سەرەکی » دۆسێ » دەستپێكردنەوەی وتوێژەكانی نێوان بەغدا و واشنتۆن

گەڕێكی نوێیە

دەستپێكردنەوەی وتوێژەكانی نێوان بەغدا و واشنتۆن

وێڕای دژایەتی بەردەوامی هەندێك لە حزب و میلیشیا عیراقییەكان بۆ ئەمریكا، بەغدا پێداگرە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتۆن.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق لەم ماوەیەی دواییدا داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كرد، دەست بەو وتوێژانە بكرێتەوە كە بۆ نۆ مانگ دەچێت لەنێوان هەردوو وڵاتدا راوەستاون، ئەمەش خواست و نیازی بەغدا دەردەخات بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتۆن، لە چوارچێوەی رێكەوتنی ستراتیژی ئیمزاكراو لە ساڵی 2008 كە ئامانج لێی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتە لە هەموو بوارەكان.

وەڵامەكەی ئەمریكا لەبەرامبەر ئەو داوایەی عیراق زۆری نەخایەند، جین ساكی وتەبێژی كۆشكی سپی خواستی زۆری واشنتۆنی بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان خستەڕوو، تەئكیدیشی لەسەر خواستی ئیدارەی ئەمریكا كردەوە بۆ پێداچوونەوە بە دیالۆگی ستراتیژی لەگەڵ عیراق، لە نیسانی 2021، ئاماژەی بە ئامانجی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكاش كرد كە بە وتەی ئەو»تەنیا خۆی لە مەشقپێكردنی هێزەكانی عیراق و پێشكەشكردنی راوێژكاریدا دەبینێتەوە بۆ رێگرتن لە گەڕانەوەی رێكخراوی داعش».

رێكەوتنی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتۆن، پتەوكردنی پەیوەندییەكان لە بوارە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری و كلتوری و زانستییەكان لەخۆدەگرێت، وێڕای پێشكەشكردنی پشتیوانی ئەمریكایی بۆ عیراق لە بوارە جیاجیاكان، بەڵام زۆربەی بڕگەكانی رێكەوتنەكە جێبەجێنەكراون، بەهۆی ناڕەزایی هەندێك لە لایەنە سیاسییە عیراقییەكان.

گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ عیراق
لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران پێیوایە، دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لەنێوان بەغدا و واشنتۆن، گرنگییەی زۆری هەیە، بەو پێیەی فاكتەرێكی یاریدەدەرە بۆ سەقامگیری و پشتیوانی لە وڵات لە هەموو بوارەكان.

بە بۆچوونی لیژنەكە، ئەو دانوستانە ستراتیژییە گرنگییەكی زۆری بۆ عیراق هەیە لە هەموو بوارەكان، بە تایبەت لە بواری ئەمنی و ئابوری.

«ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كاریگەریی گەورەیان لەسەر سەقامگیریی ئەمنی عیراق هەیە، وێڕای كاریگەرییان لەسەر بوارە ئابوری و كلتوری و فێركارییەكان، عیراق پێویستی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لەپێناو مەشقپێكردنی هێزە عیراقییەكان و بەهێزكردنیان لەڕووی كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانەی چالاكی و جموجۆڵی تیرۆریستییان تێدا ماوە».

«عیراق گرنگییەكی زۆر بە سەروەریی و سەربەخۆیی بڕیارەكانی دەدات، وەزارەتی دەرەوە سەرپەرشتی وتوێژەكان دەكات و ئەنجومەنی نوێنەرانیش بەدواداچوونیان بۆ دەكات»، ئەمانەی سەرەوە لە بەیاننامەیەكدا لەلایەن لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەیان پێكراوە.

شێوازیی پەیوەندییەكان
ئیحسان شەممەری سەرۆكی سەنتەری بیركردنەوەی سیاسی لە عیراق دەڵێت، وتوێژەكان شێوازی پەیوەندی نێوان بەغدا و واشنتۆن دیاریی دەكەن، پێشبینیشی كرد هەردوولا سروشتی بوونی ئەمریكایی لە عیراق و شێوازیی مامەڵەكردن لەگەڵ گروپە چەكدارەكان، تاوتوێ‌ بكەن.

بە وتەی شەممەری»گەڕی نوێی وتوێژەكان لەنێوان عیراق و ویلایەتە یەكگرتووەكان، بۆ بەگەڕخستنەوەی رێكەوتنی ستراتیژی و دانانی پەیوەندی نێوان هەردوو دەوڵەتە لەنێو ئەو چوارچێوەیەی لە رێكەوتنەكەدا نەخشەی بۆ كێشراوە».

