سەرەکی » زانست » ئاژەڵە ماڵییەكان و ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ(covid-19)

ئاژەڵە ماڵییەكان و ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ(covid-19)

دكتۆر فەرەیدون عەبدولستار*

بە پێی سەرچاوەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهان(W . H .O) دەركەوتووە كە نەخۆشیی كۆرۆنای نوێ ناسراو بە كۆڤید-19 لە نەخۆشییە مرۆژەڵییەكانە بەوەی لە سەرەتاوە لە چین و لە شاری ۆهان لە شەمشەمە كوێرەوە گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤ و لە ئەنجامدا لە ساڵی 2020 زۆر بە خێرایی بە گشت وڵاتانی جیهاندا بڵاوبۆوە و زیانی گەورەی تەندروستی و ئابووریی پێگەیاندن.

بەم شێوەیە لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی خێرایی كۆرۆنای نوێ لە نێو مرۆڤدا پرسیارێك لەلای ئەو كەسانە دروستبوو كە لە ماڵەكانیاندا سەگ و پشیلە بەخێودەكەن كە ئایا ئاژەڵە ماڵییەكانی وەكو سەگ و پشیلە تووشی نەخۆشی كۆرۆنای نوێ دەبن و ڤایرۆسەكە دەگوازنەوە بۆ مرۆڤ؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە لە رێی كۆمەڵێك لێكۆڵینەوەی زانستییەوە کە لەلایەن ناوەندە زانستییەكان و زانكۆكانەوە بەڕێوەچوو کە پشت بە راپۆرتەكانی پزیشكی ڤێرترینەری دەبەستن، دەركەوتووە كە ئاژەڵە ماڵییەكانی وەكو سەگ و پشیلە نەخۆشی كۆرۆنای نوێ كۆڤید – 19 ناگوێزنەوە بۆ مرۆڤ واتە سەگ و پشیلەی ماڵان كە بە شێوەیەكی تەندروست و بەپێی رێنماییەكانی پزیشكانی ڤێترینەری بەخێودەكرێن، هیچ مەترسییەكی تەندروستی دروست ناكەن بۆ سەر تەندروستیی خاوەنەكانیان.

بە پێی راپۆرتە پزیشكییەكانی ڤێترینەری لە جیهاندا دەركەوتووە كە هەندێك لەو كەسانەی كە لە ماڵەكانیاندا سەگ و پشیلە بەخێودەكەن و لەهەمان كاتدا توشی نەخۆشیی كۆرۆنای نوێ بوون، لە ئەنجامدا ڤایرۆسەكەیان گواستۆتەوە بۆ ئاژەڵەكانیان لە ئەنجامی مامەڵەی رۆژانە لەگەڵیاندا لە ماڵەوە واتە ڤایرۆسەكە لە مرۆڤی توشبوو گوازراوەتەوە بۆ ئاژەڵەكانیان ئەمەش بێگومان لە ئەنجامی پشكنینی خوێنیاندا دەركەوتووە.

یەكەم- لە چین و لە شاری ۆهان پشكنین کراوە بۆ 102 پشیلەی ماڵی و دەركەوتووە كە 15 دانەیان تووشبوون و هەڵگری ڤایرۆسەكەن بە دەستنیشانكردنی دژە تەنی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆڤید- 19 و دوای لێكۆڵینەوە لە خاوەنەكانیان سێ دانە لە پشیلە توشبووەكان خاوەنەكانیان نەخۆشن و هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێن كە ئەمەش ئەوە دەردەخات كە ڤایرۆسەكە لە مرۆڤەوە گوازراوەتەوە بۆ پشیلەكان، 12 -ەکەی دیکەیان سەرچاوەی تووشبوونیان نادیار بووە.

دووەم- لە هۆنكۆنگ پشكنینی تاقیگەیی بۆ 17 سەگ و هەشت پشیلەی ماڵی کراوە كە خاوەنەكانیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و دەركەوتووە كە دوو سەگیان لە رێی خاوەنەكانیانەوە تووشبوون.

سێیەم- لە بەلجیكا و لە نەخۆشخانەیەكی سەربە كۆلێجی پزیشكی فێترینەری، پزیشكانی ڤێترینەری دەستنیشانی نەخۆشی كۆرۆنای نوێیان لە پشیلەیەكی نەخۆشدا کردووە كە نیشانەكانی وەكو سكچوون و رشانەوە و هەروەها تەنگەنەفەسی پێوە دیاربووە، دەركەوتووە كە پشیلەکە هەڵگری ڤایرۆسەكە بووە و بە هۆی پشكنینی تاقیگەییەوە بۆ خوێنی پشیلە نەخۆشەكە، دوای لێكۆڵینەوە لە سەرچاوەی نەخۆشییەكە دەركەوتووە كە خاوەنی پشیلەكە توشبووی كۆرۆنای نوێیە.

وەكو دەرەنجامێك و دوای پشتبەستن بە توێژینەوەكان و راپۆرتە پزیشكییەكان، تووشبوونی سەگ و پشیلەكان بە نەخۆشی كۆرۆنای نوێ جیاوازییان هەیە بەوەی پشیلە تەمەن بچووكەكان هەستیارترن بۆ تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ وەك لەوانی دیكە و هەروەها ڤایرۆسی كۆڤید-19 لە پشیلەیەكی تووشبووەوە دەگوێزرێتەوە بۆ یەكێكی ساغ و پزیشكانی ڤێترینەری هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی كە ڤایرۆسەكە لە خانە و شانەكانی لەشی پشیلەدا گەشە دەكەن و زۆردەبن، بەڵام توێژینەوەكان دەریانخستووە كە بە شێوەیەكی گشتی لە سەگدا بە پێچەوانەوەیە بەوەی ئاستی بەرگریی لەشیان بەهێزترە و توانای بەرهەڵستیكردنیان باشترە و دەركەوتووە كە ڤایرۆسەكە لە سەگێكی تووشبووەوە ناگوێزرێتەوە بۆ یەكێكی ساغ.

* كۆلێجی پزیشكی ڤێترینەری / زانكۆی سلێمانی

 787 جار بینراوە