سەرەکی » دۆسێ » وردەكاریی زیاتر لەسەر دۆزینەوەی ״بیت المال״ی داعش

لەژێر داروپەردووە روخاوەكاندا بوو

وردەكاریی زیاتر لەسەر دۆزینەوەی ״بیت المال״ی داعش

دەسەڵاتدارانی عیراق، دەستگرتن بەسەر 1.6 ملیۆن دۆلاری ئەمریكایی و بڕێكی زۆر دراوی زێڕ رادەگەیەنن كە پێشتر لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە بەكارهاتوون و لەژێر داروپەردووە روخاوەكانی شاری موسڵ، شاردرابوونەوە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عیراقەوە بڵاوكرایەوە»بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا، بەپشتبەستن بە زانیاریی ورد، توانی بڕێكی زۆری پارەپول بدۆزێتەوە كە لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعش لەكاتی دەسەڵاتی لە شاری موسڵ دەستی بەسەردا گیرابوو، رێكخراوەكە سامانەكەی لە لەژێر زەوی خانوویەك لە ناوچەی كۆن كە بە دیوانی دارایی ناوی دەبرد (بیت المال المسلمین) شاردبۆوە».

هەر لە بەیاننامەكەدا كە لە 16ی نیسانی 2021 بڵاوكرایەوە، هاتووە»پۆلیس توانی دەست بەسەر ئەو پارانەدا بگرێت كە بڕەكانیان دەگاتە ملیۆنێك و 590 هەزار دۆلاری ئەمریكایی و 17 ملیۆن و پێنج سەد هەزار دیناری عیراقی، و 15 كیلۆگرام پارچە زیو كە بۆ مەبەستی لەچاپدانی دراوی كانزایی داعش ئامادەكرابوون، و 458 گرام پارچە زێر كە لە شێوەی دراوی داعشدا نەخشێنرابوون، و 256 گرام ماددەی كانزایی كە جۆرەكەی نازانرێت، و 17.5 كیلۆگرام قاڵبە زیو».

وەزارەتی ناوخۆی عیراق دەڵێت»پەڕاوێكی یاسایی تەواو بۆ بڕە دارایی و ئەو سامانەی لە بەری راستی شاری موسڵ دۆزراوەتەوە پڕكراوەتەوە و رێكارە یاساییەكانیش گیراونەتەبەر».

لای خۆیەوە دادگای لێكۆڵینەوە لە نەینەوا رایگەیاند»ئەو پارەیەی دۆزراوەتەوە دەگاتە دوو ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری ئەمریكایی، وێڕای بڕێكی زۆر دراوی زێڕ و زیو و چەندان پارچە زێڕی تر كە لە ژمارەیەك بەرمیلی پلاسیتكی و كیسەی نایلۆندا لە لەقوڵایی نزیكەی سێ‌ مەتر لەژێر زەویدا شاردرابوونەوە، و لەكاتی پاككردنەوەی داروپەردووەكانی ناوچەیەكی نیشتەجێبوون لەلایەن شوفێری حەفارەیەك دۆزرابوونەوە، ئەو پارەیە لەلایەن رێكخراوی داعشەوە بۆ برەودان بە كردەوە تیرۆریستییەكان لەكاتی پاشەكشەكردنی لە بەری راستی شاری موسڵ بەكارهاتووە، دادوەریی لێكۆڵینەوەش بڕیاریداوە ئەو پارەیەی دۆزراوەتەوە پارێزگاریی لێبكرێت، وەك زەمینەسازی بۆ رادەستكردنی بە بانكی ناوەندی».

لای خۆیەوە، بەرپرسێكی ئەمنی لە پارێزگای موسل، جەختی لەسەر پێویستی پێكهێنانی لیژنەیەكی حكومی كردبوو بۆ بەدواداچوون بۆ پارەكە و چاودێریكردنی، نەبادا بشاردرێتەوە و بەدزرێت، ئە و بەرپرسە بە میدیا عەرەبییەكانی راگەیاندبوو»لایەنی سیاسی و حزبی دەستڕۆیشتوو و میلیشیای چەكدار هەن كە دەیانەوێت دەسەڵات و هەژموونی خۆیان بەسەر موسڵدا بسەپێنن، ئەمەش پێویستی بە گرتنەبەری هەڵوێستی حكومەتە، تا پارێزگاریی لەو پارانەی دۆزراونەتەوە بكرێت»، داواشی لە حكومەت كرد، لیژنەیەكی تایبەت پێكبهێنێت بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو پارەیە، تا ئەو كاتەی رادەستی خەزێنەی دەوڵەت دەكرێت».

شاری موسڵ كە لە هاوینی ساڵی 2014 لەلایەن رێكخراوی تیرۆرستی داعش دەستی بەسەرداگیرا، شەڕ و پێكدادانی توندی بەخۆوەبینی لەنێوان چەكدارانی رێكخراوەكە و سوپای عیراق كە دواتر توانرا شارەكە رزگاربكرێت، لەئێستاشدا زۆرێك لە ناوچەكانی شارەكە بۆتە كەلاوە بەهۆی بۆردومانی هەردوولا و تەقینەوەكان كە هاوشان بوون لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەكانی رزگاركردنی موسڵ.

هێزە عیراقییەكان لە ساڵی 2014 بە هەماهەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە لەپێناو بەگژداچوونەوەی رێكخراوی داعش پێكهێنرا، ئۆپەراسیۆنەكانی لەدژی رێكخراوەكە دەستپێكرد، لە مانگی تەمموزی 2017، لە دوای رزگاركردنی شاری موسڵ و تەواوی ناوچەكانی تری ژێر چنگی داعش، سەركەوتنی تەواوەتی بەسەر رێكخراوە توندڕەوەكەدا راگەیەندرا.

 333 جار بینراوە