سەرەکی » وتار » دیپلۆماسیی مرۆیی لە نێوان ئامانجی باڵا و قۆستنەوەی…

دیپلۆماسیی مرۆیی لە نێوان ئامانجی باڵا و قۆستنەوەی…

دیپلۆماسیی مرۆیی لە نێوان ئامانجی باڵا و قۆستنەوەی هەلی سیاسیدا

قەحتان حسین تاهیر

و: تارا شێخ عوسمان

دیپلۆماسیی مرۆیی هەوڵدەدات خاوەن بڕیار و سیاسییەكان قایل بكات بۆ كاركردن لە پێناوی بەرژەوەندیی زیانلێكەوتووانی شەڕ و قەیران و كارەساتە سروشتییەكان، بۆئەوەی رێزگرتنی بنەما مرۆییە بنەڕەتییەكان بە تەواوی بچەسپێت.

دیپلۆماسیی مرۆیی ئامڕازێكە لە ئامڕازەكانی ئاشتی و بڵاوكردنەوەی خۆشەویستی بۆ سڕینەوەی كۆژان و پاكسازییكردنی كەشوهەوای سیاسی و هێوركردنەوەی ناخەكان كە بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانەوە دروست دەبن، هەروەها بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییە گرنگەكانی گەلانی كارەساتبار.

دیپلۆماسیی مرۆیی چالاكییەكە كە ژمارەیەك لە چالاكوانان بەڕێوەی دەبەن وەك وڵاتان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و دامەزراوە كۆمەڵایەتییە ناحكومییەكان و كەسانی دیكە بە مەبەستی یارمەتیدانی ئەو كەسانەی لە ناوچەی قەیرانەكاندا دەژین

ئەو یارمەتییەش لە رێگەی ئامڕازە دیپلۆماسییەكانەوە پێشكەش دەكرێن، وەك دانوستانكردن و ئیمزاكردنی رێكەوتننامەی رەسمی و ناڕەسمی لەگەڵ قەوارە حكومی و ناحكومییەكاندا.

مێژوویەکی کۆن
دیپلۆماسیی مرۆیی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا نوێ نییە، بەڵكو ماوەیەكی زۆرە وەك دیاردەیەك دەركەوتووە، لە رێگەی كارە فریاگوزارییەكانی کە چەندین وڵات دەیکەن بۆ یارمەتیدانی ناوچە كارەساتبارەكان، ئیدی بە هۆی جەنگەوە بێت یان بە هۆی كارەساتی سروشتی و شتی دیكە، ئەمەش رۆڵێكی باشی بینیووە لە پتەوكردنی پەیوەندیی وڵاتان لەگەڵ میللەتان، هەروەها دیپلۆماسیی مرۆیی بە بەهێزترین و سەركەوتووترین بوارەكانی دیپلۆماسی دادەنرێت، بەو پێیەی رێگەیەكی نموونەییە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی مرۆیی هەر دەوڵەتێك و بەهێزكردنی بۆ گۆڕینی دیفاكتۆ لەسەر زەوی و بەدیهێنانی ئەو شتەی دیپلۆماسیی ئاسایی ناتوانێت بیكات.

مەرجی سەرەكی
مەرجی سەرەكی دیپلۆماسیی مرۆیی لە كاری مرۆییدا ئەوەیە كە دەبێت دووربێت لە سیاسەت و یەك ئاڕاستەی هەبێت لەگەڵ پێكهاتە جیاوازەكانی ئەو وڵاتانەی بە مەبەستی مرۆیی دەستوەردانی تێدا دەكات و دەبێت كاری مرۆیی دیپلۆماسیی لەسەر بنەمای سەربەخۆیی و روونیی و بێلایەنی بێت و بەپێی پێداویستییەكانی ئەو واقیعە چالاكیی بنوێنێت.

هەروەها دەبێت دیپلۆماسیی مرۆیی بەپێی ستراتیژێكی ئامانجدار كاربكات و كاری فریاگوزاریی و مسۆگەركردنی مافەكانی مرۆڤ لە كارە لە پێشینەكانی بێت، هەروەها بە بەرنامەی هاوبەش كە پەیوەستە بە بەرژەوەندیی هاوبەشەوە هەوڵبدات بۆ چەسپاندنی كەلتووری ئاشتی، بەتایبەتی لەنێوان وڵاتانی درواسێدا و سەرپەرشتی ئەو چالاكییە مرۆییانە بكات لە ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییدا، بەمەش دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی ئەركێكی باڵا رادەپەرێنێت و وێنەیەكی ئیجابی ئەو دەوڵەتانە و ئەو لایەنە پشتیوانكەرانە پیشاندەدات و باڵانسی مەعنەوییان بەرزدەكاتەوە.

