گواستنەوە و فرۆشتنەوە دەستیان دەكەوێت، زۆر لەوە زیاترە كە دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت!

لەوە خراپتر، وەك ئەوەی لە وڵاتی ناورۆ روویدا، دەبینین بەشێك لە كێڵگەكانی نەوت لە هەرێم، ئەوەندە نا زانستیانە مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە، هەندێكیان بەتەواوی وشككران و هەندێكیشیان وێران كراوە! بۆ نموونە لەبیرە نەوتەكانی شیواشۆك لەسەرو 170 هەزار بەرمیل لەڕۆژێك دەردەهێنرا، كەچی ئێستا بەرهەمی ئەو بیرانە زۆر لەو بڕە کەمترە.

بەشێك لە كاربەدەست و حوكمڕانانی هەرێم لە کەمپین و بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا خەونی خۆشیان پیشانی خەڵک دەدا، كەچی دەركەوت ئەو گرێبەستانەی کە کراون، خەڵكی كوردستان و نەوەكانی داهاتووش گرفتاری ژیانێكی پڕ كولەمەرگیی دەکەنەوە.

ئەزموونی سەربەخۆكردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرگەی تەنها یەك ساڵی نەگرت! هەر لەدوای بڕینی بودجە لە 2014، هەرێم رووبەڕووی بارێكی ناهەموار بۆوە، كەچی هێشتا گرانییەكە نەڕەویبۆوە، سەربەخۆیی هەرێم هێنرایە گۆڕێ، ئەویش بارەكەی گرانتركرد.

بەشێك لە حوكمڕانانی هەرێم، لەپەنای دروشمی سەربەخۆكردنی ئابووریی و فرۆشتنی نەوتەوە، مژدەی گەورەتریان بە خەڵکی کوردستان دەدا، کەچی دەركەوت ئەوانە تەنها دروشمن و خواستی شەخسی و حزبیین، دەنا لەگەڵ ئەوەدا یەکناگرێتەوە کە لەسەر ئەرزی واقیع دەبینرێت! دەركەوت ئەو دەریا نەوتەی هەمانە، دەریای خەمە، بۆ هەندێک زێڕی رەش بوو، بۆ خەڵکیش بەگشتی بەختی رەش! نەوتەكەمان رادەستی كۆمپانیاكان كرد، بەڵام نە سەربەخۆیی ئابووریمان بەدیهات و نە خۆشگوزەرانی بەڵێندپێدراو. بۆیە ئێستا لە چاوەڕوانی بەغداداین، تا ئەگەر ئەوەی دەینێرێت دوو عانەمان بۆ زیاد بکات.

 247 جار بینراوە