سەرەکی » هەواڵ » پەیامی بافڵ تاڵەبانی بۆ یادی کارەساتی ئەنفال

پەیامی بافڵ تاڵەبانی بۆ یادی کارەساتی ئەنفال

ئەمڕۆ بە دڵتەنگییەوە یادی یەکێک لە خەمناکترین و دڕندانەترین رووداوەکانی مێژوو دەکەینەوە. یادی لەناوبردن، بێسەروشوێنبوون و زیندەبەچاڵکردنی خوشک و براکانمان و وێرانبوونی گوندەکانمان دەکەینەوە.

ئەنفال برینێکی گەورەی نەتەوەکەی ئێمەیە و بۆ هەمیشە لە دڵماندا دەمێنێتەوە.

ئێمە لە سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێزەوە لە گلەیی و ناڕەزایەتییەکانی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفال و رزگاربووانی ئەم تاوانە لەبیرنەکراوە دەڕوانین. دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە هەمیشە خۆم بە کەس و پاڵپشت و هاوکاری هەموو کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەزانم. دڵنیاتان دەکەم هەوڵەکانمان لەپێناوی خزمەتکردنتان بەردەوام دەبێت، ئەمەش بە ئەرکی خۆمان دەزانین و لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا دەبین.

داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم دوور لە هەموو دروشم و پیاهەڵدانێک ژیانێکی شایستە بۆ کەسوکاری سەربەرز و کۆڵنەدەری شەهیدان و ئەنفالکراوان و رزگاربوان دابین بکات و ماف و داوا ڕەواکانیان جێبەجێ بکات.

دەمەوێت دڵنیایی بە کەسوکاری خۆشەویستی شەهیدان و ئەنفالکراوان بدەم کە رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادەین کە رێگربێت لەبەردەم مافە یاساییەکانتان. تیمی یەکێتیمان لە حکومەت راسپاردووە و هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ ئەو مەبەستە دەگرنەبەر.

سڵاو لە رۆحی شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان.

بافڵ تاڵەبانی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 132 جار بینراوە