سەرەکی » هەواڵ » سەرۆک کۆمار بودجەی گشتی پەسەندکرد

سەرۆک کۆمار بودجەی گشتی پەسەندکرد

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمرۆ پێنجشەممە ٢٠٢١/٤/٨ یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢١ پەسەندکرد.

لەمیانی واژووکردنی یاساکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە پەسەندکردنی یاساکە بۆ زامنکردنی پێداویستییە گرنگەکانی خەڵکە، هەروەها بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی گشت مووچەخۆران و خانەنشینانی عیراق و ھەرێمی کوردستان و خەرجییە پێویستییەکانی حکومەتە، بەجۆرێک دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ تەواوی خەڵکی عیراق بھێنێتەدی.

سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە لەپێویستی جێبەجێکردنی چاکسازی دارایی و ئابووری و پشتیوانیکردن لە کەرتە ئابوورییە جیاوازەکان، تاوەکو پشتیوانی بکات لە گەشەپێدان و پێشکەوتنی وڵاتدا، ھاوکات سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بەوەکرد پەسەندکردنی بودجەی گشتی هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی پاراستنی مافە رەواکانی خەڵک و مووچەخۆران، ھەروەھا جەختیکردەوە لە پشتیوانی رۆڵی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەی گشتی و یەکخستنی هەوڵی ھەموان بە ئاڕاستەی ھێنانەدی پێداویستییە گرنگەکانی هاووڵاتیان و بونیادنانەوەی عیراق و گرتنەبەری باشترین رێوشوێن بۆ پشتیوانی لە توێژی کەمدەرامەتەکان و رەخساندنی دەرفەری کار بۆ گەنجان و درێژەدان بە چاکسازی و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی.

پەسەندکردنی بودجەی گشتی لەلایەن سەرۆک کۆمار دوای ئەوە دێت کە یاساکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە گەیشتە سەرۆکایەتی کۆمار، پاش ئەوەی دەنگی لەسەر درابوو لە ئەنجومەنی نوێنەران.

 117 جار بینراوە