سەرەکی » ئابووری » بەرهەمهێنانی غازی عیراق بۆ 2.6 ملیار پێ‌ سێجا بەرزبۆتەوە

بەرهەمهێنانی غازی عیراق بۆ 2.6 ملیار پێ‌ سێجا بەرزبۆتەوە

وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا بەرهەمهێنانی غاز بۆ 2 ملیار و 612 ملیۆن پێ سێجا بەرزبۆتەوە، ئەوەش وایكردووە رێژەی ئەو غازەی لەكاتی دەرهێنانی نەوتدا دەسوتێت كەمبێتەوە.

وەزارەتی نەوتی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە درێژەی هەوڵەكانیان بۆ سوود وەرگرتن لەو غازەی لەكاتی دەرهێنانی نەوتدا دەسوتێت، توانیویانە لە مانگی شوباتی 2021دا ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە سەرجەم كۆمپانیاكانی نەوتی عیراقدا بۆ 2 ملیار و 612 ملیۆن پێ سێجا بەرز بكەنەوە، بەو شێوەیەش بڕی ئەو غازەی دەسوتێت بۆ ملیارێك و 315 ملیۆن پێ‌ سێجا كەمبۆتەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا، بەرهەمهێنانی غاز لەلایەن سەرجەم كۆمپانیاكانی نەوتی عیراقەوە 2 ملیار و 580 ملیۆن پێ سێجا بووە، ئەوەش بەو مانایە دێت توانراوە سوود لەو غازە وەربگیرێت كە لەكاتی دەرهێنانی نەوتدا دەسوتێت.

بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی وەزارەتی نەوت، عیراق خاوەنی نزیكەی 132 تریلیۆن پێ‌ سێجا غازی یەدەکە و لەو ژمارەیە لەسەدا 70ی ئەو جۆرە غازەیە كە لەكاتی دەرهێنانی نەوتدا دێتە دەرەوە و چارەسەر دەكرێت.

 552 جار بینراوە