سەرەڕای ئەوەی هەموو كۆمەڵە و دامەزراوە و رێكخراوێكی تایبەتمەند بە بواری مرۆیی دیپلۆماسیی مرۆیی پەیڕەو دەكەن، بەڵام رۆڵی دەوڵەتان زۆر گرنگە لە ئاسانكردنی ئەركی مرۆیی رێكخراوە مرۆییەكان ئەگەر ئەو رێكخراوانە نیشتمانیی بن یان نێودەوڵەتیی و دەبێت چوارچێوە بۆ كارەكانیان دابنێت لە رووی سیستم و یاسا و بیانپارێزێت لە دزەكردنی ئەمنیی و سیاسی، كە زۆرجار بەهۆی ئەوەوە ریكخراوەكان لە گەندەڵییەوە تێوەدەگلێن و ناتوانن وەك پێویست كارەكانی خۆیان بكەن.

هەرچەندە دیپلۆماسیی مرۆیی بە دیپلۆماسیی رێڕەوی دووەم وەسف دەكرێت، بەڵام لە راستیدا لە بەدیهێنانی بەرژەوەندیی وڵاتاندا هیچی كەمتر نییە لە دیپلۆماسیی ئاسایی، ئەمەش مانای ئەوەیە كە كاری دیپلۆماسیی ئیدی بە تەنها لە وەزارەتەكانی دەرەوەدا كورت نابێتەوە، بەڵكو ئیدی دامەزراوە و دەستە و رێكخراوە ناحكومییەكانیش لە رێگەی ئەو یارمەتییە مرۆییانەی دەیبەخشنە گەلانی كارەساتبار، كاری دیپلۆماسیی دەكەن.

بەکارهێنانی کارەساتە مرۆییەکان
ئەوەی جێگەی داخە هەندێك وڵات قەیرانە مرۆییەكان بەكاردەهێنن و ئەو توێژانە دەقۆزنەوە كە پێویستی زۆریان بە یارمەتی هەیە بۆ لاوازكردنی دوژمنەكانیان و بەهێزكردنی هاوپەیمانەكانیان، ئەوەش لە رێگەی یارییكردن بە شێوازی بەكارهێنانی راستەوخۆی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ بەدیهێنانی ئامانجیی سەربازیی، وەك ئەوەی دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا (CIA) لە ساڵی 2011 دا كردی و لە رێگەی رێكخراوێكی ناحكومییەوە هەڵمەتێكی كوتانی ساختەی لە پاكستان بەڕیوەبرد كە مەبەست لێی پشكنینی (DNA) بوو بۆ ئەوانەی بەشداریی هەڵمەتەكەیان كرد و مەبەستیان لەو كارەش دۆزینەوەی شوێنی مانەوەی (ئوسامە بن لادن) بوو، لەكاتی هێرشەكانی ئەمریكاش بۆ ئەفغانستان وەك بەشێك لە هەڵمەتی بەدەستهێنانی دڵ و بیری خەڵكی و پشتیوانیی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بۆ هێزەكانی ئەمریكا، ئەو هێزانە لە چەندین ناوچەی ئەفغانستان یارمەتیی مرۆییان دابەشكرد.

لە سایەی ئیدارەكەی ئۆباماشدا، ئەو سیاسەتە لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی بۆ هێزەكانی ئەمریكاوە گۆڕدرا بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی بۆ حكومەتی ئەفغانستان كە لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێت، ئەویش لە رێگەی پێشكەشكردنی یارمەتی دارایی بە چەند لایەنێكی چالاكی مرۆیی و بواری گەشەپێدان بۆئەوەی بە سەرپەرشتیی حكومەتی ئەفغانستان كار بكەن.

كاركردن لەسەر بنەمای ئەوەی پێدەوترێت (پشتیوانی)، بۆتە بەشێكی جیانەبۆوە لە دیپلۆماسیی مرۆیی، هەربۆیە لەكاتی بڵاوبوونەوەی پەتای (كۆڤید- 19)، هەندێك هێزی نێودەوڵەتی هەوڵیاندا یارمەتی ئەو وڵاتانە بددەن كە زۆر بە خێرایی ڤایرۆسەكەیان تێدا بڵاودەبۆوە، ئەویش لە رێگەی پێشكەشكردنی یارمەتی پزیشكیی و دەرمان لە كاتێكدا هەندێك وڵاتی دیكە وازیان لێ هێنان، بۆ نموونەش كاتێك روسیا ئامادەیی خۆی راگەیاند بۆ پشتگیریكردنی ئێران لە روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا بە تایبەتی كاتێك ئەو پەتایە بەخێرایی بە هەموو ناوچەكانی ئێراندا تەشەنەی سەند.