بەیەكگەیشتنێكی رەسمیە
سەرۆكی سەنتەری بیركردنەوەی سیاسی لە عیراق، ئاماژە بە گرنگی وتوێژەكان دەكات و پێیوایە»یەكەم پێكگەیشتنی رەسمی دامەزراوەییە كە شێوازی پەیوەندییەكان لەنێوان هەردوو وڵاتدا تاوتوێ‌ دەكات، تیمی دانوستانكاری ئەمریكایی، وتوێژی قوڵ لەگەڵ لایەنی عیراقی دەكات و هێڵی گشتی بۆ لێكنزیكبوونەوە لەلایەن ئیدارەكەی جۆ بایدن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا، دادەنێت».

دۆسێ‌ جۆراوجۆرەكان
شەممەری پێیوایە، دانوستانەكان جەخت لەسەر سروشتی پەیوەندییە ئەمنییە هاوبەشەكان دەكەنەوە، بە تایبەت ئیدارەكەی بایدن ئەو گروپە چەكدارانە دەخاتە حیساباتی خۆیەوە كە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەكەنە ئامانج.

لەبارەی گرنگترین ئەو دۆسێیانەی لەنێوان هەردوولادا تاوتوێ‌ دەكرێن، شەممەری دەڵێت»عیراق پێداگری لەسەر تواناكانی دەكاتەوە بۆ پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و دیدی خۆی بەرامبەر بە مانەوە و پاشەكشەكردنی هێزەكان و وەسفكردنێكی نوێ‌ بۆ ئەرك و سروشتی مامەڵەكردنی بەغدا لەگەڵ گروپە چەكدارەكان».

شەممەیی رایگەیاندووە»ئەو كەسێتییە عیراقیانەی دانوستانەكان دەكەن، هەمان ئەوانەن كە لە تیمە كۆنەكەدا بوون، بەڵام لایەنی ئەمریكایی ئەو كەسێتیانە دینێتەپێش كە لە دیموكراتەكانەوە نزیكین».

خواستێكی راستەقینە
بە بۆچوونی باسم شەرع نوسەر و رۆژنامەنوسی عیراقی، ئەو دانوستانانە پێویستییان بە كۆدەنگی نێوخۆی عیراقییە، بە تایبەت ئەو هێزە شیعانەی لەسەر دەسەڵات لە ململانێدان، تا دانوستانەكان ببنە واقعێكی راستەقینە.

شەرع دەڵێت»لە چاوپێكەوتنەكەدا رۆڵی هێزەكانی ئەمریكا بۆ پێگەیاندنی هێزە عیراقییەكان و مەشقێكردنیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی (ناتۆ) تاوتوێ‌ دەكرێت، وێڕای پەرەپێدانی رێكەوتنی ستراتیژی لە هەموو بوارەكان و زەمینەسازی بۆ تەیاركردنی هێزە عیراقییەكان بە كەرەستەی سەربازی و پاڵپشتی لە ئابوری و پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان، بە تایبەت باڵیۆزخانەی ئەمریكا و رێگرتن لەو هێرش و پالامارانەی دەكرێتەری سەری».

شەرع پێیوایە، ئەو دۆسێیانە كۆدەنگیان لەسەر نییە لەنێو هێزە شیعە فەرمانڕەواكان لە عیراق، بەو پێیەی لەنێوخۆیاندا دابەشبوون و رەتیدەكەنەوە پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن ببەستن، هەندێكی تر وایدەبینن كە توندوتۆڵی پەیوەندییەكان لەگەڵ لایەنی ئەمریكایی، دەكرێت سیستمی سیاسی لە روخان بپارێزێت، بە تایبەت كە لەدوای خۆپیشاندانە میللییەكەی تشرینی 2019ی ناوەڕاست و باشووری وڵات، دووچاری پاشەكشەكردنی بەرچاوی بۆوە.

ئەو نوسەرە دەڵێت»عیراق پێویستی بە خواستێكی راستەقینە هەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی لەگەڵ واشنتۆن و دەبێت هەر لە قۆزاخەی لێدوانە میدیاییەكاندا نەمێنێتەوە و بەشێوەیەكی تەواوەتی جێبەجێبكرێت، دانوستانەكانیش هەندێك سەركەوتن دەستەبەر دەكەن، بەڵام لە سایەی لاوازی دەوڵەتی عیراقی بەرامبەر بە گروپە چەكدارەكان، ئەنجامی دانوستانەكان كاریگەریی زۆیان لەسەر رەوشی ناوخۆ نابێت».

وابڕیارە دەستپێكردنەوەی دیالۆگی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتۆن، سبەینێ‌ 7ی نیسانی 2021 دەستپێبكات.

 114 جار بینراوە