سەرەکی » زانست » بۆچی پێویستە برۆكلی بخۆین؟

بۆچی پێویستە برۆكلی بخۆین؟

كەشتیی نوح

برۆكلی یەكێكە لەو سەوزانەی پێویستە هەموو كەسێك برێكی باشی لێبخوات، چونكە سوودە تەندروستییەكانی زۆرن و بۆ ئەو كەسانەش باشە كە دەیانەوێت كێشیان دابەزێنن.

زۆركەس سیستمێكی خۆراكیی دیاركراو پەیڕەو دەكەن بۆ پاراستنی سەلامەتی جەستەی و پتەوكردنی بەرگریی و دابەشكردنی كالۆری بەسەر ژەمەكانی ڕۆژانەی بۆ ئەوەی خۆراكێكی باش و لە رووی تەندروستییەوە بەسوود بخوات، زۆر خۆراكیش دەخاتە ئەو بەرنامەیەیەوە كە هەموویان پێداویستی رۆژانەی لەش دابین دەكەن، یەكێك لەو خۆراكانەی كە سوودی زۆری هەیە و یارمەتیدەرە لە رێكخستنی ئەركی كۆئەندامەكانی لەش برۆكلییە.

چی دەربارەی برۆكلی دەزانی؟
برۆكلی رووەكێكە لە خێزانی گەڵا هەڵپێچراوەكان و هاوشێوەی قەڕنابیتە، دەتوانرێت بە كاڵیی و بە لێنراویش بخورێت و یەكێكە لەو خۆراكانەی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و ریشاڵی خۆراكیی بە سوود.

پزیشك و پسپۆرانی بواری خۆراك رێنمایی دەكەن كە ئەگەر بكرێت هەفتەی سێ جار برۆكلی بە كوڵاوی بخورێت بەهۆی ئەوەی چەندین كانزای گرنگی تێدایە كە لەشی مرۆڤ پێویستییەتی.

هەروەها برۆكلی برێكی تەواوی ڤیتامین(K ،A ،H،B،C) و بیتا كارۆتین و چەندین كانزای پێویستی وەك كالیسیۆم و ئاسن و مەگنیسیۆم و مەنگەنیز و فسفۆر و مسی تێدایە.

هەریەك لە ڤیتامینەكانی(C,K) دەمارە خوێنەكان نەرم و بەهێز دەكات و مەگنیسیۆمیش پاڵەپەستۆی خوێن كەمدەكاتەوە و ئاسنیش ئۆكسیجینی پێویست بۆ خوێن دابین دەكات.

هەرچی ریشاڵی ناو برۆكلییە كۆلیسترۆڵی زیادەی ناو جگەر رێكدەخات و بەهێواشی و لەرێگەی ریخۆڵەكانەوە لە لەش فڕێیدەداتە دەرەوە و ریخۆڵەكان چالاك دەكاتەوە، ئەمەش بە تەنها سوودی بۆ دەمارە خوێنەكان نییە، بەڵكو سوودی زۆریش بە هەموو كۆئەندامی هەرس دەگەیەنێت.

هەروەها برۆكلی دەوڵەمەندە بەو مادە دژە ئۆكسانانەی كە خانەكانی لەش لە لەناوچوون دەپارێزێت.

جگە لەوەش، بە پێی توێژینەوەیەكی نوێ دژە ئۆكسانەكان بە تەواوی كاریگەرن و دژایەتی جۆرەكانی شێرپەنجە دەكەن، چونكە ئەو مادانە ئەو خانە ئازادانە سنووردار دەكەن كە لەشی مرۆڤ تێكدەدەن و گەشەكردنی لووە شێرپەنجەییەكان دەوروژێنن و بە تایبەت ئەو لووانەی لە جەستەی ژناندان.

زاناكان پێیانوایە پێكهاتەكانی برۆكلی یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی ئاستی هاوسەنگیی سروشتیی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لە خوێندا، چونكە ناهاوسەنگ بوونی ئەو هۆرمۆنە دەبێتە هۆی گەشەكردنی ئەو لووانەی كە پشت بە ئیسترۆجین دەبەستن، بۆیە ئەگەر بە بەرنامە برۆكلی بخورێت ئەوا كاریگەریی دەبێت لە تێكدانی خانە شێرپەنجەییەكان و لەش لە توشبوون بە شێرپەنجەی مەمك و ملەی منداڵدان لە ژنان و شێرپەنجەی پرۆستات لە پیاواندا لە ناو دەبات، هەروەها مەترسیی نەخۆشییەكالنی دڵ و بۆری خوێنیش كەمتر دەكاتەوە.

سەرچاوە :Sky news

 607 جار بینراوە