سەرەکی » کەلتوور » یانە رۆشنبیرییەكانی سەردەمی پاشایەتی لە بەغدا

یانە رۆشنبیرییەكانی سەردەمی پاشایەتی لە بەغدا

تارق حەرب*

یانە رۆشنبیرییەكان لە سەردەمی پاشایەتیدا لە ماوەی ساڵانی 1921 بۆ 1958 زۆربوون، هەندێك لەو یانانە تائێستاش ماون وەك یانەی علویە و یانەی عەسكەری، لەدوای سەردەمی شاهانەش چەند یانەیەكی وەك یانەی سەید و مەنسور دامەزران، ئەو یانانەی ئێمە مەبەستمانە كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری بوون نەك یانەی وەرزشی، بەهەمانشێوە لە سەردەمی شاهانەدا چەند یانەیەكی تر جگە لەوانەی ئاماژەمان پێكردن، دامەزرێنران وەك یانەی هیندیە.

یانەی عەلویە
ئەو یانەیە بە ناوی ئەو ناوچەیەی تێیدا بوو ناونرا کە ناوچەی عەلویە و ناوچەكانی نێوان بابولشەرقی باكوور و كەڕادەی خۆرهەڵاتی باشوور دەگرێتەوە، یانەكە لەلایەن هەندێك ئینگلیزەوە دامەزرێنرا، بەناوبانگترینیان مس بێڵ بوو (شوێنەوارناس و بەرپرسی سیاسی و راوێژكار لەماوەی ئینتیدابی بەریتانی و دەستگرتنی ئینگلیز بەسەر بەغدا لە ساڵی (1917)، مەبەست لە دروستكردنی ئەو یانەیە ئەوە بوو هەندێك لە ئینگلیزەكان ماڵەكانیان نزیك بوو لێوەی، رێگەش نەدەدرا بە هەموو كەس سەردانی بكات، جگە لە هەندێك عیراقی كە خاوەن پلە و پۆستی باڵا بوون و لە یانەكەدا یاری (ئەلبریدج)یان دەكرد، ئەستێرەی ئەو یارییەش ساسۆن حسقیلی وەزیری دارایی بوو، لە دوای تەواوبوونی ئیدارەی ئینگلیزی بۆ یانەكە، مەرجێكی زۆر دانرا بۆ بوون بە ئەندام لە یانەكەدا، یەكەم یانە بوو لە بەغدا كە مەلەوانگەی تێدا بوو بۆ پیاوان و ژنان و هۆڵی تایبەت بە یاریی (البریدج) و هۆڵی یاریی تری تێدا بوو.

یانەی لۆرا خزوری
یانەی (لۆرا خزوری) یان (یانەی جولەكە)، لەلایەن عیراقیە جولەكەكانەوە بەهاوكاریی لۆرا خزوری ژنە دەوڵەمەندی جولەكە دامەزرێنرا، دەڵێن خێرخوازێكی گەورە بووە و چەندان خوێندنگە و نەخۆشخانەی بەخۆڕایی لە بەغدا دروستكردووە.

شوێنی یانەكە لە سنەك بووە لەبەری بابولشێخ و ئەندامەكانی لە جولەكە و گەورە بازرگانان و پارێزەران و فەرمانبەران پێكهاتبوو، لەوانەش پارێزەر یوسف ئەلكەبیر خاوەنی ئەنجومەنی رۆشنبیری بەغدادی بەناوبانگ و ئیبراهیم ئەلكەبیر بەڕێوەبەری ژمێریاریی و میر سەبری نووسەر و مێژوونوس و ئەنوەر شائول شاعیر و پارێزەر و بازرگان و خزوری بەڕێوەبەری بودجە و سەلیم تەرفی بەرپرسی پۆستە. یانەكە دوو گۆڕەپانی تێدا بوو بۆ یاری تێنس كە تا كۆتایی ساڵانی چل مانەوە، بەڵام پاش ئەو رووداوەی بەسەر جولەكە عیراقییەكاندا هات و لەلایەن رۆژنامەكانەوە هێرشكرایە سەریان، یانەكە داخرا بە پێچەوانەی یانەی علویەكە وەك خۆی مایەوە.

یانەی كۆمەڵەی لاوانی مەسیحی
یانەی كۆمەڵەی لاوانی مەیحی (Y. M. C.) لە شەقامی سەعدون و لە باكووری یانەی عەلویە كە لە سەعدونەوە بەرەو شەقامی ئەبی نەواس دەچێت لە تەنیشت سینەما سەمیرامیس و بەرامبەر سینەما نەسر.

یانەكە لە تەلارێكی گەورە پێكهاتبوو و لاوانی مەسیحی لەو جێگەیەدا كۆدەبوونەوە و بۆ چالاكی وەزشی و رۆشنبیریییەكان، یانەكە زۆر تێر و پڕ بوو، بەجۆرێك چەند مەلەوانگەیەكی لەخۆگرتبوو، بەڵام دواتر خاوەندارییەكەی گوازرایەوە بۆ حكومەت لە پاش دەرچوونی بڕیارێكی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی فەرماندەیی شۆڕش بۆ داخستنی زۆرێك لە یانەكان و گۆڕینی موڵكداری بۆ سەر دەوڵەت كە یەكێكیان یانەی كۆمەڵی لاوانی مەسیحی بوو، ئێستاش وەك فەرمانگەی رەگەزنامە و باری شارستانی بەكاردەهێنرێت.

