سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » ماریا نۆیشل: گروپی كاری ژنانی سۆشیال دیموكرات به‌شێكن له‌ SPD، به‌ڵام ئازادن له‌ بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌ ژنانپەڕە 3

ماریا نۆیشل: گروپی كاری ژنانی سۆشیال دیموكرات به‌شێكن له‌ SPD، به‌ڵام ئازادن له‌ بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌ ژنان

حزبی سۆشیال دیموكرات له‌ ئه‌ڵمانیا SPD ، ئه‌م حزبه‌ چه‌ندین چین و توێژی كۆمه‌ڵ وه‌ك گروپ له‌ ستراکچەری رێكخراوه‌یی خۆیدا رێكخستووه‌، گروپی كاری ژنانASF (Arbeitsgemeinschaft Sozialdemokratischer Frauen ))) یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین گروپ كه‌ سێیه‌كی ئه‌ندامانی SPD پێكدێنن، بۆ ئاشنا بوون به‌ شێوازی كارکردنی ئه‌م گروپه‌، گفتوگۆیەکی ته‌له‌فۆنیم له‌گه‌ڵ ماریا نۆیشل کرد كه‌ لێپرسراوی گروپی كاری ژنانی سۆشیال دیموكراته‌ و هاوکات ئه‌ندامی په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌وروپایه‌.

ماریا نۆیشل دەڵێت: له‌ حزبی سۆشیال دیموكراتی ئەڵمانیادا سیستمی كۆتای تایبه‌ت بۆ ژنان نییه‌، به‌ڵكو سیستمی كۆتای جێنده‌ری پیاده‌ ده‌كه‌ین، واته‌ كۆتا بۆ هه‌ردوو رەگه‌زەکە‌. هه‌روه‌ها بۆ كاتی هه‌ڵبژاردن سیستمێكی جیاوازی كۆتا پیاده‌ ده‌كه‌ین، كه‌ پێی ده‌ڵێین كۆتای زنجیر.

سەرەتا پێمخۆشبوو کەمێک باسی ژیاننامەی ئەم ژنە چالاکوانە بکەم و بە خوێنەرانی بناسێنم، پاشان تەواوی گفتوگۆکە باس دەکەین.

سازدانی: جه‌میله‌ شێخ مه‌حمود

ماریا نۆیشل کێیە ؟
ماریا نۆیشل، له‌ دایكبووی ساڵی 1967 له‌ شاری رۆزنهایم و دایكی دوو مناڵه‌. له ‌سه‌رده‌می لاوێتیدا ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ی گه‌نجانی گوندنشینی كاسۆلیكی بووه‌، له‌ بواری به‌ڕێوه‌بردنی ماڵ خوێندوێتی و پاشان بڕوانامه‌ی ماسته‌ری به‌ده‌ستهێناوه‌، دواتر وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵی به ‌ساڵاچووان كاری كردووه‌. پاشان په‌یوه‌ندیی به‌ كۆلیژی ته‌كنۆ‌لۆژیاوه‌ كردووه‌ و له ‌ساڵی 1995 بۆته‌ مامۆستا له‌ بواری زانستی خۆراك و دیزایین.

ئه‌م خاتوونه‌ له‌ساڵی 1991 په‌یوه‌ندیی كردووە به‌ SPD، له‌ ساڵی 2002 بۆ ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی رۆزنهایم هه‌ڵبژێردراوە، له‌ ساڵی 2008 تا 2013 بۆ په‌رله‌مانی هه‌رێمی باڤاریا هه‌ڵبژێرراوە و بۆتە ئه‌ندام له‌ لیژنه‌ی سیستمی خۆراكیی و كشتوكاڵ و دارستان.

له‌ ساڵی 2014 هه‌ڵبژێرراوە بۆ ئه‌ندامی پەرلەمانی یه‌كێتی ئه‌وروپا، وه‌ك ئه‌ندام له‌ لیژنه‌ی كشتوكاڵ‌ و په‌ره‌پێدانی گونده‌كان ده‌ستبه‌كاربووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌ندامه‌ له‌ لیژنه‌ی مافی ژنان و یه‌كسانی نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌ز، له ‌هه‌مانكاتدا له‌ ساڵی 2018 وه‌ لێپرسراوی گروپی كاری ژنانی سۆشیال دیموكراته‌ له‌سه‌ر ئاستی ئه‌ڵمانیای فیدراڵی.

له‌ رێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكم ئاڕاسته‌ی ئه‌م خاتوونه‌ كرد و ئەمەش تەواوی دیدارە تەلەفونییەکەمانە.

* وه‌ك به‌رپرسی گروپی ژنانی سۆشیال دیموكرات به‌شداریی هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌ركردا‌یه‌تی واته‌ لیژنه‌ی راپه‌ڕاندنی SPD ده‌كه‌یت؟

