سەرەکی » راپۆرت » داهاتووی دەزگای CIA لە ئەفغانستان

داهاتووی دەزگای CIA لە ئەفغانستان

گەیلان دڵشاد

دوای بڕیارەکەی جۆن بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان، ئێستا مشتومڕێکی زۆر لەبارەی ئەوە دەکرێت کە ئاخۆ داهاتووی ئەو وڵاتە لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ بە کوێ دەگات، بەتایبەت کە بزووتنەوەی تاڵیبان لەوپەڕی بەهێزی خۆیدایە.

هێزەکانی ئەمریکا وەک بڕیاری لێدراوە لە سەرەتای ئەم مانگەوە قۆناغ بە قۆناغ دەست بە کشانەوە دەکەن و ئەرکەکەیان لە رووبەڕوبوونەوەی تیرۆر کۆتایی دێت، بەڵام وەک لێپرسراوانی ئەمنی ئەمریکا دەڵێن، ئەوان بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی تیرۆریستان و بەتایبەت بزووتنەوەی تاڵیبان.

کشانەوەی ئەمریکا بە مەترسی دەزانن
بە پێی رێکەوتنەکان هێزەکانی ئەمریکا، لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە ئەفغانستان دەست بە کشانەوە دەکەن، ئێستا دوو بۆچوون هەیە لەو بارەیەوە، یەکەمیان پێی وایە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ئەفغانستان دەبێتەوە بە مۆڵگەی تیرۆریستان و دۆخەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە ساڵی ٢٠٠٠، هەندێکیش پێیان وایە ئێستا دۆخەکە بە جۆرێک گۆڕاوە کە دەزگا ئەمنییەکانی ئەفغانستان توانای ئەوەیان هەیە کە رێگری بکەن لە دووبارە بەهێزبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان و بەتایبەت بزووتنەوەی تاڵیبان.

لە ناوخۆی ئەفغانستان تەنانەت زەنگی مەترسی کشانەوەی ‌هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لێدراوە، میر رحمن رەحمانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە پێی وایە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ئەفغانستان رووبەڕووی شەڕی ناوخۆ دەبێتەوە، ئەو دەڵێت، تیرۆریستان هێشتا بەهێزن، بە جۆرێک بەهۆی چاندن و قاچاخچیەتی ماددەی هۆشبەر لەڕووی داراییەوە بەهێزن و سەرچاوەیەکی باشی داراییان هەیە.
هاوکات هەفتەی رابردوو ژەنەڕاڵ سکات میلەر، فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەفغانستان رایگەیاند، دەبێت هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان لە ئامادە باشیدا بن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئارامی هاووڵاتیانیان.

میلەر هۆشداری بە تاڵیبانیش دا کە گەڕانەوە بۆ توندوتیژی کارەساتی بەدواوە دەبێت و ئێمە چاودێری دۆخی ئەفغانستان دەکەین.

هەرچییەک بێت، ئەمریکا وەک بایدن دەڵێت، دەیانەوێت کۆتایی بە گەورەترین شەڕیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بهێنن و بنکە و پایەگاکانیان رادەستی هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان بکەنەوە. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئێستا ئەوەیە ئاخۆ ئەمریکا هەروا بە ئاسانی ئەفغانستان جێ دە‌هێڵێت و دەڕوات؟ گرنگترین پرسیار کە دەکرێت پەیوەستە بە مانەوە و کۆتایی هاتنی ئەرکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا سی ئای ئەیە.

داهاتووی سی ئای ئەی لە ئەفغانستان
لە دوای بڕیارەکەی بایدن، ویلیام برنز، سەرۆکی دامەزراوەی هەواڵگری ئەمریکا»سی ئای ئەی» لە سەردانێکی چاوەڕواننەکراودا سەردانی ئەفغانستانی کرد، وەک دەوترێت سەردانەکە زیاتر بە ئامانجی داهاتووی هێزەکانی سی ئای ئەیە لەو وڵاتەدا.

سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی ئەمریکا رایگەیاندووە، زۆربەی ئەو کارمەندانی سی ئای ئەی لە ئەفغانستان لە ئەرکدان هاوشێوەی هێزی سەربازی دەکشێنێتەوە و ئەو وڵاتە جێ دەهێڵن، وەک ئاماژە بەوەشکراوە، بێ پشتیوانی ئەمریکا کۆکردنەوەی زانیاری ئەمنی کێشە و مەترسی دروست دەکات، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەمریکا بەشی ئەوە کارمەندانی ئەو دەزگایە لە ئەفغانستان بهێڵێتەوە، بەڵام روون نییە ژمارەیان چەند دەبێت، بەم مانەوەیەش زۆرترین هێزەکانی ئەو دەزگایە لە دەرەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەبێت.

کۆکردنەوەی زانیاری ئەمنی
بەرپرسانی ئەمریکا، ئێستا لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانیان، پێیان وایە توانای دەست گەیشتنیان بە زانیاری ئەمنی کەم دەبێتەوە، بەم دواییانە ویلیام برنز، سەرۆکی دەزگای سی ئای ئەی رایگەیاندبوو، بەشێک لە کارمەندانمان لە ئەفغانستان دەمێننەوە، بۆ ئەوەی لە بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە هەوڵێکی رێکخراوی (قاعیدە و داعش) هاوکاریمان بکەن. برنز ئەوەشی نە شاردەوە کە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانیان توانای ئەوان لە کۆکردنەوەی زانیارییە ئەمنییەکاندا زۆر کەم دەبێتەوە.

هاوکات جاک سالیوان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بایدن، بەهەمان شێوە رایگەیاندووە، کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری لە ئەفغانستان بە کشانەوەی هێزەکانمان، پێناچێت کۆتایی پێ بێت، بەڵام بەشی ئەوە کارمەندمان دەمێنێت بۆ ئەوەی چاودێری قاعیدە بکەن، بەر لەوەی ئەو رێکخراوە خۆی رێکبخاتەوە و بۆ ئێمە درەنگ بێت.

جگە لەوە کارمەندێکی پێشووتری سی ئای ئەی بە سی ئێن ئێنی وتووە، توانای کۆکردنەوە و دەست گەیشتن بە زانیارییەکان لە ئەفغانستان پەیوەستە بە سەربازانی ئەو وڵاتە. ئەمە جگە لەوەی کە تاوەکو ئێستا ئەفغانستان لە رووی زانیاریی هەواڵگرییەوە پشتی بە هەواڵگری و یارمەتییەکانی ئەمریکا بەستووە.

بە هەر حاڵ، ئێستا ئەمریکا لە دوای نزیکەی دوو دەیە لە ئەفغانستان دەیەوێت بنە و بارەگاکانی کۆ بکاتەوە و کۆتایی بە ئەرکەکەی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بهێنێت لە ئەفغانستان.

ئەمە سەرەتاییەکی گرنگ دەبێت لەوەی ئایا بەبێ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان ئەو وڵاتانەی کە دەرگیری شەڕی تیرۆر بوون، دەتوانن بەبێ یارمەتی راستەوخۆی ئەمریکا، ئاسایش و ئارامی بۆ هاووڵاتیانیان دابین بکەن و رێگە بگرن لە دووبارە سەرهەڵدانەوە و خۆ رێکخستنەوەی گروپە تیرۆریستییەکان.

ئەم ئەزموونە نەک هەر بۆ ئەفغانستان، بگرە بۆ وڵاتێکی وەک عیراقیش بە هەمان شێوە گرنگییەکی زۆری هەیە، بەتایبەت کە ئێستا بەشێکی زۆری هێزە سیاسییە شیعەکانی عیراق دەیانەوێت ئەمریکا هێزەکانی بکشێنێتەوە، بە وتەی خۆیان هێزە ئەمنییەکانی عیراق ئێستا توانای ئەوەیان هەیە کە خۆیان ئاسایش و ئەمنیەتی خۆیان دابین بکەن. لە داهاتوویەکی زۆر دوور نا، بەڵکو تەنیا لە دوای سەرەتایەکی زۆر کەمی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، دەردەکەوێت توانای هێزە ناوچەییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و شەڕی ناوخۆدا لە چ ئاستێکدایە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

 

 633 جار بینراوە