سەرەڕای ئەوەی سیاسەتی پشتیوانیی رەنگدانەوەی چەند ئامانجێكی مرۆییە، بەڵام بۆخۆشی هەڵگری مەبەست و ئامانجی سیاسییە، بەتایبەتی كاتێك هەڵویستی وڵاتان لە بەرامبەر قەیرانەكاندا بەراورد دەكرێت، چونكە كاتێك چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەلایەك و چین و ئێران لەلاكەی ترەوە، دۆخێكی دوژمنایەتیی باڵی بەسەردا كێشا، روسیا سەركەوتوو بوو لە پتەوكردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئێران و چین، ئەمەش یارمەتیی زیادبوونی هەژموونی روسیا دەدات لە ئاسیا و دواجاریش جێگە بە هەژموونی لاوازبووی ئەمریكا لەق دەكات لەو ناوچەیەدا.

دەتوانرێت بوترێت، بیرۆكەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی لە كاتی قەیرانە مرۆییەكاندا وەك قەیرانی پەتای كۆرۆنا، بە سەرەتایەكی گرنگی پتەوتركردنی هاوكاریی نێودەوڵەتی دادەنرێت، نەك بەتەنها لە بواری مرۆییدا، بەڵكو لە بوارەكانی دیكەی وەك تەندروستیشدا بەتایبەتی لە رێگەی گۆڕینەوەی ئەزموونەكان لە روبەڕوبوونەوەی نەخۆشییەكە، لە هەمانكاتیشدا هەندێك وڵات بەشداریی كارای هەبووە لە قۆستنەوەی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ زیادكردنی هەژموونی نێودەوڵەتیی خۆی.

سیستمی نوێی جیهان
لە سایەی سیستمی نوێی جیهانەوە كە ئیدی رووخسارەكانی دروستبووە و ئێستا یەك جەمسەر نییە وەك ئەوەی لە سەرەتای جەنگی ساردەوە هەبوو و لە دوای داڕمانی یەكێتیی سۆڤێتیشەوە ئەمریكا لە لوتكەی سیستمەكەدا بوو، چونكە ئێستا قەیرانە مرۆییەكان هەلێكی گرنگن بۆ زۆر وڵات تا دەستپێشخەریی و كارلێكبكەن لەگەڵ پێداویستییە مرۆییەكانی هەندێك وڵاتی جیهان و سوود لەوە وەربگرن بۆ بەدەستهێنانی سۆزی میللەتان، ئەمەش لەدوای ئەوەی رۆڵی جەماوەریی هەر وڵاتێك پەرەیسەندووە بۆ پێكهێنانی ئاراستە دیپلۆماسییەكانی حكومەتەكان.

بە دوو رێگە خراوەتەڕوو
ئەزموونەكان لە كایەی پێشكەشكردنی یارمەتی مرۆییدا بەبێ هیچ گومانێك ئەوەیان سەلماندووە كە دیپلۆماسیی مرۆیی بە دوو رێگە خراونەتەڕوو: یەكەمیان ئەو كارانەی رێكخراوە مرۆییەكان كردوویانە كە مەبەستێكی باڵای لە پشتە و رەهەندێكی راستەقینەی مرۆییانەی هەیە. دووەمیشیان ئەوەیە كە وڵاتان گرتوویانەتەبەر بەمەبەستی قۆستنەوەی لە بواری سیاسی و بەكارهێنانەوەیان بۆ خزمەتی پلانەكانیان بە ئامانجی فراوانكردنی هەژموونیان لە ناوچەیەكی دیاریكراوی جیهان.

ئەمانەش متمانەی كارە مرۆییەكانی لەقكردووە و وایكردووە هەندێك وڵات بە تەواوی ئەو یارمەتییە مرۆییانە رەتبكەنەوە كە چەند وڵاتێك بۆیان دەنێرن لە ترسی ئەوەی نەبادا نیاز و مەرامێكی سیاسی لەپشت ئەو هاوكاریكردنەوە بێت.

سەرچاوە: mcsr.net/news

 96 جار بینراوە