ــ به‌ڵێ بێگومان، سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت بڵێم كه‌ گروپی كاری ژنان ASF و گروپی كاری كه‌سانی ته‌مه‌ن 60 ساڵ و به‌ره‌وژوور 60 plus، دوو گروپی به‌هێزی حزبی سۆشیال دیموكراتی ئه‌ڵمانیایه‌ و راسته‌وخۆی به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌كانی لیژنه‌ی راپه‌ڕاندن ده‌كات، چونكه‌ كاریگه‌ریی راسته‌وخۆیان له ‌به‌شداری بڕیاری سیاسیی حزبدا هه‌یه‌. هه‌روه‌ها گروپی ژنان سێیه‌كی حزب پێكدێنن، كه‌ نزیكه‌ی 150 هه‌زار ژنن، هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی ئه‌ندامن له‌ حزبدا راسته‌وخۆ ئه‌ندامن له‌ گروپی ASF . راسته‌ هه‌موو ئه‌ندامه‌كان ئه‌ندامی حزبن و ئه‌م گروپه‌ به‌شێكه‌ له‌ حزب، به‌ڵام ئازادن له‌و بڕیارانه‌ی تایبه‌تن به‌ كێشه ‌و گرفته‌كانی ژنان. هه‌روه‌ها ژن خاوه‌ن بڕیاره ‌و پیاوان ناتوانن بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ بده‌ن كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ژنانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت لێپرسراوی گروپه‌كه‌ به‌شداریی هه‌موو ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ بكات كه تایبه‌تن به‌ تاوتوێكردن و بڕیاردان له‌سه‌ر بابه‌ته‌ هه‌نوكه‌ییه‌كان، تا چاودێریی هه‌موو بڕیاره‌كانی حزب بكات له‌پێناوی پاراستنی مافی یه‌كسانی ژن و پیاو. ئه‌م گروپه‌ پێشنیاز و بابه‌تی تایبه‌ت به‌ مه‌سه‌له‌كانی ژنان له‌ گروپ گفتوگۆی ته‌واوی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و ده‌یهێنینه‌ ناو كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی راپه‌ڕاندن و هه‌ر له‌وێدا خه‌بات ده‌كه‌ین له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی زۆرینه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ داڕشتنی بڕیار.

* ئایا ژنه‌ ئه‌ندامه‌كانی گروپی ASF پێناسی تایبه‌ت به‌ گروپی ژنانیان هه‌یه‌؟

ــ نه‌خێر، ئێمه‌ وه‌ك حزبی سۆشیال دیموكرات به‌ پێی بڕیاری لیژنه‌ی راپه‌ڕاندن راسته‌وخۆ هه‌موو ژنه‌كان ئه‌ندامن له‌ گروپی كاری ژنان ASF، بۆیه‌ پێویست ناكات ناسنامه‌ی تایبه‌تیان بۆ دروست بكرێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ ئه‌ندامێكی سه‌ربه‌خۆمان نییه‌ و ئه‌ندامه‌كانی ASF ئه‌ندامی حزبن.

* ئایا به‌ ڕێزتان وه‌ك به‌رپرسی ASF به‌ جیا ناوی هه‌موو ژنانی ناو حزب SPD له‌ نووسینگه‌كه‌ت له‌به‌رده‌ستتدایە؟

ــ نه‌خێر له‌ نووسینگه‌كه‌ی من نییه‌، به‌ڵكو له‌ به‌شی ئاماری حزب له ‌به‌رلین ناوی ئه‌و ژنانه‌ به‌ لیستێكی جیا هه‌یه‌ و هه‌ر كات پێویستم پێی بوو به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی ده‌توانم سوودی لێوه‌بگرم بۆ كاتی هه‌ڵبژاردن یان هه‌ر كارێكی تری گروپ.

* له‌ناو حزبی SPD سیستمی كۆتا بۆ ژنان پیاده‌ ده‌كه‌ن؟

ــ له‌ SPD دا سیستمی كۆتای تایبه‌ت بۆ ژنان نییه‌، به‌ڵكو سیستمی كۆتای جێنده‌ری پیاده‌ ده‌كه‌ین، واته‌ كۆتا بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌، كه‌مترین رێژه‌ی %40 بۆ ژنان و كه‌مترین رێژه‌ی %40 بۆ پیاوانه‌، ئامانج له‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ له‌ هیچ یه‌كه‌یه‌كی به‌ڕێوه‌بردنی سیاسی یان ئابووری یان رۆشنبیریدا چ ژنان چ پیاوان نابێت ‌%40 كه‌متر بێت به‌ڵام ده‌شێت زیاتر بێت.

هه‌روه‌ها بۆ كاتی هه‌ڵبژاردن سیستمێكی جیاوازی كۆتا پیاده‌ ده‌كه‌ین، كه‌ پێی ده‌ڵێین كۆتای زنجیر (Reissverschluss)، واته‌ وه‌ك زنجیری پانتۆڵ چۆن له‌ دوو لاوه‌ دانه‌كانی ریز كراون و كاتێك زنجیره‌كه‌ داده‌خه‌یت دانەیە‌ك له‌مبه‌ر و دانه‌یه‌ك له‌وبه‌ر رێك ده‌بن، به‌و شێوه‌یه‌ش (یه‌ك ژن یه‌ك پیاو یه‌ك ژن یه‌ك پیاو) لیستی ناوی كاندیده‌كان رێك ده‌خرێت، بۆ نموونه‌ بۆ لیستی په‌رله‌مان هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ لیستی كاندیده‌كان رێك ده‌خرێت و له‌په‌رله‌ماندا شوێنی خۆیان ده‌بێت.

*ماریا نویشل وه‌ك په‌رله‌مانتاری ئه‌وروپا و وه‌ك به‌رپرسی گروپی ژنان، چۆن كاره‌كانت رێكخستووه‌؟

ــ من وه‌ك په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی ئه‌وروپا كارده‌كه‌م و له‌به‌رامبه‌ردا مووچه‌ وه‌رده‌گرم، هه‌روه‌ها له‌كاتی مۆڵه‌تی په‌رله‌مان وه‌ك مامۆستایه‌ك پیشه‌كه‌ی خۆم پیاده‌ ده‌كه‌م. به‌ڵام وه‌ك كاری حزبی و كاركردنم له‌ گروپی ژنان وه‌ك هیوایه‌ت و حه‌زی خۆم ده‌یكه‌م و له‌به‌رامبه‌ردا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك وه‌رناگرم.

 229 جار بینراوە