لە سەرەتاوە ئیدارەی یانەكە بەدەست ئینگلیزەوە بوو لە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجا، پاشان درایە دەست عیراقییەكان و هیچ كەسێكی مسوڵمان لەو یانەیەدا وەرنەدەگیرا تەنانەت ئەگەر خاوەن پۆستی وەزیریش بووایە، هەر مسوڵمانێكیش داوای ئەندامبوونی بكردایە لە یانەكە، داواكارییەكەی رەوانەی یانەی علویە دەكرا، كچە لاوە مەسیحییەكان شوێنی تایبەت بەخۆیان هەبوو لە یانەكەدا، جگە لە لاوە مەسیحییەكان ئەندامبوونی كەس لە یانەكە پەسەند نەدەكرا.

یانەی عەسكەری
یانەی سەربازی لە ساڵی 1922 لە دوای دای ساڵێك لە دامەزراندنی سوپای عیراق لەسەر پێشنیاری ژمارەیەك لە ئەفسەرانی سوپای عیراق دامەزرا كە پێشتر لە سوپای عوسمانیدا بوون، یان بە دیل كەوتبوونە دەستی هێزەكانی بەریتانیا و پێشتر لە كاتی یەكەمین جەنگی جیهاندا یانەی ئەفسەرانیان بینیبوو كە لەلایەن عوسمانییەكان و ئینگلیزەوە دروستكرابوون، بۆیە هەوڵیاندا یانەیەكی هاوشێوەی ئەو یانانە دروستبكەن.

یانەكە لە شوێنی خۆی كە بەسەر روباری دیجلەدا دەڕوانێت لە تەنیشت قشڵەوە مایەوە و وەك یانەیەك تەنیا بۆ ئەفسەران تەرخانكرابوو.

یانەیەكی تر بۆ ئەفسەران لە حافزلقازی بە هەمانشێوە بەسەر دیجلەدا دەیڕوانی دروستكرا.

لە ساڵانی نەوەدی سەدەی رابردوودا یانەی سەربازی لە شوێنەكەی لە شەریعەت ئەلمەیدانەوە بۆ ناوچەی كەسرە گوازرایەوە.

مەلیك فەیسەڵی یەكەم لەوانە بوو سەردانی یانەكەی دەكرد، بەو پێیەی خانەی حكومەت كەوتبووە نزیكی زۆرجار لە یانەكە لەگەڵ نوری سەعید یاری تێنسیان دەكرد، هەر ئەفسەرێكیش مەرسومی بۆ دەربچوایە و پلەی وەربگرتبا، وەك ئەندام لە یانەكە وەردەگیرا.

یانەی عیراقی
یانەی عیراقی لەلایەن كۆمەڵێك لە وەزیرەكان لە ساڵی 1921 دامەزرا، تا ببێتە شوێنی چاوپێكەوتنی شەوانەیان و كات بەسەربردنیان.

یەكەمجار لە گەڕەكی سنەك دروستكرا و ئەو كەسانە سەردانیان دەكرد بەشوێن پلەو پۆستی باڵای وەك وەزیرەوە بوون، ئەندامەكانی شەوانیان بە یاریی پۆكەر و خواردنەوە بەسەر دەبرد، دواتر وتوێژ و رێكەوتنە سیاسییەكان دەستیپێدەكرد، یانەكە ناوەكەی بووە یانەی تەقەدوم پاشان یانەی دیجلە و دواتر یانەكانی بەغداد و زەورا، هەر ناوێك بە كەوتنی وەزارەتێك دەگۆڕدرا، بۆ نموونە كاتێك عەبدولموحسین سەعدون بووە سەرۆك وەزیران و حزبی تەقەدومی پێكهێنا، ناوی یانەكە كرا بە یانەی تەقەدوم، یانەكە لەگەڵ پێكهێنانی هەر كابینەیەكی وەزاریدا ناوەكەی دەگۆڕا.

یانەی كۆمەڵی لاوانی مسوڵمان
یانەكە وەك كۆمەڵە و رێكخراو لە گەڕەكی ساڵحیە لە تونیشت تۆڕی میدیای عیراقی دامەزرا، دواتر گوازرایەوە بۆ شەقامی نەقابات دەروازی گەڕەكی مەنسور لە خۆرئاوای بەغدا، خەسڵەتی یانەكە كۆمەڵە بوزو، بەتایبەت كە دامەزراندنی كۆمەڵەكە لەلایەن كەسێتییە مسوڵمانەكانی پێكهاتەی سوننەوە بوو لە سەردەمی پاشایەتی وەك تۆفیق ئەركان و عەباس بەغدادی خاوەنی كتێبی بەغدا لە بیستەكاندا و دادوەر حەسەن رەزا و پارێزەر سلێمان بەیات.

یانەكە پشتی بە وتنەوەی موحازەرە و بەستنی كۆڕ دەبەست، یەكەم موحازەرە لە یانەكەدا لەسەر فكری سۆفیگەری بوو كە لەلایەن ئەدیب و پارێزەر ئەمجەد زەهاوییەوە پێشكەشكرا.

جگە لەم یانانەی باسمان كرد، لە سەردەمی پاشایەتی لە عیراق، یانەیەكی زۆر هەبوو، لەوانە یانەی تەزامون و یانەی پۆڵۆ و یانەی ئەرمەن و یانەی گومرگ و یانەی سكەك و چەندان یانەی تر.

*پسپۆڕی یاسایی

 252 جار بینراوە